سیستەمی وزەی جیهانی بەپێی سیاسەتەکانی داماڵینی کاربۆن، کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی و تێوەگلانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی دەجووڵێتەوە، بۆیە گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی قووڵی بەسەردا دێت. ڕێسا نوێیەکانی میتان/ میسانی یەکێتی ئەوروپا مەرجی چاودێریکردن، ڕاپۆرتکردن و پشتڕاستکردنەوەی تەواوی بۆ دەردانی میتان- Methane و تەنانەت بۆ سووتەمەنی هاوردەکراو داناوە، ئەمەش گرژییەکی زیاتری لەنێوان خواستی ژینگەیی و ئاسایشی وزەدا درووستکردوە. بەپێی ئەم ڕێسا-نامەیە کە چوارچێوەی یاسایی هەیەو ئەنجومەنی وزەی یەکێتی ئەوروپا پەسەندیکردوە؛ دەبێت هەم کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزەی جیهانی کە ئەرکی هاوردەکردنیان بۆ ئەوروپا لەسەرە، هەم وڵاتان تا ساڵی ٢٠٢٧ دەردانی گازی ژەهراوی لە زنجیرە ئاڵۆزەکانی دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ ئاستی سفر پشتڕاست بکەنەوە. یەکێتی ئەوروپا بارگرانییەکی ڕێکخراوەیی دروستکردووە کە تەنانەت کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی وزە دەڵێن لە ڕووی تەکنیکییەوە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت. تەحەداکە ڕەگ و ڕیشەی لە ناکۆکی سیاسیدا نییە بەڵکو لە واقیعێکی زانستیەوە سەرچاوەی گرتووە: پشکنینی ورد و پشتڕاستکردنەوە بۆ دەردانی میتانی و دوانۆکسیدی کاربۆن- CO2 کە لە ملیارەها مۆلیکولی گازیی دروستکراوە و لە هەزاران بیر و دامەزراوەوە سەرچاوە دەگرن، کارێکی قوورسەو نیزیکە لە مەحاڵ. بۆیە لە ئەنجامدا خۆ-ڕاگری وزەی ئەوروپاو جیهانیش دەکەوێتە مەترسییەوە؛ چوونکە هەریەکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان، ویلایەتە یەکگرتوەکان ئەرکی هەناردەکردن و گواستنەوەی گازیان بۆ ئەوروپا لە ئەستۆدایە.
قەتەر یەکێکە لە دابینکەرانی سەرەکی غازی سروشتی شل (LNG) بۆ ئەوروپا، لە ساڵی (٢٠٢٢) ەوە ئاستی هەناردەکردنی بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ ئەوروپا زیادکرد؛ بۆ ئەوەی یارمەتی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بدات کە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی غازی ڕووسیا درووستبوە. لە ساڵی ٢٠٢٤ دا قەتەر نیزیکەی ١٢-١٤٪ ی گازی سرووشتی شلکراوەی ئەوروپای دابینکردووە، بەمەش دەبێتە دووەم گەورەترین دابینکەر لە دوای ئەمریکا. بەڵام ئەم دابینکردنە بۆ داهاتوو دڵنیایی تیا نییە، چونکە وەزیری وزەی قەتەر هەڕەشەی وەستاندنی هەناردەکردنی نوێی کردووە ئەگەر یەکێتی ئەوروپا ئەو یاسایەی بەناوی "ڕێنمایی وردبینی پێویست بۆ بەردەوامیی کۆمپانیاکان (CSDDD) " جێبەجێ بکات.
لە ئاستێکی بەرفراواندا؛ ئەوروپا، وڵاتانی کەنداو و چین گواستنەوەی هەمەلایەنەی وزە خێراتر دەکەن (گواستنەوە لە هایدرۆکاربۆنەوە بۆ وزەی پاک)، وەبەرهێنانێکی زۆر لە وزە نوێبوەوەکان، هایدرۆجین، جووڵەی کارەبایی، مۆدێرنکردنی تۆڕ و پیشەسازییەکانی کەم کاربۆن دەکرێت، بەمجۆرەش بازاڕەکانی وزەی جیهانی و زنجیرەکانی دابینکردن لە قاڵب دەدەنەوە. بەڵام ئەم گواستنەوەیە ئاماژە نییە بۆ بێ بەهابوونی هایدرۆکاربۆنەکان؛ بەڵکو جیهان بەتووندی بە وابەستەی نەوت و گاز دەمێنێتەوە و خواست لەسەر گازی سرووشتی و نەوت گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. لە کاتێکدا قەتەر هەڕەشەی بڕینی گاز لە ئەوروپا دەکات، کەچی پلانی بەرفراوانتر بۆ بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە قەتەر و لە ناوچەکانی دەوروبەر دادەڕێژرێت، چوونکە سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی غازی جیهانی نوێ کە پێشبینی دەکرێت لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٨دا گازی سرووشتی کەنداو بخرێتە سەرهێڵ و بەو یەدەگەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست ببەسترێتەوە.
ئەم واقیعە دووانەییە بریتییە لە پێناسەکردنەوەی جیۆپۆلەتیکی وزە و چڕکردنەوەی کێبڕکێ لەسەر بازاڕەکان و ژێرخانی ئابووری و سەرکردایەتی تەکنەلۆژی. بۆ هەرێمی کوردستان ئەم دیمەنەی کە سەریهەڵداوە هەم مەترسی و هەم دەرفەت نیشان دەدات. پێگەی ستراتیژی ناوچەکە، نیزیکی ئەم ناوچەیە لە ڕێڕەوی بازرگانی نوێ، پێویستی بە توانای دامەزراوەیی، حوکمڕانی وزە و ستراتیژییەکانی هەناردەکردن هەیە. تێگەیشتن لەم ژینگە پەرەسەندووە، کە تیایدا ڕێسا ژینگەییەکان، فشارە جیۆپۆلیتیکییەکان و گۆڕانکارییەکانی بازاڕ یەکتر دەبڕن بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی درێژخایەنی ئاسایشی وزە بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە.
داماڵینی کاربۆن: ڕێسایەکی سەوز بە دەرئەنجامە خۆڵەمێشیەکانیەوە
دیکاربۆنیزاسیۆن یان داماڵینی کاربۆن- Decarbonization لە پرسی وزەدا ؛ ئاماژەیە بۆ پرۆسەی کەمکردنەوە و لە کۆتاییدا نەهێشتنی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) لە چالاکییە ئابوورییەکان، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنانی وزە، گواستنەوە، پیشەسازی و بیناکان دا. ئەمە ئامانجیەتی کەرتە ئابوورییەکان لە سووتەمەنی بەردینی زۆر کاربۆن (نەوت، گاز، خەڵوز) دوور بخاتەوە و بەرەو سەرچاوەی وزەی کەم کاربۆن یان سفر کاربۆن ئاڕاستەیان بکات، وەکو وزەی نوێبووەوە، وزەی ئەتۆمی، هایدرۆجینی سەوز و سیستەمی کارای پێشکەوتووی وزە. بە زاراوەیەکی سادە، دیکاربۆنیزاسیۆن بە واتای "لابردنی کاربۆن لە سیستەمی وزە." ئەمەش پایەیەکی سەرەکی ستراتیژییەکانی کەشوهەوای جیهانییە، چونکە دوانۆکسیدی کاربۆن بەشدارییەکی گەورەو خراپی لە گۆڕانی کەشوهەوادا هەبوەو هەیە.
بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەی بێ-کاربۆنکردن چوار بوارى سەرەکی لەخۆدەگرێت:
* گواستنەوە لە هایدرۆکاربۆنەوە بۆ وزەی نوێبووەوە (واتە بەرهەمهێنانی وزە لە ڕێگەی: خۆر، با، ئاو، گەرمی زەوی).
* باشترکردنی کارایی وزە لە سەرجەم کەرتەکاندا.
* بە کارەباییکردنی گواستنەوە و پیشەسازی بە بەکارهێنانی کارەبای پاک. ئەمەش بە پێی ڕێساکانی کارەبای پاک (CER)- Clean Electricity Regulations کە حکومەتەکان دای دەڕێژن. بۆ نموونە؛ ڕێساکانی کارەبای پاکی کەنەدا کە تیایدا تا ساڵی (٢٠٣٥) سنووری تەواوەتی دادەنرێت بۆ ئاستی دەردانی گازی گەرمخانەیی لەو وێستگانەی کارەبادا کە بە سووتەمەنی بەردینی کاردەکات.
* جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ گرتنی کاربۆن لەو شوێنانەی کە دەردانی گازی ژەهراوی بە سەختی دەمێنێتەوە تا نەیانهێڵێت.
لەم ڕوانگەیەوە، هەم وڵاتانی کەنداو هەم یەکێتی ئەوروپا و زۆر وڵاتی دیکە کار لەسەر داماڵینی کاربۆن دەکەن، بەڵام چەقی کێشەکە ئەوروپایە، چوونکە ئەو هاوردەکاری نەوت و گازە، بە بەردەوامیش پشت بە گازی ڕووسیاو نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت. یەکێتی ئەوروپا دیکاربۆنیزەکردنی کردووەتە ئەولەویەتێکی ستراتیژی و لە ناوەندی سیاسەتی کەشوهەوا و کارنامەی ئاسایشی وزە و مۆدێلی گۆڕانکاری ئابووریدا دایناوە. بۆ نموونە: ڕێککەوتنی سەوزی ئەوروپا (The European Green Deal ) لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە دەستیپێکردووە و ستراتیژی سەرەکی یەکێتی ئەوروپایە بۆ گەیشتن بە بێلایەنی لە کێشەکانی.