دەربارەی پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا

نەبەز ئەحمەد
  2025-05-16     54

یەکێک لە گرفتە تیۆریەکانی ئەدەبیاتی گفتوگۆی پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا لەدونیای ئێمەدا بریتیە لە ناهۆشیاری و ئاگادارنەبون لەگەشەی ئەم ئەدەبیاتە لەخۆرئاوا کە بەتەواوی دابڕاوە لە ستایلی تیۆرە کلاسیکیە گشگیرەکان کە لێکۆڵینەوەی پەیوەندی نێوان ئیسلام و خۆرئاوایان دەکرد وەک دوو زیهنیەت و دونیابین خاوەن دوو گوتاری ڕاستەوخۆ و ڕون بەرامبەر یەکتری. وا بۆ چەندین دەیە دەچێت کە گوتاری خاوەن هەژمون لە خۆرئاوا بەتەواوی دابڕاوە لەم ستایلە کلاسیکیە، ئەدەبیاتی باڵادەست لەئێستادا گەشە بەدوو گوتاری جیا دەدات، لەلایەک گوتاری پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا لە کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان (واتا ئەدەبیاتی پەیوەندی هاوڵاتیان و گڕوپەکانی کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان کە ئاینیان ئیسلامە لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگاکانیان) لەلایەکیترەوە گوتارێکیتری تەواو جیا لەمە هەیە کە گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندی دونیای خۆرئاوا و دونیای ئیسلامی دەکات بەبێ هیچ پەیوەندیەک بەگوتاری یەکەمەوە.  

 هەڵبەتە لەدونیای خۆرهەڵاتدا تا ئێستاش تیۆرە گشگیرو کلاسیکیەکان باڵادەستن کە پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا لەیەک بۆتەدا شیدەکەنەوە، بەشێکی زۆریشیان سودی گەورەیان هەیە و تا ئاستێکی باش بۆ تێگەیشتن لەم پەیوەندیە دەتوانن سودمەند بن بەڵام لەلایەک لەئاستی واقعیدا ڕوبەڕوی گرفتی گەورە دەبنەوە کاتێک هەوڵی تێگەیشتن لە پەیوەندی کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان و دانشتوانە موسوڵمانەکانیان دەدەن، لەلایەکیتریشەوە ناتوانن پەیوەندیەکی ئەوتۆ دروست بکەن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریەی ئەدەبیاتی خۆرئاوا، لەسەروی هەمو ئەمانەشەوە ئەدەبیاتی خۆرئاوا بەبەراوارد بە خۆرهەڵات لەپەیوەندیەکی توندوتۆڵدایە لەگەڵ زانست بەتەواوی لقە جیاوازەکانی، بۆیە خاوەنی دونیابینیەکی وردترو زانستیانەترە بەبەروارد بە خۆرهەڵات. بەکورتیەکەی خۆرئاوا لە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا دەربارەی ئەم پەیوەندیە گفتوگۆدەکات، لە ئاستی نێوخۆی و ئاستی دەرەوە، گرفتو چارەسەری هیچ کامیشیان بۆ ئەوەی تر بە پەیوەندیدار نابینێت.

من لەم وتارە بەهیج شێوەیەک مەبەستم نیە سەرنج بخەمە سەر گوتاری دووەم کە دەربارەی پەیوەندی جیهانی ئیسلام و خۆرئاوایە. هەلبەتە لەتوانای ئەم وتارەشدا نیە کە لەچیەتی و زانستی بونی ئەم دەبڵ گوتارەی خۆرئاوا بکۆڵێتەوە، لەگەڵ ئەمەشی ناتوانرێت ئاسان ڕەتی زانستی بون و لۆجیکیەتی گوتاری یەکەم بدرێتەوە، واتا بەتەنیا لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن دەربارەی پەیوەندی ئیسلام و کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان بەبێ گرێدانەوەی بە زیهنیەت و گرفتە سۆسیۆپۆلەتیکیەکانی دونیای ئیسلامی، چونکێ کۆمەڵێ هۆکاری ئۆبجێکتیڤ زانستی بونی گوتارەکە پشتڕاست دەکەنەوە، لەمانە بەشێک لە موسوڵمانەکان دانشتوی ڕەسەنی ئەم وڵاتانەن و هیچ باگراوندێکیان نیە کە بە جیهانی ئیسلامی گرێیان بداتەوە (هەڵبەتە لێرەدا دەتوانرێت ئاماژە بە هاوڵاتیە موسوڵمانەکانی باڵکانیش بکرێت کە دانشتوی ڕەسەنی ئەوڕوپان، سەرەڕای ئەوەی بەشێک نین لە جیۆکەلتوری خۆرئاوا بەڵام بەشێکی دانەبڕاون لە پرسیاری پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا لە ئەوڕوپا)، لەلایەکیتریشەوە بەشی زۆری ئەمانەشی کە لە جیهانی ئیسلامی وەک پەنابەر هاتون بۆ خۆرئاوا چەندین نەوەی نوێیان لەم وڵاتانە لەدایک بون کە کەمترین پەیوەندی زهنی و کەلتوریان بە دونیای کەلتوری و سیاسی ئیسلامیەوە هەیە. کۆی ئەمانەو چەندین هۆکاری سیاسی و ئابوری تریش پاڵپشتی دروستی و واقعی بونی ئەم گوتارە دەکەنەوە، بەڵام ئەمەش ئامانجی سەرەکی ئەم وتارە نیە، ئەمەی کە گرنگە لەسەری بوەستین بریتیە لە بە ئایدۆلۆژی کردنی ئەم گوتارەو زیاتر بەرتەسک کردنەوەی پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا لەلایەن ئایدۆلۆژیستە ئیسلامیەکان لە چوارچێوەیەکی هێندە چەق بەستو کە بەتوندی بەگژ هەر هەنگاوێکدا دەچێتەوە کە ئامانج لێی سەیرکردنی گرفتەکە بێت لەڕوانگەیەکی فراوانترەوە، واتا هەوڵی پچڕاندنی تەواوەتی ڕەخنە لە زیهنیەتی ئیسلامی وەک ئایدۆلۆژیا و بینینی باگراوندە مێژوی و سۆسیۆکەلتوریەکەی.   

هەڵبەتە زۆر زەرورە پێش هەر هەنگاوەک ئاماژە بە رۆڵی بەکارهێنانی کۆمەڵێک تیۆرەی ناسراو و خاوەن هەژمون بدرێت کە کاریگەری بەرچاویان هەیە لەم ئاڕاستەگرتنەدا، لەمانە کە زۆر کاریگەر و دیارن، دونیابینی ئێدوارد سەعیدو تیۆرەکەی ئۆریانتەلیزم، تیۆرەی پۆست کۆلۆنیالیزم بەتەواوی لقەکانیەوە، تیۆرەی پۆست سترەکچەرلیزم. هەر یەک لەم تیۆرانە لەڕوکاردا خاوەن ڕیزێک لە فاکت و لۆجیکن کە دەرفەت فەرهام دەکەن بۆ بەرهەم هێنانی دونیابینیەک کە بەرەنگاری هەر گوتارێکی گشگیر و یونڤێرساڵ بکات بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا. هەر ئەمەش وای کردوە کە ئەم تیۆرانە بخرێنە خزمەت ئایدۆلۆژیای جیاواز بەمەبەستی بەرهەم هێنانی گوتارێکی دیاریکراو یان بەرگری کردن لە گوتارێکی ئایدۆلۆژی.

بۆ نمونە تەواوی فکری ئێدوارد سەعید کە لەبنەڕەتدا خزمەتە بە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالستی عەڕەبی لەڕێگای چەمکی ئۆریانتەلیزم هێڵێکی بەرگری هێندە بەهێزی بەدەوری دۆگمای خۆرهەڵاتی ( کە سەعید زیاتر مەبەستی نەتەوەی مەزنی عەرەبی بو) درست کرد بەتەواوی پاراستی لە هەر رەخنەیەکی جدی و کاریگەر بەرامبەر هەژمونی مۆدێرنتە. ئۆریەنتەلیزم لە خۆرئاوا برەوێکی گەورەی پەیاکردو تا ئێستاش زۆر کاریگەرە، ئەم تیۆرەیە هەر سەرنجێک لەسەر خۆرهەڵات و عەرەب و ئیسلام بە سەرنجێکی ڕەگەزپەرستانە و دوژمنکارانە پێناسە دەکات کە بەقەولی سەعید ئامانجیان سەپاندنی دەسەڵاتی ئیمپریالیزمیە لەجیهاندا. تیۆریستە ئیسلامیەکان Islamist theorist لە ئەوڕوپا ئۆریەنتەلیزم وەک باشترین و بەهێزترین ئامرازی خۆیان بەکار دەبەن بۆ ڕەتدانەوەی تەواوی ئەدەبیاتی خۆرئاوا دەربارەی ئیسلام و وەک پڕۆسەیەکی نا زانستی و نا ئەخلاقی پێناسی دەکەن و کەم کەسیش بوێری دەکات بەرەنگاریان بێتەوە نەوەک بە تاوانی ئۆریەنتەلیست تۆمەتبار بکرێت، بەمەش دەرفەتی ئەوەیان بۆ دروست بوە بەبێ ڕەخنەی جدی فۆڕمێکی ڕوکەشی ئایدۆلۆژی بۆ زیهنیەتی ئیسلام بکێشن کە هیچ باگراوندێکی مێژوی و سۆسیۆکەلتوری لەجیهانی ئیسلامی نیە. بەم جۆرەش پەیوەندی خۆرئاوا و ئیسلام لە مەترسی هەر گفتوگۆیەکی جدی و ڕەخنەیی دەپارێزن و  بەسەنگ و قورسایەکی زۆرەوە ئامادەیان لە نێوەندی سیاسی و کەلتوری هەیە و دەسەڵاتێکی زۆریشیان بەدەست هێناوە وەک گوتار.    

تیۆرەی پۆست کۆلۆنیالیزم وەک ڕونە پڕۆژەیەکی چەپی ڕادیکاڵە، ئەم پڕۆژەیە ئامادەیە لەگەڵ شەیتان بچێتە هاوپەیمانی دژ بە جیهانی خۆرئاوا کە لانکەی کاپیتالیزمە، بۆیە ئەم تیۆرەیە تەواوی ئەدەبیاتی گفتوگۆ دەربارەی ئیسلام و خۆرئاوا بە پڕۆژەی ئەخلاقیاتی کۆلۆنیالیزمی پێناسە دەکات کە بەگوێرەی ئەم دونیابینیە ئامانج گواستنەوەیە لەکۆلۆنیالزمی فیزیکی بۆ شێوە هزریەکەی. بەبۆچونی ئەم هزرە تەنیا دونیای ئیسلامی بۆی هەیە لەسەر خۆی قسە بکات و هەر گفتوگۆیەکیش لەگەڵ خۆرئاوا هیج نیە جگە لەچونە ژێر هەژمونی هزری کەپیتالستی خۆرئاوا.  

تیۆرەی پۆست ستراکچەرلیزم کە بە دایکی دوو تیۆرەکەی سەرەوە دادەنرێت و وەک ڕونیشە خاڵی جەوهەری لەم تیۆرەیە بریتیە لە وەستانەوە دژ بە هەر جۆرە یونیڤێرساڵیەکی مانای و چەمکی. هەڵبەتە ئەم تیۆرەیە بۆتە باشترین ئامرازی ئایدۆلۆژی دەستی تیۆریست و ئەکادیمیستە ئیسلامیەکانی خۆرئاوا بۆ لەباربرنی هەر جۆرە ڕەخنەیەک دەربارەی خەسڵەتە یەکانگیرو گشتگیرەکانی ئیسلام وەک ئایدۆلۆژیایەکی سەراپاگیر کە لەهەمانکاتدا خاوەن باگراوندێکی سۆسیۆکەلتوریە و لەهەر شوێنێکی جیهان کە خاوەن هەژمون بێت کۆمەڵگایەک بەرهەم دێنێت کە خاوەن ڕیزێک لە خەسلەت و تایبەتمەندی خۆیەتی و سێتێک لەبەهاو نۆڕم خۆیان دەسەپێنن.

نوسەرە ئیسلامیەکان پۆست ستراکچەرلیزم وەک تیۆرەیەک بەکار ناهێنن بۆ ڕەخنەکردنی یونیڤێڕسالیەتی ئیسلام، بەڵکو بەپێچەوانەوە لەڕێگای ڕەخنەکردنی یونیڤێرساڵیەتی بەها خۆرئاواییەکان لەهەوڵی ڕزگارکردنی ئیسلامدان کە نەکەوێتە بەر ڕەخنەی مۆدێرنەتەی کەلتوری خۆرئاوا. وەک ڕونە ئەم هەوڵە تەواو تاکتیکێکی ئایدۆلۆژیانەیە بەمەی کە ئیسلام لەم جوگرافیە کەلتوریە کەمینەیە بۆیە باشترین تاکتیک بریتیە لە ڕەخنەکردن و ڕەتدانەوەی یونڤێرسالیەتی زۆرینەو خاوەن هەژمون بەڵام بەبێ قسەکردن لەسەر ڕەچەڵەکە گشگیرو یونڤێرساڵیەکانی خۆی. بەم جۆرە ئەم نوسەرانە دوو سەرکەوتنی مەزن بەدەست دێنن. یەکەمیان پێگەی کەمینەیی لە کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان دەکەن بە دەرچەیەک بۆ شاردنەوەی یونڤێرساڵیەت و ڕەهاگەرای ئایدۆلۆژیەکە، هەڵبەت ئەمەش بەهاوکاری ئەخلاقیاتی لیبڕاڵیزم کە لەیەک کاتدا دەرفەت بەم تاکتیکە دەدەات بۆ کەمینەکان کە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی قوربانی بگێڕن بەمەبەستی بەدەستهێنان و پاراستنی هاوسەنگی بۆ سیستەمەکە بۆ ئەوەی لە مەترسی ڕەهاگەری ڕادیکاڵ بیپارێزێت، لەهەمانکاتدا بەکارهێنانی ئیسلام وەک کارتێکی سیاسی دژ بە ڕاست و چەپی ڕادیکاڵ. دوهەمیان ئەم نوسەرانە دەرگای هەرچی دەرفەتی کرانەوە و گفتوگۆ لەگەڵ بەها مۆدێرنەکان دادەخەن لەڕێگای لە یونڤێرساڵیەت خستنیان و بە ڕێژەی کردنیان، بەم جۆرەش هیچ بەهایەکی گەردونی وەک یەکسانی جێندەری، ئازادی ڕادەربڕین و گوزارشت کردن یان ئازادیە تاکە کەسیەکان نرخێکی بەرزتر یان پێگەیەکی گرنگتری نیە لە بەهاو نرخە ئایدۆلۆژیەکانی ئیسلام تەنانەت ئەگەر چەوسانەوە و سەرکوتکاری ئینسانیش بەرهەم بێنێت.  

لەدەرەنجامی بەکارهێنانی تاکتیکیانەی ئەم کۆمەڵە تیۆرەیە، لێکۆلەرەوە و تیۆریستە ئیسلامیەکان لۆژیکێکی هیپۆکراسی بەهێزیان گەشە پێداوە کە کە شەڕعیەتێکی سیاسی و مۆڕاڵی بۆ گوتارەکە بەدەست هێناوە لە جیهانی خۆرئاوا، ئەم پارێزبەندیە شەرعیە بەهاوکاری سیستمی لیبڕالیزم بۆتە بەربەستێکی بەهێز لەبەردەم هەرجۆرە ڕەخنەیەک لە ئیسلام لەخۆرئاوادا، ئەم بەربەستە هێندە بەهێزو کاریگەرە لە ئێستادا ڕەخنە لە ئیسلام یەکێکە لەسەرکێشیترین و مەترسیدارترین کارەکان لە کەلتوری خۆرئاوا، تەنانەت سیستەمە زۆردارە ئاینیەکانی خۆرهەڵات و جیهانی ئیسلامیش نەیان توانیوە ئاوا سیستیماتیکیانە سەرکوتکاری ڕەخنەو دەنگی جیا بکەن بەرامبەر بە ئەخلاقیاتی ئیسلامی.  

بەم جۆرە لە ئێستادا گوتاری زاڵ دەربارەی پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا لەڕێگای هەژمونی ئەم ئایدۆلۆژیستانە ( کە لەفۆڕمی ئەکادیمیست و توێژەرو ڕەخنەگر دەردەکەون ) بەرتەسک کراوەتەوە بۆ ئەزمونی ڕۆژانەی کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان لەگەڵ هاوڵاتیە موسوڵمانەکانیان، وەک لەسەرەوە ڕونم کردوە ئەم ئەزمونەش لەخۆرئاوا بریتیە لە یاریەکی سیاسی قێزەون لەنێوان لیبڕاڵەکان و ڕاست و چەپی ڕادیکاڵ کە هەر یەک لەم جەبهە سیاسیە پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا وەک کارتێک و تەڵەیەکی سیاسی دژ بەیەک بەکاردێنن کە دواجار هیچ پەیوەندیەکی بە جەوهەری ئیسلام وەک ئایدۆلۆژیایەک نەماوە.

لە ئێستایا پڕەنسیپی سەرەکی کە بەهاوکاری و ئاسانکاری سیستمی لیبڕالیزم (وەک سیستمی بێ کێبڕکێی حوکومڕانی و کەلتوری لەخۆرئاوا) وەک بنەما سەپێنراوە پاراستنی ئیسلامە لە هەر ڕەخنەیەکی سیستیماتیکی کە ڕەخنەبێت لە دین یان ئایدۆلۆژیای ئیسلامی، بۆئەم مەبەستەش ئایدۆلۆژیستە ئیسلامیەکان لەناوەندە ئەکادیمی و زانسی و کەلتوریەکان هاوکاری و پاڵپشتیەکی بەرفراوان دەکرێن بۆ گەشەدان بە میتۆدی جیا بۆ پاراستن و بەرگری گردن لەم ئایدۆلۆژیایە لەهەمبەر هەر ڕەخنەیەکی جدی کە ڕەخنە لەم ڵۆکاڵیە بگوازێتەوە بۆ ئاستی یونیڤێرسالیەتی ئیسلام.

بۆ ئەم مەبەستە چەندەها چەمک گەشەیان پێدراوە کە لەم دۆخەیا شەڕعیەت و هەژمونی زانستی و ئەکادیمیان بەدەست هێناوە لەنێوەندی فکری و کەلتوریدا. بۆنمونە چەمکەکانی islamophobia،  ، Ethnically Muslim not religiously ،  Cultural Racism  نمونەیەکی بچوکن لە سێتێکی گەورە لە چەمک و میتۆد کە خزمەتێکی بێوێنە بە گەشەی گوتارە ئایدۆلۆژیەکە دەکەن. لەڕێگای چەمکی ئیسلامۆفۆبیا هێڵێکی بەرگری بەهێز داچێنراوە کە هەر ڕەخنەو قسەکردنێک لەسەر ئیسلام ڕاستەوخۆ دەچێتە چوارچێوەی ڕەخنەیەکی نا ئەقلانی و دواجاریش ڕەفتارێکی رقاوی و دوژمنکارانە، هەر ئەمەش کلیلە سعراویەکەی داوەتە دەست ئەم گوتارە بۆ بەستنی زەواجێکی سیاسیانە لەگەڵ هەردو بزوتنەوە لیبڕاڵیەکە کە خاوەن هەژمونی کەلتوری و سیاسی کاریگەرن لە خۆرئاوا cancel culture, political correctness  خزمەتی ئەم دوو بزوتنەوەیە بۆ ئەم گوتارە ئایدۆلۆژیە دەسکەوتێکی زۆر پڕ بەهایە، بەجۆرێک دەکرێت لەهەندێک ساتی دیاریکراودا ڕۆڵی ئەم بزوتنەوانە لەخۆرئا بەقەد ڕۆڵی بزوتنەوەو دەزگا سەرکوتکارەکانی جیهانی ئیسلامی بەراورد بکەین لە بەرەنگاربونەوەی هەر ڕەخنەیەک دەربارەی ئیسلام، بەتایبەتی cancel culture لەجیهانی خۆرئاوا و دەزگای الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر لە سعودیە لە زۆر ڕوی لۆژیکیەوە دوو ڕوی یەک دراون لە دوو دونیای جیاواز کە هەمان ڕۆڵ و ئەرکیان هەیە.

لەلایەکیترەوە ئایدۆلۆژیستە ئیسلامیەکان لەڕێگای چەمکی بە ئیتنیکی کردنی ئیسلام هەوڵی ڕوپۆشکردن و ماسکردنی ڕوی ڕاستەقینەی ئایدۆلۆژیەکە دەدەن، ئەم چەمکە کە دەرزەنێک لۆژیکی هیپۆکراسی لەنێو خۆیدا کۆکردۆتەوە کار دەکات بۆ بەرهەم هێنانی دونیابینیەک کە ئاینی ئیسلام ئایدۆلۆژیا نیە بەڵکو ئیتنیکە Ethnic. ئایدۆلۆژیستەکان باش لەمە ئاگادارن کە یاری و مانۆڕە سیاسیەکان لەخۆرئاوادا ناتوانن گارەنتی یەکلاکەرەوەی پاراستنی ئایدۆلۆژیاکە بکەن بۆ قۆناخە دورمەوداکان بۆیە لەڕێگای گەشەدان بەم چەمکە کار دەکەن بۆ بەدەست هێنانی گارەنتیەکی ئەبەدی لەژێر مافە بنەڕەتە پارێزراوەکانی لیبڕالیزم کە پاراستنی مافی ئیتنیکەکان یەکێکە لە پڕەنسیپە فێندەمێنتالەکانی ئەم سیستەمە. لەم وتارە دەرفەت نیە سەرنجی تەواو بخەینە سەر ساختەی و سەمەرەی ئەم چەمکە بەڵام ڕونە کە ئامانج لە گەشەدان بەم چەمکە بریتیە لە هاوشوناسکردنی ئایدۆلۆژیا بە کەلتورو ئیتنیک!! بەم جۆرەش هەر رەخنەیەک لە ئایدۆلۆژیا یەکسان دەکرێت بەڕەخنە لە ئیتنیک کە دواجار لە سیستمی لیبڕالیزم ئەم کردەیە بەزاندنی هێڵی سورە و بکەرەکەی بە تاوانی ڕەگەزپەرستی سزا دەدرێت.  

هاوشانی گەشەدان بە چوارچێوە تیۆری و چەمکیانەی کەلەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا بۆ نەهێشتن و بەرتەسککردنەوەی هەرچی پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوایە، ئایدۆلۆژیستە ئیسلامیەکان لەهەمانکاتدا لەسەر ئاستی کرداریش گەشەیان بە ستراتیژیەتێکی چڕداوە بەتایبەت لەکایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ لەقالبدانی ئەزمونی پراکتیکی ئیسلام لە خۆرئاوا. ئەم ستراتیژیەتانە بەیەکەوە یەک ئامانجیان گەرەکە ئەمیش ڕێگەگرتن لەهەر گفتوگۆو ڕەخنەیەکی جدی یان بەربەست دانان لەبەردەم هەر بەرکەوتنێکی پراکتیکی کە لێکەوتەی کرداری لێبکەوێتەوە و دەرگای توێژینەوە و گفتوگۆ بکاتەوە بەسەر ئەم ئەزمونە، واتا ڕێگەگرتن لەبەرکەوتنی ڕاستەقینەی ئیسلام وەک ئایدۆلۆژیا وەک ئاین بە واقعی جیهانی خۆرئاوا و بەها لیبڕاڵ و مۆدێرنەکانی.

هەڵبەتە کەسانێک گومان لە واقعیەتی ئەم ئارگۆمێنتە دەکەن و ئەم پرسیارە دروست دەبێ چۆن دەکرێت ئیسلام بەم ئامادەیە مرۆی و ئایدۆلۆژیە لەخۆرئاوا بەر ئەم جیهانە نەکەوتبێت؟؟ هەڵبەتە گومانەکە لەشوێنی خۆیەتی و دروستە، بەڵام هەنگاوێک پێش ئەم گومانە پێویستە پرسیاری ئەمە بکرێت کوان لێکەوتەو دەرەنجامەکانی بەرکەوتنی ئیسلام و خۆرئاوا؟ دوای نزیکەی سەدەیەک لە ئامادەی ڕاستەقینەی ئیسلام وەک ئایدۆلۆژیایەکی خاوەن هەژمون و شوێنکەوتە لەخۆرئاوا کوا گفتوگۆی جدی نێوان مۆدێرنتەو بەها ڕۆشنگەریەکانی خۆرئاوا لەگەڵ ئیسلام؟ بۆ تا ئێستا تەنانەت بچوکترین و لاوەکیترین بەهای ئیسلام لە خۆرئاوا ڕوبەڕوی ڕیفۆرم و ڕەخنەی جدی نەبۆتەوە کە ئەم ئایدۆلۆژیایە ناچاربێت پیاچونەوە یان گونجاندنی بۆبکات، بۆنمونە تا ئێستاش ئەم ئایدۆلۆژیایە سەرسەختانە دژ بە یەکسانی جێندەری وەستاوەتەوە کە یەکێکە لە گرنگترین بەها کەلتوریەکانی خۆرئاوا لە ئێستادا کەچی ئیسلام شانبەشانی سیستەمو دامودەزگا دەوڵەتیەکان فۆڕمێکی نافەرمی لە سێتێک یاساو نۆڕم داڕشتوە کە حوکمی زیاترو کاریگەرترە لە نێو کۆمەڵگای ئیسلامی لەخۆرئاوا، بۆنمونە هەر کەسێکی شارەزا سەیرێکی شارەکانی وەک بێرمنگام، برادفۆرد، گڵاسگۆ، لەندن لە بەریتانیا بکات یەکەمین دیاردە بەرچاوی بکەوێت ئەمەیە کە دوو سێت لەیاساو نۆڕم هەیە فەرمی و نافەرمی یەکیان بۆ ئیسلام ئەوەی تر بۆ خەلکی ناموسوڵمان، ڕوداوی Grooming Gang کە لەئێستادا هەواڵی سەرەکی و پەیوەندیدارە بەم باتە لە بەریتانیا پاڵپشتی ئەم ڕاستیە دەکاتەوە کە چۆن دەوڵەت و سیستمی دادوەریش بەئاشکرا پەسەندی دوو جۆر لە یاساو ڕێسا دەکەن دەربارەی ئیسلام و نایانەوێت یاسا و بەها مۆدێرنەکان بگشتێنن بەسەر ئەم خەلک و شوێنانەی کە شوێنکەوتەی ئیسلامن.

ئێستا کاتی ئەمەیە ببپرسین چۆن چۆنی ئایدۆلۆژیستە ئیسلامیەکان لە ئاستی واقعی ڕۆژانە هەوڵی جێبەجێ کردنی ستراتیژیەتەکەیان دەدەن.  

ستراتیژیەتی سەرەکی و بنەڕەتی بریتیە لە گەشەدان بە گوتارێکی ئایدۆلۆژی تایبەت بۆ ناوەندە کەلتوری و ئەکادیمیەکان بۆ فۆڕمەڵە کردنی ئارگیۆمێنتێک کە ئە ئەقلانی دەرکەوێت بەمەبەستی ڕەتکردنەوەی هەر ئەگەر و دەرفەتێکی ئاوێزانبون integration. ستراتیژیەتی گوتارەکە بریتیە لەمەی کە مرۆڤی موسوڵمان پێویستە ژیانی ئایدۆلۆژی خۆی بژێت بەبێ ناچاربێ ئەزیەتی هیچ جۆرە هەماهەنگی و ئاوێزانبونێک لەگەڵ ئەمانی تر بخاتە ئەستۆی خۆی، بۆئەمەش سودێکی نایابیان لە چەمکی multiculturalism بینیوە، ئەم چەمکە کە پڕەنسیپەکەی لەسەر ڕێژەی کەلتورەکان وەستاوە پێشنیاری ئەمە دەکات کە کەلتورەکان گرنگ نیە تا چەندە مۆدێرن یان ترادشن بن ، زۆرینە یان کەمینەبن لە کۆمەڵگادا بەڵام سەرجەمیان خاوەن یەک جۆر لەماف و حەقیقەتن، بۆیە سیستەمی لیبڕالیزم پێویستە بەیەک چاو سەیریان بکات. ئایدۆلۆژیستە ئیسلامیەکان بە قۆستنەوەی ئەم چەمکە ڕەتی هەرجۆرێک لە تێکەڵاو بون یان گفتوگۆ لەگەڵ کەلتور و گوتارەکانی ترو بەتایبەتیش کەلتوری خۆرئاوا دەکاتەوە.  

بۆنمونە ئایدۆلۆژستێکی وەک تاریق مەدود کە ڕۆڵو پێگەیەکی کاریگەری بەدەست هێناوە لەنێوەندە کەلتوری و ئەکادیمیەکانی خۆرئاوا تەواوای گوتاری خۆی تەرخان کردوە بۆ ڕەتکردنەوەی گوتاری لیبڕالیزم و سێکۆلاریزم و بە هەڕەشی جدی لەسەر شوێنپێگەی ئیسلام دایان دەنێت لەخۆرئاوا. بە بۆچونی ئەم ئایدۆلۆژیای ئیسلام پێویستە بخرێتە پێش هەر جۆرە گوتارو ستراتیژیەتێکی گشتی بۆ کۆمەڵگا نابێت موسوڵمانان وەک هەر گڕوپێکی تری کۆمەڵگا ناچار بکرێن پەسەندی ئەم گشتاندنانە بکەن، لەشوێنی ئەمەدا پێویستە دەوڵەت ڕێگا بدات موسوڵمانان پراکتیکی حوکمە شەڕعیەکانی خۆیان بکەن چونکێ پێچەوانەی ئەمە بریتیە لە سەپاندنی هەژمونی کەلتورێک بەسەر ئەمیتردا، دێمۆکراتی ڕاستەقینە بریتیە لەمەی موسوڵمانان دەرفەتیان هەبێت پێڕەوی لەحوکمە شەڕعیەکانی قورئان بکەن کە سەرچاوەی یەکەمی یاسای ئەمانە نەوەک یاسای دەوڵەتی سێکۆلار چونکێ بەڕای تاریق گڕوپەکان لەنێو کۆمەڵگا پێویستیان بە دانپیانانە نەوەک مافە مەدەنیەکان کە سەرچاوەکەی لە دەوڵەتی سێکۆلارە. بەکورتیەکەی گوتاری ئەم ئایدۆلۆژیستە لەسەر بنەمای ئەمە بونیات نراوە کە ئیسلام پێویستە وەک گوتارێکی سەربەخۆو خاوەن دەسەڵات دانی پیابنرێت نەوەک پێدانی مافی یەکسانی تاکەکان کە بەرهەمی ڕۆشنگەریە ، واتا دان نان بە ئایدۆلۆژیای ئیسلام نەوەک پێدانی ئازادی و یەکسانی تاکەکان.

ئەم تێڕوانینەی تاریق مەدود بەتایبەت لە بەریتانیا کاریگەرێکی جدی دروستکردوە نەوەک تەنیا لە ئاستە تیۆریەکە بەڵکو لەئاستی دەزگایش پارتە سیاسیەکان تەواو خۆیان دوردەگرن لەهەرجۆرێک لە ستراتیژ کە گومانی ئەوەی لێبکرێت بە ئاڕاستەی ئاوێزان بون یان گشتاندنی بەها لیبڕالیەکان کە ئیسلام بگرێتەوە. بۆنمونە چەوساندنەوەی ژن و مناڵان و بەزۆر بەشودان و کۆنتڕۆلکردن کۆمەڵێک دیاردەی زەق و دیارن لەنێو خێزانە ئیسلامیەکان بەڵام حوکومەت بەئاشکرا چاوپۆشی دەکات لەترسی کاردانەوەی ئەم گڕوهە ئایدۆلۆژیستە، لێرە دەکرێت ئاماژە بدەین بە کوشتنی بەناز مەحمود لەلایەن خێزانەکەی کە کوردی هەرێمی کوردستان بون و کەمتەرخەمی پۆلیس وەک نمونەیەکی دیاری کشانی کاریگەری ئەم گوتارە دیارە، سەرەڕای ئەمەی دەزگا فەرمیەکان هۆکارەکەیان بۆ کەمتەرخەمی شەخسی چەند پۆلیسێک گێڕایەوە بەڵام لەبنەڕەتدا کەمتەرخەمیەکە دەزگایی بو نەوەک شەخسی، ڕوداوەکانی دوتریش لە نمونەی Grooming Gang دەریخست کە دامودەزگاکانی دەوڵەت کەوتونەتە ژێر کاریگەری گوتارەکانی ئەم ئایدۆلۆژیستانە کە وەک پێشتر ڕونم کردەوە دژ بەهەر دەستوەردانێکی دەوڵەت لە کاروباری گڕوپە ئیسلامیەکان دەوەستنەوە.  

یەکێکیتر لە ستراتیژیەتەکان کە گڕوهێکی تری ئایدۆلۆژیست نوێنەرایەتی دەکەن کە ئیسلامیە ڕادیکاڵەکانن بریتیە لە ڕەتکردنەوەی تەواوی هەرجۆرە بەژداریەکی سیاسی و کەلتوری، لەبەرامبەردا کۆکردنەوەی گڕوپە ئیسلامیەکان و چڕکردنەوەی دێمۆگرافیای تایبەت بە موسڵمانان لەناوچەو هەڕێمی دیاریکراو، واتا دروستکردنی کۆمەڵگای ئیسلامی هاوتەریب لەنێو کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان بۆ ئەوەی بتوان هەژمونی دەزگا ئایدۆلۆژیەکانی وەک مزگەوت و سەنتەرەکان کاریگەرتر بکەن. بۆنمونە کاراکتەرێکی وەک شێخ هەیسەم ئەلحەداد بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان لەڕوی ئەخلاقیەوە گەندەڵ بونە بۆیە پێویستە موسڵمانان کۆمەڵگای خۆبەڕێوەبەری دروست بکەن و بەدەوری یەکتری کۆببنەوە و مزگەوت بکەن بەسەنتەر و شەریعەت بکەن بە یاسایی سەرەکی. ئەم گڕوپە لەخۆرئاوادا کاریگەریەکەیان زیاتر لەسەر هاوڵاتیانی ئاسایی و شەقامی ئیسلامیە و کەمتر گفتوگۆ دەکەن لەگەل ناوەندە ئەکادیمی و کەلتوریەکان، بەمجۆرەش لەڕێگای گوتاری پۆپۆلیستیانەیان کاریگەریەکی دیاریان دروست کردوە بەجۆرێک لە ئێستادا هەست بە دەرەنجامەکانی ئەم گوتارە دەکرێت بەتایبەت لە بەریتانیا و کۆمەڵێک وڵاتی تری ئەوڕوپی کۆمەڵگای ئیسلامی بەتەواوی خۆی جیاکردۆتەوە و ناوەندی ئاینی و بازاری تایبەت بەخۆی دروستکردوە کە بەجۆرێک هیج پەیوەستیەکیان بە بازاری گشتیەوە نەماوە، هەر کەسێک لەم کۆمەڵەو شوێنانە بژێت زۆر بەکەمی پێویستیەکی ئەوتۆی بە جیهانی دەرەوەی شارۆچکەکەی یان گەڕەکەکەی دەبێت. ئەم گردبونەوە چرە بەدەوری یەکتری لەهەندێک شوێن بەتەواوی دێمۆگرافیاو وێنەی شوێنەکانیان گۆڕیوە کە هیچ جۆرە نیشانەیەکی هەمەچەشنەیی و جیاوازی کەلتوری و بیروڕا بەدی ناکرێت، هەڵبەتە ئەم دۆخە بەجۆرێکیش لەجۆرەکان بۆ حوکومەتەکان چارەسەرێکی سەرنجڕاکێشە چونکێ ئەرکی ئاوێزان بون و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای لەکۆڵ دەبێتەوە کە ئەمەش بەدڵی سیاسیەکانەو ناچار نابن سەرکێشی بە چارەسەری یەکلاکەرەوە بکەن، بەکورتیەکەی بۆ سیاسیەکان هەمیشە ئاسانتر و پەسەندکراوترە ئیسلام لە ئەشکەوت و گێتۆی خۆیدا بژێت و گرفت لەگەڵ زۆرینە دروست نەکات، هەروەک چۆن قەرەجەکان لەژیانی گەڕۆکی و پەراوێزی خۆیان دەژین لە ئەوروپا. ئەم چاوپۆشینەی دەوڵەت دەرگا دروستکردنی ئەم گەڕەک و شارۆچکانەی خێراتر و بەرفراوانتر کردوە بۆیە ڕێژەی بەرکەوتنی ئیسلام لەگەڵ کۆمەڵگای خۆرئاوای بەتەواوی نزمبۆتەوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم کە هیچ کامیان ڕێگاکەی ناچێتەوە سەر ئەمیتر لەژیانی ڕۆژانە.

ئەم دوو ستراتیژیەتەی سەرەوە ئاگادارانەو هۆشیارانە ڕێگایان خۆشکردوە بۆ فۆڕمەڵەبونی گوتارێکیتر کە بەقازانجی گوتاری ئایدۆلۆژیستە ئیسلامیەکانە، ئەم گوتارە بریتیە لە گوتاری ڕاستڕوەی توندڕەوی خۆرئاوایی کە تێکەڵەیەکن لە ناسیۆنالست و کرستیانە توندڕەوەکان. ئەم گڕوهە ئارگۆمێنتەکەیان بریتیە لەمەی کە کۆمەلە ئیسلامیەکان یان ئەوەی کە پێی دەڵێن موسوڵمانەکان لە خۆرئاوا هەرگیز ناتوانن ئاوێزانی ئێمە ببن و ئایدۆلۆژیاکەیان هاوشانی ئێمە نیەو ئەمان سروشتیەن جیان بۆیە باشترە دەسبەرداری ئەوە ببین چیتر بانگێشتیان بکەین بۆ تێکەڵ بون، باشترە ڕێگایان بۆخۆش بکرێت لە گێتۆکانیان بژین، لەبەرامبەردا پێوستە خۆرئاوا کۆنتڕۆڵی ڕێژەی هاتنی پەنابەران بکات. ئەم دونیابینیە کە دۆناڵد ترامپیش تەبەنی دەکات باوەڕیان بە یەکسانی مرۆڤی سپی پێستی خۆرئاوای و ئەمانی تر نیە، بۆیە نابێت هەوڵی بەرزکردنەوەی ئەمانی تر بدرێت بۆ ئاستی مرۆڤی سپی پێست. ئەم گوتارە شکستی پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا وەک دەسکەوتێکی گرنگ بەکار دێنێت بۆ گەورەکردنی درزی شکستەکە و بونیاتنانی ستراتیژیەتێکی دژە پەنابەری. هەڵبەتە ئەم گوتارە سودێکی یەگجار نایابی هەیە بۆ گوتاری ئیسلامی لەخۆرئاوا بەجۆرێکیش لەجۆرەکان بەرهەمی کارکردی گوتاری ئیسلامە لەخۆرئاوا کە دوای سەنگەرگرتن و وەستانەوەیەکی نزیک بەیەک سەدە دژ بە خۆرئاوا لەدەرەنجامدا کاردانەوەی ڕاستڕەوەکان بەم جۆرە گەشەی سەند.

لەدەرەنجامی ئەم کارکردە چڕەی تیۆری و پراکتیکی کە بەدرێژای ئەم وتارە زۆر بە خێرای و بەکورتی ئاماژەمان پێدا، پەیوەندی ئیسلام بەجیهانی خۆرئاوا لەدەرەنجامی کاریگەری ئەم گروهە لە ئایدۆلۆژیست و سیاسیە پۆپۆلیستانە بە ئاراستەیەکی تەواو داخراو بردراوە کە ئەگەرو تەمەنای هەر جۆرە گەشەکردنێکی فکری و زانستی دەربارەی ئەم ئەزمون و پەیوەندیە تا ئاستێکی مەترسیدار لەبەین بردراوە. واتا ئەم ئەگەرو توانا نادیارەی کە چاوەڕوان دەکرا لە ئەزمونی بەرکەوتنی ئیسلام بە خۆرئاوا لەڕێگای واقعی ژیانکردنی ئیسلام لەم کۆمەڵگایانە بەرهەم بێت یان خونچە بکات بۆ تێگەیشتن لە پڕۆسێسی بەریەکەوتنی مۆدێرنە لە فۆرمە پێگەیشتوەکەی لەگەڵ ئاین لەفۆڕمە ڕەهاکەی بە ئەگەرێکی زۆر کۆتای هاتوە. بەجۆرێکی تر دەتوانین بڵێین پێشنیاری ژمارەیەکی زۆر لە تیۆر ناکام بوە بەتایبەت ئەمانەی پێشنیاریان دەکرد تا ئیسلام لەگەڵ سیستمی مۆدێرنتە و بەها ڕۆشنگەریەکان یان لە ژینگەیەکی هاوسەنگ لە پێگەو دەسەڵات لە ئاستی ژیانی واقعی نەچێتە گفتوگۆ ئەوا ئەستەمە بتوانرێت قسە لەسەر جیهانێکیتر بکرێت کە ئیسلام وەک ئاینێکی ڕەهاگەر پاشەکشەی کردوە لەم پێگە سێنتڕالەی. بەکورتیەکەی ئەم گوتارە لە ئێستایا ناکام بوە کە پێشنیاری دەکرد پێویستە یەکەمجار پاشەکشە بە پێگەی ئاین بکرێت بەهەر نرخێک دواتر دەتوانین کۆمەڵگایەکی مۆدێرنمان هەبێ کە بەها ڕۆشنگەریەکان خاوەن پێگەی سێنتڕاڵ بن و لەدەرەنجامی بەمۆدێرن بونی کۆمەڵگاشدا ئیسلام ناتوانێت جارێکیتر پێگە ڕەهاکەی بەدەست بێنێتەوە. ئەم تیۆرانە بۆیە ناکام بون چونکێ ئەزمونی ئیسلام لە خۆرئاوا وەک ئاینێک کە بەر هیچ جۆرە ڕیفۆرمێک نەکەوتوە و بچوکترین پاشەکشێی لە ڕەهاگەری خۆی نەکردوە و لەهەمانکاتدا پراکتیکی خۆی دەکات لەخۆرئاوا لەنێو جەرگەی هەژمونی مۆدێرنتە کە پاڵپشتە بەوپەری گەشەی زانست، دەرفەتەکی گونجاوبو بۆ تەواوی زانستە کۆمەڵایەتیەکان کە شاهێدی بەرکەوتن و ئەزمونی واقعی ئاین بێت لەگەڵ مۆدێرنتە بۆ تێستکردنی تواناو گونجاوی تەواوی زانستە کۆمەڵایەتیەکان دەربارەی تێگەیشتن لە گەشەی کۆمەڵگەی مرۆی. بەڵام لەلایەکیتریشەوە ئەم ئەزمونەی مۆدێرنتە لەگەڵ ئیسلام لەخۆرئاوادا سەرەداوی گومانێکی قوڵتریشمان دەداتە دەست و دەکرێت گومانێکی جدی لە ڕۆڵی مۆدێرنتە و شۆرشی ڕۆشنگەری بکەین لە بەرەنگاربونەوەی هەژمونی ئاین لە خۆرئاوا بەمەی تا ئێستاش مێژوی مۆدێرنتە شانازیە بەڕۆڵی ڕۆشنگەری لەکۆتایی پێهێنانی هەژمونگەری ئاین لە خۆرئاوا، بەڵام ئەم ئەزمونەی پەیوەندی ئیسلام و خۆرئاوا بینایمان بەسەر هەقیقەتێکی تاڵ دەکاتەوە کە چیرۆکی پاڵەونێتی سەرکەوتنی رۆشنگەری و مۆدێرنتە بەسەر ئاین درۆیەکی تاڵە، بۆیە ئەزمون و مێژوی خۆرئاوا لەگەڵ ئاین یان باشترە بڵێم ڕەچەتەی خۆرئاوا سودێکی ئەوتۆی نیە بۆ دونیای ئێمە لە بەرەنگاربونەوە و تێکشکاندنی دەسەڵاتی ڕەهاگەری ئیسلام.         

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×