شەڕی نێوخۆ بەرەنجامی هەژاری یان غیابی دیمۆکراسیە؟

نەبەز ئەحمەد
  2024-03-14     152

بۆچی ئێمە بە مسۆگەری شەڕێکی ترمان لەپێشە

 

نوسەری ئەمەریکی Barbara Walter لە دواهەمین کتێبی خۆیدا  how civil wars start چۆن شەڕی نێوخۆ دەست پێدەکات بە میتۆدێکی زۆر زانستیانەو داهێنەرانە گەشە بە تیۆرەیەکی گشگیر دەدات دەربارەی شەڕی نێوخۆ و فاکتەرەکانی سەرهەڵدانی لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا. ئەم کتێبە کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبو بەتایبەت لە ئەمەریکا دوای ڕوداوەکانی January 6 کە لایەنگرانی ترامپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس کە بە Capitol attack ناسراوە تەواوی لێکۆلەرەوانی زانستی سیاسیەت و چاودێرانی سیاسی لەدۆخێکی سوپرایز خۆیان بینیەوە و بەتەواوی کەوتنە گومان لە تێگەیشتن لە گۆڕانکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەوەی چۆن هەڕەشەی شەڕی نێوخۆ هێندە نزیک کەوتۆتەوە و بەم قەبارە گەورەیە بونی هەبوە بەڵام کەس هەستی پێ نەکردوە. بڵاوبونەوەی کتێبەکە بە ڕێکەوت ماوەیەکی کەم دوای پەلامارەکەی کۆنگرێس بڵاوکرایەوە لە بنەڕەتدا بریتی نەبو لەکاردانەوەی لێکۆلینەوە لەم ڕوداوانە ،بەپێچەوانەوە ئەم کتێبە بەرهەمی کارێکی چرو ماوە درێژە بۆ تێگەیشتن و بەرهەم هێنانی تیۆرەیەکی گشگیر دەربارەی شەڕی نێوخۆ لە سەردەمی تێکنۆلۆژیادا. سەرنجڕاکێشی تیۆرەکەی باربرە لەمەدایە کە سنوری ئەم ئەدەبیاتە ئەکادیمیەی تێپەڕاندوە کە پێی وایە گەشەکردنی ئابوری و تێکنۆلۆژی، یەکسانیەکی ڕێژەیی کۆمەڵایەتی، هەروەها سەربەخۆیی دادوەری دەبێتە هۆی دورخستنەوەی هەڕەشەی شەڕی نێوخۆ، بەمانایەکی تر ئەم تیۆرە ترادشناڵەی کە پێی وایە وڵاتە پێشکەوتوەکان و ئەم وڵاتانەی کە خاوەن ئابوریەکی بەهێزن بە مسۆگەری لە شەڕی نێوخۆ دورن ئامانجی یەکەمی ڕەخنەکەی باربرە بو. لەبەرامبەر ئەمەدا باربرە گەشە بە تیۆریەکی پێچەوانە و دژ دەدات کە سەنتەری ئارگیۆمێنتەکەی بریتیە لە دانانی پێوەری دێمۆکراسی بونی سیستەمی دەوڵەت و حوکومڕانی وەک تاکە پێوەر بۆ تێگەیشتن و دەستنیشانکردنی ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆ، بەواتایەکیتر ئەم تیۆرەیە دورو نزیکی لە سیستەمی دێمۆکراسی کامڵ وەک تاکە مەرجی سەرەکی ئەگەری بون و نەبونی شەڕی نێوخۆ پێشکەش دەکات، واتا دوورو نزیکی لە دێمۆکراسی بە مانای ئەوەی کە سیستەمەکە سیستەمێکی نیمچە دێمۆکراسی یان ئەنۆکراسی یان نا دێمۆکراسیە. باربرە بەم دەرەنجامە دەگات کە تا سیستمێکی دێمۆکراسی بەهێز و خاوەن ئەزمون بونی هەبێ ئەگەری شەڕی نێوخۆ لاواز و نەکردەیە، بەپێچەوانەکەشی تا سیستمی دێمۆکراسی لەرزۆک و کەم ئەزمون بێت زیاتر و زیاتر ئاگری شەڕەکە خۆشتر دەکات، هەروەها ئەگەر سیستەمەکە نادێمۆکراسی بێت ئەوا ژێرخانی شەڕی نێوخۆ بەپتەوی دادەڕێژێت و ئامادەی دەکات بۆ ڕودانی، سەرەڕای ئەم فاکتەی کە سیستەمە نا دێمۆکراسیەکانی وەک تۆتالیتار و تاکڕەوەکان ڕەنگە بەهۆی هێزی سەرکوتکاریان بۆماوەیەک ڕێگا لە شەڕی نێوخۆ بگرن بەڵام بونی دەکاتە شتێکی بەڵگە نەویست لەداهاتودا، ئەمەش بەتەواوی لەم کاتە بەدی دێت کە پێی دەڵین قۆناخی گواستنەوە، باربرە ئەم قۆناخە بە دایکی سەرجەم شەڕە نێوخۆییەکانی دادەنێت، بەتایبەت گواستنەوە لە نادێمۆکراسی بەرەو دێمۆکراسی زۆر تراژیدیانە ئەگەری شەڕی نێوخۆ دەکاتە بونێکی بەڵگە نەویست.

سەڕەرای ئەم فاکتەی کە سەرهەڵدان و جۆری شەڕە نێوخۆییەکان لەم سەدەیە تەواو جیاوازە بەبەراورد بە سەدەی ڕابردو، بۆنمونە ئەگەری بەیەکدادانی دوو گڕوپی گەورەی چەکداری لە شەڕی ڕاستەوخۆی جەبهەیی کە خاسیەتی شەڕە نێوخۆیەکانی سەدەی ڕابردو بو ئەستەمە لەم سەدەیە تێبینی بکرێت، تەنانەت لەشەڕی نێوخۆی سوریا و عراقیش ئەم خاسیەتە نادۆزینەوە ( هەروەک بینیمان تەنانەت سوپای سوریای ئازادیش لە دەیان گڕوپی بچوک و جیاوازتر پێک هاتبو کە زۆر بەکەمی خاڵی هاوبەشیان هەبو، ئەمە جگە لەدەیان گڕوپی جیاوازتر لەدەرەوەی ئەم ڕێکخراوە، هەوەها لەعێڕاقیش تەنانەت لەنێو سونەو شیعەکانیش دەیان ڕێخراوی جیاواز هەبو کە زۆر دوور و جیاواز لەیەکتری بیریان دەکردەوە)، شەڕە نێوخۆییەکانی سەدەی بیستویەک لەهەر وڵاتێک کە تەشەنە دەسەنێت زیاتر لە گڕوپ و لایەنێک بەژدارە، جۆرەها گڕوپ و کاراکتەری جیاجیا شەڕی یەکتری لەلایەک لەگەڵ دەوڵەتیش لەلایەکیتر دەکەن کە هەریەکەیان ئامانج و داواکاری زۆر جیا لەیەکتریان هەیە و پیادەی شەڕی گەریلای و نانەوەی ئاژاوە لە شارە گەورەکان دەکەن و خەلکی مەدەنیش زیاتر بە ئامانج دەگرن، بەڵام سەرەڕای ئەم ئالۆزیە لە کاراکتەرەکان وەک باربرە ڕونی دەکاتەوە کەچی شەڕەنێوخۆییەکان خاسیەتێکی باڵای هاوبەشیان هەیە کە جەوهەری ناسێنەر و خاڵی بەیەکەوە بەستنەوەی تەواویانە، ئەمیش بریتیە لە کۆمەڵێک نیشانەو ئاماژەی پێش هەڵایسانی شەڕەکە کە دۆخێکی ناسەقامگیر دروست دەکەن لەهەر وڵاتێک بەبێ جیاوازی و تایبەتمەندی پێگە ئابوریەکەی، دواجار هەنگاونان بەرەو شەڕی نێوخۆ دەکەن بە ئەمری واقع. ئەم تیۆرەیە پێشنیاری ئەوە دەکات کە شەڕی نێوخۆ بۆ فەراهەم بون و هەڵایسانی پەیڕەوی لەیەک ڕیتم و ڕەچەتەی تایبەت بەخۆی دەکات، بۆیە دەکرێت بە تێگەیشتن و تێبینیکردنی ئەم ڕەچەتەیە پێشبینی شەڕی نێوخۆ بکرێت لە تەواوی وڵاتانی جیهان، جا ئەمە بۆنمونە لە ئایرلەندای باکور یان لە سوریا، لە ئۆکرانیا یان لە عراق بێت، لە هەرکوێیەک ئەم ڕەچەتەیە ئەم کۆ نیشانەیە دەستنیشان کرا ئەوا ئەم وڵاتە یان ئەم هەرێمە بەرەو شەڕی نێوخۆ هەنگاو دەنیت.

 وەک دەردەکەوێت ڕەنگە هەرکەسێک گومان لەمە بکات کە ڕەچەتەیەکی ئاوا گشگیر چۆن دەکرێت بەسەر وڵاتانی جیهاندا بگشتێنرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیە کەلتوری، سیاسی، ئابوری، جیۆگرافی و کۆمەڵایەتیەکان، بەڵام هەڵبەتە تیۆرەکە بەبی پێرەوکردنی میتۆدی زانستی بەم دەرەنجامە نەگەیشتوە، سەڕەڕای ئەوەی کە باربرە واڵتەر خۆی پرۆفێسۆری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانە لە زانکۆکانی کالیفۆرنیا و ساندیاگۆ، لەهەمان کاتیشا ئەندامێکی چاڵاکی پڕۆژەی توێژینەوەی PITF بو کە دەزگایەکی فەرمی حوکومەتی ئەمەریکایە یان دەتوانین بڵێین بەشێکە لە دەزگای CIA کە بە وردی چاودێری دۆخی سیاسی وڵاتان دەکات بۆ دەستنیشان کردنی فاکتەرەکانی تەشەنەسەندنی نائارامی و شەڕی نێوخۆ ( هەڵبەتە کاری سەرەکی ئەم دەزگایە ئەوەیە بەر لەڕودانی شەڕی نێوخۆ ئەم دەزگایە دەبێ بە دوو ساڵ پێشتر پێشبینی شەڕەکە بکات) ، ئەم دەزگایە تا ئێستا توانیویەتی زۆر بەوردی چەند ساڵێک بەر لە ڕودانی شەری نێوخۆ ئەم وڵات و هەرێمانە دەستنیشان بکات کە بەرەو شەڕی نێوخۆ و نائارامی هەنگاویان ناوە، بۆ نمونە هەر زوو پێشبینی شەڕی نێوخۆی یۆگسلاڤیایی کرد و دوای ئەمەش تا ئێستا بە باشترین سەرچاوەی تێگەیشتن لە سەرهەڵدانی نائارامیەکان و دەستنیشانکردنی دەوڵەتە شکستخواردوەکان دادەنرێت لە تەواوی جیهاندا. ئەم دەزگایە لە پێوەرە ستاندارەکانی خۆیدا بۆ دەست نیشانکردنی دورو نزیکی لە نائارامی و ئاژاوە پشت بە کۆمەڵە دەیتایەکی زۆر گەورەو بەرفراوان دەبەستێت کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە تەواوی ئامارەکانی شەڕو نائارامیە نێوخۆییەکانی وڵاتانی تۆمارکردوە لە تەواوی جیهان، جەوهەری ئەم زانیاریەی کە لەم دەیتایە دەست کەوتوە ئەوەیە کە ئامارەکان ئەوە دەسەلمێنن دورکەوتنەوە لە دێمۆکراسی و هەنگاونان بۆ نزیک بونەوە لە نادێمۆکراسی (کە تەواوی سیستمە تاکڕەو و تۆتالیتارو دکتاتۆرەکان و نیمچە دێمۆکراسیەکان دەگرێتەوە) نائارامی و شەڕ لەگەڵ خۆیدا دێنێت، هەڵبەتە بۆ زۆر کەس ئەمە دۆزینەوەیەکی نوێ یان سەرنج ڕاکێش نیە، بەڵام ئەوەی مایەیی سەرسوڕمانە ئەم ئامارانە لەهەمانکاتدا ئەمەش دەسەلمێنن کە وەرگەڕان و هەنگاونان لە نادێمۆکراسی بەرەو دێمۆکراسیەت واتا پڕۆسەی بە دێمۆکراسی بونیش هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی نائارامی و شەڕەنێوخۆییەکانە، بەجۆریک لەگەڵ خێرابون و گەشەکردنی پڕۆسەی دێمۆکراسی، پڕۆسەی شەڕە نێوخۆییەکانیش گەشەیانکردوە، لە ساڵی 1870 بە نزیکەیی هیچ وڵاتێک شەڕی نێوخۆی نەبوە، بەڵام تا ساڵی 1992 زیاتر لە 50 وڵات شەڕی نێوخۆیان هەبوە.

بۆ دەستنیشانکردنی پێوەری دێمۆکراسی و تاکڕەوی(autocracy) و نیمچە دێمۆکراسی (anocracy) دەیتا سێتەکە پێوەری رێکخراوی polity project at the centre for systemic peace بەکار دەهێنێت کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و پێوەرەکەی بەم جۆرەیە: پێوەرەکە لە میزانێکی 21 خاڵ پێک هاتوە کە تیایدا -10 بریتە لە سیستمێکی زۆر تاکڕەو و تۆتالیتاری، لەبەرامبەردا +10 بریتیە لە سیستمیکی زۆر دێمۆکراسی. ئەم وڵاتانەی کە پێیان دەوترێت دێمۆکراسی تەواو ئەم وڵاتانەن کە ئەم ڕێکخراوە لەنێوان +6 بۆ +10 خاڵی پێداون، وڵاتانی وەک سکەندەناڤیەکان و نیوزیلاند و کەنەدا نمونەی ئەم وڵاتانەن. ئەم وڵاتانەشی کە خاڵەکانیان لەنێوان -6 بۆ -10 دایە ئەوا بە سیستمی تاکڕەو و ئۆتۆکراتی دادەنرێن، وڵاتانی وەک کۆریای باکور و سعودیە و بەحرێن نمونەی بەرچاون. ئەوەی کە گرنگ و مایەی بایەخپێدانە ئەم وڵاتانەن کە خاڵەکانیان دەکەوێتە نێوان -5 بۆ +5 کە ئەم وڵاتانە پێیان دەوترێت ئەنۆکراسی یان نیمچە دێمۆکراسی یان لە هاتوچۆدان لەنێوان دێمۆکراسی و تاکڕەوی، تورکیای هاوسێمان نمونەیەکی قەشەنگی ئەنۆکراسیە.

PITF بە پشت بەستن بەم دەیتاو پێوەرانە بەم ئەنجامە گەیشتوە کە سیستمی ئەنۆکراسی (واتا نە دیمۆکراسی نە تاکڕەوی یان نیمچە دێمۆکراسی) ژینگەی لەبارو گونجاوە بۆ بەرهەم هێنانی شەڕی نێوخۆ، هەر وڵاتێک خاڵەکانی نزیک ببێتەوە لەم سیستەمە ئەوا بەدڵنیایەوە هەنگاوەکانی نزیکە لە ئاژاوەی نێوخۆی، لەبەرامبەریشدا دیمۆکراسی کامڵ و تاكڕەوی ڕەها لەشێوەی تۆتالیتارو دکتاتۆریەت ژینگەی لەبار نین بۆ شەڕی نێوخۆی، چونکێ لە یەکەمیان تەواوی گڕوپ و کاراکتەرەکان دەرفەتی بەژداریان هەیە لە حوکومرانی و بەژداری سیاسی،  لە دوهەمیشیان هیج گڕوپ و لایەنێک ڕێگای پێ نادرێت دروست ببێت یان یاخی ببێت بەمەش لەڕێگای زۆرداری ڕەها سەرجەم دەنگە جیاوازەکان سەرکوت دەکرێن. ئەنۆکراسی بەهۆی ئەم خاسیەتە تایبەتیانەی کە هەیەتی تاکە خزمەت بە سیستەمی سیاسی بکات ئەوەیە کە ئاژاوە بەرهەم دەهێنێت، هۆکارەکانی پشتی ئەمەش زۆرن بەڵام سەرەکیترینیان بریتین لەمەی کە لەم سیستەمە هەمیشە دۆڕاو و براوەی یەکلا کەرەوە هەیە، لەبەر ئەوەی گۆڕانکاریەکان لەم سیستەمە یەکلاکەرەوە و ڕادیکاڵن بەوەی هەر هێزێک کە دەسەڵات دەگرێتە دەست سیستەمی حوکومرانی لە هێڵی ناوەڕاست بەرەو جەمسەرێکی جیاواز دەبات، یان بەرەو پڕۆسەیەکی دێمۆکراسی خێراو بەپەلە یان بەرەو تاکڕەویەکی زۆر توند بۆ سەرکوت کردنی تەواوی دەنگە ناڕازیەکان، بۆیە ئەگەر سەیری نمونە واقعیەکان بکەین دەبینین تەواوی هەوڵەکانی پڕۆسەی بەخێرای بە دێمۆکراسی کردن هەمیشە شەڕ و پشێویەکی تری نێوخۆییان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەم حوکومەتەی کە ئەم هەوڵە دەدات لاواز و کەم هەژمونە لەڕوی سیاسی و سەربازی و دەستوریەوە، لەهەمان کاتیشا پێویستی بە سەرکەوتنی خێراو یەکلا کەرەوە هەیە، بەڵام بەوەی نوێیە لەپراکتیکردنی دەسەڵاتدا بۆیە هەژمونی کەمە و گڕوپە نارازیەکان ئەوانەی کە زیانمەندی پڕۆسەکەن ئاسان دەتوانن لێی یاخی ببن، لە دۆخی بەرەو تاکڕەویش هەمان دیاردە دوبارە دەبێتەوە، بەوەی ئەم حوکومەتەی کە دەیەوێت دەسەڵات بەرەو تاکڕەوی بەرێت بەهۆی ئەوەی کە تازەیە دەسەڵاتی بەهێز و توندی نیە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بسەپێنێت و ناڕازیەکان سەرکوت بکات و دلسۆزی خەڵکی بەدەست بێنێت بۆیە یاخی بون ئاسانترە لێی پێش ئەوەی شوێن پێگەی خۆی قایم بکات.

هەڵبەتە تەواوی تیۆرەکەی باربرە بەرەو ئەم ئاراستەیە هەنگاو دەنێت کە فاکتەرە سیاسیەکان بەتایبەت دورو نزیکی لە سیستمی دێمۆکراسی بەوەی هاوڵاتیان تا چەند دەتوانن داواکانیان لە ڕێگای سیستمی سیاسی بگەێنن و توانای دەسەڵاتی خۆیان لەم ڕێگایە تاقی بکەنەوە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە سەقامگیری نێوخۆی و دور و نزیکی لە شەڕی نێوخۆی، ئەم تیۆرەیە پشت دەکاتە فاکتەرە ئابوریەکان کە ئەدەبیاتێکی گەورە کار لەسەر ئەمە دەکات. تەواوی نمونە واقعیەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە بەدرێژای مێژوی مرۆڤایەتی هاوڵاتیان دەتوانن بەرگەی نەهامەتی و هەژاری زۆر سەخت بگرن، دەتوانن بەرگەی ئازار و ناعەدالەتی بەئێش بگرن، لەزۆر دۆخ و سەردەمدا قبولی سەختی و دواکەوتن بکەن، بەڵام تاکە شتێک کە هەرگیز ناتوانن بەرگەی بگرن ئەویش لەدەستدانی ئومێدە، ئەم دۆخەی کە سەرچاوەی تەواوی ڕاپەرین و یاخی بونەکانە، وزەی گەورەی خەلکە کاتێک سەیری داهاتوی خۆیان دەکەن جگە لە نائومێدی شتێکی تر نیە جگە لە ئازاری زیاتر شتێکی تر چاوەڕێیان ناکات، لەدەرەنجامدا دەست بۆ هەمو شتێک دەبەن و یاخی بون و ئاژاوە دەبێتە تاکە سەرچاوەی گۆڕین و ڕزگاربون لەم دۆخە. باربرە زۆر هۆشیارانە فاکتی سیاسی پێش ئابوری دەخات و پێداگیری لەسەر ئەمە دەکات کە لە خراپترین دۆخی ئابوریش خەلک ئومێد لەدەست نادات چونکێ مرۆڤ بەسروشت بونەوەرێکی ئومێدخوازە، مرۆڤ باوەڕ بەخۆی دەهێنێت کە شتەکان لەداهاتو باشتر دەبن هەرچەندە دۆخەکە زۆر کارەساتە لە ئێستایا کەچی بەهەوڵدان دەتوانرێت باشتربکرێت، هەر ئەمەشە وادەکات بەرگەی واقع بگرن، بەڵام بەتەنیا ئەمە بەس نیە، بۆ ئەوەی ئومێد ببێتە هۆی قبولکردنی دۆخە سەختەکە ئەوا نادڵنیای دەبێ هەبێ، پێویستە سیستەمی سیاسی تەواوی ئەگەرەکانی خۆی دەرنەخستبێ، دواهەمین هەوڵ و ئەگەرەکانی نشان نەدابێت پێویستە خەلک چاویان لە نادیار بڕیبێت و ئومێد بکەن، بەڵام هەرکات هاوڵاتیان بۆیان دەرکەوت سیستەمەکە چیتر ئەگەر و ئومێدی تری لەخۆیدا هەڵنەگرتوە ئیتر دەست بۆ یاخی بون و توندوتیژی درێژ دەکەن.

هەڵبەتە بەسەیرکردنێکی خێرای دەرەنجامەکانی ئەم تیۆرەیە بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمە لە باشوری کوردستان بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەرەو تەقینەوەی شەڕێکی تری نێوخۆی دەچین، هەڵبەتە دەرەنجامەکان بۆ هەمومان ئاشکران کە شەڕی یەکەم نەبۆتە هۆی یەکلاکردنەوەی گرفتە سیاسیەکە، ئەزمونی ڕابردوش پێمان دەڵیت کە هەر شەڕێک بەرهەمی شەڕێکی ترە کە تەواو نەکراوە، واتا براوە و دۆڕاوی یەکلاکەرەوەی تیادا نەبوە، بەگوێرەی ئامارێکی بانکی جیهانی سێ لەچواری شەڕە نێوخۆیەکان کە ڕویانداوە بەشێک بونە لە شەڕێکی پێشوتر کە تەواو نەکراون (مەبەست لە تەواو نەکران ئەوەیە کە هیج لایەنێک براوە نەبوە یان گرفتەکە چارەسەرنەکراوە کە بۆتە هۆی هەڵایسانی شەڕ)، لەهەمان کاتیشا هەر وڵاتێک توانیبێتی ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی ئەم شەڕە بکات ئەوا بەهۆی ئەوە بوە کە شەڕی یەکەم بەلاداخراوە و لەهەمان کاتیشا ئاستی سیستمی دێمۆکراسیش بۆ دوو ئەوەنە بەرزکراوەتەوە. ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت جگە لەمەی کە ئەم دوو هێزە واتا پارتی و یەکێتی نەیان توانی شەڕی یەکەم بەلادابخەن و حوکومڕانیەکی ئۆتۆکراسی دابمەزرێنن دواجار بەبێ ویستی خۆشیان لە دۆخی ئەنۆکراسی گیرسانەوە. هەڵبەتە گومان لەمەدانیە کە ئەم دوو هێزە دوو هێزی سیاسی ئۆتۆکراسی و دژە دیمۆکراسین قسەکردن لەسەر ئەمە کۆتای هاتوە و پێم وانیە هیچ مرۆڤێکی خاوەن هۆش لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆبکات، بەڵام لە دەرەنجامێکی نەویستراو و ڕێکەوتنێکی سەیروسەمەرەدا بەسەر سیستمێکی کۆمێدی ئەنۆکراسیدا کەوتون کە هیچ کامیان ناتوانێت بەڕەهای کۆنتڕۆلی دەسەڵات بکات و سیستمیکی ئۆتۆکراسی دابمەزرێنێت، لە هەمان کاتیشا وەک باسمانکرد دژی هەر سیستمێکی دێمۆکراسین و ڕێگری لێ دەکەن، هەڵبەتە ستایلی ئەم ئەنۆکراسیە جیاوازترە لە سیستمی ئەم وڵاتانەی کە خاوەنی ئەنۆکراسی راستەقینەن، بەوەی لەم وڵاتانە دەرفەتی کەمێک گۆڕانکاری هەیە چی بە ئاراستەی دێمۆکراسی یان ئۆتۆکراسی لەگەڵ کەمێک لە مافە سیاسیەکان، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەنۆکراسی فۆرمێکی تایبەتی وەرگرتوە، بۆتە سیستەمێک کە خزمەت تەنیا بە بونی خۆی دەکات، لەشوێنی ئەوەی وەسیلە بێت کەچی خودی خۆی بۆتە ئامانج، ئەنۆکراسی کە لە بنەڕەتدا سیستمێکە لەدەرەنجامی گۆڕانکاری لە سیستەمەکانی تر دروست دەبێت و قۆناخی گواستنەوەیە کەچی لەم فۆڕمەی کە لە باشوری کوردستان هەیە بۆتە فۆڕمێکی سەربەخۆ و تەواوی پەیوەندیەکانی پچڕاندوە لەگەڵ سیستەمەکانی تر، سەرجەم ڕێگاکانی خزانی بە هەرلایەکدا بەتەواوی داخستوە و بەتەنیا خزمەتی یەک ئامانج دەکات ئەویش هێشتنەوەی دۆخەکە لە نێوەڕاست بۆ ئەبەد، واتا ژیان لەسەر پردەکە نەوەک پەڕینەوە بەسەریدا. هەڵبەتە هێشتنەوەی ئەم دۆخە بەم جۆرە یەک دەرەنجامی دەبێت جا ئەمە لە داهاتوی دوور بێت یان نزیک، ئەویش ئامادەکاریە بۆ قۆستنەوەی هەر دەرفەتێکی گونجاو بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕەکە کە یەکلا نەکراوەتەوە بۆ بەلاداخستنی گرفتە سیاسیەکە لەرێگای هێز، بۆیە تا ئەم دەرفەتە دەرەخسێت پێویست دەکات سیستمی حوکومرانی ڕێگەی لێ بگیرێت لەنێوان ئۆتۆکراسی و دێمۆکراسی بەلایکدا بکەوێت چونکێ ئەم دوو هێزە لە هەردو ئەگەرەکە دۆڕاون، دیمۆکراسی یان ئۆتۆکراسی هەرکامیان بێت بونیان دەخاتە مەترسیەوە، هەقیقەتی سیاسی بەجۆرێکە کە هیچ کامیان هێندە بەهێز نین بەتەنیا بتوانێت نەیارەکەی بسڕێتەوە، ناشتوانن بەتەنیا سۆزی تەواوی جەماوەر ڕابکێشن بەهۆی نەبونی هەژمونی سیاسی و سەربازی، بۆیە ئەم دۆخە سیاسیە باشترین وەڵامە کە سیستمی حوکومڕانی تا نزمترین ئاست بێ کاریگەر و بێ هێزبکرێت بۆ ئەوەی هیچ کامیان نە سودمەند نە زەرەرمەندی تەواو بن لە سیستمی حوکومڕانی.

هەڵبەتە ئەم بۆچونەی کە پێی وایە ئەم دوو هێزە لە ئەساسدا بەدوای دروست کردنی سیستمیکی گشگیردا نەبونە زیاتر دو هێزی لۆکاڵی و ناوچەیین بۆچونێکی پڕ گرفتە چونکێ ئەم دەسەڵاتە ناوچەییە کە پارتی و یەکێتی خاوەنداری دەکەن هەرگیز ناتوانێت گەرەنتی بێت و هەست بە ئاسایش و ئارامی بەرهەم بهێنیت بەبێ سەپاندنی سیستمێکی ئۆتۆکرات و گشگیر کە خاڵی بێت لە پێشبڕکێکار، واتا تا یەکێکیان بونی هەبێت ئەوەیتریان ناتوانێت لە ئارامیدا بژێت، هەروەها وەک لە تیۆرەکەی باربرەشدا ئاماژەی پێدراوە هاوسەنگی و هاوتوانایی هێزەکان هۆکارێکی سەرەکیە بۆ هەڵایسانی شەڕەکە بەوەی کە توانایان لەیەک نزیکە بەمەش ئەگەری بردنەوە و دۆڕانیان زۆر بەرزە بۆیە ئەم دوو هیزە ناتوانن یەکتری وەک مەترسی نەبینن. هەڵبەتە ئەمە بۆ هەرکەس ڕونە کە هێزێکی ئۆتۆکرات هەرگیز ناتوانێت هەست بە ئاسایش بکات کە هێزێکیتری ئۆتۆکرات هاوشانی بونی هەبێت و هەڕەشەبێت لەسەری، لەهەمانکاتیشا دوو هێزی ئۆتۆکرات هەرگیز ناتوانن دەسەڵات بەش بکەن، بەڵکو دەرفەتی هەڵایسانی شەر زیاتر دەکەن، تیۆرەی ئاشتی دێمۆکراسی کە تیۆرەیەکی زۆر بەربڵاوە و لە واقعدا بەڵگەو ئەزمونی زۆری هەیە ئاماژە بەوە دەکات کە دەوڵەتە دیمۆکراسیەکان ناچنە شەڕ لەگەڵ یەکتری و کەمترین هۆکار هەیە بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوانیان ڕوبدات بەڵام ئۆتۆکراتەکان زۆرتین هۆکاریان هەیە شەڕ هەڵبگیرسێنن لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ وڵاتە دێمۆکراسیەکان، مێژوش ئەوەی سەلماندە کە زۆرتین شەڕەکان بریتی بون لەم شەڕانەی کە لەنێوان ئۆتۆکراتەکان ڕویداوە یان ئەوان هۆکاری سەرەکی بونە لە هەڵگیرساندنی.

ئەم دۆخە لە ئەنۆکراسی وەک سیستەمی سیاسی کە لە سەرەوە باسمان کرد دەرفەتی چارەسەری ئاشتیانەی بەتەواوی لەنێوبردوە، چونکێ هەر هەنگاوێک بۆ دورکەوتنەوە لەم دۆخە چەقبەستوە دەبێتە هۆی دروست کردنی مەترسی بۆسەر ئەم دوو هێزە، هاوکێشەکە لە نێوان سفر یان کۆی گشتی چەقی بەستوە، هیچ کامیان هەست بە ئارامی و ئاسایش ناکەن لەدەرەوەی دەسەڵات چونکێ یاریەکە دۆڕا و براوەی ئەبەدی تیایە،

 هەڵبەتە ئەمەش ڕونە کە هێزی ئۆتۆکرات بەهەمان لۆژیک لەگەڵ هەر هێزو گڕوپێک مامەڵە دەکات هەرچەندە گروپەکە مەترسی جدیشی نەبێت بۆ کۆنترۆلکردنی تەواوی دەسەڵات چونکێ لەم لۆژیکە تەنیا شوێنی یەک دونیابینی و هێز هەیە، هەر گڕوپێک لەگەڵی نەبێ هەڕەشەیە، بەم شێوەیە هەر هێزێکی تری دەرەوەی ئەم دوو هێزە سیاسیەی هەرێمی کوردستان ئامانجی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری بێت ئەوا جگە لە ڕێگای توندوتیژی و یاخیبون دەرفەتی تری لەبەردەمدا نیە، هەر هەوڵێکی تر لە باشترین حالەتدا کۆمیدیایەکی ناشرینی وەک بزوتنەوەی گۆڕانی لێ دەردەچێت. هەروەک لەسەرەوەش ڕونمان کردوە کە لە ڕوانگەی ئەم تیۆرەوە وزەیەکی بەهێزی پشتی یاخی بونەکان بریتیە لە ئاوابونی ئومێد، نەمانی هەستی دڵنیایی لای هاوڵاتیان کە بارودۆخەکە لەداهاتو گۆڕانکاریەک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئەوەی لای هاوڵاتی گرنگە ئەوەیە هەست بەوە بکەن شتێک دەگۆڕێت لە داهاتودا، گرنگ نیە گۆڕانکاریەکە چەندە سودیان پێ دەگەێنێت بەڵام گرنگ ئەوەیە هەست بەوە نەکەن کە دەرگاکان بەتەواوی داخراون، بەسەیرکردنی دۆخی ڕاستەقینەی دونیای ئێمە لە ئێستایا دوو دۆخی دەرونی هەیە دەربارەی ئومێد، یەکێکیان سەر بەدونیای دوو هێزە ئۆتۆکراتەکەوەیە ( پارتی و یەکێتی ) ئەوەی تریان سەر بەدونیای هاوڵاتیانەوەیە، لەیەکەمیان ئومێد بریتیە لەم دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە دەرفەتی گونجاو دێتە پێشەوە بۆ سڕینەوەی نەیارەکەی و دروستکردنی سیستمێکی سیاسی لەسەر بنەمای دونیابینیەکەی، لە دوهەمینیان ئومێد بریتیە لە نادیارێک لە پانتایەکی ڕەش کە بەمانایەکی تر بریتیە لە نائومێدی، هەڵبەتە لە دێڕەکانی سەرەوە ڕونمان کردەوە ئەم نائومێدیە چی دەگەێنێت و چی بەرهەم دەهێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×