دکتۆرا لەپەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکانو بەڕێوەبەری ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی
لە ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٦ دا، سەرۆکوەزیرانی عێراق "عەلی زەیدی" بە نیۆرک تایمزی وتوە، کە عێراق نیزیکەی (٦٠) ملیار دۆلار داهاتی نەوتیی لەدەستداوە، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە. بەجۆرێک بۆماوەی نیزیکەی دوو مانگ عێراق نەیدەتوانی (٩٠٪)ی نەوتەکەی هەناردە بکات، لەکاتێکدا (٩٠٪)ی ئابورییەکەی پشت بەو نەوتە خاوە دەبەستێت کە هەناردەی دەکات. لە پێش حوزەیرانی ٢٠٢٥، واتە پێش دەستپێکردنی یەکەمین گەڕی بەیەکداکێشانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق سەروو (١١٠) ملیار دۆلار بوو، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ دا ئەم یەدەگە گەیشتوە بە کەمتر لە (٦٠) شەست ملیار دۆلار! ئەگەرچی کابینە (تەواو نەبوەکەی) زەیدی لەماوەی پێنج مانگی دەستبەکاربوونیدا توانیویەتی لە نێوان جەمسەرگیرییە جیهانییەکان و گرژییە جیۆپۆڵەتیکییەکاندا جۆرێک لە هاوسەنگی درووست بکات، بەڵام هێشتا کێشە گەورەکە ئەوەیە کەشتی نەوتی خاوی زەبەلاح (VLCC) ڕوو لە بەندەرەکانی بەسرە ناکەن. ئایا ئابوریی نەوتیی عێراق چۆن ڕزگاری دەبێت!؟ کێشە سەرەکییەکانی بەردەم پیشەسازییە هایدرۆکاربۆنییەکان لە کوێدان؟ هەرچۆنێک تەماشای دیمەنەکە دەکەیت، عێراق زیانمەندی گەورەی جەنگی ئەمریکاو ئیسرائیلە لەگەڵ ئێران، بۆچی!؟
تا پرۆسە نەوتییەکان بەردەوامتر دەبن، قەیرانە ئابورییەکەی کەڵەگەتر دەبێت!
لوغزێک لە ئابوریی -کرێخۆر (ئابوریی ڕەیعی- Rentier Economy)ی عێراقدا هەیە، ئەوە لە هەرێمی کوردستانیش وابو، تاوەکو پرۆسە نەوتییەکان بەرەو پێشتر دەچوون و دەرهێنانەکان فراوانتر دەبوون، قەیرانە دارایی و سیاسییەکان زیاتریان دەکرد! لێرەدا ئابورییەکە هەر بەتەنها پشت بە نەوت دەبەستێت نەک باج و بەرهەمی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی دارایی بودجە و داهاتەکانی. ئەگەر عێراق لە گێژاوی هورمزیش ڕزگاری بێت، هێشتا ئابورییەکەی مەترسی خنکانێکی گەورەی لەسەرە:
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی ٢٠٢٦ە دا، عێراق بیستو چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بە داشکاندنی (-٢٩) دۆلار فرۆشتووە، کە کۆی گشتیی داهاتەکەی (٧١٩) ملیۆن دۆلار بووە. لەکاتێکدا، عێراق مانگانە پێویستی بە نیزیکەی حەوت ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلارە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی (واتە زیاتر لە هەشت تریلیۆن دینار). ئەم وڵاتە نیزیکەی چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تەنها فەرمانبەری مەدەنی و سەربازیی هەیە، کە (٦٢٪) یان سەر بە کەرتی سەربازی و ئەمنی و ناوخۆن!
لە تەمموزی ٢٠٢٦ دا عێراق ٤٩ ملیۆن بەرمیلی بە داشکاندنی (-٢٧ دۆلار) فرۆشتوە، زیاتر لە (٣٠) ملیۆن بەرمیلی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێوە، داهاتەکەی یەک ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بوە. لە مانگی ئابدا (٧٠) ملیۆن بەرمیلی بە داشکاندنی (-٢٥) دۆلار فرۆشتوە، کە داهاتەکەی دەکاتە یەک ملیارو ٧٠٠ ملیۆن دۆلار، لە مانگی ئەیلولیشدا حەفتاو نۆ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیلی فرۆشتوە بە دیسکاونتی (-١٨) داهاتەکەی نیزیکەی ٥ پێنج ملیار دۆلار بوە.
کاتێک ئەمریکا دەڵێت هورمز کراوەتەوە، ئێران دەڵێت داخراوەو، ناوبەناو کەشتییەکی نەوتی دەکرێتە ئامانج، ئیتر وەک جاران کڕیارەکان ڕوو لەبازاڕی نەوتی عێراق ناکەن. بۆیە سۆمۆ هەم بەگشتی داشکاندنەکانی زیادکردوەو، هەم داشکاندنی تایبەتتری بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بەچەند کۆمپانیایەکی ئیماراتی و هیندی کردوە، چوونکە ئەوانە یارمەتی دارایی عێراقیان داوە تا پارەی مووچەی فەرمانبەرانی بدات، بەڵام ئەم بابەتەیان ناوناوە وەرگرتنی پارەی پێشوەختەی نەوتەکە لەو کڕیارانە. بۆ نموونە ئێستا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ دا، عێراق داشکاندنی بۆ چەند کۆمپانیایەک کردوە بە ڕادەی ( -٣٢ $) دۆلار خوار بازاڕ.
پێشووتر، لەسەر چۆنییەتی بونیادنانی ژێرخانی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق و بەرز ڕاگرتنی ئاسایشی وزە شیکاریی دیکەمان بڵاوکردۆتەوە. لێرەدا، هەوڵ دەدەم کێشە شێرپەنجاوییەکانی کەرتی نەوتیی (نەک وزە بەگشتی) لە عێراق بەگشتی لە چوار خاڵدا چڕ بکەمەوە:
یەکەم: نەبوونی ژێرخانێکی پیشەسازییە نەوتییەکان، بوەتە هۆی نەبوونی بەرهەمە نەوتییەکان. بۆ لێکۆڵەرێکی بیانی دیمەنەکە وا دێتە پێش چاو کە بڕیاربەدەستانی عێراق واتێگەیشتون کە "وزە" هەر بریتییە لە "نەوتی خاو"، دەریدەهێنێنن و ڕاستەوخۆ دەیفرۆشن؛ با وای دەبنەین وایە، ئێ بەڵام لە نەوتی خاوەوە دەیان پێکهاتەو پیشەسازیی دیکە دەتواندرێت بەرهەم بهێندرێت، وەکو نەفتا، غازی شل، کیرۆسین، بەنزین (بەچەندین کوالێتی جیاواز)، دیزڵ (بەچەندین جۆر و کوالێتی جیا-جیا بۆ پێداویستی جیاجیا)، جێت فیوڵ، ڕۆنە چەورکەرەکان، قیر (بە چەندین کوالێتی جیاجیا وەکو قیری ٦٠/٧٠، قیری ٥٠/٦٠، جانبۆباگ و تادوایی)، ڕۆنە ڕەشەکە (بە VR ناسراوە، ئەوەش سێ جۆری سەرەکی دیکەی هەیە). ئەوەتا هەمووان لەشارەکانی عێراق نۆرە دوور و درێژەکانی هاووڵاتیان دەبینن بۆ وەرگرتنی بەنزین، چوونکە عێراق تا ئێستا ماددە چاککەرەکانی بەنزین وەکو تۆڵۆوین-Toluene و ئیتانۆڵ و میتانۆل لە دەرەوە هاوردە دەکات، ئەو ماددانەش بەهۆی جەنگ و گرژییە ناوچەییەکانەوە زۆر گرانبوون.
دوەم: نەبوونی پیشەسازییە تەحویلیەکان ( Manufacturing industries)، لەگەڵ هەبوونی ژێرخانێکی پیشەسازیی بەهێزدا، دەبێت پیشەسازییەکان وەربگێردرێن بۆ ماددەو کاڵای دیکەی نوێ. لێرەدا بە بەکارهێنانی هێزی کار و ئامێر و تەکنەلۆژیا کەرەستەی خاو دەکەنە کاڵای تەواوەتی، یان دوو مادەی جیا تێکەڵ دەکەن و کاڵایەکی نوێی لێ بەرهەم دەهێنن؛ بۆ نموونە لە گازی سرووشتییەوە هەر کارەبا بەرهەم نایەت، بەڵکو دەیان ماددەی کیمیایی دیکە کە نرخی زۆربەیان لەبازاڕەکاندا گرانترە لە گازی سرووشتی خۆی وەکو: پەیینی کیمیایی-Fertilizer، ئامۆنیا، هایدرۆجین، ماددەی وەکو MTBE بۆ باشترکردنی ئۆکتانی بەنزین، پلاستیک و مادە داپۆشەرەکانی تر و چەندینی دیکە درووست بکرێت. تەنانەت ئەو ڕۆنە ڕەشەی لە کۆتایی پرۆسەی پاڵاوتندا دەمێنێتەوەو دەڕژێت جۆرێکیان کە (VR 2)ە بۆ درووستکردنی مکیاژ و جوانکاریی بەکاردێت، خەیارو کبریت تێکەڵ بکەیت دەبێت بە سابوون و کرێمی دەموچاو..زۆر نموونەی دیکە، کە لەعێراقدا ئەم گۆڕانکارییە نییەو، ساڵانە ملیارەها دۆلاری ئەم وڵاتە بۆ کڕینی ئەو بەرهەمانە دەچێتە دەرەوە.
سێهەمیان، کێشەی بەهەدەردانی گاز، سووتانی گازی وڵاتەکە لە ختوخۆڕایی بوەتە هۆی ئەوەی ساڵانە (٧) ملیار دۆلار لەسەر عێراق بکەوێت، هەم ژینگە پیس دەکات، هەم تادێت پێداویستی جیهانیی لەسەردەمی زیرەکی دەستکردو ئۆتۆمبیلی کارەباییدا بە کارەبا زیاد دەکات، کەچی عێراق ساڵانە گازەکەی خۆی دەسووتێنێت و، لە دەرەوە گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هاوردە دەکات!
چوارەمیان، هەمەچەشن نەکردنی کەناڵەکانی هەناردەکردنی نەوت (تەنها پشت بەستن بە هورمز کارەساتی ئێستاو ئایندە دەبێت)، ئەمەش بوەتە هۆی داخرانی عێراق نەک هەر لەڕووی بازاڕی نەوتەوە بەڵکو لەڕووی دیبۆماسی و کەلتوری و ئاڵۆگۆڕیی دیکەوە. هێشتا عێراق لە خەیاڵی ئەوەدا دەژی کە دۆلار بدات بە ئێران بەناوی هاوردەکردنی گازی سرووشتییەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
پارادۆکسی وەبەرهێنان: کێشەکە بەرهەمهێنانی نەوت نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی داهاتەکانە
هەرچەندە، زیاتر لە دە ساڵە عێراق پێی وایە کێشە سەرەکییەکەی ئەو بریتییە لەوەی ئاستی وەبەرهێنان زیاد بکات، بەردەوام کابینە یەکلەدوای یەکەکان موژدەی گەیشتن بە ئاستی (٧) ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیان داوە، کێشەی عێراق بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو هەناردەکردن و بە-بازاڕکردنە، بونیادنان و بەهێزکردنی سیستەمی دارایی هاوچەرخە (کە لایەنەکان ئەمە ناکەن و حەز بە باسکردنیشی ناکەن). بێگومان (ئەی بێگومان) زۆربەی بیرە نەوتەکانی عێراق پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەو چاودێریی هەیە، بۆ ئەوەی ئاستی وەبەرهێنان زیادتر بکات (ئەمە ئەرکێکی سەرەکی وەزارەتی نەوتە کە ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بکاتەوە، نەک وەک کێشەیەک بیناسێنێت)، چوونکە بەشێکی زۆر لە کیڵگەکان کەمتەرخەمی تیاداکراوە، زیاتر لە چەندین کۆمپانیای بیانی هاتوەو ئیشی تیاکردوون و بەجێی هێشتوون، یان لەڕووی جیۆلۆجی و ئەندازەییەوە، وەیاخود لە ڕووی بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ بۆ دەرهێنان و...تادوایی.
ڕاستیتان دەوێ؟ وەزارەتی نەوت پێش ئەوەی بیر لەزیادکردنی ئاستی وەبەرهێنان بکاتەوە، دەبێت ناوەکەی خۆی بگۆڕێت بۆ وەزارەتی کاروباری وزەو کانزاکان؛ تۆ کە نەتوانی فرەچەشنکردن لە خودی نەوتە خاوەکەدا بکەیت، چۆن دەتوانیت ئاسایشی وزە بپارێزیت؟ چۆن فرەچەشنکردن لە تەواوی ئابورییەکدا دەکەیت! فرۆشتنی نەوت و بە بازاڕکردنی ئامانجێک ناپێکێت ئەگەر سیاسەتی دارایی وڵاتەکە لەبنچینەوە نا-درووست بێت؛ ئەمە وەک ئەوە وایە تانکییەکی ئاوی گەورە بە بەردەوام ئاوی زۆری تێبکرێت، بەڵام چەند کونێکی لەژێرەوە تێدا بێت..کاتێک نرخی نەوت بەرزەو پارە زۆر دەچێتە خەزێنەکانەوە وادەزانین خەزانەکە پڕ بوە، بەڵام هێواش-هێواش لێی دەچێت و بەتاڵ دەبێتەوە:
بە هەزاران کەس لە سەرۆکایەتییەکانی عێراق وەک فەرمانبەر هەن بەڵام هیچ ئەرک و دەوامێکی فەرمی ئەوتۆیان نییە و مانگانە مووچەی بەرز دەچێتە سەر هەژمارەکانیان، لە سۆشیال میدیاش گاڵتە بە حکومەت دەکەن و، لە شوێنەکانی دیکەش خەریکی کاری دیکەن! بە سەدان هەزاری هاوشێوە لە دامەزراوەکانی حکومەتدا هەن، ڕاگرتنی ئەو خوێنبەربوونە داراییەی عێراق دەبێت لە پاککردنەوەی لیستی فەرمانبەران و جیاکردنەوەی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە لەوانی تر دەست پێبکات.. لە هەرێمی کوردستاندا لە ماوەی نێوان (٢٠١٥ تا ٢٠٢٦) تەنها (٧٠٠) هەڵگری بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرای دانە-مەزراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن، دانەمەزراون، تاوەکو دامەزراوەکان گەنجتر و نوێتر ببنەوە، بەڵام لەوماوەیەدا بەسەدان هەزار بندیوار لە حکومەتی عێراقدا دامەزراون. کارکردن و کارپێدان دەبێت لەسەر بنەمای کارامەیی بێت، نەک لەسەر بنەمای ئەو بڕوانامە بەدەستهاتوانەی زانکۆکانی عێراق، کە خاوەنی بڕوانامەکە هیچ پێوەی ماندوو نەبوەو، دەوامی زانکۆی نەکردوەو، پێی دامەزراوە!
لە کۆتاییدا قەیرانی عێراق تەنها لە بیرە نەوتەکانەوە دەست پێناکات و لە بەندەریش کۆتایی نایەت؛ بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی داهاتەکانی، هەروەها بۆ پێکهاتەی دارایی و کارگێڕی و دامەزراندن لە دەوڵەتدا.
کاتێک داشکاندنەکان بەس نین؛ قەیرانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردن
لە بازرگانیی جیهانییدا، دوو جۆر پرۆسیجەری کڕین و فرۆشتن هەیە، یەکەمیان فۆب (FoB) ئەوەیە کە تۆ لە بەسرە نەوتەکە ڕادەستی کڕیار دەکەیت و، پشکنینی (HGS) بۆ کاڵاکە دەکرێت، ئیتر هەر-هەمان کات پارەی بارەکە بەپێی گڕیبەستەکە دێتە سەر هەژماری سۆمۆ (کە بانکی بازرگانی عێراقە). شێوازی دوەمیان، بە (CIF) ناسراوە، ئەوەیە دەوڵەت یان کۆمپانیای فرۆشیار تێچووی هەناردەکردن و گەرەنتی کردن و دابینکردنی کەشتی و بارکردن دەگرێتە ئەستۆی خۆی بۆ ئەو وڵات و بەندەرەی کە کڕیار دەیەوێت، کە بارەکە گەیشت و پشکنینی بۆ کرا، پارەکەش دەگات.
ئەگەرچی بەردەوام سۆمۆ خۆی ژمارەیەک کڕیاری هەیەو ڕاستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و تیمە گەڕۆکەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەو جیهان دەچنە گفتوگۆوە لەگەڵ كریارە بیانییەکان و پاڵێوگە گەورەکان. بەڵام سۆمۆ بەشێوەی ئەڵۆکەیشن/ تەرخانکردن (بەگشتی لە دوو ملیۆن بەرمیل کەمتر نییە) نەوت دەدات بە چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی-خزمەتگوزاریی بواری نەوت، ئەوان بۆ سۆمۆی دەفرۆشن و، لە هەر بەرمیلێک سەروو دوو دۆلار و ٥٠ سەنتی بۆ خۆیان هەڵدەگرن، چوونکە کۆمپانیا ناوخۆییەکەی کە ئەو بڕە وەردەگرێت، لەبەرانبەردا (١٪)ی پارەی دوو ملیۆن بەرمیلەکە وەک گەرەنتی (خاوەنکارەکان پێی دەڵێن خیتاب زەمان) دەدات بە سۆمۆ؛ تا نیشانی بدات کە ئەو توانای فرۆشتن و گواستنەوەی ئەو نەوتەی هەیە لە بەسرە.
عێراق لە ڕووی نرخ و بازاڕەوە، سەر بە پلاتی بازرگانی کەنداوە، نرخی نەوت لە بۆرسەی دوبەی لەگەڵ نرخی نەوت لە بۆرسەی عومان کۆدەکرێتەوەو دابەشی دووی دەکەیت ئەوە نرخی نەوتی عێراقت بۆ دەردەچێت و، بەو نرخە دەیفرۆشێت. کێشەکە ئەوەیە ئێستا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ دا، عێراق سی دۆلار (بەداشکاندنی -٣٠) هەر بەرمیلێک دەفرۆشێت، هێشتا کڕیاری وەک پێویست دەست ناکەوێت؟ چوونکە کەشتی نایات بۆ بەسرە، ئەو کەشتییانەی لە بەسرەوە ڕۆیشتوون لەودیو هورمزەوە گیریان خواردوە ناتوانن بگەڕێنەوە، بەگشتی کەشتییەکانی نەوت (٢ ملیۆن بەرمیل و بەرەو سەرەوە باردەکەن). تەنانەت کەشتی بچووکتر (ئەوەی بە Bulk) ناسراوە، چوار مانگ لەوەو پێش چۆتە ئەودیو هورمز هێشتا نەگەڕاوەتەوە..لەکاتێکدا وڵاتانی کەنداو هەموویان خاوەنی کەشتی و بارهەڵگری خۆیانن، بەڵام عێراق هیچی نییە، ئەمەش بۆ خۆی تێچوویەکی ترە لەسەر دەوڵەت کە پارە بە کۆمپانیاکانی کەشتیوانیی دەرەکی دەدات بۆ بارکردنی نەوتەکەی، یاخود کڕیارەکان خۆیان کۆمپانیای گواستنەوەی دەریاییان هەیە و دەیگوێزنەوە.
هەرچەندە، داشکاندنی نرخی نەوتی عێراقی بووەتە هۆی زیادبوونی خواستی کۆمپانیا نێودەوڵەتی و عەرەبییەکان، بەجۆرێک کۆمپانیای ADNOC ی ئیماراتی لە ماوەی مانگی ئاب و ئەیلولدا ٧٢ ملیۆن بەرمیل کڕیوە و داشکاندنەکانیش لە نێوان ١٨ دۆلار و ٢٥ دۆلار و ٢٧ بۆ ٣٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک. پێدەچێت عێراق سەروو خوانێکی گەرمتری لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی پەیداکردبێت! ئەدنۆک لە ٢٠٢٤ ەوە بەنزین بۆ عێراق دابین دەکات و نەوتە خاوەکەی لێدەکڕێت، بەمدواییە کۆمپانیای داناگازی ئیماراتی کە نیزیکەی ٢٠ ساڵە لە کیڵگەی کۆرمۆر وەبەرهێنان دەکات، بە بێ پرس و بڕیاری هەرێمی کوردستان دەستی بە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی حکومەتی فیدراڵی عێراق کرد، ئێستاش کۆمپانیا ئیماراتییەکان لە بانگهێشتێکی وەزارەتی نەوت و سۆمۆ هاتونەتە پێش بۆ درووستکردنی چەندین خەزان و پاڵێوگەی گەورەی نەوت لە ئوردون و سوریاو وڵاتانی دەوروبەر، تا عێراق بەشێک لە نەوتەکەی لە دەرەوە هەڵبگرێت!
بەرەو حوکمڕانی فراوانتری ئاسایشی وزە
بۆیە پێویستە دەرەنجامەکە ڕوون بێت: ئەم بابەتە نەک هەر باس لەو پارادۆکسە دەکات کە نەوت بەهۆی خراپ بەڕێوەبردن و ژێرخانی ناتەواو لە کەرتی نەوتدا دروستی دەکات، بەڵکو حوکمڕانی ئاسایشی وزە لە عێراق لە چوارچێوەیەکی فراوانتردا لەبەرچاو دەگرێت. عێراق پێویستی بە خێراکردنی جێبەجێکردنی پرۆگرامی بەکرێدانی کەشتی هەڵگری نەوتی خاوی زۆر گەورە (VLCC) و دروستکردن و پەرەپێدانی بەلەمی تانکەری نیشتمانی و هەمەچەشنکردنی ڕێڕەوی هەناردەکردن و گواستنەوەی و فراوانکردن و پەرەپێدانی ستراتیژییەکانی بازاڕکردنی مۆدێرن هەیە. ئاسایشی نەوت لە بیرەوە دەست پێناکات و لە بەندەر کۆتایی نایەت؛ لە بەرهەمهێنانەوە دەست پێدەکات، لە ڕێگەی گواستنەوە و هەڵگرتن و بازاڕکردنەوە درێژدەبێتەوە و بە توانای دەوڵەتێک بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەکان، پاراستن و بەردەوامبوونی لێشاوی داهاتەکەی لە بەرامبەر شۆکی جیۆپۆلەتیکیدا دەگاتە لوتکە.