دونایی ئێمە کە لەگەڵ گەشەسەندنی تۆڕی ئنتەرنێت و کمیونیکەیشن بۆ یەکەم جار ڕوبەڕوی ژیانی سێکسی دەبێتەوە وەک دیاردەیەک زیاتر لەمەی کە تەنیا پەیوەندی بەژوری خەوتنەوە هەیە( ئەم ژورە وەک شوێنێکی موقەدەس بۆ وەچەخستنەوە )، واتا لە ڕوبەرە تاریکەکانی نائاگایی کەمێک بەرەو سەرەوە دەکشێت، کۆمەڵگای ئێمە لە ڕێگای ئەم پێشهاتەوە بەسەر ئاڵۆزیەکی هۆشیاریدا دەکەوێت کە چیتر خۆ نمایشکردنی پرسیاری چیەتی سێکس نیە بەتەنیا بەڵکو لە بنەڕەتدا ڕوبەڕوی پرسیارێکی تری ڕادیکاڵ دەبێتەوە کە بەناڕاستەوخۆی بریتیە لە پرسیاری ئاین چیە؟ هەڵبەتە ئەم پرسیارە لە ئاستی هۆشیاری ئاگایانە ناکرێت بەڵکو بەشێوەیەکی نائاگایانە خۆی نمایش دەکات، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت بۆ سەر خودی ئاین، بەبێ ئەوەی کاریگەری دابنێت لەسەر دروستکردنی دونیابینیەکی نوێ بۆ ئاین.
زۆر گرنگە ئەمە لەبیر نەکەین کە ئەم پرسیارو گومانە پرسیارو گومانێکی فەلسەفی یان ئیلاهیاتی (theology) نیە، بەڵکو دۆخێکی دەرونیە کە وزە دەرونیەکان لەڕێگای پاڵنەرە غەریزەییەکان گۆڕانکاری لە کۆمەڵێک خوو رەفتار دروست دەکەن، واتە لە بنەڕەتدا پرسیارەکە گەشەکردن و هۆشیاریەکی فکری نیە تا بگات بە ئاستی گومان لە هۆشیاری دینی بەڵکو هاندانی پاڵنەرە غەریزەییەکانە کە فۆڕمی چێژێکی قایلکەرانە دروست دەکەن بۆ هاوسەنگ کردنی سیستمی دەرونی، بە ڕێژەیەکی زۆر نزیکە لە دۆخی (Cognitive dissonance ) کە بریتیە لە دروست بونی ناکۆکی لەنێوان دوو بەها یان کردار کە دژ دەکەونەوە، ئەم کەسەی کە هەڵگری ئەم بەهاو کردارانەیە ناچارە بۆ هێشتنەوەی هاوسەنگی دەرونی و خۆ ڕزگارکردن لەم پشێویە، لەم ناکۆکیە کەم کاتەوە، ئەمیش یان لەڕێگای دەستبەرداربونی یەکێک لە بەهاکان یان داشکاندن لەگرنگی لۆجیکی ناکۆکیەکە و درێژەدان بەدۆخەکە، بۆ نمونە کەسێکی جگەرەکێش دەزانێت کە جگەرە زیانی هەیە بۆ تەندروستی بەڵام بەردەوامیشە لەسەر کردارەکە، بۆ چارەسەرکردنی نائارامیە دەرونیەکە ناچارە درێژە بەناکۆکیەکە بدات و لەبەهای لۆجیکی بەڵگە زانستیەکان کەم بکاتەوە بەمەی زیانەکان زیادەڕۆیان تیا دەکرێت، بەم جۆرە کەسەکە وا دەردەکەوێت کە هۆشیارە بەوەی کە ئارگیۆمێنتی ئەم ناڕاستە، بەڵام لە ڕاستیدا هۆشیاریەکەی ئەم هیچ نیە جگە لە ڕوپۆشێک بۆ داپۆشینی ناکۆکیەکە، بۆ قایلکردنی پاڵنە دەرونیەکە، بەمەش خو ڕەفتارەکە بەردەوامی پێ دەدرێت.
بەم شێوەیە کۆمەڵگای ئێمە لەدوای شۆڕشی ئینتەرنێت بەسەر دۆخێکدا دەکەوێت کە بریتیە لە گواستنەوە لە سێکس وەک وەزیفەیەکی بایۆلۆژی بۆ سێکس وەک وەزیفەیەکی سایکۆلۆژی، سێکس وەک ئۆبێکتی باڵای چێژ، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەم گواستنەوەیە ببێتە هۆی بەرهەم هێنانی جۆرێک لە هۆشیاری و دونیابین، بەبێ ئەوەی ئەم ناکۆکی و دژایەتیە بەریەک بکەون و ببێتە هۆی لەدایک بونی تێزێکی نوێ. بەڵام لێرەدا دەبێ ئەمە ڕونبکەینەوە بۆچی ئەم پرسیارە بەم شێوەیە و بەتەنیا لەنێو بواری سێکسۆلۆژی دروست دەبێت، بۆ وەڵامی ئەمە پێویستیمان بەگەڕانێکی زۆر نیە، چونکێ ئەوە ئاشکرایە لە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتیەکان دەسەڵاتی زەق و ڕەهای ئاین بەتەنیا لەنێو ژیانی سێکسی ماوەتەوە و دەتوانێت بێ گرفتی جدی ئۆبێکت بونی خۆی بسەلمێنێت لەڕێگای حوکمە ڕەهاکانی دەربارەی چی لادانە و چی ئاساییە، بەجۆرێک سێکس لە ئاین دەربکەیت ئەوا ئۆبێکت بونی خۆی بەتەواوی لەدەست دەدات، لەهیچ بوارێکی تری ژیاندا ئاین هێندە بە ڕەهایی و هێندە بەوردی حوکم ناکات و کۆدەکانی خۆی بە ڕونی دانەڕشتوە، بەجۆرێک دەتوانین بڵێین کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی سێکسیە تا ئەوەی دینی بێت، بەمانای ئەوەی تەنانەت لەدوا دەرەنجامدا دین هیچ نیە جگە لە کۆمەڵێک کۆدو رێسا لە پێناو ڕێکخستنی ژیانی سێکسی. لە تەواوی بوارەکانی تری ژیاندا ئاین بە ناچاری لە شوێن پێگەو هەژمونی خۆی کەمێک پاشەکشەی کردوە، بۆ نمونە لە کایەی سیاسەت، مەعریفە، کەلتور بەگشتی، هەروەها کایەی ئابوری، ئەمانە کۆمەڵێک کایەن چیتر ئاین ناتوانێت بەتەنیا لەڕێگای حوکمە ڕەهاکانی هەژمونی خۆی بسەڵمێنێت، فێندەمێنتالیەتی ئاینی باش لەمە ئاگادارە کە هەرگیز نەچێتە ململانێکەوە لەگەڵ ئەم بوارانە، چونکێ دواجار لەدەرەنجامی ئەمەدا فۆرمی خۆی بەجۆرێک دەگۆڕێت کە ناسینەوەی ئەستەم دەبێت، بەڵام کایەی سێکس تاکە شوێنە کە دین ئامادە نیە دەستبەرداری کەمترین بڕی هەژمونی خۆی بێت، ئەخلاقیاتی دینی بەتەواوی لەمە ئاگادارە کە کایەی سێکس بەهۆی ڕەچەڵەکە بایۆلۆژیەکەیەوە فێندەمێنتاڵترین کایەیە لە ژیانی مرۆڤدا، تاکە بواریشە کە کۆمەڵگای مرۆیی کۆدەکانی فۆڕمەڵەبونی خۆی لەسەردا داڕشتوە، لە داڕشتنی یەکەمین فۆرمی یاسای کۆمەڵگای بەشەریەت سێکس بریتی بوە لە یەکەمین پێوانە و یەکەمین فۆڕمی ڕێپێدراو / ڕێپێنەدراوە، کایەیی سێکس دایکی یەکەمین فۆڕمی یاسایە. بەم شێوەیە لە کۆمەڵگا فێندەمێنتاڵەکانی خۆرهەڵاتی بەهۆی شەپۆڵی مۆدێرنە بەشی زۆری کایەکان گۆڕانکایان بەسەردا هاتوە، (هەڵبەتە لەژێر هەژمونی بەشە تەکنیکیەکەی مۆدێرنە نەوەک بەشە فکریەکەی)، بەم جۆرەش بەهۆی ئەم سروشتە کۆنزێرڤاتیڤیەی کایەیی سێکس تاکە بوارە کە ڕێگا دەدات لەمسی ئۆبێکتی ئاین بکەین، تاکە دەلاقەیە کە دەتوانین لە فۆڕمی ڕاستەقینەی ئاین بگەین، هەر ئەمش دەرفەتی ئەمە بەدەستەوە دەدات لەڕێگای بەرهەم هێنانی هۆشیاریەک لەسەر هەر گۆڕانکاریەک و جوڵەیەک لەم کایەیە لە چۆنیەتی کارکردەی ئاین بگەین لەکۆمەڵگای خۆماندا. بۆیە ئەم گواستنەوە نا ئاگایانەی کە لەسەرەوە باسمان کرد دەتوانرێت بکرێت بەسەرەتایەک بۆ بەرهەم هێنانی هۆشیاریەکی ئەقلانی، بەم جۆرە رەخنە لەئاین لە شەڕێکی دۆنکیشۆتیانە بگوازینەوە بۆ بوارێکی بەرهەمدار کە ئەگەری لەدایک بونی هۆشیاریەکی نوێ لەسەر ئاین شیاو بێت.
وەک لەسەرەتاوە ڕونم کردەوە کە گواستنەوەکە لە پرسیاری سێکس چیە نائاگایانە ڕوو لەم پرسیارە دەکات کە ئاین چیە، بەڵام ئەمە ڕاستەوخۆ ڕونادات بەڵكو لە فۆڕمە ڕوکەشەکەی بریتیە لە لە وەرگەڕانی ئاڕاستەی چێژ لە سێکسی شەڕعی و ڕێگە پێدراو (واتا سێکس لەنێو پەیوەندی هاوسەرگیری) بەرەو سێکسی دەرەوەی ئەم گرێبەستە یاسای و شەرعیە. هەڵبەتە بەرزبونەوەی ئەم ڕێژە نائاساییەی کردەی سێکس لەدەرەوەی پەیوەندی هاوسەرگیری لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەهیچ کەس شاراوە نیە، لێرەدا من بەتەنیا مەبەستم لە بەرزبونەوەی ژمارەی کرێکارانی سێکس نیە (ئەمەی لای خۆمان تا ئێستاش پێی دەوترێت لەشفرۆش کە چەمکێکە پێویستی بە پیاچونەوە هەیە) بەڵکو کۆی تێکڕای ئەم لێشاوە گەورەیە دەڵێم کە تەواوی ئەم پەیوەندیە سێکسیانە دەگرێتەوە مرۆڤی ئێمە لەدەرەوەی هاوسەرگیری هەیانە لەکاتێکا بەشێوەیەکی فەرمی لەنێو پڕۆسەی فەرمی هاوسەرگیرین، وەک دیارە ئەم گۆڕانکاریە لەگەڵ گەشەسەندنی ئینتەرنێت بەڕێژەیەکی نائاسای بەرزبۆتەوە، کەم خێزان هەیە بەجۆرێک گرفتی لەگەڵ ئەم دیاردەیە نەبێت (هەڵبەتە ئەمانەشی کە لەدەرەوەی هاوسەرگیری سێکس ناکەن تەکنیکیتر بەکاردێنن وەک ئەوەی لەساتی سێکسکردن لەگەل هاوسەرەکەیان خەیاڵ بەکەسی ترەوە دەکەن، وەک ئەوەی سێکس لەگەڵ کەسێکیتر بکەن، بەهەمان شێوەی دەسپەرکردن). هەڵبەتە لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە غیابی زانست و دەزگاکانیدا ئاسان ناتوانرێت بەشێوەیەکی فەرمی دۆکیۆمێنتی هۆکارە ڕاستەقینەکانی پشتی گرفتە کۆمەڵایەتیەکان بکرێت، بەڵام بۆ هیچ کەسێک کارێکی هێندە سەخت نابێت لەمە تێبگات کە لەدوای گەیشتنی ئینتەرنێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا هۆکاری سەرەکی بەشی هەرە زۆری گرفتەکانی هاوسەرگیری گرفتی سێکسین، کەم و زۆر لە ماڵپەرەکانی سۆشیال میدیا لە ئێستادا بەئاسانی ئەم گفتوگۆیانە بەرچاو دەکەون، بەڵام بەشەکانی تری ماس میدیا تا ئێستاش بوێری ئەمەیان نیە بیخەنە بەرباس، هەڵبەتە ماس میدیا دەیەوێت فۆکەس بخاتە سەر گرفتە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی تر کە ئەمەش هیج نیە جگە لە ڕوپۆشێکی ساختە بۆشاردنەوەی ڕوی ڕاستەقینەی گرفتی سێکس لە کۆمەڵگای کوردیدا.
گومانی تیا نیە بەشی زۆری گوتاری گشتی ڕەتی دەکاتەوە دیاردەیەکی وا بەم شێوەیە بونی هەبێت، بەشێکی بچوکیش لەم گوتارە بەدوای گەنگەشەکردنی کۆمەڵێک وەڵام و هۆکارە کە ڕێگە بگرێت لە تەشەنەسەندی خوێندنەوەی ڕەگە قوڵەکانی ئەم دیاردەیە لەنێو کۆمەڵگای ئێمەدا، بۆیە ژمارەیەک بۆچون هەمیشە وەڵامی ئامادەیان لایە، لەمانە کۆمەڵێک دان بەمە دا دەنێن کە ئنتەرنێت هۆکاری سەرەکیە بەڵام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کرانەوەی ئێمە بەڕوی دونیای خۆرئاوادا وەک تەواوی بوارەکانی تر سێکیش بەدەر نەبو لەمەی کە ئێمە سەرسام بوین پێی و ئازادی سێکسی خۆرئاوا دۆخێکی شۆکی دروست کرد لای ئێمەو هۆکاربو بۆ هەڵاوسانێکی نائاسایی و دروست بونی لبیدۆیەکی زۆر برسی کە دواجار بەڕای ئەم بۆچونە ئەم سەرسامیە دادەکشێت و کۆمەڵگا دەچێتەوە دۆخی پێشوی. ڕایەکیتر بانگەشەی ئەمە دەکات کە ئەم دیاردەیە بەردەوام بونی هەبوە بەڵام ماس میدیا وەک هەر دیاردەیەکیتر خستیە نێو دیبەتی گشتی، یان ئەمەی کە ئەم دیاردەیە لە تەواوی کۆمەڵگا مرۆییەکان بونی هەیە و بەتەنیا تایبەت نیە بە ئێمەوە.
بەڵام ئەم بۆچونانەی سەرەوە سەرجەمیان خاڵێکی گرنگ لەبیر دەکەن، سێکس وەک غەریزە و وزەیەکی مرۆی هەرگیز بەتەنیا بریتی نیە لە غەریزەیەکی ئاژەڵی کە سێتێک لە کۆدو ئاماژەی جێگیر کۆنتڕۆڵی بکات لە پێناو بەرهەم هێنانی کردەیەکی جێگیر بۆ وەڵامدانەوەی هاندەرێکی بایۆلۆجی، سێکس هەمیشە شتێک زیاترە لە کردەی سێکس بەتەنیا، نزیک سەدەیەک زیاترە تەواوی زانستەکانی سۆسیۆسایکۆلۆژی و مرۆڤناسی لە ژێر هەژمونی دەرونشیکاری گەیشتونەتە ئەم دەرەنجامەی کە سێکس ئاڵۆزترین وزە و دۆخ و کردەی مرۆییە کە بەشی زۆری سەرچاوە تاریکەکانی ڕەفتاری مرۆیی لەوێوە هەڵدەقوڵێت، هەر گۆڕانکاری و جوڵەیەک لەم کردەیە پەیامێکی گرنگ و ڕادیکاڵی پێیە کە تەنانەت بۆ خودی مرۆڤەکە ڕون نیە. بۆیە چەمکی وەک سەرسامی و دەرخستن و باو ناتوانن وەڵامدەرەوەی دیاردەیەکی ئاوا ئاڵۆزبن. گۆڕانکاری سێکسی ئەگەر لەژێر کاریگەری سەرسامیشدا بێت ئەوا بەدڵنیایەوە شتێکیترمان پێدەڵێت کە زیاترە لە سەرسامی ڕوت، بەجۆریک چەمکی سەرسامی بۆخۆی پێگەیەکی قوڵی لەنێو ڕەگەزە نادیارەکانی سێکسدایە، بەگوێرەی تیۆرەی Object relations سەرسامی هیچ نیە جگە لە وەبەرهێنانی لیبیدۆ لە سەر ئۆبجێکتی دەرەوەی سایکۆلۆژیای کەسەکە، واتا وەبەرهێنانی وزەی سێکسیە ( بۆ زانیاری زیاتر بڕاوانە Melanie Klein and Donald Winnicott، Object relations theory). وزەی سێکسی لە هەر کۆمەڵگایەک کۆدەکانی بەتەواوەتی بەستراوەتەوە بە ئەخلاقیات و هۆشیاری و هیواو خەونەکانی ئەم کۆمەڵگایە، هەرکاردانەوەیەک و جوڵەیەک، گۆڕانکاریەکی قوڵە لە سەرچاوەکانی وزە دەرونیەکان و پێکهاتەی دەرونی، بۆیە ئەم وەڵامە ساکارانە کە ئەخلاقیاتی ڕۆژنامەگەری زۆر تامەزرۆیانە پەخشیان دەکات، ڕێگا دەگرن لە تێگەیشتن لەم گۆڕانکاریە دەرونیانە کە پێویستە گەشەیان پێبدڕێت بۆ هۆشیاریەکی ئەقلانی.
لێرە بەدواوە هەوڵدەدەم وەڵامێکی سەرەتای بۆ ئەم پرسیارە بدەمەوە کە لەسەرەتاوە ئاراستەمان کردوە، چۆن چیەتی سێکس لەگۆمەڵگای ئێمە لەدوای گەیشتنی ئەنتەرنێت دەگۆڕێت بۆ پرسیار ئاین چیە؟ هەڵبەتە ئەم پرسیارە وەک لەسەرەوە وتم پرسیارێکی ئیلاهیاتی نیە بۆیە ئەم پرسیارە لە بنەڕەتدا بریتیە لە پرسیار دەربارەی وەزیفەی ئاین لەکۆمەڵگای ئێمە و لەژیانی تاکەکان. هەڵبەت بەهۆی ئەوەی ئەم گۆڕانکاریە نائاگایانە ڕودەدات بۆیە پرسیارکردن لەسەر وەزیفەی ئاین پرسیارێکە ڕاستەوخۆ و هۆشیارانە ناکرێت بەڵکو لەڕێگای گۆڕانکاریە ڕەفتاریەکان دەتوانین سەرەداوەکەیمان دەست بکەوێت، ئەمیش وەک ئاماژەمان پیکرد بریتیە لە گواستنەوە لە سێکسی بایۆلۆژی بەرەو سێکسی سایکۆلۆژی، واتا شوێن گۆڕینی سەرچاوەی چێژی سێکسی (لیبیدۆ) لە نێو پەیوەندی هاوسەرگیریەوە بۆ دەرەوەی ئەم پەیوەندیە.
سێکسی بایۆلۆژی یان هاوسەرگیری بەهۆی دەینامیکی دەزگای خێزان وەک دەزگای بنەڕەتی و سەرەکی کۆمەڵگا دژە سێکسە، چونکێ سێکس یان باشترە لێرە بەدواوە بڵێین وزەی لبیدۆ ( هەڵبەتە لبیدۆ گەورەترو فرەچەشنترە لە واتای سێکس بەتەنیا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئارەزوو چێژی سێکسیە بۆیە دەکرێت لە شوێنی سێکس بەکاری بهێنین لەم وتارەدا) وزەیەکی یاخی و سەرکێشکارو دژە دەزگایە، هەڵبەتە ئەم وزەیە بەهۆی پاڵەپەستۆ بەهێزەکانی و توانا فراوانەکەی لەسەر ڕوبەری تۆپۆگرافیای دەزگای دەرون تەواوی وزە دەرونیەکانی تر دەخاتە ژێر هەژمونی خۆی، ئارەزوە لەبن نەهاتوەکانیشی هیج سنورێک ناناسێت بۆیە سیستمی دەرونی لە ڕیگای میکانزمی بەرزکردنەوە (Sublimation ) بۆ کۆنترۆڵکردن و دروستکردنی هاوسەنگی دەرونی ناچارە ئەم وزەیە وەربگێڕێت بۆ کردەیەکی پەسەندکراو سودبەخش، سێکسی بایۆلۆجی کە ئامانج تیادا وەچەخستنەوەیە یەکێکە لە بەرەنجامی ئەم کارلێکە، وتا تەواوی پڕۆسەی دروستکردنی خێزان و وەچەخستنەوە دەبێتە فۆڕمێکی وەرگەڕاوی چاڵاکی لبیدۆ. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم وزەیە لەسروشتی خۆیدا وزەی ژیانەو زۆر یاخیە بۆیە بەسروشتی خۆی لەگەڵ دەزگای خێزان هەرگیز تەبا نابێت کە لبیدۆ تەنها لەیەک ئەرکی بایۆلۆژی کورت دەکاتەوە دواجار دەخرێتە خزمەت دەسەڵات کە لەکۆمەڵگای ئێمە ئاین نوێنەرایەتی دەکات. ئەمە بەمانای ئەوە نیە کە لبیدۆ نەتوانێت خزمەت بەدەسەڵات بکات بەڵکو سروشتی ئەم وزەیە بەرفراوانترو یاخی ترە هەمیشە لە جوڵەدایە، بەتەنیا لە سێکسی بایۆلۆژی ناتوانێت جێگیر ببێت. هەڵبەتە ئێمە لە فۆکۆوە ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە دەسەڵات توانیویەتی ڕەگەکانی خۆی لەنێو سێکس جێگیر بکات، لە تیۆرە سەرنج ڕاکێشەکەیدا دەربارەی دەسڵات هەر زوو جومگەکانی دەسڵاتی بینیەوە لەنێو ژیانی سێکسی، ئەوەی ڕونکردەوە کە چۆن دەسەڵات لەڕێگای ژیانی سێکسی خۆی دروست دەکات و کۆمەڵگا ئاراستە دەکات، لەڕێگای کۆنترۆلکردن و سەرکوتکاری لە ژیانی سێکسی پیادەی هەبونی خۆی دەکات یان باشترە بڵێن یەکە و خانەکانی خۆی دروست دەکات. لبیدۆ وەک لەسەرەوە ڕونم کردەوە بەسروشتی خۆی لەهاتوچۆ دایە، فۆرمی ئارەزوی هەیە بە پێناسە لاکانیەکە کە هەرگیز ناگیرێت و هەرگیز تێرناکرێت. بۆیە کاتێک دین لە کۆمەڵگای ئێمە کۆدەکانی خۆی زۆر بە سیستماتیکی دادەڕێژێت لەژیانی سێکسیدا، هەوڵ دەدات وزەی لبیدۆ لە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری بکات بە فۆرمێکی بەستو کە فۆڕمێکی دیارو فەرمی هەبێت، ئا لەوێدا لبیدۆ یاخی دەبێت و ڕوو لەسەرچاوەی جیا دەکات، بەڵام ئەم جوڵەیە بەبێ دەرفەتی واقعی دروست نابێت، واتا هەڵومەرجی مێژوی لەبار کە کاردەکاتە سەر پەیوەندیە مرۆیەکان وروژێنەری دۆخە دەرونیەکەیە، دواتر لە رۆڵی ئینتەرنێت ئەم وروژێنەرە ڕون دەکەمەوە، بەم جۆرە ئەم خۆرزگارکردنەی لبیدۆ ڕویەکی تەنکی ئاینمان بۆ دەردەکەوێت لە شێوە ڕاستەقینەکەی خۆیدا کە کۆنتڕۆلکار و دژە ژیانە.
دین هەرگیز ناتوانێت لەگەل لبیدۆ بسازێت، بەڵام تاکە ڕێگاشە کە بون و نەبونی پێیەوە بەستراوە، لە ڕێگای لبیدۆ نەبێت ئاین هەرگیز ناتوانێت فۆڕمی خۆی کامڵ بکات، بۆیە سودێکی زۆر دەبینێت لەم وزەیە، لە ڕێگای میکانزمی Sublimation سیستمێکی مەحکەم دروست دەکات ئەمیش بە پیرۆزکردنی هاوسەرگیری و کردنی بەدەزگایەکی سودبەخشی وەچەخستنەوە. دین لە ڕێگای ئەم پڕۆسێسە دەست بەسەر تەواوی کەناڵەکانی خەیاڵ و هۆشی مرۆڤی ئێمەدا دەگرێت، توانای خەیاڵ کردن دەبێتە یەکێک لە کارە ئەستەمەکان، سەیرکردنێکی خێرا بەژیانی ئێمە ئەم واقعە پشتڕاست دەکاتەوە کە توانای مرۆڤ لە کۆمەڵگای ئێمە بۆ خەیاڵ کردن لە نزمترین ئاستدایە، هەر ئەمەش بۆتە هۆی کوشتنی توانای هۆشەکی و توانای بیرکردنە و داهێنان.
لێرەدا ڕۆڵی ئنتەرنێت ڕۆڵێکی زۆر شۆڕشگێڕانەیە، نەوەک لەبەر گواستنەوەی زانیاری، نەخێر مرۆڤی ئێمە تا ئێستاش لە قۆناغێکدا نیە سەروکاری لەگەڵ زانیاریدا هەبێت، مرۆڤێکە مامەڵەی لەگەڵ ئیمان و باوەڕدایە، ڕۆڵی ئینتەرنێت بەهۆی توانای جوڵاندنی خەیاڵ لەم مروڤەدا ڕۆڵیکی شۆڕشگیڕانیە لە دونیای ئێمەدا، گرفتی سەرەکی ئەم مرۆڤە نەبونی توانای خەیاڵ کردنە کە سەرچاوەی جوڵەی لبیدۆیە، هەر دیمەنێکی نوێ لەدەرەوەی دونیاکەی بۆ ئەم مۆڤە خەیاڵە نەوەک واقع، بۆیە بەرکەوتنی بە دونیایی خۆرئاوا لە ڕێگای ئنتەرنێت بەم فۆڕمە خێرایە کە جیاوازە لە فۆڕمی تیڤی، خەیاڵی مرۆڤی ئێمە دەکەوێتە جوڵە (مەبەستی من لێرەدا ئەوە نیە کە سەیرکردنی ئنتەرنێت لە سەیرکردنی پۆڕن کورت بکەمەوە بەڵکو بینینی دونیا بەم فۆڕمە بی سنورە بەکۆی پێکهاتەکانی نێویەوە). لەگەڵ ئەم جوڵەیە لبیدۆی ئەم مرۆڤە نا ئاگایانە لەمە بەخەبەر دێت کە ئەوەی کە ئەزمونی دەکات چێژ نیە بەڵکو ئازارە، ئەم کردە میکانیکیەی کە ئەنجامی دەدات سێکس نیە بەڵکو وەزیفەیەکی بایۆلۆژیە کە خاڵیە لە چێژ و کردەیەکی دسپلینکارە کە ئامانج تیایدا کۆنتڕۆل کردن و سزادانە. لێرەدایە کە دین ناتوانێت لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریە شێوە فەرمیەکەی خۆی بگۆڕێت، سیستمی دینی چونکێ بە سروشت دەزگایەکی دژە خەیاڵە، بۆیە تاکە ڕێگا بۆ ئەم مرۆڤە کە تازە بەسەر خەیالدا کراوەتەوە دەرچونە لەم فۆرمە بەمەبەستی دەست خستنی چێژ کە لبیدۆ تێربکات. بەڵام ئەم ڕاکردنە بە یاخی بون لە ئاین کۆتای نایەت چونکێ گواستنەوەکە لە ئەساسدا شێوەی سەفەرێکی کورتی هەیە نەوەک دابڕانێکی ڕادیکاڵ، ئەمەش بەهۆی ئەوەی چونەدەرەوەکە زیاتر لەژێر هەژمونی دونیای نائاگایەوەیە نەوەک هۆشیاری. واتا دوای دەست خستنی هەر چێژێک لبیدۆ دەگەڕێتەوە نێو بازنەی یەکەم، لە دەرەنجامدا بەهۆی کاریگەری ئەم شوێن ئالوگۆرکردن و چون و هاتنەدا چێژی سێکی شێوەیەکی نەگیراو وەردەگرێت کە نزیکە لە شێوەی پێش فۆڕمەڵەبونی یان نزیکە لەهەمان پێناسەی لاکان بۆ ئارەزو کە لە گەشتێکی بەردەوامدایە لەنێوان بون و نەبوندا.
کاریگەری ئەم گۆڕانکاریە لەسەر سیستمی دینی کە پایەکانی بەتەواوی لەسەر کۆدەکانی سیستمی هاوسەرگیری شەڕعیی واتا سێکسی ڕێگەپێدراو ڕاگرتوە لە واقعدا کاریگەریەکی هەستپێکراو نیە، کۆمەڵگای ئێمە بەڕێژەیەکی زۆر بەرز سێکسی ناشەڕعی تیادا پراکتیک دەکرێت بەبێ ئەمەی کەمترین زیانی بۆ سەر شەڕع هەبێت لەڕوە فۆڕماڵەکەی، واتا بەبێ ئەوەی بەهاو نۆڕمە دینیەکان بکەونە بەر مەترسی، بەبێ ئەوەی ئەم سیستەمە ئەخلاقیە کەمترین ڕێژە لەکاریگەریەکەی لەدەست بدات، بەبێ ئەوەی فاکتە ئەقڵانیەکان بتوانن بچوکترین درز بکەنە چینە تەنکەکانی لۆژیکی دینی. لێرەدا بۆ تێگەیشتن لەم پارادۆکسە پێویستە کەمێک لەسەر ئەم ماهیەتە و ئەم دۆخە بدوێین کە یەکە ئەتۆمیە وردەکانی ئاین دروست دەکات، ئەمیش بریتیە لەمەی کە دین بەتەنیا سستەمێکی فکری و لۆژیکی نیە کە لەسەر بنەمای هۆو دەرەنجام کاربکات، دین لە بنەڕەتدا بەرهەمی کارکردەی ئۆرگانیزەبونی سیستەمی دەرونیە کە وەرگەڕاوەتە سەر فۆڕمێکی زمانی، واتا دین لە ئەزەلدا ئەم درزە و کەلێنەیە کە لەگەڵ فۆرمەڵەبون و گەشەکردنی سیستمی دەرونی بەرهەم دێت ( هەڵبەتە پێویست ناکات لەم وتارە ئەم چەمکە فرۆیدیە دوبارە بکەینەوە کە ئاینی وەک نەخۆشی دەرونی یان ئەوەی ئەم پێ دەوت وەسوەسە و نەخۆشی دەرونی جیهانی، چونکێ لەم وتارە زیاتر مەبەستمانە فۆکەس بخەینە سەر تیۆرە نوێکەرەوەکانی دەرونشیکاری)، ئەم بۆچونە پێی وایە دین بەرهەمی قۆناغێکی مێژوی دیاریکراوی مرۆڤ نیە وەک ئەوەی بەشی زۆری مێژوی فەلسەفە باسی دەکات، بەپێچەوانەوە فەلسەفەی مۆدێرن بەهاوکاری دەرونشیکاری بە پێچەوانەوە گەشە بەتیۆرەیەکی تر دەدەن کە کار لەسەر ئەم ئاراستەیە دەکات کە ئاین هەمیشە بەجۆرێک لەجۆرەکان گەشەدەکات و دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی سیستەمی گەشەکردنی دەرونی مرۆڤ بەتایبەتی فۆڕمەڵەبونی وزە سێکسیەکان بەم کارکردەیە دوبارە ببنەوە. ئەم ئاڕاستە لەبیرکردنەوە تا شوێنێک دەڕوات کە نزیک دەبێتەوە لە حەتمیەتی ئاینی لە ژیانی بەشەریەت، هەڵبەتە ئاین بە مانا بەرفراوانەکەی کە سەرجەم فۆڕمەکانی باوەڕ دەگرێتەوە کە کەم و زۆر لە دۆگما نزیکن ( بۆنمونە ئایدیاکانی ناسیۆنالیزم، بەرخۆری، سیاسەتی پۆپۆلیستی، یۆتۆپیای تێکنۆلۆژی، خەونی ئەمەریکی، جیهانگیری و ژینگەپاریزی ڕادیکاڵ و دەیان سەدان ئایدیای هاوشێوەی ئەمانە).
هەڵبەتە من لێرەدا نامەوێت زیاتر بڕۆمە وردەکاری ئەم دونیابینیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ژاک لاکان و ژیژاک بەشێوەیەکی تایبەتی گەشەیان بەم ئاراستە تیۆریە داوە. بۆ نمونە لە تیۆرەی ژاک لاکان کە ژیژاک گەشەی زیاتری پێداون، نەزمی سەمبولی (The symbolic order ) یەکێکە لە چەمکە گرنگەکانی ئەم تیۆرەیە بۆ تێگەیشتن لە فۆرمەڵەبونی سیستمی کۆمەڵایەتی و زیهنی مرۆڤ. نەزمی سەمبۆلی تەوەرەی پەیوەندی سوبێکت و ئەویدی گەورەیە و ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە نێوانگیری مرۆڤ و جیهاندا، مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانیت لەخۆی و لە جیهان بگات پێویستە بەنێو ئەم سیستەمە کۆدیەدا بڕوات کە سیستەمی زمانی و کەلتورو نۆڕمە کۆمەڵایەتیەکان دەگرێتەوە، سیستەمی ئاینی یەکێکە لە سیستەمە کۆدیەکان کە بەرهەمی ئەم کارکردەی پێک هاتەی زیهنیەت و زمانی مرۆڤە کە لەهەوڵی بونیات نانی مانا دایە بۆ داپۆشینی درزەکانی نێو سیستمی مانا بەتایبەت بۆ داپۆشینی درزی گەورەی ڕیال کە چەمکێکی تری لاکانیە و زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ئاین وەک لێکەوتەی فۆرمەڵەبونی سیستمی دەرونی مرۆڤ. بەگوێرەی پیناسەی لاکان ڕیاڵ بریتیە لەم بەشە نەگیراوەی بون کە نەزمی سەمبولی ناتوانیت نوێنەرایەتی بکات ناتوانێت لەڕێگای زمان بەسەمبولی بکات بۆ ئەوەی هەرس بکرێت لەزهنیەتی مرۆڤدا، ڕیاڵ ئەم ڕوبەرەیە نە دەڕەمزێنرێت نە دەکرێت بە خەیاڵ، نە وەردەگێڕدرێت بۆ سەر زمان نە دەتوانرێت ببینرێت، ئەم شتەی کە کە دەزانین هەیە بەڵام ناتوانین ناوی بێنین، دەرکی پێدەکەین بەڵام ماهیەتی ناگیرێت ( بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سێوی سێهەم، بەختیار عەلی). ئەم کەلێن و درزە گەورەیە لە نێو سیستمی زهنی و دەرونی مرۆڤ مەترسیەکی یەگجار گەورەیە بۆ سەر ئەم بونەوەرە، ئاین وەک سیستمێکی گشگیر کە بەتەنیا لەسەر باوەڕ کاردەکات وەڵامێکی گونجاوە بۆ داپۆشینی ئەم کەلێنە، بەوەی ئاین مامەڵەی لەگەڵ هۆکار و بەڵگەی ئەقلانی و زانستی نیە بۆیە باوەڕهێنان دەکەوێتە پێش هەر تێگەیشتن و هۆکارێک، وتا یەکەم جار باوەڕ دەهێنرێت دواتر هۆکاری بۆ دادەتاشرێت. ڕیاڵ بەتەنیا دەتوانرێت لە ڕێگای وەڵامێکی دۆگمایی وەک ئاین مامەڵەی لەگەڵ بکرێ چونکی ڕیاڵ مانایەک نیە ون بوبێت بەڵکو شەبەقێکە لەنێو سیستمی زمان و مانادا (هەمان سەرچاوەی پێشو).
بەم جۆرە وەک لەسەرەوە ڕونم کردەوە لەگەڵ گەیشتنی ئینتەرنێت بەکۆمەڵگای ئێمە گۆڕانکاریەکی گەورە لەسەر گەشەکردنی خەیاڵی مرۆڤ دروست دەبێت، وەک بینیمان لە ڕێگای چەمکی ڕیاڵ، دەرونشیکاری لاکانی ئەوەمان فێردەکات کە ڕیاڵ ئەم کەلێن و درزەیە کە ناگیرێت و خەیاڵ ناکرێت بۆیە ئاین وەک پەردەیەک دەخرێتە سەری بۆ شاردنەوەی، بەمەی دین باوەڕمان پێ دەهێنێت کە هیچ درزو کەلێنێک لەوێدا نیە بۆ ئەمەش ئێمە ناچارنین بەدوای لۆژیک و فاکتی زانستیدا بگەڕێین بەڵکو پێوستە تەنیا باوەڕمان هەبێ. هەڵبەتە مرۆڤ وەک بونەوەرێکی مەحکوم بە وەسوەسەی دەرخستن و ئاشکراکردن هەمیشە لەهەوڵی دەرخستنی ئەم دونیا تاریک و نادیارەی ڕیاڵ دایە و لەڕێگای نەزمی سمبولی وەری دەگێڕێت بۆ سەر فۆرمی تێگەیشتن و خەیاڵکردن، ئەمەش هەمیشە لەڕێگای تێگەیشتن لەڕۆلی دین دەست پێدەکات کە وەک پەردەیەک بۆ داپۆشینی درزو کەلێنی ڕیاڵ ڕۆڵ دەگێڕێت، بەڵام کارکردەی ڕیاڵ شێوەیەکی جوڵاوی هەیە کە هەمیشە لەگەڵ هەر کەشف و بەڕەمزیکردنێک ئەمیش هەنگاوێک دوردەکەوێتەوە کە ئێمە بەم جۆرە هەمیشە ناچارین بەدوای دەرخستن و بەڕەمزیکردنی ئەم جیهانە نادیارە دابین کە دیارنیە و ناتوانین نێوەڕۆکی ببینین لە ئیستادا.
لە کۆمەڵگای کوردی لەدوای گەیشتنی ئینتەرنێت لە ڕێگای گەشەکردن و دەوڵەمەندبونی خەیاڵی مرۆڤەکان، سیستمی دەرونی ئەم مرۆڤە نائاگایانە دەتوانێت بەشێک لەم نەگیراوە وەربگێڕێتە سەر خەیاڵ، ئەمەش ڕاستەوخۆ لە ڕێگای کردنی بە وێنەو مانای خەیاڵی نا، بەڵکو نائاگایانە لەڕێگای گواستنەوەی سەرچاوەی چێژی سێکسی، لە سێکسی شەڕعی بۆ نا شەڕعی. ئەم گواستنەوەیە لە ئاستی روکەش دەرناکەوێت بەڵکو لەسەر نەخشە قوڵەکانی پێکهاتە ئەتۆمیەکەی ئاین کاریگەری خۆی دادەنێت بەمەی ئاین وەک ئەم پەردە ئاسنینەی کە دەبوایە ڕێگری بکات لە گواستنەوە لە نادیار بۆ دیار شکست دەهێنێت، سنورەکانی نادیار بەزێنراون بەمەش یەکەم درزی چکۆڵانە لەم سیستەمە دروست دەبێت کە شایەنی شکانە بەبێ ئەوەی نائارامی دروست بێت، بەپێچەوانەوە کردارەکە سەرچاوەیەکی نوێی چێژیشی لەگەڵە. ئەم هەنگاوە سەرەتاییە بۆیە کاریگەریەکی ئەوتۆی بەسەر فۆرمی واقعیەتی دینیەوە نیە، بۆیە نۆڕم و بەهاکانی ئاینی ناکەونە بەر مەترسی چونکێ هەنگاوەکە زۆر لە ئاستێکی سەرەتای خۆیدایە، گواستنەوەکە لە ڕیاڵ یان لە نادیار تا ئێستا بەڕەمزی و بەخەیاڵ نەکراوە کە شێوە و وێنەی خۆی هەبێت بتوانرێت خەیاڵ بکرێت دواتر جێگیربکرێت لەنێو نەزمی سەمبولی. بەڵام خاڵی گرنگ لێرەدا ئەمەیە کە ئەم سنوربەزاندنە ئاژاوە و نائارامی مەترسیداری دەرونی لەگەڵ خۆیدا نەهیناوە جگە لەکەمێک نادڵنیای، واتا ئەم قۆناغە بریتیە لە دروستکردنی متمانەیەک کە سیستمی دەرونی سودی لێ دەبینێت لە هەنگاوەکانی داهاتو، بەمەی کە ئەم پەردە ئاسنینە لە بنەڕەتدا خۆی هەڕەشە نیە بەڵکو شاردنەوەی شتێکی ترە کە هەڕەشەیە.
لێرە بۆمان دەرەکەوێت کە ئاین وەک سیستەمیکی کامڵ و سەربەخۆ کە خۆ بەرهەمهێنی مانا سمبولیەکانی خۆی بێت بونی نیە، ئاین توانای خۆبەدیهێنانی نیە وەک سیستمێکی فکری بەڵام توانا گەورەکەی و بونە ڕەگداکوتاوەکەی تەنیا لەمەدایە کە ڕۆڵی ئەم پەردە ئاسنینە دەگێڕێت بۆ داپۆشینی ڕیاڵ، بەکورتیەکەی توانای ئاین لەم نەبون و نادیاریەی ڕیاڵ دایە، ئێمە تەنیا بەهەوڵدان بۆ وەسفکردنی ڕوبەری ڕیاڵ، ڕۆڵ و بونیاتی ئاینمان بۆ دەردەکەوێت. بۆیە بەرەنگاربونەوەی فۆڕمی ئاین لەدونیای ڕەمزی لەرێگای بەرەنگاربونەوەی نۆڕم و بەهاکان و ئەخلاقیاتی ئاینی شەڕێکی دۆنکیشۆتیانەیە، بەرەنگاربونەوە و تێپەڕاندنی ئەخلاقیاتی ئاینی بەتەنیا لەڕێگای کەشفکردنی ڕوبەری ڕیاڵ دایە، بە هەوڵدان بۆ وەسفکردنی دیوە نەبوەکە و نادیارەکەی ڕیاڵ کە بەتەنیا لەڕیگای ئەم وەسفکردنە بەرهەم دێت. لەگەڵ هەر وەسف و کەشفکردنێکی ئەم ڕوبەرە نادیارانە، ئاینیش وەک پەردەی ئاسنین ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەدەست دەدات و ناچارە پاشەکشەیەکی کاتی ئەنجام بدات بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی تری پەردەپۆشی، چونکێ جیهانی ڕیاڵیش لە گەڵ هەر کەشف و دەرخستنێک زیاتر و زیاتر دوردەکەوێتەوە و گوزارشتکردن لێی ئەستەمتر دەبێت ،بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕیاڵ هەمیشە لەوێدا دەمێنێت وەک ئەم بەشە یاخیەی ژیان، بۆیە وەک بەرهەمی ئۆرگانی ئەم کارلێکە، سیستمی ئاینی بەردەوام بەرهەم دەهێنرێتەوە لەفۆڕمی جیا جیادا. بەڵام خاڵە گرنگەکە لەمەدایە کە سیستمی ئاینی بەهەر جۆرێک خۆی فۆرمەڵە بکات و هەر جۆرە وەزیفەیەکی هەبێت، لەدواجاردا ڕۆڵەکەی هەمیشە ڕۆڵێی سەرکوتکارو دۆگماییە، بەمەی بەردەوام ناچارە شتێک بشارێتەوە کە دەبێ کەشف بکرێت، درزو کەلێنێک دابپۆشێت کە تاکە ڕێگای بەزاندنی سیستەم و گەشەکردنی مانایە، واتا ڕۆڵەکەی ڕۆڵێکی دۆگمای و دژە زانست و ئەقلانیە. بەم شێوەیە لە ڕێگای کەشفکردنی پێگەکەی ئێمە دەتوانین لە ئاین بگەین تەنانەت ئەگەر لەژێر هەر ماسک و ناوێکی جیا هەوڵبدات خۆی بشارێتەوە، بەم جۆرە ناسینی پێگەی ئاین لە خودی فۆڕمێکی تایبەتی ئاین، یان لە کۆمەڵێک نۆڕم و بەهای دیاریکرای ئاین گرنگترە.
بۆیە فراوانکردن و کارکردن لەسەر تەواوی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتیانەی کە بەجۆرێک لەجۆرەکان ڕادیکاڵانە لەهەوڵی بڕینی ئەم بەربەستە کۆنکرێتیەدان کە جیهانی نادیار و تاریکی ڕیاڵ دەشارێتەوە ئەرک و ڕۆڵی ڕاستەقینەی هەر دونیابینیەکی نوێ و ڕەخنەگرانەیە کە کار لەسەر بەرهەم هێنانی بەهاو مانای نوێ دەکات. بەبی دروستکردنی دەرفەتی لەبار بۆ گوزارشتکردن لە ماناکانیان لەلایەن ئەم دیاردە نوێیانەی کە سەرەتا نامۆ و مەترسیدار دەردەکەون ئەستەمە بتوانرێت پێگەی ئەم دیوارە کۆنکرێتیە لەق بکرێت کە بەڕوی هەر نوێگەریەک و بەهایەکی نوێ دەوەستێتەوە. مەرج نیە هەر دیاردەیەک لەخودی خۆیدا سود یان زیانی هەبێت، بەڵام بەرهەم هێنانی لانی کەمی دۆخێکی رەزمی سمبۆلی کە توانای قبولکردن و گفتوگۆی هەبێت لەگەڵ دیاردە نامۆکان و نافۆرمەڵەکراوەکان دەرفەت لەباردەکات کۆمەڵگا لەژێر هەژمونی تۆتالیەتی ئاینی هەنگاوێک دوربکەوێتەوە و بەها و دیاردە نوێکانیش بتوانن فۆڕمەڵەی خۆیان بکەن و بکەونە گفتوگۆ لەگەڵ سیستمی سمبۆلی. بەکورتیەکەی وەک لەسەرەوە باسمکرد ئاین لە بنەڕەتدا شێوە و فۆڕمێکی نیە بەڵکو لە دەرەنجامی بەرەنگاربونەوەی کەشفکردنی جیهانی نادیار شێوەی بەدەر دەکەوێت، بەوەی کە ئێمە تا ئێستا دەستمان بۆ نادیار نەبردوە بەڵکو شەڕی ئێمە زیاتر لەگەڵ ئەم وەهمانە بوە کە خودی ئاین خۆی پێی داوین، بۆیە ناسینی ئێمە بۆ ئاین هیچ نەبوە جگە لە بەرخوردی لەگەڵ وەهمێک کە خۆی بەرهەمی وەهمێکی ترە. تاکە ڕێگاش بۆ دەرچون لەم دۆخە بەتەنیا بریتیە لە فراوان کردنی ڕوبەری گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی دیاردە کۆمەڵایەتیەکان و بەها نامۆکان کە لۆژیکی گشتی بە لادان پێناسەیان دەکات لەئەخلاقیاتی باو.