جاران دەوڵەتان هەر لە ئاستێکدا دەبوایە بیریان لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگەو ئاسایشی نیشتیمانیی کردبایەوە، ئێستا "ئاسایش" لە دەیان ئاستدا دەبێت هەمە کارە بێت و بیری لێ بکرێتەوە؛ ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی وزە، ئاسایشی ئاو، ماددەی هۆشبەر، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و..تادوایی. داعش کە دامەزران زۆر دامەزراوەییانە کاریان دەکرد، دەزگایەکیان هەبوو بە ناوی "ئاسایشی فیکریی"، ئەمە ئەوە بوو کە لێوەی ڕێگیرییان لە نەیارانی فیکریی داعش دەکرد تاوەکو"ئیختراق"یان نەکەن.
بەهەمان شێوە، کاری مافیاگەریی "عەصابات"یش وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینیوە، جاران مافیا ئاماژە بوو بۆ باندێکی تاوانکاری ڕێکخراو کە لە ڕێگەی زەوتکردن و بەکارهێنانی توندوتیژییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چالاکییە ئابوورییەکانیان دەدا بەشێوەیەکی نا-یاسایی. ئیتر مافیای دەرمان و ماددە هۆشبەرەکان، مافیای کڕین و فرۆشتن بە مرۆڤ و بازرگانی بە ئەندامەکانی جەستە، مافیاو قاچاخچێتی چەکە نایاساییەکان و...تادوایی.
بەڵام لەمدواییە، مافیای ڕاگەیاندن و شاشەکان (عەصاباتی ئیعلامی)یش پەیدابوون، بەئاشکرا کەناڵەکان فوو دەکەنە کچ و کوڕە بێژەرەکان، دەیانکەن بە پاڵەوان، ڵایک و کۆمێنتیان بۆ کۆدەکەنەوە، پڕوپووچیەکان زەق دەکەنەوە بۆ ختوکەدانی ئەقڵی کۆمەڵگە، وێنەیەکی درۆینەی وەها بەبێ ئەوەی لەناوەڕۆکدا هیچ لەئارادا بێت، تەنانەت کەناڵی تەلەفزیۆنی و دامەزراوەی جۆراوجۆریش دەخەنە خزمەتیانەوە، چوون و هاتنەوەیان لە کەیف و سەفاو ڕابواردنیش هەر دەبێتە هەواڵ و وێردی سەر زمانی خەڵک..هاوکات مافیای دینی هەن کە ترسناکترن، لەپاڵ ئەمەدا ئەم پاڵەوانە درۆینەو مافیا ئیعلامیانە هەر لە کرێگرتەیی بۆ دەستگە هەواڵگیرییەکانی ناوچەکەوە تا دەستوەردانیان لە هەر دامەزراوەیەکی حکومی دەبێتە پیشەیان، کارێکی وەبەرهێنان وەردەگرن و ملیۆنێک دۆلاریش هەقی دوو تەلەفۆن کردن و دەستوەردانی ئەوانە، بارێک دەهێننە ناوەوە دوو سەت هەزار دۆلار وەردەگرن، ئافرەتێک و دووان لە جێگەیەکدا دادەمەزرێنن و پاداشتی خۆیان وەردەگرن، بابەتێک دەجووڵێنن و باسی دەکەن لەسەر شاشەو پەیجەکانیان هەر دەبنە هاوبەش و قازانج وەردەگرن، بابەتێک دادەپۆشن و باسی ناکەن هەر پاداشتی خۆی هەیە.
ئەی پرسە نەتەوایەتی و نیشتیمانیی و کوردایەتییەکەمان؟ ئەی پەروەردەو پەرروەردەی نەوەی تازەو منداڵانمان؟! ئەی بەخەمگرتن و بیرکردنەوە لە مەعریفەو بیروباوەڕێکی ڕاستەقینەی وەها کە کۆمەڵگە بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات؟ ئەی دیالۆگێکی پیشەیی و پارادایمێکی سەردەمیانەی نوێ و...تادوایی.
بەگشتی ئەو کەناڵە ئاسمانیی و بەناو دامەزراوە میدیاییانەی لەم چوار -پێنج ساڵەی ڕابردوودا کراونەتەوە هەمووی لە چوارچێوەی ئەو قاڵبەی سەرەوەدان و، زبڵ بەرهەم دەهێنن نەک هۆشیاریی و هۆشیاری نیشتیمانیی، تەنانەت هیچ سوودێک بە حیزبەکانیان و ئەو کۆمپانیاو بنەماڵانە ناگەیەنن و نەیانگەیاندوە، ئەگەر دەیان هەزار نەیارییشان بۆ زیاد نەکردبن!
سەیری بکە؛ هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک چاوەڕێ دەکات کە هاوپەیمانان مانگانە تەنها هەشتا هەزار دینار وەک هاوکاری بدەن بە هەر پێشمەرگەیەک، بەڵام حیزبەکان مانگانە دەیان ملیار دینار دەدەن بەو کەناڵە پڕوپووچانە (کە لە زیادە کراونەتەوە) بێ ئەوەی نە سوود بە حیزبەکان خۆیان، نە بنەماڵەو بە خاوەنە-ڕاستەقینەکانیان، وە نە بە کۆمەڵگەی کوردیی بگەیەنن. ئیتر کەسێکەو پەیجەوان و هاککەر بوەو، پرۆپۆزەڵێکی پێشکەشکردوەو، کەناڵێکی بۆ کراوەتەوەو، لەشکرێک بەناو میدیاکار و سەت ئۆتۆمبیل و چەندین بیناو،،،تادوایی خراوەتە بەردەست! سبەی ئەمە دەبێتە ملیاردێر نە کوردو نە کوردستان و نە-خاوەنەکەشی ناناسێت!
هەر بۆ خۆی بەگشتی میدیا لە کوردستان بوەتە کێشە نەک چارەسەر (ئەمە سەدان پسپۆڕی میدیایی وا دەڵێن و ڕاستییەکی ڕوونە). بوونی ئەو سەدان مایک بەدەستە نە نیشانەی ئازادیی ڕادەربڕین و دیموکراسییەتە، بەڵکو نیشانەی بوونی کێشەو دژیەکییەکی زەقی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنی گەورەیە لەهەناوی کۆمەڵگەی کوردیدا. ئەمە نیشانەی وتن نییە، بەڵکو نیشانەی کپکردن و نە-وتنە.. فریودانێکی خەڵکە کە ئەگەر دوژمنانی کورد ئەم کەشەیان ڕەخساندبێ یان حیزب و کۆمپانیاکان دەرئەنجامەکەی یەک شتەو، هەر خراپە. ماوەیەکی دی دەبینن لە هەموو جێگەیەک وێنەی ئەم عەساباتانە هەیە و هەڵدەواسرێت، وەکو ئەوەی ئەمان بسمارک و عەبدولناسر و ئەبراهام لینکۆڵن و چەرچڵ بن، بەڵام ئەمان درۆینەو بێماناو بێ ناوەڕۆک. سەیری بکە؛ هەمیشە مرۆڤی بەتاڵ و بێ بەرهەم خۆ- بەزلزانییەکی هەیە؛ وەک ئەوەی ئەو ئەدیسۆنەو ڕووناکی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە، نیوتنەو هێزی کێشکردنی زەوی دۆزیوەتەوە، ئەو زەوییەو خۆر دەبێت بە دەوری ئەودا بسووڕێتەوە، خۆیان وا خۆیان دەبینن، ئەم چینە خوێریلەیەش ڕێک ئاوهان!
مافیای ئاینی؛ بەناو مامۆستای هەڵتۆقیو و فتوادەر- عەصاباتى دينى؛ سوود لە تیکتۆک و فەیسبووک و شاشەکان و کۆمێنت کۆکردنەوە وەردەگرن، ئەوجا یان بازرگانی پێوە دەکەن و سواری ئەقڵی خەڵکە ڕەشوڕووتەکە دەبن و، لەگەڵ شەپۆلی نەزانیی کۆمەڵگەدا دێن و دەچن یان لەلایەن دەستگە هەواڵگرییەکانی ناوچەکەوە بەدەستی دوو ڕاسپێردراون چی و چی و چۆن و چۆن بکەن و بڵێن.. مافیای میدیاییش هەر بەهەمان شێوەیە.
زۆربەی ئەمانە کارو پیشەو مەهارەتێکی دیکە نازانن، جگە لەم کۆمێنتبازیی و عەوامگەراییە، ئەم پووچگەراییە کە لەسەر ئەقڵێکی لۆکاڵی و هەستی چینە ڕەشووڕووتەکە کاردەکەن. باوەڕکەن خەڵکی وەها لە کوردستان حەوت ساڵە وەزیرە لە هەر وڵاتێکی ئەوروپی بوایە ئەو ئەرکەشیان پێ ڕەوا نەدەبینی بەیانیان و ئێواران دەرگای زانکۆیەک بکاتەوەو دابخات؛ ئەمە ڕێک و ڕەوان بەرهەمی ئەو دۆخەیە کە لەسەرەوە باسمکرد؛ ئیتر ئەم "باند-گەراییە" تەنانەت لەناو زانکۆکانیشدا تەشەنەی سەندوە؛ خەڵکی هەر نموونەکانی ئەم دواییەی بانگخوازێکی ئاینیان بیست و بینی، بەڵام لەسەرووتر بۆگەنترە!