یەکێت و پارتی مێژویەکی زیاتر لە شەست ساڵەیان لەململانێ و ناکۆکیدا هەیە کەدەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی یەکێتی، لەوکاتەدا لەنێو پارتیدا دوو باڵ هەبوون باڵەکانی مەلایی و جەلالی، مەکتەبی سیاسی پارتی باڵی جەلای هەژمونی بەسەریەوە هەبوو کە لەلایەن (مام جەلال و ئیبراهیم احمد)وە ئاڕاستە دەکرا، باڵی مەلایی یاخود باڵی بەرزانی ئەو لایەنانەی پارتی بون کە لەدەوری مەلا موستەفای بەرزانیدا کۆ ببونەوە کەزیاتر خۆی دەبینیەوە لە خێڵ و عەشرەت و هێزە چەکدارەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول کەواتە باڵی سەربازی لەگەڵ مەلا موستەفا بارزانیدا بوون، بەهۆی ناکۆکی فکری و ئیداری و سیاسی و سەرکردایەتی و بڕیاردان لەناو حیزبدا کۆنفڕانسی ماوەت بەسرا لە ساڵی 1964 لەلایەن مەکتەبی سیاسی(باڵی ئیبراهیم احمد و مام جەلال) کە تێیدا بڕیاریاندا بە بەستنی کۆنگرە و دورخستنەوەی مەلا مستەفا بەرزانی لەسەرکردایەتی شۆڕش، چونکە مەکتەبی سیاسی پێیان وابوو کە مەلا موستەفا بەرزانی لە پڕەنسیپی حیزبی لایداوە کە بەبێ گەڕانەوە بۆ مەکەتەبی سیاسی بڕیاری ئاگربەستی لەگەڵ حوکومەتی ئەوکاتەی عێراقدا بەسەرکردایەتی (عبدلسەلام عارف) دابوو، بەگشتی کۆنفڕاسی ماوەت ئامانجی کەمکردنەوەی دەسەلات و هەژمونی بارزانی بوو، بە کۆنفڕانسی ماوەت بارودۆخەکە تەقیەوە، لەبەرامبەردا بەرزانی بڕیارەکانی کۆنفڕانسی ماوەتی ڕەتکردوە و هێزێکی چەکداری گەورەی نارد بۆ مەکتەبی سیاسی لە ماوەت کەبوە هۆی شەڕێکی ناوخۆی لەنێوان هەردوو باڵەکەدا کە زیانێکی گەورەی بە بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورد گەیاند و دواتر مام جەلال و ئیبرایم احمد پاشەکشەیانکرد بۆ ئێران و لەپاشان مەلا موستەفا بەرزانی کۆنگرەی شەشەمی حیزبیی لە قەڵادزێ بەست و سەرکردایەتی نوێی هەڵبژارد و سەرجەم سەرکردەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی (باڵی مام جەلال)ی لە ڕێزەکانی پارتی دەرکرد. مام جەلال لە ئێران مایەوە تا ساڵی 1966، دوای شەڕی ناوخۆیی ١٩٦٤–١٩٦٦، هەوڵی زۆر بۆ ئاشتی و یەکخستنەوەی ڕیزەکانی شۆڕش درا، چونکە بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان بە قازانجی حکومەتی عێراق بوو. بەتایبەتی دوای شەڕی هەندرێن لەنێوان شۆڕش و حوکومەتی عێراق باردۆخی سیاسی گۆڕا و مام جەلال گەڕایەوە ناو شۆڕش واتە( بۆ ناو پارتی) لەسەر بنەمای لێبوردنی گشتی و یەکخستنەوەی ڕیزەکان، پێشوازی مەلا موستەفا بەرزانی لەوان سارد بوو، ڕاستە کە بارزانی ڕێگەی دابوون بە گەڕانەوە بەڵام بەبێ پێدانی هیچ پۆستێکی باڵا یان دەسەڵاتی بڕیاردان لە ناو حیزبدا لێرەوە ئەوان پەراوێزخران، تەنها گەڕانەوە ژێر چەتری سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی و هەرگیز وەک پێشووتر نەبون و ئەو دەسەڵاتەیان پێ نەدرایەوە، هۆکاری ئەمەش ئەوەبوو کە مەلا موستەفا پێی وابوو کە باڵی مام جەلال بەهۆی هاوکاریەکانی پێشویان لەگەڵ بەغداد متمانەی سیاسییان لەدەستداوە، بۆیە هەگیز متمانە لەنێوانیاندا دروستنەبویەوە.
لە ساڵی 1970 ڕێکەوتن نامەی 11 ئازار لەنێوان مەلا موستەفا بارزانی و حوکومەتی عێراقدا کرا و ئەم ڕێکەوتننامەیە گرنگترین دەستکەوتی مێژوی بوو بۆ کورد چونکە بۆ یەکەمجار داننرا بە مافی ئۆتۆنۆمی (حوکومی زاتی) بۆ گەلی کورد.
بەهۆی ئەوەی ڕێککەوتنەکە تەنها لە نێوان بارزانی و بەغداد واژۆ کرا، پێگەی سیاسی باڵی جەلالی لاواز بوو و ناکۆکیەکانی لەگەڵ مەلا موستەفا زیاتر بوو. نسکۆی شۆڕشی 1975(ڕێکەوتننامەی جەزائیر) و ئەم پەراوێز خستنە، وایان لە مام جەلال کرد کە بگەڕێنەوە سەر بیرۆکەی جیابونەوە لە پارتی، دواتر و لەهەمان ساڵدا لە 1 حوزەیرانی 1975 لە سوریا یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان ڕاگەندرا. ڕاستە لەڕوی کرداریەوە شەڕی ناوخۆی له ساڵی 1994 تا 1998 بوە هۆکاری دوو زۆنی بەڵام لەڕوی هزری و پاشخانی مێژوییەوە ناکۆکیەکانی نێو دوو باڵەکەی جەلالی و مەلای ناو پارتی و تەقینەوەی باردۆخەکە بە کۆنگرەی ماوەت و لێکەوتەکانی هۆکاری سەرەتای بوون بۆ دوو زۆنی.
وەک ڕونبویەوە کە ناکۆکی نێوان مام جەلال و مەلا موستەفا بارزانی لەسەر بیروباوەڕ و شێوازی ئیدارەدانی حیزب و شۆڕش بوە، بەڵام لە ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان یەکێتی و پارتیدا ئەوەی تێیدانەبێت کوردایەتی و بریروباوەڕە، بەڵکو یەکێتی و پارتی باڵانسی هێز دژی یەکتری دەکەن هەرچەندە ئەم باڵانسی هێزە لە ئێستادا زۆر کەمتر خۆی لە لایەنی سەربازیدا دەبینێتەوە بەڵکو بابەتەکە بەڕێژەیەکی زۆر لایەنی مادی و بەدەستهێنانی پارەیە بەهەر ڕێگایەک بێت، بەومانایەی کە هەر لایەکیان بتوانێت پارەی زیاتر دەست بخات بەهێزترە وە ئامڕازی دەستخستنی ئەم پارە ناشەرعیانەیان حوکومەتی هەرێمی کوردستانە، لەڕێگەی لاوازکردنی حوکومەت و دامەزراوەکانەوە دەستی چەپەڵی گەندەڵیان دەگەیەننە هەر شوێنێک بیانەوێت.
بەشێک لەو گەندەڵیانەی کە داهاتێکی زۆر بۆ یەکێتی و پارتی دەست دەخات:
سێکتەری نەوت و سوتەمەنی: دوای دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بوە هۆی گرانبونی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا، ئەمەش بوە هۆی گرانبونی نرخی بەنزین لە تورکیا، وە پاڵاوگەکانی کار و لاناز پێشتر ئەو بڕە بەنزینەی کە دەیانفرۆشت بە ناوخۆی کوردستان ئێستا دەیفرۆشن بە تورکیا، لەبەر ئەوە نرخی بەنزین لەناوخۆی کوردستان بەرزبۆتەوە بۆ نزیکی دوو دۆلار بۆ هەر لیترێک کە پێشتر نزیکی نیو دولار بوو، ئەو بڕەش کە ئەودوو پاڵاوگەیە ڕۆژانە دیفرۆشن بە تورکیا نزیکەی 400 تەنکەرە، ئەم پاڵاوگانە لەسەر خاکی کوردستان و بە پارەی ئەم خەڵک و خاکە بون بە پاڵاوگە بەڵام هیچ هەستێکی نیشتیمانیان نیە و هەلپەرستن بۆ سودی مادی خۆیان، لەکاتی قەیرانەکاندا ئامادەنین بەهیچ جۆرێک هاوکاری خەڵک و نیشتیمان بکەن، تەنها پاشماوەی ژەهراوی پاڵاوگەکانیا دەکەن بە قوڕگی هاوڵاتی و سروشتی جوانی کوردستاندا.
هۆکارێکی دیکەی گرانبونی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە دەسگیرکردنی گەورە گەندەڵکار بواری سوتەمەنی (عەدنان جومەیلی) بریکاری پێشوی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن، جومەیلی بەر لە دەستگیرکردنی بەرهەمە سوتەمەنیەکانی بەڕێگای نایاسای و بە گەندەڵی و ژێربەژێر لەوەزارەتی نەوتەوە بەرهەمەکانی سوتەمەنی دەدایە پاڵاوگە و بازرگانەکانی نزیک لە بەرپرسانی هەرێم بەرامبەر بە پڕە پارەیەکی زۆر هەرزان کە بەدەرە لە ڕێنمایەکانی فرۆشتن لە وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو داهاتەشی کە دەستی دەکەوت نەیدەگەڕاندەوە بۆ خەزێنەی گشتی و دیزە بەدەرخۆنە دەکرا، لە دوای دەستبەسەرکردنیەوە تاکو سەرەتای سێپتێمبەری ٢٠٢٦ تەنها لە کەیسی عەدنان جومەیلی خۆیدا دەستگیراوە بەسەر بڕی پارەی نەختینەیی (کاش) زیاتر لە ١٢٧ ملیار دیناری عێراقی لەگەڵ ٢٤ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، زێڕ و خشڵ زیاتر لە ٣٧٥ کیلۆگرام زێڕ، کاڵا و موڵکەکان دەیان خانوو، باڵەخانە، زەوی گرانبەها (زیاتر لە ٣٥ بۆ ١٠٤ موڵک لە قۆناغە جیاوازەکاندا نیشانەیان خراوەتەسەر)، لەگەڵ چەندین ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و نایابدا دەستیانبەسەرداگیراوە، من دڵنیام بڕی ئەو پارەیەی کە دیار نەماوە زۆر زیاترە.
سێکتەری وەبەرهێنانی خانوبەرە: تێکدانی سروشت و ژینگە و سیمای شارەکان بەهۆی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی خانوبەرە کە لە دوای سێکتەری نەوت زۆرترین گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی لەم سێکتەرەدا کراوە، زەویەکی زۆر فەرهود و تاڵانکراوە بۆ کۆمپانیا حیزبیەکانی سەر بە یەکێتی و پارتی، پارچە زەویەکی گرانبەها بێ بەرامبەر یان بە نرخێکی زۆر کەم بەناوی وەبەرهێنانەوە دەدەن بەم کۆمپانیا حیزبیانەی خۆیان ئەوانیش یان بەنرخێکی زۆر گران و شۆکهێنەر زەویەکە بەش بەش دەکەن و دەیفرۆشنەوە ( هەرچەندە ئەم زەویانە بەناوی وەبەرهێنانەوە وردەگیرێت و دەبێت وەبەرهێنانی لەسەر بکەن نەک زەویەکە بفرۆشنەوە) بە هاوڵاتی جا کورد بێت یان عەرەب، یان ئەگەر بیکەن بە پڕۆژەی نیشتەجێبونیش یان کوالێتی پڕۆژەکە زۆر خراپدەبێت یان پڕۆژەکە هەر تەواو ناکرێت و پاریەکی زۆری هاوڵاتیان دەخورێت، بەزۆری کڕیارانی کەرتی خانوبەرە لە لە هەرێمی کوردستاندا عەرەبن ئەمە زۆر مەترسیدارە و لەداهاتودا گۆڕانی دیموگرافیای لێدەکەوتەوە چونکە هەرێم کوردستان دەوڵەت نیە تابتوانێت خۆی بپارێزێ لەگۆڕانی دیمۆگرافیا.
سێکتەری تەندروستی: ئەم سێکتەرە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە بۆیە دەبێت چاودێری ورد و یاسای توند بیباتبەڕێوە نەک ویستی کەسی وەزیرێک کە کارەکانی ڕەنگدانەوەی خواستی بازرگانی سەرانی حیزبەکەیبێت، وەزیری تەندروستی حوکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری ئیشوکاری وەزارەتەکەی داوەتە دەست کەرتی تایبەت و بەدیاری کراوی ئەو کۆمپانیایانەی کەنزیکن لەخۆیان، هەر لە پێدانی تاقیگەکانی تەندروستی و کوالێتی کۆنترۆڵی عیلاج و بەرهەمهێنانی و فەحسی داخڵکردنی و لێدانی ستیکەر و... هتد، پێدانی ئەم تەندەرانە بەم کۆمپانیایانە بەشێوەیەکی قۆرخکاری و نهێنی بوە، کەئەمەش بۆتە هۆی گرانبونی عیلاج بەچەند هێندە و بارگرانی گەورەی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و داهاتی گشتی حوکومەتیش دروستکردوە و بۆتە هۆی گرانی و کەمبونەوە یان نەمانی عیلاج لە نەخۆشخانە گشتیەکاندا، وە بەشێکی زۆری عیلاج لەدەستی حوکومەتدا نەماوە و کۆمپانیاکانیش بەدوای سود و بەرژەوەندی خۆیانەوەن نەک تەندروستی هاوڵاتیان. بەڕاستی ئیشی وەزیرەکانی ناو حوکومەت بۆتە دابینینکردنی پارە بۆ حیزبەکایان.
ئێستا یەکێتیش ناهێڵێت عیلاج لە هەولێرەوە داخڵی سلێمانی ببێت چونکە پێیوایە کە ئەو عیلاجانەی لە هەولێرەوە دێت بۆ سلێمانی کۆمپانیاکانی پارتی بەرهەمی دێنن و سودیان تەنها بۆ پارتیە و پارتی سودی مادیان لێوەردەگرێت بۆیە ناهێڵێت عیلاج لە هەولێرەوە داخڵی سلێمانی ببێت و باجەکەشی تەنها نەخۆش و هاوڵاتیانی سلێمانی دەیدەن، بەهۆی ئەم ململانێ پیسەی نێوان یەکێتی پارتی عیلاجی نەخۆشیە درێژخایەنەکان لە سلێمانی بەزەحمەت و بەنرخێکی گران لە فرۆژگاکانی دەرمان دەست دەکەوێت ئەگەر هەروابێت بارودۆخەکە زۆر خراپتردەبێت و مردنی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە چونکە نەخۆشیە درێژخایەنەکان دەبێت بەردەوام عیلاج وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانن بەئاسای ژیان بەڕێ بکەن.
خاڵە گومرگیەکان: هەریەک لە یەکێتی و پارتی لە ناوچەی سنوری دەسەڵاتی خۆیان دەستیان گرتوە بەسەر خاڵە سنوریەکاندا، یەکێتی لەڕێگەی داخڵکردنی باری قاچاخ داهاتێکی زەبەلاح دەستدەخات، ئەم کارەش لە ڕێگەی هێزی ئاسایشەوە دەکات کە بە خەتی تەنسیق ناسراوە و زیاتر بەشەودا ئەم کارەدەکەن، بەهۆی ئەم قاچاخچیەتیەوە داهاتی خاڵی سنوری باشماخ لە 30ملیار دینارەوە کەمی کردوە بۆ 3ملیار چونکە ئەم بارە قاچاخانە بەنرخێکی زۆر هەرزانتر لە گومرگی فەڕمی حوکومەت داخڵ دەکرێن تەنانەت ئەگەر لەو جۆرە بارانەش بێت کە داخڵکردنی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیشبێت لەلایەن حوکومەتەوە بەڕەسمی ڕاگیرابێت لەم ڕێگەیەوە هەر داخڵ دەکرێت. پارتیش لەڕێگەی دانانی کۆمپانیاکانی نزیک لەخۆی پارەی زیادە و بەزۆر لە هەر بارهەڵگرێک وەردەگرێت بەناو و بیانوی جیاوازەوە، وەرگرتنی ئەم پارانە نایاساین و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و بەڵکو هەردوکیان بۆ کاری حیزبی و شەخسی بەکاری دەهێنن. جگە لەوەی کە لەداهاتی ناوخۆی زۆنی سەوز و زۆنی زەردیش بڕێکی دیاریکراو لە داهات کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا دەچێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حوکومەت ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەچێتەوە بۆ حیزب، کە بڕێکی دەچێتە مەکتەبی دارای یەکێتی و لای پارتیش بڕێکی دەچێتە مەکتەبی دارای پارتی بۆ بەڕێوەبردنی حیزب بەکاری دەهێنن واتە لەڕاستیدا یەکێتی و پارتی حیزبەکانیان لەسەر گیرفانی هاوڵاتی دەبەن بەڕێوە، کەخۆی دەبینێتەوە لە چەندین کادری حیزب و ئۆرگانەکانیان و میدیای زەبەلاح و کچە مۆدێل و پەیجەکانی سۆشیال میدیا و هتد... وە هەندێکیشی تەخشان و پەخشاندەکرێت کەس نازانێ کێ و چۆن بەکاردێت بە گەندەڵی دیارنامێنێت.
بۆیە هەر کامیان بتوانێت پارەی زیاتر پەیدابکات و گیفانی هاوڵاتی باشتر هەڵبتەکێنێت و زیاتر بیانچەوسێنێتەوە ئەتوانێت داهاتی زیاتر لە سەر حسابی گیفانی هاوڵاتی دەستبخات و باشتر کارەکانی حیزبی پێ بەرێت بەڕێوە و فشار بۆسەر ئەوی تر دروست بکات، ئەمە ئەوەیە کە ئێستا لەنێوان یەکێتی و پارتیدا ڕودەدات، کە بۆتە هۆکاری زۆر گرانبونی بەنزین و کارەبا و نەبونی غاز و خزمەتگوزاری و بارگرانی گەورەی لەسەر بژێوی و قوتی هاوڵاتیان دروستکردوە، ئەو پارەیەی کە لەڕێگەی موچەوە دەیدەن بەهاوڵاتیان بە چەندین ڕێگەی نایاسای و بەزۆر لەهاوڵاتیانی دەستێننەوە، ئەوەی کە ڕونە ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی و حوکومەتیش وەک داردەستی ئەوان تێڕونینیان بۆ حوکومڕانی دژە بە بەرژەوەندیەکانی هەوڵاتیان.
یەکێتی و پارتی واکاردەکەن کە ئەگەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەبێت دەبێت خێروبێری بۆ ئەوانبێت، ئەگەر نا ئەوا نابێت قەوارەی هەرێمی کوردستان بونی هەبێت. بەواتایەکی تر بونی قەوارەکە بەسراوەتەوە بە بەرژەوەندیەکانی یەکێتی و پارتیەوە، لەکاتی نەمانی ئەم بەرژەوەندیانە ئەوا ئەوانیش کۆتای بە قەوارەکە دەهێنن، دەبینین هەرکات کە بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە بەر مەترسی ڕاستەوخۆ باس لە دوو هەرێمی و دوو ئیدارەی دەکەن، لەم دوایانەدا ئەوەی ڕێگربوو لە دوو ئیدارەی ئەمریکیەکان بون ئەگەر نا یەکێتی و پارتی لەنێوان خۆیاندا قسەیان بڕاندبۆوە لەسەری. زەرەرمەندی سەرەتاوکوتای ئەمەش هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و تەواوی کوردە لەهەرکوێیەکی دونیادابن چونکە زیانگەیاندن بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی بێ ئومێدی و ڕەشبینی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد.
دادگاکان: دەسەڵاتی دادوەری وەک هەریەک لە دوو دەسەڵاتەکەی تر کە دەسەڵاتی جێبەێکردن و دەسەڵاتی یاسادانانە پایەیەکی زۆر هەستیار و گرنگی حوکومڕانیە، بەڵام لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە وەک هەر جومگەیەکی تری حوکومڕانی دەستەمۆی حیزبکراوە، دەکرێت لە دەسەڵاتی جێبەجێکردندا سەرۆک وەزیران یان وەزیرەکان وەک پشکی پارتە سیاسیەکان لە حوکومەتدا دیاریبکرێن، یان لە دەسەڵاتی یاساداناندا سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی وەک پشکی حیزب دیاریبکرێن، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری هەرگیزا و هەرگیز نابێت دادوەرە بەڕێزەکان وەک پشکی پارتە سیساسیەکان دیاریبکرێن و دابندرێن چونکە ئیشی دادگاکان بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانیە، ئەم کارانەش پێویستیەکی سەد لە سەدی بە ئازادی و بێلایەنی دادوەرەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بابەتەکان بە شێوەیەکی بابەتیانە و دور لە هەرکارتێکەرکی دەرەکی هەڵبسەنگێنن و بڕیاری دروستی لەسەر بدەن.
لەکاتی ململانێکاندا دادگاکان زیاتر ئامڕازێکی سیاسی بون نەک یاسای، بەخراپ و وەک کەرەستەیەکی سزادان دژی لایەنی بەرامبەر بەکاردێت. دەتوانرێت ئەم بابەتەش بەڕونی لەکەیسی لاهوری شێخ جەنگیدا بەدیبکرێت، چونکە لاهور جەنگی داوای کرد بوو کە بۆ سەلامەتی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی، کەیسەکەی بگوازرێتەوە بۆ هەولێر، زیاتر لە 12 جار دادگای تەمیز لە هەولێر داوای دۆسیەکەی لاهور شێخ جەنگی کرد لە دادگای سلێمانی بەلام دادگای سلێمانی جوابی داواکەی نەدایەوە، هەتا کار گەیشتە ئەوەی کە یەکێتی دادوەرەکانی خۆی لەدادگای تەمیزی هەولێر کشاندەوە وەک کارتێکی فشار لەسەر دادگاکە و پارتی، بەوەش کاری دادگاکە ڕاوەستا، یەکێتی توانی ئەمەبکات چونکە هەریەک لە یەکێتی و پارتی وەک هەر پۆستێک لەهەر دامەزراوەیەکی تر، دادوەرەکانی دادگاشیان لەنێوان خۆیان بەش کردوە، کە ئەسڵ وایە بەر لەهەر شتێک دادگا دادگابێت و بێلایەنبێت، بەڵام دوای ڕێکەوتنێکی سیاسی دادوەرەکانی یەکێتی گەڕانەوە بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر لەبەرامبەر ئەوەی کە کەیسەکەی لاهور جەنگی لە سلێمانی بمێنێتەوە، بەڕاستی ناکرێت ئەوەندە بێباکبیت کە هەرشتێکت بەدڵنەبوو بڵێیت هەرێمی خۆم جیادەکەمەوە و دوو هەریمی ڕادەگەیەنم، لەوانیە ئەمڕۆ ئەمە تا ئاستێک بۆیان دەستبدات بەڵام تاسەر وانابێت، هەرێمی کوردستان خەڵک دروستی کردوە، میراتی باوکی یەکێتی و پارتی نیە تا جیای بکەنەوە، کەیسەکەی لاهور جەنگیش دەکەوێتە بەر چەپۆکی ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتی، بەشێک لەهۆکاری هەڵکوتانە سەری و گرتنی هەر پەیوەندی بە ململانێکانی نێوان ئەم و یەکێتی و پارتیەوە هەبوو، سەڕەڕای هەموو تێبینی و نیگەرانیەکانم لەسەر ئەو کاتانەی پێشوتر کە لاهور جەنکی دەسەلاتدار بوە و زۆر کاری نایاسای و گەندەڵی لەژێر سێبەری ئەودا کراوە بەڵام وەک تۆمەتبارێک دەبێت مافەکانی پارێزراوبێت و لەچوارچێوەی یاسادا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لاهور جەنگی خۆی سەردەمانێک کە دەسەڵاتدار بوو دادوەرەکانی یەکێتی لەماڵەکەی خۆی کۆکردبۆوە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تەمیزی تر لەسلێمانی کە نایاسای و نادەستوریە، ئەمەش دوای دۆڕانی کەیسی بازرگانێکی یەکێتی لە دادگای تەمیز لە هەولێر هات، بەڵام بەڕێکەوتنێکی سیاسی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا دروستکردنی دادگای تەمیزەکە لە سلێمانی ڕاگیرا، وە ئەگەر ئەوکات لاهور ئەم کارەی بکردایە ئەمڕۆ هەر هەمان ئەو دادگا تەمیزەی کە خۆی عەڕابی دروستکردنی دەبوو لە سلێمانی بەفشاری یەکێتی لەدژی لاهور جەنگی بەئاسانی دەجوڵێندرا، لە ڕاستیشدا پارتی لە هەولێر ئەنجومەنی دادوەری و دادگای تەمیزی کۆنترۆڵکردبوو کە نەدەبوو وابێت بەهیچ جۆرێک. بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەبوو کە هیچلایەکیان خەمی هاوڵاتی و وڵات و نیشتیمانیان نەبوو کە بیانەوێت دادگایەکی بێلایەن دروست بکەن، بەڵکو پارتی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای تەمیزی لەهەولێر خستبوە ژێر ڕکێفی خۆی و لاهور و یەکێتیش دەیانویست لەسلێمانی دادگایەکی تەمیزیان هەبێت و بیخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. دادگا و دادوەراکان نابێت بەهیچ جۆرێک بەشێکبن لە پشک پشکێنەی حیزبی و بەڵکو دەسەڵاتی دادوەری دەبێت دەسەڵاتێکی تەواو سەربەخۆ و بێلایەن و ڕێزلێگیراوبێت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن یان یاسادانان سەیر نەکرێت، ئەگەر نا وەک حاکم شێخ لەتیف دەڵێت کەیس هەیە 1998 گیراوە تائێستا دادگای نەکراوە و هەر لە سجندایە.
دەرئەنجام:
بەهۆی ئەو گەندەڵیانەی کە باسکران مانگانە بەس لەداهاتی ناوخۆ زیاتر لە 300,000,000,000 سێسەد ملیار دینار دیارنامێنێت، سوتەمەنی بەشێوەیەکی بەرچاو گرانبوە، نرخی شتومەک و بژێوی ژیان زۆر گران بوە و لەتوانای زۆرێک لە هاوڵاتیان بەدەرە، زۆرێک لە پێداویستیە تەندروستیەکان بەردەست نین و کاری دادگاکانیش ڕاگیرابون بەتایبەتی لەنێوان هەولێر و سلێمانی، موچە زۆر دوادەکەوێت و حوکومەت توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زۆر لاوازە و لەهەندێ سێکتەردا ناتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، حوکومەت زیاتر لە سێ ساڵە ماوە بەسەرچوە و سەرۆک وەزیران لە (2018)وە تا ئێستا دەست بەکارە و لەدەرەوەی یاسا و بێ گوێدانە بەسەرچونی ماوەی یاسای دەسەڵاتەکەی تەواوی دەسەڵاتەکانی بەکاردێنێت، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆک وەزیران و بەسەرۆکایەتی هەرێمیشەوە گرێبەستی کارکردنیان بۆ چوار ساڵە نەک بۆ هەشت ساڵ، یەکێتی و پارتی تائێستاش ناهێڵن پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حوکومەتی نوێ پێکبێت، بەهۆی ئەوانەوە قەوارەی هەرێمی کوردستان کەوتۆتە قەیرانێکی قوڵی یاسایی و سیاسی و ئیداریەوە، ئەم هۆکارانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان کردۆتە سەر قوت و بژێوی هاوڵاتیان و بەدەست گرانی ژیان و نەبونی خزمەتگوزاریەوە دەناڵێنن. پێداگری و بێباکی حوکومەت لەسەر گرانبون و بەرزکردنەوەی نرخەکان و پێدانەوەی قەرزەکانی حوکومەت لەلایەن هاوڵاتیانەوە، بەبێ گوێ دانە داهاتی تاک، هاوڵاتیانی بێ هیوا و بێ چارە کردوە. حوکومەتی ماوە بەسەرچوی هەرێم هەموو مافەکانی خۆی لەهاوڵاتی دەستێنێت بەڵام ئەرکەکانی بەرام بەر هاوڵاتی جێبەجێ ناکات.
ئامۆژگاریم بۆ کۆمەڵگە ئەوەیە کە گوێڕایەڵی کوێرانەی دەسەڵات نەکەن، بێباکی بەرامبەر بە دەسەڵات دەسەڵاتداران دەکاتە دڕندەی سیاسی، وە لەهەر کۆمەڵگەیەکی دنیادا ئەگەر تاکەکانی وەها ڕەفتار بکەن لەگەڵ دەسەڵاتەکەیاندا ئەوا بێ دودڵی دەسەڵاتی سیاسی دڕندە دروست دەکات وەک نازیەکانی ئەڵمانیا و فاشیەکانی ئیتاڵیا، ئەمانە بەهۆی ئەو باردۆخەی کە بۆیان لوا گەلەکانیان هەڵخەڵەتاند و درۆیان لەگەڵکردن، میلەت ئەبێت هۆشیاربێت و نەهێڵێت وەها باردۆخێک بێتە ئاراوە چونکە هەردەسەڵاتێک ئەو باردۆخەی بۆ بێتە پێشەوە دەسەڵاتێکی ستەمکار و داپڵۆسێلەری وەک نازی و فاشی بۆ دروست دەبێت، بۆڕێگریکردن لەمەش کۆمەڵگەیەکی هۆشیار، یەکگرتوو، ئازا، ئازادی خوازدیخواز و دیموکراتخوازمان پێویستە کە دەستور بنوسێتەوە و دامەزراوەی سەربەخۆی کاریگەر دروست بکات کە بەدەر لە هەست و سۆزی کەسی و لەچوارچێوەی دەستور و یاساکاندا کاربکات بۆ ڕێگریکردن لە بەلاڕێدابردنی گۆمەڵگە و نەهێڵێت کە دەسەڵاتداران و کاربەدەستان وەک نازیەکان ببنە دڕندەی سیاسی بەسەر گۆمەڵگاکانیانەوە. ڕاست وایە کە حوکومەت و سیاسیەکان لە ئاستێکی بەرز و نایابی فەلسەفی و ئیداری و سیاسیدا حوکومڕانی بکەن ئەگەرنا هەموو کەسێکی ئاسای ئەتوانێت ئەو حوکومڕانیەی ئەوان بکات.
لەکۆتییدا ئەوەمان بۆ ڕونبویەوە کە ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی پێشتر ئەگەر لەسەر کوردایەتی و شۆڕش و سیاسەت و ئیدارە و ئایدۆلۆژیا بوبێت، ئێستا بەدڵنیاییەوە لەسەر داهات و قازانجی کۆمپانیاکانیان و دەسکەوتی شەخسی و حیزبیە بەجۆرێک کە لەهەگبەی سیاسی ئێستای خۆیاندا زەحمەتە هەستبکەین کە شوێنێک بۆ کوردایەتی مابێتەوە.