دونیای دوای داڕمانی ئێرانی ئیسلامی

سالار باپیر
  2026-01-14     323

هێدی هێدی خەریکە تانوپۆی دونیایەکی نوێ لە ئاکامی پیادەکردنی دروشمی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ کە بریتیە لە ¨جارێکیتر ئەمەریکا مەزن دەکەینەوە¨، دەردەکەون.

تۆڵەسەندنەوە لە غەزە بە خاپوورکردنی، ڕادەستکردنی سووریا بە ¨کۆنە داعشەکان¨، بۆمبارانکردن و مووشەکبارانکردنی ئێران، هەڕەشەی داگیرکردنی گرینلاند و، ڕفاندنی سەرۆکی ڤەنزوەیلا هەموو ئاماژەن بە هاتنەئارای کایەیەکی تری سەردەمێکی نوێی ئیمپریالیستی جیهانی کە ناونراوە ¨نیۆ-ئیمپریالیزم¨.

زەمینەی هاتنەکایەی نیۆ-ئیمپریالیزم لە ئێستادا لەبارە چونکە ئەگەرچی ئەمەریکا لە دوای نەمانی جەنگی ساردەوە لە ڕووی سەربازیی و ئابوورییەوە بێڕکابەر بوو، بەڵام هەستانەوەی ڕووسیا و هەڵتۆقینی خشکەیی دەوڵەتی چین لە بواری ئابووریی و سەربازییدا، ململانێی نێوان جەمسەرە بەهێزەکانی دونیای چڕتر کردۆتەوە و هەریەك لە لای خۆیەوە سەرقاڵی کارکردنە بۆ هێنانەدیی خەونی بنیاینانەوەی ئیمپراتۆرییەکانیان. بە تایبەتی لە ساتەوەختێکدا کە ئەوروپا بە قۆناغێکی لاوازیی و شپرزەییدا تێدەپەڕێت و سەرگەرمی کێشەی یەك لەدوای یەکی ئابووریی و دێمۆگرافیە.

لە گەرمەی ئەم قۆناغە نوێیەدا، ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژ دوای ڕۆژ، لە هەڵدێری لەناوچوون نزیك دەبێتەوە و دونیا و ناوچەکە بەرەو ئایندەیەکی نیمچە-نەزانراو ڕاپێچ دەکات. 

بەر لە زیاتر ٤٦ ساڵ کە شۆڕشی گەلانی ئێران ڕوویدا و ئەمجا لە لایەن مێزەربەسەرەکانەوە قۆرخ کرا و ڕژێمێکی تیۆکراسیی ئیسلامیی شیعەگەرایی داپڵۆسێنەریان هێنایە ئاراوە، کاریگەرییەکانی بە ڕاستەخۆ و بە ناڕاستەوخۆ سنووری ناوخۆی ئێرانی بەزاند و گۆمی جیۆپۆڵیتیکی دونیا و ناوچەکەی شڵەقاند و، گۆڕانکاریی گەورەی، کە هەندێکی هەتا ئێستا ئاکامەکانی بەردەوامن، خوڵقاند.

جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و ئێراق، بوژانەوەی فیکری ئیخوانی لە دەوڵەتانی عەرەبی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دوو ئەوەندە، شکستی دیموکراتەکانی ئەمەریکا و پارتی کرێکارانی بەریتانیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەو ساڵەدا و، دامەزراندنی میلیشیا لە چەندین وڵاتی وەکو لوبنان، ئێراق و یەمەن، چەند نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو کاریگەرییانەن.

بەڵام ئێستا پرۆسەکە پێچەوانە بۆتەوە، بە واتەیەکی تر، لاوازکردن و لەناوبردنی هاوپەیمان و میلیشیا دارودەستەکانی ڕژێمی ئیسلامی، لەوانە سەرنگونکردنی ڕژێمی بەعسی سووریا و لاوازکردنی حیزبوڵای لوبنان و شپرزەکردنی میلیشیاکانی ئێراق، کرانە دەستپێك بۆ لەناوبردنی خودی ڕژێمی ئێرانی ئیسلامی.

هەربۆیە، پوولی دۆمینە-ئاسا، داڕمانی ڕژێمی ئیسلامی زنجیرەیەك ئاکامی کورتخایەن و درێژخایەنی جۆراوجۆری دەبێت. لەوانە:

ناجێگیریی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا: ئەگەرچی سەرەتا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە بەڵام سەرەنجام لەوانەیە ببێتە هۆی دابەزینێکی بەرچاوی نرخی نەوت کە ئەوەش لە خۆیدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی ئێرانی ئایندە و دەوڵەتە نەوتییەکانی تری ناوچەکە، لەوانە ئێراق، دەبێت.

بەهێزکردنی چەند دەوڵەتێکی تری ناوچەکە، لەوانە ئیسرائیل، تورکیا و سعودیە: ئیسرائیل کە لە ڕووی توانای سەربازییەوە بێڕکابەرە لە ناوچەکەدا، چاوقایمتر دەبێت و سنووری جیۆگرافی خۆی فراوانتر دەکات. هاوکات تورکیا، جگە لە خەونی گرتنەوەی ویلایەتی موسڵ، چاویش دەبڕێتە ناوچە ئازەرییەکانی ئێران بۆ ئەوەی ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ بیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئەڵبەتە ڕوودانی هەر کام لە ئەم سیناریۆیانە کوشتار و خوێنڕشتنی زیاتری لێدەکەوێتەوە.  

زەقبوونەوەی ناسیونالیزمی فارس: لە خۆپیشاندانێکی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دژی باڵوێزخانەی ئێران لە لەندەن، یەکێك لە ئەو تابلۆیانەی بەرزکرابوونەوە لێنووسرابوو ¨جارێکیتر ئێران مەزن دەکەینەوە¨، واتە هاوشێوەی دروشمەکەی لایەنگرانی ترەمپ! ئەگەرچی لێدانەکانی ئەمدواییەی ئێران لە لایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە هەتا ڕادەیەك بووە هۆی شکاندنی پۆزی ناسیونالیزمی فارس، بەڵام هەوڵی هێنانەوەی ڕەزا پەهلەویی کوڕی شا بۆ سەر تەختی دەسەڵات لە ئێران ڕێخۆشکردنە بۆ زەقکردنەوەی ناسیونالیزمی فارسی.

ئەڵبەتە ئەوەی دیار نیە ئەوەیە ئایا هەموو ئەو گۆڕانکارییانە سەرەنجام دەبنە هۆکاری لەناوچوونی بە تەنیا هەر ڕژێمێکی ئیسلامی لە ئێران یان لەناوچوونی ناسنامەی ئیسلامیی ئێستای ئێران. بێگومان زەقبوونەوەی ناسیونالیزمی فارسی دەبێتە هۆکارێکی زیاتر بۆ گرژی لە ناوچەکەدا و بۆ گەشە و شەرعیەتدان بە ڕەوتی ناسیونالیزمی گەلانی تری ئێران، بە کوردیشەوە و، چیتر ئێران قۆرخکراوی بە تەنیا میللەتی فارس نابێت.  

بەڵام دەشێت یەکێك لە هەرە گرنگترین و ئەرێنیترین کاریگەرییەکانی نەمانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بریتیبێت لە خێراکردنی پرۆسەی پووکانەوە، یان لانیکەم بێبایەخکردنی، ئەوەی ناوی لێنراوە ¨ئیسلامی سیاسی¨. بە تایبەتی پاش ئەوەی کە دەوڵەتی قیبلەگای ئیسلامەکان، واتە سعودیە، بە ناچاریی لە دەسپێکی پرۆسەیەکی کرانەوەدایە بە ڕووی دونیادا و دەوڵەتە سەرەکییەکانی تری ناوچەکە، لەوانە تورکیا و میسر و ئیسرائیل، لە خزاندان لە ئایینگەراییەوە بەرەو نەتەوەگەرایی.

بێگومان دەوڵەتە بەهێزەکانی دونیا، بە تایبەتی ئەمەریکا و بە هاوکاریی بەریتانیا و ئیسرائیل، کارەکتەری سەرەکی دەبن لە نەخشاندنی چارەنووسی ئایندەی ئێران و، مێژوو پێمان دەڵێت کە دەستوەردانی ئەوان بە پلەی یەکەم هەر بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بووە و بە گشتی بە زیان بۆ میللەتانی ناوچەکە شکاوەتەوە.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ کورد چەند سوودمەند دەبێت لە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە دونیا و ناوچەکە و ئێراندا بەڕێوەن و، ئاخۆ دەبنە هۆی ئەوەی کورد ئەمجارە ناسنامە و قەوارەیەك بۆ خۆی بنیات بنێت وە یان مەخابن جارێکیتر دەبنەوە سووتەمەنیەکی هەرزانی گۆڕانکارییە گرانەکان!

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×