کۆتایی داستانەکە؟

خەبات عەبدوڵڵا
  2025-07-17   

حاڵی حازر ڕووبەڕوو لەگەڵ شکستێکی گەورەدا وەستاوینەتەوە، شکستێکی بەتەنها سیاسی و ئیداری نا، بەڵکو شکستێکی جڤاکیش.

٭٭٭

وەکو یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم شکستە، لەمڕۆدا شتێک نەماوە لە عێراق ناوی دۆزی کورد بێت. دۆزی کورد کە گوزارەیە لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی ئازادیخوازی داگیر و دابەشکراو، لەسەر دەستی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئەوانەی پێیان دەڵێن "نوێنەرانی کورد" لە بەغدا، لە پۆست و پارەدا کورت کرایەوە و مرد.

٭٭٭

سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێم نە کار بۆ پێکەوەژیان لە عێراقدا دەکات، نە کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانیی سەربەخۆ.

٭٭٭

دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم نە باوەڕی بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەیە، نە بە دامەزراوەییکردنی دەسەڵات. نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەڕێی برەودان بە دەسەڵاتی میلیشیایی، دروستکردنی میرنشینی میدیایی زەبەلاح و هێنانەپێشەوەی نەوەی سەرکردەکان و نوخبەیەکی حوکمڕانی گەندەڵەوە، لە بری دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی، تا دێت کوردەواری دەکەنە ئۆردوگایەکی بێ شوناس.

٭٭٭

بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا بەسەر حیزبی کوردیدا هات. بەتایبەتیش پاش گرتنەدەستی دەسەڵات و دەستگرتن بەسەر پارە و سامانی نەوتی ڕژاوی کوردستان لەلایەن منداڵی سەرکردەکانەوە. ڕاستییەکەی ئێمە لە بریتی حیزب، ئێستا گیرۆدەی دەرەبەگایەتییەکی چەکدار و لە بریتی ئابوورییەکی نیشتمانی، ڕووبەڕووی ئابووریی خێزانە سیاسییەکان بووینەتەوە.

٭٭٭

لە ئەنجامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق وەکو دەوڵەتێکی ئیستیعماریی ئیستیتانی و دەسەڵاتی سیاسیی کوردیدا، ساڵانێکی زۆرە هاوڵاتیانی کوردستان بە بارمتە گیراون، لەڕێی برسیکردن و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتییەوە، گەلی کوردستان لە باشوور زەلیل و ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی بێ دەنگ بووەتەوە.

٭٭٭

لە بری ڕەدووکەوتنی ئەو بۆچوونەی کە بە پلەی یەکەم بۆچوونی چینی کۆمبرادۆری کوردە و کوێرانە داوای ڕادەستکردنەوەی نەوت و سامانی کوردستان بە کۆمەڵێک هێزی تائیفیی گەندەڵ و ترسناک لە عێراق دەکات، ده‌بێت ڕه‌خنه‌ی جدیی ئێمە له‌م مۆدێله‌ شکستخواردووەی ده‌وڵه‌تداریی هەرێم؛ مۆدێلی دامەزراندنی میرنشین و ئابورییەکی حیزبی و خێزانیی موڵکانه‌ستێن بێت. ئاخر عێراق هەر بەتەنها نەوتی کوردستانی ناوێت، عێراق دەیەوێت کوردستان و خەڵکەکەی بۆ هەتاهەتایە کۆڵۆنییەکی پاشکۆ و دەسندەخۆری خۆی بێت.

٭٭٭

بەمەبەستی ڕێگەگرتن لەم داڕزانەی وا بە بەرچاومانەوە ڕوو دەدات، هەروەها بەمەبەستی ڕێگریکردن لە بەتاڵانبردنی نەوت و سامانی کوردستان لەلایەن میرەکانی ناوخۆ و دەوڵەتی ئیستیعماری ئیستیتانی عێراقەوە، دەشێت تاکە دەرچە ئەگەرچی لە مەحاڵیشەوە نزیکە، خۆماڵیکردنی نەوتی کوردستان بێت.

خۆماڵیکردنی نەوتی کوردستان وەکو ئەکتێکی شۆڕشگێڕانەی باڵا، بێگومان لە دەرەوەی ئەم سەرکردایەتییەی ئێستای هەرێمی کوردستان بە ئەنجام دەگات.

زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×