کوردانی بەریتانیا، خێڵی قاچاخچیەکان

نەبەز ئەحمەد
  2022-11-03     858

بازاڕی ڕەش، یەکێک لەهۆکارە بنەڕەتیەکانی چەقبەستوی کەلتوری لای ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا

یەکێک لە دیاردە کۆمەڵناسیەکان کەمایەی هەڵوەستە لەسەرکردنە بریتیە لە بەرپەرچدانەوەی سەرجەم پڕۆسەکانی ئامێزان بون و دەرفەتەکانی نزیک بونەوەی کەلتوریە لای کوردانی نشتەجێی شانشینی یەگرتوی بەریتانیا بەرامبەر بە کەلتوری خۆرئاوایی، هەروەها ڕەتکردنەوەی نزیکەی تەواوی بەهاو نۆڕمەکانی ئەم کەلتورەیە و لەبەرامبەریشدا هەڵوێستی چەقبەستوی و خۆتەریک کردن بۆماوەی نزیک بە سێ دەیە و زۆر بەچڕی دەست گرتن و پابەندبون بەکەلتوری خێلەکی کوردی و ئیسلامیە، ئەم پابەند بونە بەجۆرێکە تەنانەت ڕادەی قۆناخی بەر لەکۆچکردن دەبەزێنێت، بەجۆرێک بەشی زۆری پەنابەرە کوردەکان لەگەڵ گەیشتنیان بەم وڵاتە یەکەمین ئەرکیان نیشاندانی پابەند بونیانە بەکەلتوری خێلەکی کوردی، تەنانەت ئەگەر پێشتر پابەندبونێکی ئەوتۆشیان نەبوبێ بەڵام لەگەڵ کۆچ کردنیان بۆ ئەم وڵاتە سەرجەم هەوڵیان دەبێت بەپارچەیەک لە نمایشی پابەند بون بەم ئەخلاقیاتە. من لەم وتارە دەمەوێت ڕۆڵی بازاڕی ڕەش یان ئەوەی پێی دەڵێن قاچاخچێتی وەک یەکێک لەهۆکارە بەرچاو و واقعیەکان لە وزە بەخشین بەم دیاردە کۆمەڵایەتیە ڕون بکەمەوە، کە چۆن بازاڕی ڕەش کۆڵەکەی سەرەکی دروست بونی ئەم دیاردە کۆمەڵناسیەیە و پاڵنەرە بۆ پەنابەرانی کورد تاوەکو ڕەتی هەرجۆرە نزیک بونەوەیەکی کەلتوری جیاواز بکەن و زۆر بەچڕیش دەست بگرن بە بەهاو ئەخلاقیاتی خۆرهەڵاتی/ئیسلامی.

لێرەدا سێ سەرنج گرنگە کە بیخەینەڕو، یەکەمیان بریتیە لەوەی کە بەنزیکەی تەواوی ڕەوەندی کوردی لە ئەوڕوپای خۆرئاوا بەڕێژەیەکی مامناوەندی هەمان هەڵوێستی کوردانی بەریتانیان هەیە بەڵام جیاوازی هەڵومەرجی سیاسی و ئابوری ئەم دەرفەتەی قورستر کردوە بۆ ئەمان بەبەراورد بە بەریتانیا، ئێمە فۆکەسمان لەسەر بەریتانیایە چونکێ کوردەکانی ئەم وڵاتە زۆر بەچڕی دەمارگیری کەلتوری پەیڕەو دەکەن و دەرفەتی ئاسانتریشیان لەبەردەستە بۆ ئەمە، دووەم، ئەم دیاردە کۆمەڵناسیە لەلایەن تەواوی نەتەوەکانی تری خۆرهەڵاتی نێوەڕاست/ ئیسلامی تێبینی دەکرێت و بەڵام لەم وتارە تەنها فۆکەس دەخرێتە سەر کوردانی بەریتانیا، مەبەستیشمان کوردانی باشورە بەتایبەت، هەڵبەتە کوردانی خۆرهەڵات و ڕۆژئاواش بەڕێژەیەکی نێوەندی هەمان هەڵوێستیان هەیە و کاریگەریشیان لە بازاڕی ڕەش لەهەمان ئاستدایە بەڵام کوردانی باشور دەمارگیرترن و کاریگەریشیان لەبازاڕی ڕەش زیاترە بەجۆرێک تەواو کۆنتڕۆلی بازارەکەیان کردوە و کوردانی پارچەکانی تر لەژێر هەژمونی ئەواندان. سێهەم سەرنج ئەوەیە کە من ئەوەم لەبەرچاوە هۆکاری سایکۆلۆژی، ئایدۆلۆژی و کەلتوری قوڵتر هەن لەپشتی ئەم هەڵوێستەی ڕەوەندی کوردی، کاری جدی و فکری باشیش پێشکەش کراوە لەشێوەی کتێبی ناشوێنی بەختیار عەلی، بەڵام من لەم وتارە بەتەنها سەرنجێکی کورت دەخەمە سەر ڕۆڵی بازاڕی ڕەش یان ئەوەی پێی دەڵێن قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لە برەودان بە دەمارگیری کەلتوری، واتا من لەم وتارە بەتەنها هۆکارە کەلتوری و ئایدۆلۆژیەکان بەهۆکاری قاچاخچێتی نازانم بەڵکو بەپێچەوانەوە قاچاخچێتی وەک پاڵنەری مادی و هۆکاری سەرەکی ژیاندنەوەی بەها ئایدۆلۆژی و کەلتوریەکانە لای کوردانی بەریتانیا و ئەمەش هۆکاری ڕەتکردنەوەی هەر دەرفەتێکی نوێگەری و تێکەڵاوبونە بەکەلتوری جیاوازتر.  

بازاڕی ڕەش لە شانشینی یەگرتوی بەریتانیا ناوەندێکی گەورەی دەست کەوتنی سەرمایەیە،  بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تێلگراف نزیکەی 10٪ ئابوری ئەم وڵاتە پێک دێنێت، ئەم بازاڕە بەسەر چەندین کەرتی جیاجیا دابەش بوە، کورد لەم نێوەندە زیاتر لە کڕین و فرۆشتن بە جگەرەی قاچاخ و هێنانی پەنابەر بۆنێو بەریتانیا و مامەڵە بە مادە هۆشبەرەکان ،خۆدزینەوە لەباج و چەوساندنەوە و کارپێکردن بە کرێی هەرزانتر بەو کرێکارانەی کە مافی پەنابەریان نیە لەنێو ئەم بازاڕە چاڵاکە و دەستی باڵای هەیە. هۆکارەکانی بەربڵاوی و کۆنتڕۆل نەکردنی ئەم بازاڕە لەلایەن حوکومەت ئامانجی ئەم وتارە نیە، بەڵام فاکتە بەردەستەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە حوکومەت بەجۆرێک لەجۆرەکان چاوی داخستوە بەرامبەر بەم بازاڕە ڕەشە، ڕێکارەکانی هاندەر نین بۆ کەم بونەوە و ڕێگری لێکردنی بەڵکو زیاتر لەکردەیەکی نمایشکارانە دەچن بۆ چاوبەستەی ڕای گشتی. 

بۆ چاڵاکبون لەنێو ئەم بازاڕە و دەستخستنی سەرمایە هیچ کەس پێوستی بە هونەر و لێزانینێکی ئەوتۆ نیە، پێویست بە زانینی زانستیانە و بەخوێندن و بڕوانامە نیە، تەنانەت زانینی زمانی ئینگلیزیش مەرجێکی سەرەکی نیە، هەر کەس بە چەند وشەیەکی سەرەتایی دەتوانێت تەواوی کارەکانی ڕای بکات. ترس و نیگەرانیەکان لە سزای پۆلیس بۆتە گاڵتەیەکی ناخۆش، هیچ کەس ڕوبەڕوی هەڕەشە و سزایەکی هێندە سەخت نابێتەوە کە کاریگەری لەسەر ژیان و سەرمایەی کەسەکە جێبێڵێت، بەکورتیەکەی تێچونەکانی کارکردن لەم بازاڕە زۆر کەمترە لە دەستکەوتەکانی ، ئەمە وای کردوە کە هەر کەسێ لەماوەی چەند ساڵێک سەدان هەزار پاوەن کۆبکاتەوە و بشتوانێت ئەم پارانە بەبێ کێشە سپی بکاتەوە. هەڵبەتە وردەکاریەکانی ئەم بازاڕە و چۆنیەتی کارکردنی پێویستی بە ڕونکردنەوەی زیاتر هەیە بەڵام ئێرە شوێنی ئەم کارە نیە.

مێژوی چاڵاک بونی کوردانی بەریتانیا لە نێو بازاڕی ڕەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی نوێ. ئەم کوردانەی کە ساڵانی 1998 بەدواوە ڕویان لە بەریتانیا کرد لە ساڵی 2000 بەرەو سەرەوە بون بە یەکەم ڕێبەر و گڕوپی کاریگەری نێو بازاڕی ڕەش، خۆدابڕین لەهەر کردەیەکی کەلتوری و بەچڕی کارکردن لەنێو بازاڕی ڕەش بو بە مانیفێستۆی ئەمان، بەشێوەیەکی گشتی ئەم کوردانە لەسەرەتاکانی گەیشتنیان بەم وڵاتە تەنانەت بەشداریەکی ئەوتۆی خولە سەرەتایەکانی فێربونی زمانیشیان نەکردوە، بەڵکو زۆر بەچری کاریان لەسەر کۆکردنەوەی سەرمایە لە بازاڕی ڕەش کردوە و هەر ئەمانیش بون بە یەکەم نەوەی بە ڕێکخراوەیکردنی کاری قاچاخچێتی و خۆدزینەوە لەباج ( هەر لەباجی ئەمەشدا دوای تێپەڕبونی زیاتر لەبیست ساڵ تا ئێستا بۆ کاری فەرمی پێویستیان بە وەرگێڕە و بەشێکیشیان تازە لەهەوڵان بۆ فێربونی زمان!!). ئەم نەوەیە کە بەشی زۆریان بەرهەمی شەڕی نێوخۆی باشوری کوردستان بون تەواو خاڵی بون لە سودمەند بون لە پڕۆسەی خوێندن و سەرەتایترین بەهرە بۆ کارکردن لە بازاڕی مۆدێرن، تاکە بەهرە و توانایەک کە فێری ببون چەک هەڵگرتن بو بۆ ملیشیا حزبیەکان، لەبارودۆخێکی پەنابەری و ژیان لەوڵاتێکی مۆدێرن لەنێوان هەوڵدان بۆ بونیاتنانی ژیانێکی تر و فێربونی بەهرەیەکیتر لەگەڵ ڕوکردنە کاری نایاسایی و قاچاخچێتی، ئەمان ئەوەی دواهەمینیان هەڵبژارد. ئەم نەوەیە دەستێکی باڵایان پەیاکرد لەنێو بازاڕی ڕەش و لەماوەیەکی زۆر کەم بون بەخاوەنی سەرمایەکی گەورە کە لەگەڵ پێشبینیەکانی خۆشیان نەدەهاتەوە. بەهۆی بونی قەیرانی ئابوری و هەژاریەکی مەترسیدار لە کوردستان ئەم نەوەیە لەڕێگای ئەم سەرمایە هەژمون و پێگەیەکی گەورەیان پەیاکرد لەنێو کۆمەڵگای کوردی، بون بەنمونەی مرۆڤی سەرکەوتو و خاوەن بەهرە، لەڕێگای بەرزکردنەوەی خانوە کۆنکرێتیە وشک و بێ سەلیقەکانیان و کڕینی موڵک و ماڵ لە باشوری کوردستان بون بەو ئایکۆنە ئایدیالەی تەواوی کۆمەڵگا خەونی بە لاساییکردنەوەیانی دەبینی.

لێرە بەدواوە ئایکۆنی کوردێکی سەرکەوتو و لێهاتو لە مرۆڤێکی چەک لەشان بو بە مرۆڤێکی قاچاخچی، مرۆڤێک کە دەتوانێت زۆرترین ڕێژەی پارە لە کەمترین ماوەدا کۆبکاتەوە. ئەم نەریت و ئەخلاقیاتە لەماوەیەکی پێوانەی بو بە ئایدیالی باڵای کۆمەڵایەتی و هەرزو دەستکرا بە بەرزکردنەوەو و گشتاندنی بەسەر تەواوی پەنابەرە کوردەکان و ئەوەشی نەکەوتە نێو بازنەی ئەم ئەخلاقیاتە ئیتر کەوتە بەر پەلاماردانێکی نەپچڕاوە و زۆر توندو تیژ. ئەم نەریتە لە ئێستادا هەژمونی خۆی بەتەواوی سەپاندوە و گەیشتۆتە ئاستێک لە پێگە بۆنمونە، لەبەریتانیا هەر کوردێ گەر بەجۆرێ لەجۆرەکان نەبێ بەقاچاخچی و کاری نایاسایی نەکات و پارەیەکی کاش لەماوەیەکی کورت کۆنەکاتەوە ئەوا ڕوبەڕوی زۆرترین گاڵتەپێکردن و سوکایەتی دەبێتەوە، پەنابەرێکی کورد گەر بیەوێت لەڕێگای خوێندن و نزیک بونەوە لە کولتوری بەریتانی خۆی بونیات بنێ دەکەوێتە بەر هەڕەشە و پەلاماری تەواوی ئەم خێلە قاچاخچیە و بەتەواوی لاتەریک دەکرێت. هەڵبەتە هەژمونی ئەم ئەخلاقیاتە لەسەرەتاکانی گەشەکردنی خۆی فشارهێنەر و ناچارکەرانەیە نەوەک ئایدۆلۆژی و باوەڕهێنەرانە، بەڵام لەدوای یەک دەیە دوای ئەوەی نەوەی یەکەم بون بەخاوەنی سەرمایەیی جێگیر، ئەم نەریتە دەستی کرد بە نزیک بونەوە لە ئایدۆلۆژیایی باڵادەستی کۆمەڵگای کوردی کە بریتیە لە دین. لەگەڵ هاتنی ژمارەیەکی زیاتری پەنابەر ئەم نەریتە لەمە وشیار بوەوە کە تا سەر ناتوانێت پێگەکەی خۆی بپارێزێت گەر سیستمی کارکردنی خۆی تەواو نەبەستێتەوە بە ئایدۆلۆژیایی هەژموندار لە کۆمەڵگای کوردی و لەم ڕێگایەشەوە تەواوی یەکە کۆمەڵایەتیەکان بەشداری پێنەکات لە پاراستنی هەژمونی خۆی. وەک ڕونە پێگەی سەرەکی کەلتوری کوردی لەسەر ئایدۆلۆژیایی ئاینی ئیسلام وەستاوە، بۆ ئایدۆلۆژیا بەگشتی و ئیسلام بەتایبەتی هیچ شتێک لە فرەیی و جیاوازی و تاکگەری مەترسیدارتر نیە هەر تەکنیک و ستراتیژیەتێک سودی هەبێ بۆ ڕێگری کردن لەم هەڕەشانە ئەوا ئایدۆلۆژیا زۆر بەتوندی لەباوەشی دەگرێت و وەک بەشێک لەخۆی جێگای دەکاتەوە، لێرە بەدواوە دەبینین ژمارەی مزگەوتەکان وردە وردە زیاد دەکات و هاوشانیش دوکان و مارکێتی قاچاخچیەکانیش لەژێرناوی حەلال زیاد دەبێت. لێرە بەدواوە دەتوانین ئەمە دەربخەین کە چۆن چۆنی قاچاخچیەتی هاوسەرگیری لەگەڵ دینداری ئیسلامی ئەنجامداوە و چۆنیش ئەم هاوسەرگیریەی کردوە بە ستراتیجیەتی مانەوەو گەشەپێدانی خۆی.

ستراتیژیەتی بازاڕی ڕەش/قاچاخچیەتی بریتیە لە نۆڕمەلیزەکردن و هاوشوناسکردنی نۆڕمەکانی خۆی لەنێو کایەیی کۆمەڵایەتی و لەم ڕێگایەشەوە هێشتنەوەی دەستی کاری هەرزان و ڕێگری کردن لەهەر ئەگەرێک کە ببێتە هۆی هاندانی کوردە پەنابەرەکان بۆ چونە نێو بازاڕی سپی، واتا لەیەک کاتدا شەڕعیەت و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بەدەست دێنێ بۆ شێوازی سامان پەیداکردنەکەی، وە پاڵپشتێکی ئایدۆلۆژی و ئەخلاقیش بەدەست دێنێ بۆ باوەڕپێهێنانی کرێکاران تا بارودۆخی ناهەموار قبول بکەن. کایەیی کۆمەڵایەتی کوردی کە ئایدۆلۆژیایی ئیسلامی بەڕەهای کۆنتڕۆلی هەمو یەکەکانی کردوە لۆجیکەکە بریتیە لە ڕێگری کردن لە هەر ئەگەرێکی گەشەکردنی فرەیی و جیاوازی، ئەخلاقی قاچاخچێتی باش لەمە ئاگادارە کە ڕۆیشتنی پەنابەری کوردی بۆنێو بازاڕی سپی بەواتای نزیک بونەوە دێت لە ئەخلاقیاتی مارکێتینگ کە پڕەنسیپەکانی لەسەر فرەی/ململانێ و جیاوازی وەستاوە، وە تاکە ڕێگەش بۆ نزیک بونەوە لە کەلتوری خۆرئاوایی بریتیە لە دەرگای بازار/ماڕکێتینگ، چونکێ لە کۆمەڵگای مۆدێرنی خۆرئاوای بازار تاکە نێوانگیرێکە کە مرۆڤەکان دەتوانن پەیوەندی بگرن و هاوبەشی بکەن (کاتێک دەلێین بازار مەبەستمان بازاڕی ئازادە کە تەواوی سیستەمی پیشەسازی، تەکنۆلۆژی، خوێندن و ئاڵوگۆڕی و پەیوەندی دەگرێتەوە)، بازاڕ لە بونیاتی خۆیدا بونێکی فرەو هەمەڕەنگ و ئازادی هەیە کە بونیاتە ڕەهاو کۆنتڕۆلکارەکان ئاسان شوێنیان نابێتەوە لەنێویدا، هەروەها لەنێو بازاڕی لیبڕالدا پێشمەرجەکان ناتوانرێن بسەپێنرێن بەڵکو ئاڵوگۆر و زەرورەتی خواست بڕیار لە حەقیقەتەکان دەدات، بەکورتیەکەی دەتوانین بڵێین بەچونە نێو بازڕی سپی/یاسایی مرۆڤ ناتوانێت چیتر بەڕەهای بانگەشەی حەقیقەتی ئایدۆلۆژی خۆی بکات، بەناچاری دەبێ دەسبەرداری ئەو حەقیقەتانە ببیت کە خواستی لەسەر نیە بۆ دروست کردنی پەیوەندی لە کۆمەڵگادا. دوای دەرکەوتنی هەمو ئەم فاکتانە بۆ بازاڕی ڕەش ئیتر هیچ وەڵامێک لە ئایدۆلۆژیایی ئیسلام هۆشیارانەتر خۆی دەرناخات، ئەم ئایدۆلۆژیایە کە بەتەواوی پێچەوانەی سەرجەم ئەو پڕەنسیپانەی بازاڕی سپی/ئازاد دەوەستێتەوە و لەهەمانکاتدا پابەندی کۆمەڵگای کوردی بەم ئایدۆلۆژیایە لە سەروی هەر گومانێکە، بەم جۆرە ئەکتیڤکردنی ئەم ئایدۆلۆژیایە لەژێر هەژمونی قاچاخچیەتی هەرگیز بەکاری ڕاستەوخۆی بازاڕی ڕەش دەرناکەوێت بەڵکو بەکاردانەوەی ڕاستەوخۆی پەنابەران بەرامبەر بە ئەخلاقیاتی بازاڕی سپی لێک دەدرێتەوە، ئیتر لێرە بەدواوە ڕێگاکە تەواو خۆشکراوە و تاکە شت کە پێویستە کاکی قاچاخچی بیکات بانگەشەی پابەند بونی ڕەهای بە ئاینی ئیسلام و دروستکردنی مزگەوت و حەلال شۆپە و لەپاڵیشیا فرۆشتنی جگەرەی قاچاخ، مادەی هۆشبەر و چەوساندنەوەی کرێکارە کوردەکانە. هەڵبەتە بەکەمێک ڕوانین لە باکگراوندی کوردە پەنابەرەکانی بەریتانیا، ئاسان ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە بەر لەکۆچکردنیان بەشی زۆریان (بەتایبەت نوخبەی باڵادەست لەبازاڕی قاچاخ) کەمترین پابەند بونی دینیان هەبوە و بەجۆرێک شارەزای ئەوتۆیان لەسەر ئەرکە ئاینیەکانیش نەبوە یان لە ئاستی سەرەتای دابوە. لەمەش سەرنج ڕاکێشتر ژمارەیەکی زۆریان (کە من خۆم بەشێکیان لەنزیکەوە دەناسم) مافی پەنابەریان لەسەر بنەمای ئەوە وەرگرتوە کە لەدەست زوڵمی ئیسلام ڕایان کردوە، بەشێکیان خۆیان کردوە بە کریستیان و هاموشۆی کڵێسایان کردوە، بۆیە ئەم بۆچونەی بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە گەڕانەوە بۆ ئاینی ئیسلام و ئەخلاقیاتی فەندەمێنتالی کوردی لەلایەن کوردانی بەریتانیا کاردانەوەیەکی سایکۆلۆژی یان ئایدۆلۆژیە بەتەواوی ئاگاداری ئەم باگراوندە مێژیە نیە یان بەئەنقەست لەبەرچاوی ناگرێت.

لێرەدا بۆمان ڕون دەبێتەوە کە دەست گرتنی کوردانی بەریتانیا بە ئاین و ئەخلاقیاتی فێندەمێنتاڵی کوردی هەروا بەئاسانی کاردانەوەیەک نیە لەبەرامبەر شۆکێکی سایکۆلۆژی یان ئایدۆلۆژی بەڵکو ستراتیجیەت و کارکردێکی تەواو هۆشیارانەیە، هۆکاری ئابوری ڕونی لەپشتە وەک ڕونمان کردەوە کە بریتیە لە بازاڕی ڕەش/قاچاخچێتی، ئەم بازاڕە میتۆد و ڕێسای تایبەت بەخۆی دروست کردوە و ئایدۆلۆژیایەکیش لەپشتیەتی کە ڕەوای پێدەدات، هەژمونی ئەم بازاڕە بەسەر تەواوی پەنابەرە کوردەکان پەرشو بڵاو بۆتەوە، دەرفەتی ئاوێزان بون لەگەڵ کەلتوری خۆرئاوای لە بەریتانیا بەتەواوی لەدەست چوە. لەماوەی سێ دەیەیی ڕابردودا بازاڕی ڕەش ڕێگای نەداوە بچوکترین نزیک بونەوە لەگەل کۆمەڵگای بەریتانی دروست ببێت سەرجەم وزەو توانا مرۆیەکانی بەتەواوی هەڵلوشیوە، لەئێستایا کاتێک پەنابەری کوردی ڕو لەم وڵاتە دەکات هیچ دەرفەت و پاڵپشتیەک نابینێتەوە بۆ چونە نێو ئەم کەلتورە، بۆیە بەناچاری ڕێگای بازاڕی ڕەش دەگرێتە بەر و لەبەردەم دوکانێکی ڕەنگ مردو لەیەکێک لەو کۆڵانە لاتەریکانەی کە کوردەکان خۆیان تیادا حەشارداوە قاچاخچیەکی ڕیشنی ئیسلامی باوەشی بۆ دەکاتەوە و فێری ئەوەی دەکات چۆن تف لەم کۆمەڵگا ئەوڕوپیە بکات و لەهەمانکاتدا زۆرترین کەلوپەلی قاچاخی بۆ ساخ بکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×