شێرپەنجەی لیست

ئاسۆ ئەمین
  2024-08-25   

بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەپێی زانیاریەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، جگە لەلیستی پارتی و یەکێتی، ٨٠ لیست بریاروایە بەشداری هەڵبژاردن بکەن. زۆربوونی ژمارەی لیستەکانی ئۆپۆزسیۆن بەم شێوازەی ئەمجارە ئەگەر بەوردی لێیبروانین دەکرێت وەک زۆربوونێکی شێرپەنجەیی(Cancerous Growth) تەعبیری لێبکرێت. شێرپەنجەیەکی سیاسی کەداویەتی لەجەستەی تەونی کۆمەڵایەتی و پرۆەژەی ستراتیجی سیاسی کۆمەڵگەی کوردی لەباشوری کوردستان و سەرەتایەکی تری نائومێدکەرو لەگۆڕنانەوەیەکی ترسناکتری خەونی سەرپێخستنی پەرلەمانێکی جددی و کاراو  بەدوایدا دروستنەکردنی حکومەتێکی مەدەنی و شەفاف و خزمەتگوزار بۆ بەلایەنی کەمەوە چوار ساڵی ئایندە!

لەدەرەوەی هەردوولیستەکەی جووت پارتی دەسەڵاتدار(پارتی ویەکێتی) ئەم زۆربوونە نائاسایی و ناباوەی  لیستەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارە دەرەنجامی نەبوونی هیچ بەرنامەو پلانێکی پێکەوەییە بۆ داهاتوو تاوەکو لەچوارساڵی ئایندە پەرلەمان و حکومەت لەدەستی پارتی و یەکێتی دەربهێنرێت و لەرێگەی هەڵبژاردنەوە ناچارکرێن قبوڵی هێزی ترو لیستی تربکرێن و دەسبەرداری فەرمانرەوایی سی ساڵەیان ببن!

ئەم زۆربوونە گەر لەئاستە کۆمەڵناسیەکەدا لێی بروانرێت دەرخەری ئەو فاکتەیە کە کۆمەڵگەی کوردی هێشتا لەدروستکردنی حیزب و کاراکتەری دەسەڵاتداردا بەتواناترو لێزانترە تاوەکو لەدروستکردنی کاراکتەرو لیست و هێزی ئۆپۆزسیۆندا.

ستراکچەری ئۆپۆزسیۆن لەکۆمەڵگەی کوردیدا  یاخود ئۆپۆزسیۆن بوون لەچەپەوە تاراست، لەئیسلامیەکانەوە تا سیکۆلارەکان، ستراکچەرێکی شێواو پێنەگشتووە زۆر زیاتر لەستراکچەری دەسەڵات و حوکمڕانی. خانەکانی جەستەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی بەئاشکرا دەردەکەوێت کەچەند نەخۆشن و چۆن تووشی شێرپەنجە هاتوون، بەڵگەی روونیش لەوبارەیەوە ئەو زیادبوونەیە کەوەک پێشتر وتم جگە لە مەرامی شەخسی و خەونی بچوک و دەستگیربوون لەهەندێک ئیمتیازی ماددی و پلەو پۆست هیچ زهنیەتێکی بەرهەمدارو پرۆژەیەکی گشتگیری خزمەتگوازاری و ستراتیجێکی روون نیە بۆ دەربازبوون لەم هەم هەموو قەیرانەی کە تابینەقاقای کۆمەڵگای تێدا چەقیوە!

هیچ کات دڵخۆش نیم بەوەی تاقە یەک وشە بنوسم و بیڵێم لەسەر رەشبینی و بڵاوکردنەوەی نائومێدی، بەڵام ئەوەی بەدیارچاوەوەیەو هەستی پێدەکرێت ئەوەیە، ئەم ٨٠ لیستەی ئۆپۆزسیۆن و هەموو حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هیچیان نیەت و ئامانج و پرۆژەی ئەوەیان نیە ببنە بەدیلی ئەم دوو حیزبە فەرمانرەوایەی ئێستای هەرێمی کوردستان. لەگەڵئەوەشدا چوارساڵی ئایندە هەر لەئێستاوەو لەرێگەی هەڵبژاردنەوە(ئیتر ئەو هەڵبژاردنە هەرچۆنێک بێت) شەرعیەتی مانەوەو حکومەتداری دەدەنەوە بەپارتی و یەکێتی، دواتر خۆیان بەو جەستە نەخۆشەوەو بەو ژمارە کورسیەی کەدەیهێنن لەگەڵ ئەوەی هیچیان ناتوانن هەریەکەیان بەتەنها لەپارتی یان تەنانەت لەیەکێتی کورسی زیاتر بێنن، دەبن بەسێ بەشەوە، بەشێکی بەرچاویان سفر کورسی بەدەست دێنن، بەشێکی دیکەیان کورسی بەدەست دێنن و بەخاتری چەن پۆستێک دەبنەوە شەریکێکی پاسیڤی گوێرایەل لە کابینەی حکومەتی داهاتووی پارتی و یەکێتی، بەشەکەی دیکەیان بەئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە لەدەەرەوەو وەکو ئێستا بەردەوام دەبن لە رەخنەو ئۆپۆزسیۆن بوونی بێ بەرهەم و پاسیف!

ئەوەی لەکۆتایدا زەرەر دەکات و جارێکی تر تووشی نائومێدیەکی تر دەبێتەوە ئەو جەماوەرە پەرت پەرتبووەیە کە دەنگدەری ئەو ژمارە بێشومارەی لیستی ئۆپۆزسیۆن بوون و هەموو هیواو خەونەکانیان دەبێتەوە قوربانی جارێکی تر، کەهۆکاری سەرەکیەکەی ئەم جارە وەک وتم ئەو زۆربوونە شێرپەنجەییە کەداویەتی لەجەستەی ئۆپۆزسیۆن لەم هەرێمەدا و هێچ هێزێک نیە ئامادەبێت خەون و پرۆژەی هاوبەشی هەبێت لەگەڵ هێزگەلێکی نارازی تر و پێکەوە ئامادەی کارکردن بن و پرۆژەی گۆڕینی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیان هەبێت، تائەو رادەی وەک حاجی قادر دەڵێت : ئەبنە گزیر بۆ (پارتی و یەکێتی)، نەوەک یەکێک لەخۆیان ببتە ئەمیر!

تێبینی: حاجی دەڵێت دەبنە گزیر بۆ خەڵکی.     

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
بەها ئەعرەجی: نەوتی عێراق بە پارێزگاریی ئەمریکا لە ڕێگەی عومانەوە هەناردە دەکرێت و ئێران هاوکارمان نەبووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×