ئەم هاوارە ترساوە فۆبیائاساییە، ئەم شۆک بون و بەرپەرچە هیستریەی کۆمەڵگای کوردی لە کاردانەوەی هەر گفتوگۆیەک دەربارەی دەزگای خێزان، بەتەنها بریتی نیە لە کاردانەوەی ئەخلاقیاتی دەستەجەمعی بەڕوی ئەنتی تێزی خۆیدا، یان ژانی هاتنەئارای ئەگەری نوێ نیە، بەرفراوان بون وگەشەکردنی ڕۆڵی رەخنەش نیە، چونکێ لەکۆمەڵگای کوردی بەها کۆن و نوێکان لەکێبڕکێدا نین لەگەڵ یەکتری،پێگەی ئەخلاقیاتی سونەتی و فێندەمێنتالیزم لە ئاستێکدا نیە بەئاسانی ئەگەری ئەوە هەبێت بکەوێتە بەر مەترسی ڕەخنەی ڕادیکاڵ، فکریش لەئاستێکی هێندە سەرەتایی و ساکاری خۆی دایە کە زیادەڕۆی نیە ئەگەر گومان لەشتێک بکەین بەنێوی کایەیی فکری و ڕەخنەی تیۆری، ڕۆڵی زانستیش ڕونە کە لە غیابێکی هەمیشەیی دایە. بەڵام بۆچی لەساتێکا کۆمەڵگای کوردی تەواو خاڵیە لەهەمو ئەو مەترسی و ئەگەرانەی باسمانکرد بەڵام لەگەڵ ئەمەشا ئاوا ترساو شۆکبو دەردەکەوێت، هەروەک ئەوەی زۆر بەڕاستی گومانێکی جدی و ڕادیکاڵ بونی هەبێت لەسەر دەزگای خێزان؟. سەرەڕای هێنانە پێشی چەندین ئارگیۆمێنت بەوەی کە فشار و ئەگەری نوێ هاتۆتە پێشەوە و ئەخلاقیاتی سونەتی خۆرهەڵاتی کەوتۆتە بەرمەترسی لەدەست دانی پێگەکەی، وەک ئەوەی هەندێ نوسەر بانگەشەی بۆ دەکەن، گوایە ئەگەری لە لەدایکبونی کاراکتەری نوێی کۆمەڵایەتی کە تاکگەرای خەسڵەتە دیارەکەیەتی بۆتە فشارێکی جدی واقعی لەکۆمەڵگا خۆرهەڵاتیەکان!، بەڵام ڕونە کە ئەم ئارگیۆمێنتە ئامانجی خزمەتکردنی هەمان ترسە و فوکردنە بەهەمان باڵۆنە خورافیەکە، لەدایک بونی کاراکتەرێکی نوێی کۆمەڵایەتی بەبێ ئامادەیی ڕۆڵ و پێگەی زاست و فکری ڕادیکاڵ، بەبێ لەدەستدانی پێگەی ئەخلاقیاتی ئاینی و بەبێ دەسکاری سیستەمی ئابوری کۆمەڵایەتی جگە لەخەیاڵێکی دۆنکیشۆتیانە هیچیتر نیە. بۆیە بۆ گەڕان بەدوای ڕیشە ڕاستەقینەکانی ئەم ترس و تۆقینە ئێمە ناتوانین هیچمان دەستبکەوێت بە چونە نێو گفتوگۆ لەگەل ئەم تایپە ئارگیومێنتانە کە ڕوداوە ساختەکانی دونیای واقعی کۆمەڵایەتی بەبنەما وەردەگرن و قومار لەسەر ڕاستی بونیان دەکەن، بەپێچەوانەوە تەنها ئەو کاتە دەتوانین کەمێک لەهۆکاری ئەم ترس و تۆقینە تێبگەین کاتێک هەوڵی ئاشکراکردنی ڕوی ئاڵۆز و تەونی کارکردی سیستەمی ئەخلاقیاتی سونەتی خۆرهەڵاتی بدین و ڕونی بکەینەوە کەچۆن ئەم ترس و تۆقینە بەشێکە لەکارکردی سیستەمەکە و دەسیسەو کارکردی خودی ئەم ئەخلاقیاتە دڕندەیەیە، نمایشەکە بریتیە لە کاردانەوە بەڕوی ڕوداوێکی ساختەی دەسکرد کە ئامانج لێی بریتیە لە ستراتیژی ڕێگری کردن لە ڕودانی ئەگەری ڕاستەقینەو ڕادیکاڵ.
خێزانی کوردی کە ڕیشەیترین ڕەگ و بەهێزترین کۆلەکەی ڕاگری ئەخلاقیاتی فێندەمێنتاڵی کوردیە، ئەم دەزگایەیە کە سەرجەم بنەما ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیەکانی لەسەر وەستاوە، ناوکی ئەم توندوتیژیەیە کە فاشیەت بەرهەمەکەیەتی و پایەکانیشی لەسەری وەستاوە و بەرداوامیش ژیانی پێ دەدات و لەو پەڕی چوست و چاڵاکی دەیهێڵێتەوە، خێزانی کوردی ئەم شوێنەیە کە زۆرترین بەشی ئەخلاقیاتی کوردی تیایدا بە ئۆبێکت بوە، هیچ دەزگایەکی تری کۆمەڵایەتی نەیتوانیوە وەک خێزان بەڕەهای و هێندە بەچڕی ئەبستراکیەت لەخۆیدا هەڵبگرێت و هێندەش کۆنکرێتی دەربکەوێت بۆنمونە، ڕۆل و پێگەی باوک لەخێزانی کوردی تائیستاش هەمان کارکردی ڕۆل و پێگەی باوکی ئایدیالی هەیە لەفۆڕمە سەرەتاییەکەی خۆی. هەڵبەتە تێزە مارکسیەکە بەپێشەنگی ئەم هێڵە فکریە دادەنرێت کە دەرگای کردەوە بەسەر ئەم دونیابینیەی کە دەزگای خێزان لەفۆڕمە کڵاسیکیەکەدا بە جەوهەری ئایدیالیزم دادەنێت( هەڵبەتە مارکس مەبەستی خێزانی مرۆڤایەتیە بەگشتی بەڵام دەزگای خێزانی کلاسیکی خۆی وێنەیەکی بچوک کراوەی سیستەمی خێزانی مرۆڤایەتیە)، ئەمەش لە تێزەکانی دەربارەی فیۆرباخ بەڕونی ئاماژەی پێدراوە، (``کەی مرۆڤ توانی خۆی لە سنورە بەرتەسکەکان و کێشە سێکۆلارەکان ڕزگار بکات ئەوا ئەو کاتە دەتوانێت بەسەر کورتبینی و دەمارگیری ئاینیشدا زاڵ بێت، بۆنمونە کاتێک خێزانی زەمینی نهێنی خێزانی ئاسمانی ئاشکرا دەکات پێویستە ڕاستەوخۆ رەخنە لە خێزانی زەمینی بگیرێت لە ڕوی تیۆریەوە``). ئێستا ئێمە گەر بڕوانینە کۆمەڵگەی کوردی لەڕوانگەی تێزە مارکسیەکەوە، ئایا دەمارگیری ئاینی لەکۆمەڵگای کوردی کەوتۆتە ژێر مەترسی و هەڕەشە لەکاتێکا پاسەوانانی خێزان بانگەشەی ئەوە دەکەن خێزانی کوردی کەوتۆتە بەر مەترسی و هەڕەشە؟، کاتێک کە خێزانی ئاسمانی ڕازو ڕەمزەکەی لەنێو خێزانی زەمینیە، چۆن چۆنی پێک هاتەی خێزانە زەمینیەکە دەکەوێتە بەر مەترسی ڕەخنە، بەڵام خێزانە ئاسمانیەکە بچوکترین گومانیشی دەرهەق ناکرێت و تەنانەت پیرۆزتریش دەکرێت؟. هەڵبەتە لێرەدا دیمەنێکی هەروەک شەڕەکەی دۆنکیشۆت لەگەڵ ئاشە هەواییەکان بەزهنی مرۆڤدادێت! ناچێتە ئەقلی مرۆڤێکی هۆشیار کە باوەڕ بەمە بکات گوایە دەکرێت ڕەخنە لەدەزگای خێزان بگیرێت بەڵام بەبێ رەخنەگرتن لەو سیستەمە بەهاو ئەخلاقیەی کە جەوهەریەتی!! چی دەمێنێتەوە لە دەزگای خێزانی کوردی ئەگەر سیستەمە بەهایە ئایدۆلۆژیەکەی لێدەرکەیت؟ بەدڵنیاییەوە هیچ شتێک نامێنێتەوە، کەوایە ئەی ترسی پاسەوانانی ئەخلاقیاتی خێزانی کوردی لەکوێ سەرچاوەی گرتوە کاتێک هیچ مەترسیەک لەسەر دەزگای خێزان بونی نیە لەواقع؟. بۆ نزیک بونەوە لە تێگەیشتنێکی ئەقلانی ئەبێت لەخودی سیستەمەکەوە بۆ وەڵامێک بگەڕێین، چونکێ کاتێک سیستەمە ئەخلاقیەکە ڕوبەڕوی هیچ ئالنگاریەکی فکری نەبوبێتەوە کەوایە ترسەکە نێوەکیە و دەرەکی نیە و لە خودی ئەخلاقیاتەکەوە سەرچاوە دەگرێت. هەڵبەتە ئەمە ڕونە کە لە کارکردی هەر سیستەمێکی ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیدا بەشێکی گەورە لەم تۆڕە تەرخان دەکرێت بۆ شاردنەوەی ئەو درز و کەلێنانەی کە لەخودی سیستەمەکەدایە، ئەمەش تەنها لەڕێگای دروست کردنی هەستکردن بە گوناهێکی ئەبەدی بەدی دێت، ئەو گوناهەی کە بەرپرسە لەو مەترسیەی دەکەوێتە سەر سیستەمەکە، ئەندامانی نێو ئەم تۆرە دەبێ بەردەوام بەدوای هۆکارێکی دەرەکی دابگەڕێن کە هەڕەشەو مەترسی لەسەریان دروست دەکات و ئۆباڵەکەی بخەنە ئەستۆی، بەم شێوەیە سیستەم دەتوانێت یاساو ڕێسا ئەبەدیەکانی خۆی بنیات بنێت. ئەم گوناهە ئەبەدیە هەمیشە لەڕێگای هەڕەشەو مەترسی لەدەرەوە بۆ سەر سیستەم ئەگەری گەڕانەوەی نمایش دەکرێت، ئەم ترسە بەشێکە لە پێویستی سیستەمەکە و بەبێ ئەم مەترسیە ئەبەدیە سیستەمە ئەخلاقیاتەکە ناتوانێت بەردەوامی بەخۆی بدات و درزو نوقسانیەکانی بشارێتەوە. خێزانی کوردی کە بەشێکە لە سیستمی ئەخلاقیاتی خۆرهەڵاتی و یەکێکیشە لە داخراوترین و سەرکوتکارترین دەزگاکانی ئەم سیستەمە بۆ مانەوەی هێزی کۆنتڕۆلکاری خۆی پێویستی بە مەسرەفکردنی زۆرترین وزەی خۆیەتی بۆ بەرهەم هێنانی ئەم ترس و گوناهە، بەجۆرێک هیچ ساتێک لە ژیانی ئەم دەزگایە نامێنێتەوە بەنێوی ئاسودەی و هاوسەنگی، ئەم ماشێنە ترسناکە دەرفەتی بچوکترین جیاوازی و ئەگەری نوێ نادات بە ئەندامانی ،لەڕێگای تۆڕێکی گەورەی بەهاو نۆڕمەوە بە زنجیری گوناهو مەترسی ئەبەدی دەیان بەستێتەوە. هەڵبەتە بەشی زۆری پڕۆسێسی ترس سازی لەسەر دەزگای دەرون ئەنجام دەدرێت، سوپەرئیگۆ وەک یەکێک لەسێ پێکهێنەرەکەی سیستەمی دەرونی لەلایەن دەزگای خێزان بەهێزترو بەهێزتر دەکرێت کە دواجار خودی خێزان بۆخۆی دەبێت بە شوێنگرەوەی ئەم دەزگایە لەنێو کۆمەڵگا کە دەوری سوپەرئیگۆ دەگێڕێت و مرۆڤ لەنێو ئەم ماشێنە ترسناکە دەبێت بە یەکپارچە لە هەستکردن بە گوناهی ئەبەدی و توانای گومانکردنی لەم ماشێنە لە ڕێساو یاسا ئەخلاقیەکانی دەگەێنرێتە نزمترین ئاست و دەبێتە جۆرە مرۆڤێک وەک بەختیار عەلی لە جوانیەکانی ناڕێکی ئاماژەی پێدەکات بەوەی ``ئەم مرۆڤە کاتێک بانگەشەی فیکری رادیکالیش دەکات بەڵام هێزی گومانکردنی لەم دەزگایە نیە بەڵکو هێزی گومانکردنی بەندە بەچوارچێوەی سیستم و ئەگەرەکانی نێوی``. بۆیە ئەم زریکە و هاوارەی پاسەوانە دەست بەخوێنەکانی دەزگای سەرکوتکاری خێزانی کوردی هاوارێکی ئەبەدی و ناکۆتایە، دەنگ و سەداکەی بەدرێژای مێژوی ئەم ئەخلاقیاتە لەزرینگانەوەدابوە، هاوارو نەڕەی ئەم ماشێنە ترسناکە گوایە مەترسی لەسەرە و پیرۆزیەکانی خەریکە لەکەداردەکرێن هاوارو داوایەک نیە بۆ پاراستن و بەرگریکردن، بەڵکو ئەم هاوارە بریتیە لە دەنگی کارکردنی ماشێنەکە، لەو ساتەی کە مرۆڤەکان دەپڵیشێنەوە لەژێر جەوری کەڵبەکانی ماشێنی خێزان، ئیتر ئەم هاوار و داوایە لەماشێنەکە دەردەچێت، ئەم هاوارە بۆ پاراستنی خێزان لە مەترسی، هەمان دەنگی پڵیشانەوەی جەستەی مرۆڤەکانە و لە قورگی پاسەوانانی خێزانی فێندەمێنتالی کوردی دەبێت بەم کۆمەڵە وشەیە `` من مەترسیم لەسەرە``.
بۆیە ئەم ماشێنە بێ رۆح و بێ هۆشە کەنێوی خێزانی کوردیە تاکە شتێک کە بەلایەوە گرنگە ئەوەیە کە بەردەوام بێت لە بەرهەم هێنانی هاڕە و نەڕەی خۆی کە سەرچاوەی وزەی ژیانیەتی، بۆیە بۆ ئەم دەزگایە ئەم ملوێنان ئافرەت و کچە بەس نین کە بەکۆیلەی کردون و زنجیرو کوتەکی کردونەتە هۆش و دەستیان، بە دڕندانەترین شێوە لاقەیان دەکات لەژێر ناوی هاوسەرگیری و خۆشەویستی، ئەم ملیۆنان کوڕو پیاوە بۆ ئەم ماشێنە تۆقێنەرە بەس نین کە دایماڵیون لە سەرەتایترین هەست و سۆزی مرۆڤدۆستی و ژیان کردن، گەورەترین بەهرەی ژیان کە پێیان دەبەخشێت بریتیە لە ئازاردان و هونەری توندوتیژی، بەڵکو دەبێت ئەم بونەوەرانە بەکۆرس هاواری `` خێزانە جوانەکەمان مەترسی لەسەرە`` بدەن بەگوێی هەمو دونیادا. لێرەوە پرسیاری جدی لە دەزگای خێزان ئەوە نیە مەترسی لەسەرە یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەری لەدایک بونی جۆرە مرۆڤێکی تر شوێنی دەبێ لەنێو ئەم سیستەمە کە بەشێک نەبێت لەم هاوارو نەڕەیە، لەکاتێکیشا خودی ژیان و پیشەسازی بەرهەم هێنانی مرۆڤ بریتیە لەم هاوارە بۆ قوربانی زیاتر و زیاتر؟. لە دۆخێکی وەک ئێستایا نە هیوایەک هەیە و نە ئەگەری وەڵامێک، بەڵکو مرۆڤ تەنها دەتوانێت بیری بۆ ژمارەی ئەو قوربانیانە بچێت کە دەبێ چەندان نەوەی تر بکەونە بەر شانە تیژو بێ رەحمەکانی خێزانی کوردی، چەندان ملوێن مرۆڤی تر لەم سەر وەک دڕندەو فاشست لەم دەزگا تۆقێنەرە بێنەدەرەوە تا پێویست بکات بگەین بەو خاڵی هۆشیاریەی کە ئەوە خێزانی کوردی نیە لەژێر هەڕەشەو مەترسی، بەڵکو خودی ئەم دەزگایە هەڕەشەو مەترسیە لەسەر مرۆڤبونمان.