بەشی یەکەم
کۆمەڵگای کوردی وەک تەواوی ئەم کۆمەڵگایانەی کە ئەخلاقیاتی ئاینی تیایدا هەژموندارە پێگەیەکی سێنتڕالی بە چەمکی میهرەبانی بەخشیوەو و سنورە مانایەکان و پێکهاتەی کارکردی ئاین و میهرەبانی بەچری بەنێویەکداچونە، تەنانەت ڕەخنەگرانی ئەخلاقیاتی ئاینیش سەرەڕای دژایەتی ئاین بەڵام نزیک نەبونەتەوە لە تێگەیشتن لە ڕۆڵی چەمکی میهرەبانی لە فۆڕمەڵەبونی ئەخلاقیاتی ئاینی، بەپێچەوانەوە ئەدەبیاتی ڕەخنەکردنی دین تا ئێستاش هەمان چەمکی میهرەبانی بەکاردێنێتەوە کە مۆڕاڵی ئاینی فۆڕمەڵەیکردوەو ڕۆڵیکی سێنتڕاڵیشی هەیە لە بون و ژیاندنی دین و ئەخلاقیاتەکەی.
لەهەمان کاتدا هەقیقەتێکی مێژویش هەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە پاراستن و گەشەدان بە ڕۆڵی مۆڕالیانەی میهرەبانی، ئەمیش بریتیە لەمەی ئەم ساتانەی کە قەیرانە ئابوری و سیاسی و ئەخلاقیەکان تەشەنە دەسەنن و نزیک دەبنەوە لەمەی ببن بە مەترسی بۆسەر ئایدۆلۆژیای ئاینی، ئا لێرەدا چەمکی میهرەبانی هەمیشە وەک فریادڕەسی ئایدۆلۆژیاکە دەردەکەوێت و لەڕێگای کارکردی ماسک پۆشین و دەرکەوتن بەفۆڕمی نوێ و نمایشکردنێکی مەکربازانە تەواوی فۆکەس لەسەر ئەخلاقیاتە ئاینیەکە لادەدات و ئەم مۆڕاڵە لە مەترسی ڕەخنەی جدی دوردەخاتەوە، بەجۆرێک قەیرانەکە دەبێتە دەرفەتێکیش بۆ خۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزتر دەرکەوتنەوەی ئاین بە بەراورد بە قۆناغەکانی پێش قەیران. بەم شێوەیە میهرەبانی ڕۆڵی پارێزبەندیەک دەگێرێت کە فۆڕمەکانی دەگۆڕێت تەنیا بۆ ڕزگارکردنی ئاین، کاتێک بەفۆڕمی نا ئاینی دەردەکەوێت کە دەزانێت چیتر ئەم فۆڕمە لۆژیکیەن قبولکراو نیە، ئەم کاتانەشی کە ئاین لەتڕۆپکی هەژمونە ئیتر میهرەبانی و دین بەجۆرێک بەنێویەکدادەچن کە ئاسان لەیەل جیاناکرێنەوە لەدەرەنجامدا ئەم چەمکە لەکۆمەڵگای ئێمەدا یەک ئامانجی هەیە کە بریتیە لە پاراستنی چوارچێوەکانی زهنیەتی ئاینی بەهەر نرخێک بێت.
بۆ نمونە کارکردی میهرەبانی لە پێش ڕاپەڕین هەمیشە لە ژێر پەردەی ناسیۆنالیزمدا بوە و هەرگیز ڕێگای نەداوە روکارەکانی ئاین بە فۆڕمەکەیەوە دیاربێت چونکێ دەرخستنی ئەم ڕوە هەڕەشەی ئەمەی لەگەڵ بو کە ڕوبەڕوی ڕاستیەکی دەکردەوە کە ناکۆک دەکەوتەوە لەگەڵ پێکهاتەی چەمکەکە، بەمەی سەرچاوەی نامێهرەبانی و توندوتیژی خودی ئەخلاقیاتی ئاینی بو لەم ساتەدا، بۆیە فۆڕمی میهرەبانی بریتی بو لە هەستی نەتەوەی و هاوخەمی بۆ نەتەوە و هاونیشتیمانیان بەبێ هەژمونی دین، بەڵام لەدوای ڕاپەڕین و لەسەرەتاکانی سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆ میهرەبانی لەژێر فۆڕمی ئاینی دەگەڕێتەوە بەڵام هێشتا بوێری لادانی ماسکەکەی نیە بەتەواوی بۆیە زیاتر ڕۆڵی ئابوری و بەخشینەوەی ئومێدی دەگێڕێت لەم زەمەندا، لەدەرەنجامیشدا ئەم کارکردەیە دەبێتە هۆی لەدایک بونی کۆمەڵێک هێزی سیاسی ئاینی کە ئەمانیش لەسەرەتادا ناتوانن ماسکەکە لادەن بەڵکو وەک هێزی خێرخوازی نمایشی خۆیان دەکەن، یەگرتوی ئیسلامی بەرهەمی ئەم کارلێکەیە، ئەم هێزە کە هۆشیارە بە دۆخەکە و بنەڕەتە ئاینیەکەی چەمکی میهرەبانی، بۆیە لەڕێگای بەکارخستنی تەکنیکەکانی بەخشینەوەی هاوکاری و هاوسۆزی دەتوانێت قورسایەکی سیاسی گەورە دروست بکات و گۆڕانکاریەکی بنەڕەتیش بخاتە کایەی سیاسی لەم هەرێمەدا.
لە دواهەمین قەیرانی سیاسی و ئابوریش کە سەرەتاکانی لە ساڵەکانی ٢٠١٣ بەملاوە دەرکەوت دواتر کە بارودۆخی ئابوری تا هێڵی کەوتنی تەواوەتی ڕۆیشت و شتێک نەمایەوە بەنێوی ئارامی سیاسی و ئەمنی، ئا لەم ساتەدا سەدای میهرەبانی جارێکیکە بە تۆنێکی یەگجار جیاواز و بەربڵاو لەنێو کۆمەڵگا دەنگی دایەوە، ئەم جارەیان بەهۆی ئامادەیی بەرفراوانی ماس میدیا ئەم دەرکەوتنەوەی میهرەبانی بە فۆڕم و ستایلێکی تەواو جیاوازە، ڕوداوەکە زیاتر لەنێو میدیا ڕودەدات نەوەک لە واقعی کۆمەڵایەتی، ئەم جارەیان میهرەبانی فۆڕمێکی هونەری و ستاتیکی هەیە نەوەک ئاینی ،ئابوری یان سیاسی.
بەهۆی ئەم کارکردە نوێیەوە لەناکاو بەرنامەی تیڤی و پێشکەشکاری سەیروسەمەرە دەردەکەون کە توانای نماشکردنیان لە ئاستێکدایە وەک ئەمەی لەدوای ڕاپەڕینەوە تاوەکو ئەم ساتە بەتەنیا بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان بوبن، لێشاوێکی سواڵکەرو خەڵکی شارەزا لەم بوارەدا دەبن بە ئەستێرەی میدیای، بەجۆرێک نمایش کردنی سۆزو بەزەیی کە پێشتر هونەرێک بو سیاسیەکان وەک پیشەی هەمیشەییان سودێکی نایابیان لێی بینیبو بەڵام لەدوای قەیرانی ئابوری چیتر بەتەنیا وەک هونەرو زیرەکی ئەمان نەمایەوە، بەڵکو لە ئاستی گشتی بو بەم هونەرەی تەواوی کۆمەڵگا لەدەوری کۆدەبێتەوە. دەیان سەرمایەدار ڕۆژانە لە ڕێگای تیڤیەکانەوە سەخاوەتمەندانە پارەیەکی زۆر دەبەخشنەوەو سۆزو بەزەیەکی نایاب نمایش دەکەن، سیاسیەکان لە میدیاکان وەردەگەرێن بۆ سەر فۆرمی ئەکتەری بەهرەدار و پارەیەکی نایاب دەبەخشنەوە، سواڵکەر و خەڵکێکی زۆر شارەزاو نمایشکار دەردەکەون کە ڕۆڵی زۆر نایاب دەگێرن بەجۆرێک مرۆڤ هەندێک سات هەست دەکات سەیری فیلمێکی هۆڵیود دەکات نەوەک ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی دەربارەی ڕوداوێکی واقعی لە هەرێمێکی دواکەوتوی ئەم جیهانەدا.
لێرەدا شتێک هەیە کە نابێت لەبیری بکەین، ئەمیش ئەوەیە کە ئاساییە لە ساتی قەیرانەکان ڕۆڵی میهرەبانی بەشێوەیەکی خێڕا بێتە پێشەوە و ئەکتیڤ بێت، چونکێ هەمیشە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە دۆخی لەناکاو و کارەساتەکان کۆمەڵگا بەخشندەیی و میهرەبانی زیاتر لەساتی ئاسایی مەسرەف دەکات، میهرەبانی دەبێتە فۆڕمێکی کارکرد کە ئەخلاقیاتی دەستەجەمعی کۆمەڵگا پێویستی پێیەتی بۆ بیرخستنەوەی هۆشی بەیەکەوەبونی دەستەجەمعی، واتا ئەرکە ڕاستەقینەکەی لێردا بەتەنها بریتیە لە میکانزمێکی بەرگریی سیستەمی دەرونی کۆمەڵگاو لەم ساتانەدا چاڵاک دەبێت کە ئەم سیستەمە سوڕێک لە سوڕە ئاساییەکانی قەیران ئەزمون دەکات کە هەمیشە بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی کۆمەڵگا، بەڵام بەلەبەر چاوگرتنی نمونەکانی سەرەوە ئاشکرایە کە لەکۆمەڵگای ئێمەدا میهرەبانی زۆر زیاتر لەمەیە کە تەنیا تەکنیکێک بێت، بەتەنیا سوڕێکی ئاسایی سیستەم نیە کە سات ناساتێک دەربکەوێت.
لێرەدا هەوڵدەدەم ئەمە دەربخەم چۆن میهرەبانی بونێکی ناوەکی قوڵتری هەیە لەکۆمەڵگای کوردیدا لەمەی کە تەنیا لە یەک سات و کاتدا وەک کاردانەوە بەڕوی ڕوداوێک ئەکتیڤ ببێت، بە پێچەوانەوە میهرەبانی ڕۆح یان پنتی سێنتڕاڵە لە هۆشی دەستەجەمعیدا، هەڵبەتە ڕەچەڵەکە سروشتیە سایکۆلۆژیەکەی هەمیشە پێگەیەکی نایابی پێ بەخشیوە لەتەواوی کۆمەڵگا مرۆییەکان، لەهەمانکاتدا چەمکی میهرەبانی بەتەنیا چەمکێکی مانایی نیە کە ڕۆڵێکی تاکتیکی و کاتی هەبێ بەڵکو پنتە چەمکە بەم مانایەی کە لاکلاو بەکاری دێنێت، واتا هەمیشە خاوەنی فرەماناو فرە ڕۆڵە لەساتە مێژویەکاندا، بەم شێوەیە لەکۆمەڵگای ئێمەدا بەهۆی ئەم پێگەو سروشتە سایکۆلۆژیەکەی، ئەخلاقیاتی ئاینی وەک سەنتەری پەخشکردنەوەی هەژمونی خۆی خستویەتیە کار، بۆیە بەبی ئاشکراکردنی ئەم بنەڕەتە سایکۆلۆژیەو ئەم پێگە ستراتیژیەی کە وەک پنت هەیەتی ئەستەمە لە کارکردەی ڕاستەقینەی میهرەبانی بگەین لەکۆمەڵگای ئێمەدا.
لە کتێبیکی قەبارە بچوکی نایابدا دەربارەی میهرەبانی هەر یەکە لە دەرونشیکاری بەریتانی ئادەم فلیپ و مێژونوسی کەنەدی باربرا تایلەر پرسیارێکی سادە دەکەن، بۆچی چەمکی میهرەبانی لای مرۆڤی مۆدێرن لە کۆمەڵگا خۆرئاوایەکان چیتر چەمکێکی سێنتڕاڵ نیە؟ بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکاریە ڕادیکاڵە ئەم دوو نوسەرە لەڕێگای لێکۆلینەوەی مێژوی و تیۆرەی دەرونشیکاری بەوردی سەرنجی فۆڕمەڵەبون و ئەم گۆڕانکاریانە دەدەن کە بەدرێژای سەدەکانی نێوەڕاست و چاخی ڕۆشنگەری تا دەرکەوتنی دەرونشیکاری فرۆیدی بەسەر چەمکەکەدا هاتوە.
دوابەدوای پێشەکیەکی کورت دەربارەی ڕۆڵی فەلسەفەی یۆنانی و ئەخلاقیاتی مەسیحی لە فۆڕمەڵە بونی چەمکی میهرەبانی، نوسەرانی ئەم کتێبە فۆکەسیان لەسەر دوو قۆناغە کە هەردوکیان بەشێوەیەکی زۆر ڕادیکاڵ کاریگەریان داناوە لەسەر فۆڕمەڵەبونی چەمکی میهرەبانی تا بەزەمەنی ئێستا دەگات. قۆناغی یەکەم بریتیە لە لە هەژمونی کتێبی لیڤاتانی تۆماس هۆبز (1588-1679) و قۆناغی دوەمیش بیرمەندانی ڕۆشنگەرین (سەدەکانی 17-18).
کاریگەری هۆبز کاریگەریەکەی یەگجار گەورەو ڕادیکاڵە لەسەر چەمکی میهرەبانی چونکێ میهرەبانی بۆ یەکەم جار لەدەرەوەی هەژمونی ئەخلاقیاتی ئاینی نزیک دەبێتەوە لەمەی کە ماناو فۆڕمێکی سایکۆلۆژیانە وەربگرێت. گرنگی هۆبز لەمەدابو کە چەمکەکانی خۆپەرستی و شەڕانگێزی لە خراپەکاریەکی مۆڕاڵیەوە گواستەوە بۆ فاکتی سایکۆلۆژی، ئەم ڕەفتارانە کە ئەخلاقی ئاینی بە وزەو هێزی دەرەکی و شەیتانی دای دەنان، هۆبز بەغەریزەی سەرەتای و سروشتی مرۆی پێناسەی کردن. هۆبز لە لیڤاتان مرۆڤێکی تەواو جیاواز خەلق دەکات بەبەراورد بە مرۆڤی کرستیانێتی بەمەی خۆپەرستی و شەڕانگێزی بەشێکن لەم مرۆڤە، مۆڕاڵیشی بەتەواوی لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی زۆرترین بڕی چیژ دامەزراوە، ئەم پرۆسەیەش پاڵنەرەکەی بریتیە لە دەسەڵات و ئیگۆسەنتریزم. بەم شێوەیە فەلسەفەکەی هۆبز بوە پیشەنگی ئەم بزوتنەوە فەلسەفیانە کە پێیان وایە بەدەست هێنانی زۆرترین بڕی چێژ بەرزترین ئامانج و پاڵنەری تەواوی کردە مرۆیەکانە، هەڵبەتە ئەم تیۆرەی هۆبز بۆ ئەخلاقیاتی مەسیحی لێدانێکی کوشندەبو کە بنەڕەتی خۆی لەسەر سەرکۆنەکردن و ڕەتکردنەوەی چیژ و بەناسروشتی دانانی خۆپەرستی و شەڕانگێزی بونیات نابو. بەهۆی ئەم ڕوانگە ڕادیکاڵەیەوە تیۆرەکەی هۆبز دەبێتە سەرەتایەکی پڕ لە مشتومڕو ناکۆکی کە لەلایەک بوە هۆی سەرهەڵدانی ئەدەبێکی بەرفراوان و چڕ کە چیتر وەک هەڕەشەو خراپەکاری سەیری بەدەستهێنانی چێژو لەزەتی دونیای ناکرێت، بەڵکو بەشێکی زۆری بیرمەندان لەنێوانیاندا ڕەمزە دیارەکانی ڕۆشنگەریش بەدەست هێنانی چێژ و هەستی خۆپەرستی وەک بزوێنەری بەشێک لە ڕەفتارە مرۆیەکان و بەشێکی سروشتی لە پێکهاتەی کاراکتەری مرۆیی سەیردەکەن، تەنانەت بەشێک لە رۆشنگەران وەک بزوێنەری تەواوی ڕەفتارە مرۆییەکان دایاندەنێن. لەلایەکیتریشەوە بزوتنەوەیەکی گەورەی سەر بە ئەخلاقیاتی کرستیانێتی دژ بەم تیۆرەیە وەستانەوە و بە نائەخلاقی و دژە مرۆی وسفیان کرد، بەشێکیتر لە بیرمەندە نائاینیەکان ئەم تیۆرەیان وەک کاردانەوەیەک وەسف کرد بەرامبەر بە کارەساتی شەڕی نێوخۆی لە ئینگلاند، هۆبز لەوەڵامی ئەخلاقیاتی کرستیانی لە تیۆرەکەی تەنها وتی، دژ وەستانەوە لەبەرامبەر سروشتی ئینسانی هیچ سودێکی نیە، ناشتوانین بەهۆی ڕەفتارەکانی مرۆیی سروشت لەخودی خۆیدا تاوانبار بکەین، هیچ ئارەزو یان هەستێک لەخودی خۆیاندا خراپەکار نین. دەربارەی بچوکردنەوەی تیۆرەکە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەڕوداوێک، پێویستە ئەوەمان لەبەرچاوبێت کە تیۆرەکەی هۆبز زۆر زیاترە لەمەی بەتەنیا قەتیس بکرێت لە کاردانەوە بەڕوی ڕوداوێکی مێژویی، بەپێچەوانەوە تیۆرە فەلسەفیەکان هەمیشە شتانێکی زۆر زیاترمان پێ دەڵێن لەخودی ڕوداوەکە، تەنانەت دەکرێت کۆی ئەخلاقیاتێک لە زەمەنێکی بەرفراوان بەدەربخات کە بۆ خودی کۆمەڵگاکەش لەم سات و کاتەدا ئاشکرا نیە، بەم جۆرە هۆبز دەستپێشخەر بو لە دەرخستنی ئەم ڕاستیەی کە ئەم ئەخلاقیاتە دینیەی حوکمی دەکرد دەیەویست لەژێر ماسکی ساختەی میهرەبانی حەقیقەتی مرۆی بشارێتەوە، ئەم هەقیقەتەی کە هۆبز وەک مەیدانی جەنگی گوزارشتی لێکرد، دۆخێک کە خۆپەرستی و شەڕانگێزی سروشتی ئاسایی ئینسانەکانن.
دوهەمین قۆناخ کە کاریگەری ڕادیکاڵی لەسەر چەمکی میهرەبانی دروستکرد ئەم ماوە زەمەنیەیە کە بزوتنەوەی ڕۆشنگەری تیایدا ژیان دەکات.
هەڵبەتە کاریگەریەکانی پڕۆسەی ڕۆشنگەری لەسەر چەمکی میهرەبانی لەدوای هۆبز کاریگەریەکی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە بوە، دوای ئەوەی چەمکەکە لەدوای لیڤاتان لەژێر هەژمونی کرستیانێتی جارێکیکە دەگەڕێنرێتەوە نێو چوارچێوە مۆڕاڵیەکانی، بۆ زەمەنێکی زۆر لە سروشتە سایکۆلۆژیەکەی دادەبڕێنرێت و خزمەت بەئاین دەکات، ئەم دۆخە درێژە دەکێشێت تاوەکو گەشەی بزوتنەوەی ڕۆشنگەری کە لەسەر دەستی چەند بیرمەندێک جارێکیتر چەمکی میهرەبانی ڕوانگە فراوانەکەی خۆی وەردەگرێتەوە و بۆ هەتایە لە مۆڕاڵی ئاینی دوردەخرێتەوە.
دوابەدوای داکشانی هەژمونی هۆبز کاریگەری کرستیانێتی ئەوەندە بەهێزە تەنانەت هەژمونی گەورەی ڕۆشنگەریش لەسەرەتادا بە ئاسانی ناتوانێت بەتەواوی دەستکاری سنورە مۆڕالیەکانی بکات، بەجۆرێک لە سەدەکانی هەژدەو بەشێکی سەدەی نۆزدە چەمکی میهرەبانی هەرگیز هەست و سۆزێکی تاکە کەسی نەبوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەشی زۆری بیرمەندانی ڕۆشنگەری لەقۆناخە سەرەتایەکان باوەڕیان وابو کە تاکەکەس و ئەوانیتر شتێک نین لەیەکتری جیابکرێنەوە بەڵکو بەتەواوی بەنێو یەکداچونە، بۆ ئەم تێڕوانینە مرۆڤ لە ئەزەلدا بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بو، تەنانەت فەیلەسوفی سکۆتلەندی دەیڤید هیوم لە کتێبەکەیدا ( وتارێک دەربارەی سروشتی مرۆڤ ) دەربڕین و ئاڵوگۆرکردنی هەست و سۆز لەنێوان خەڵکی بە دەنگی ژێیەکانی کەمان دەچوێنێت کە هەر تاکێک ئازارو خۆشی ئەوانیتر زایەڵە دەکات وەک ئەوەی هەر بەڕاستی ئازرو خۆشی ئەم بن. ئادەم سمس لە کتێبی تیۆرەی بەها ئەخلاقیەکان (1759) زۆر زیاتر لە هیوم پێداگیری لەسەر ئەم لایەنە کۆمەڵایەتیەی هەست و سۆزەکان دەکات بەمەی ژیانی کۆمەڵایەتی بریتیە لە دەرچونی تاک لەخود بۆ بون لەگەڵ ئەوانیتر لە ڕێگای جیهانی هەست و سۆزەکانەوە، بەجۆرێک ئەم ژیانە کۆمەڵایەتیە وادەکات کە ئێمە لە هەندێک ڕوانگەو پێوەرەوە ببین بەیەک کەس، ئادەم سمس بەرهەمی ئەم ستایلە بەیەکەوەبونە ناو دەنێت هەستی هاوخەمی. هەڵبەتە ئەم تیۆرەی ئادەم سمس و هیوم بەتەواوی لەسەر دژایەتی دونیابینی هۆبزی وەستاوەتەوە کە مرۆڤ بە بونەوەرێکی خود سەنتەرو خۆپەرست پێناسە دەکات، هەروەها دژی دونیابینی قۆناخی بەر لە کرستیانێتیە بەتایبەتی دونیابینی ئیپیکوریزم و ئەرستۆی کە هەردوکیان لەسەر ئەمە کۆک بون میهرەبانی خودخۆشەویستیە ئاراستەی دەرەوە دەکرێت، بەهۆی ئەمەی مرۆڤ بەردەوام ترسێکی ناوەکی لەگەڵیایەتی ئەوەی بۆ ئەوانیتر ڕودەدات ڕەنگبێ بۆ ئەمیش ڕوبدات، بۆیە وەک چارەیەکی پراگماتیکی میهرەبانی پێشکەش دەکات و هاوخەمی لەگەڵ ئەوانیتر دەنوێنێت.
ڕۆسۆ یەکێکیترە لە بیرمەندە هەرە مەزنەکانی ڕۆشنگەری کە پێگەیەکی یەگجار مەزنی بەخشیوەتە ژیانی تاک و تاکگەرای ( ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەمیشە تاوانبار دەکرێت بە بیرمەندی دەستەجەمعی و ژیانی کۆمەڵایەتی تا دەگات بە داشکاندن لە مافی تاک لە پێناو کۆمەڵگا، بەڵام ئەمە هەرگیز ئەم بەرگریە گەورەیەی ڕۆسۆ لە تاکگەرای و کەشفە مەزنەکانی جیهانی تاک ون ناکات کە بەسەرەتاکانی دەرکەوتنی زانستی سایکۆلۆژی دادەنرێن) ڕۆسۆ یەکێکە لەم بیرمەندانەی کە مرۆڤ بە بەرهەمی بەنێویەکداچونی جیهانی تاک و جیهانی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات، واتا ئەم بونەوەرە لەیەک کاتا خاوەنی دوو جیهانە یەکیان تەواو ناوەکی و سەربەخۆیە یەکیشیان سەر بەجیهانی کۆمەڵایەتیە، بەڵام هەریەکەیان ئەویتر بەرهەم دەهێنێت، واتا هیچ کامیان ناتوانێت بەبێ ئەوەی تر بونی هەبێت، ڕۆسۆ لە دانپیانانەکانی (1782) دەڵێ من تەنها ئەم کاتە مامۆستاو سەروەری خۆم کە تەنیام، بەڵام لە هەمان کاتیشا ئەوە ڕون دەکاتەوە کە مرۆڤ بونەوەرێک نیە کە لەدایک ببێت بەڵکو دروست دەکرێت، هەر مرۆڤێک چەپکێک ئەگەرە بەڵام ئەم ئەگەرانە تەنیا ئەم کاتانە دەبن بە واقع و بەدیدەهێنرێن کە ئەوانیتریش چاڵاکانە بەژداربن، واتا بەبێ ئەمانی تر بونی تاک ئەگەرێک نیە بتوانرێت بەدیبهێنرێت، بەم جۆرە خود بەدیهێنان و دروستکردن کردەیەکی تەواو کۆمەڵایەتیە. سەرەڕای ئەمەی کە ڕۆسۆ پێداگیری لەسەر ئەم بونە کۆمەڵایەتیە دەکاتەوە بەمەی کە بونی ئێمە بونێکی ڕێژەی و کۆمەڵایەتیە و بونی ڕاستەقینە لە ناو خودی ئێمەدا نیە بەڵکو کردەیەکی کۆمەڵایەتیە لەدەرەوە دروست دەکرێت، بەڵام ئەم بونە کۆمەڵایەتیە لە خودی خۆیدا پڕۆسەیەکی پۆزەتیڤ نیە بەڵکو خاڵە گرنگو ئەساسیەکە لەوێدایە کە هەر ئەم بونە کۆمەڵایەتیەیە کە مرۆڤ دەکات بە بونەوەرێکی خۆپەرست و ئیگۆسێنتەر، کاتێک ڕۆسۆ وتە نێودارەکەی ڕادەگەێنێت بەمەی کە کۆمەڵگا لە بنەڕەتدا بونیاتێکی گەندەڵی هەیە ئاماژە بەمە دەکات کە مرۆڤ کاتێک لەدایک دەبێت لە بنەڕەتدا بونێکی باش و هاوسۆزی هەیە بەڵام کۆمەڵگا دەیگۆرێت بۆ دڕندەو خۆپەرست، ڕۆسۆ ئەم بون بە دڕندەییە بە کردەیەکی بەرپێ نەگیراو دادەنێت و پێی وایە مرۆڤ تا زیاتر تێکەڵ بە کۆمەڵگا بێت و شارستانیتر بێت زیاتر دڕندەتر دەبێت و لەسروشتی میهرەبانی خۆی دوردەکەوێتەوە، بۆیە لە کتێبی ئەمیل (1762) ڕۆسۆ لێکۆلینەوەی ئەمەدەکات چۆن مرۆڤێک بونیات بنێت کە لەڕێگەی غەریزە سروشتیەکانی بەژداری کۆمەڵگا بکات نەوەک لەڕێگەی نەریتە کۆمەڵایەتیەکانەوە، بەکورتی بەرهەم هێنانی مرۆڤێک کە سۆزو بەزەیی وەک بەشێکی درێژکراوەی خۆپەرستی نەبینێت، مرۆڤێک کە بەتەنیا لەسەر بنەمای سودو قازانج سەیری ئەمانی تر نەکات بەڵکو وەک بەشێک لە پڕۆسەی بونیاتنانی خۆی سەیریان بکات، واتا بونیاتنانی ئەم زیهنیەتە کە بنەڕەتی بریتیە لەم باوەڕەی کە بەبێ بونی ئەمانی تر بونی ئێمە ئەستەمە. ڕۆسۆ پێداگرە لەسەر ئەمەی کە بەدیهێنەری ئەم پڕۆسەیە بریتیە لە چەمکی میهرەبانی، کە ئەم بە تاکە پردی پەیوەندی گوزارشتی لێدەکات کە جیهانی کۆمەڵایەتی سەرڕێژ لە خۆپەرستی بە جیهانی پۆزەتیڤ و خۆشەویستی تاک گرێدەدات، ئەم پێی وایە بەبێ دڕێژکردنەوەی ئەم بەشە پۆزەتیڤە سروشتیەی مرۆڤ ئەستەمە بتوانین کۆمەڵگا لەم گەندەڵیە پاک بکەینەوە کە بەهۆی خۆپەرستی و کێبڕکێوە توشی بوە، چونکێ تەنیا بونێک دەتوانێت سۆزو بەزەیی لەگەڵ ئەمانیتر بەشبکات کە خاوەنی خۆشەویستیەکی تەندروست و سروشتیانە بێت بۆ خودی خۆی کە ئەمەش بەتەنیا لە غەریزە قوڵەکانی سروشتی مرۆڤدایە پێش ئەوەی ببێتە بونێکی کۆمەڵایەتی، بۆیە میهرەبانی دەبێتە ئەم پردەی کە غەریزە سروشتیەکان و پڕۆسەی شارستانیەت (بەکۆمەڵایەتی بون) بەیەکەوە دەبەستێتەوەو بەم جۆرەش لە گەندەڵی ڕزگارمان دەبێت.
بەڵام کۆی ئەم تیۆرانە ڕوبەڕی فاکتێکی بەهێز دەبنەوە کە ڕەتکردنەوەی ئەستەمە، ئەمیش بریتیە لەم ڕاستیەی کە بون لەگەڵ ئەمانیتر لەڕێگای میهرەبانیەوە پڕۆسەیەکە کە تەنیا لە ڕێگای خەیاڵکردن و فەنتاسیاوە دروست دەبێت، واتا گواستنەوە لە خود بۆ دەرەو و خۆهاوشوناسکردن لەگەڵ ئەمانی تر، ئەمەی کە کەسێک خۆی بخاتە شوێنی کەسێکی ترو هەست بەهەمان ئەزمونی ناخۆشی و بەزەیی هێنەری ئەم بکات، تەنیا لە ڕێگای فەنتاسیا ئەگەری بەدیهاتنی هەیە، بەڵام گرفتەکە ئەمەیە کە مرۆڤ بونەوەرێکە ناتوانێت بە تەنیا لەڕێگای هاوسۆزی و بەزەی بونی خۆی بپارێزێت، بەڵکو ناچارانە دەبێت گومان بکات، کێبڕکێ غەریزەیەکی سروشتیە لەپێکهاتەی دەرونی ئەم بونەوەرە، ناتوانێت بەتەنیا خۆشەویستی هەبێت بەرامبەر بە هاوڕەگەزەکانی خۆی، بۆ نمونە زۆر ئاستەمە مرۆڤ بتوانێت هاوسۆزی بنوێنێت لەگەڵ ئەم کەسانەی کە لەم خۆشعاڵترن، بەپێچەوانەوە ئەمانی تر لەساتی خۆشعالی هەستی ئیرەی و ڕقی لادروست دەکەن نەوەک میهرەبانی، یان کەسێک کە لەڕوی سێکسیەوە سەرنج ڕاکێشە یان هەست و سۆزمان دەبزوێنێت بۆ خۆشەویستی ئەگەر مل نەنێت بە ئارەزوەکانمان ئەوا بەدڵنیایەوە ڕوبەڕوی رقی ئێمە دەبێتەوە نەوەک میهرەبانی. بۆیە ئەم ئاڕاستە فەلسەفیەی ڕۆشنگەری کورت دەهێنێت لە تێگەیشتنی تەواو لە چەمکی میهرەبانی و کارکردەکانی.
دوابەدوای ئەم ئاڕاستەیەی سەرەوە شەپۆڵێکی پێچەوانەی ئەم دونیابینیە گەشەدەسەنێت کە ناودارترینیان تۆماس ماڵتۆسە کە لەساڵی 1798 لە وتارە بەنێوبانگەکەیدا ( بنەماکانی دانشتوان ) پێگەی خودپەسەندی بەرزکردەوە بەسەر میهرەبانی و بە سودبەخشترو لەپێشینەتری دانا بۆ کۆمەڵگەی مرۆی، لە وتارەکەیدا وتی ڕاستە میهرەبانی یەکێکە لە باشترین فەزیلەتەکانی دڵی مرۆیی بەڵام خودسەنتەری egoism)) مەکینەی تەواوی پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگای مرۆییە، تەنانەت پێی وابو کە کۆمەڵگای مرۆی بەتەنیا قەرزارباری هەستی خۆشویستنی خودە کە پاڵنەری تەواوی هەوڵو کردە نایابەکانی بلیمەتی مرۆییە. هەڵبەتە ئەم بۆچونە وەک دیارە زیاتر لەلایەن بیرمەندە ئابوریناسەکان زیاتر گەشەی پێ دەدرا پێشتریش بەشێوەیەکی سەرەتایانە لەلای ئادەم سمس گەشەی پێدرابو کاتێک لە سامانی گەلان (1776) گەشەی کاپیتالیزم و خودسەنتەری بەدوو پڕۆسەی لێکدانەبڕاو وەسف کرد، بەمەی کاپیتالیزم ئارەزوە کەسیەکان دەگۆڕێت بۆ قازانجی گشتی، بۆیە خود ئەڤینی و خودسەنتەری لەم سیستەمە چیتر هەڕەشە نین بەڵکو سودبەخشن و هاندەرن بۆ سەرهەڵدانی کێبڕکێ و خۆسەلماندن لەڕێگای کاڵاو داهێنانە کەسیەکانەوە، بەمەش لەدەرەنجامدا کۆی خودئەڤینی تاکەکەسە بازرگانەکانە کە دواجار سامانی نەتەوە دروست دەکات، بۆیە پرۆسەی بازرگانی لەنێوان تاکەکەسە خودسێنتەر و خودئەڤینیەکان لە سروشتی خۆیدا میهرەبانیە بەهۆی ئەوەی چاکەی گشتی بەرهەم دەهێنێت. بەمشێوەیە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم بریتی بو لە گۆڕانکاریەکی گەورە لە بنەڕەتە ئاکاریەکانی کۆمەڵگای خۆرئاوایی کە کاریگەرترینیان بریتی بو لەم شوێنگۆڕکێیە لەنێوان میهرەبانی و خودسەنتەری کە بە سەرکەوتن و هاتنەپێشەوەی دوهەمیان کۆتای هات و یەکەمیان لە سەنتەری کایەی ئەخلاق کرایە دەرەوەو بۆ هاتایە پێگەی خۆی لەدەستدا و بو بە مۆڕاڵێکی ئیختیاری کۆمەڵەو گڕوپی دەرەوەی سەنتەر وەک دەستەو تاقمە ڕۆحانی و پیاوە ئاینیەکان، شاعێرانی ڕۆمانتیکی، خۆبەخشەکانی دەزگا خێرخوازیەکان و لەسەروی هەموشیانەوە بو بە مۆڕاڵی سەرەکی ژنان.