هاوسۆزی‌و پشگیری خوێنکارانی زانکۆکانی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ بزوتنەوەی حەماس لەکوێوە سەرچاوەی گرتوە؟

نەبەز ئەحمەد
  2024-01-26     265

یەکێک لەکارلێکەوتەکانی جەنگی حەماس و ئیسرایل بریتی بو لەم پاڵپشتیە فراوانەی کە شەقامی خۆرئاوا نیشانیدا بۆ حەماس و چاوپۆشینی ئاشکرای هاوڵاتیانی ئاسایی و خوێنەوار لە دڕندایەتی حەماس و فێندەمێنتاڵیەتی ئاینی کە بنەماکەی لەسەر سڕینەوەی تەواوی بەها ئازادی و ئینسانیەکانی خۆرئاوا داڕژراوە. ئەم پاڵپشتیە شۆکێکی یەگجار گەورەبو بۆ نوخبەیەکی بچوکی ڕۆشنبیر، لەهەمان کاتیشا بزوتنەوە ڕاستڕەوەکانیشی تۆقاند، بەڵام لەسەروی هەمویانەوە بۆ قوربانیانی دەستی فێندەمێنتالی ئاینی لە دونیایی ئیسلامی بەتایبەت ئەمانەی کە کۆچیانکردوە و لە خۆرئاوا دەژین نەوەک بەتەنیا شۆک و تۆقین بو بەڵام لەهەمان کاتیشا بەتەواوی نائومێدبون بو لە ئەخلاقیاتی لیبڕاڵیزمی خۆرئاوای. هەڵبەتە من لەسەرەتاوە ئەم بۆچونە ساختە ڕەتدەکەمەوە کە باس لەمە دەکات پاڵپشتی شەقامی خۆرئاوا لە بەرخۆدانی خەلکی فەڵەستینە نەوەک بزوتنەوەی حەماس، ئەم بۆچونە چیتر شایەنی قسە لەسەرکردن نیە و منیش لەم وتارە شوێنی بۆ تەرخان ناکەم و ناشمەوێت لەگەڵ ئەم ئەخلاقیاتە ئاینە گفتوگۆبکەم لەسەر ساختەیی ئەم بۆچونە. ئەم وتارە بەتەنیا تەرخانە بۆ کاردانەوەی خوێنکارانی زانکۆ  کە چۆن بون بە بەشێک لە ڕای عەوام و بە ئاشکرا پاڵپشتیان کرد لە بزوتنەوەی حەماس.

خوێنکارانی زانکۆکان لەیەک ڕۆژی پەلامارەکەی حەماس ڕێبەرایەتی و پێشەنگی خۆپشاندان و گردبونەوە جەماوەریەکان بون، شەپۆڵێکی پڕ لەژاوەژاو و توڕە، فاکت و ئەرگیۆمێنت کەمترین شوێنی هەبوو، چیتر گرنگ نیە ئەم سۆزە بۆ فەندەمێنتالیەت لەژێر پەردەی کێشەی فەلەستین بشاردرێتەوە بەڵکو ڕاستەوخۆ بەبێ پەردە لەنێوان دو هێزی فێندەمێنتالی سیاسی ئاینی جولەکە و ئیسلامی دوهەمیان ڕەوایەتیەکی ئینسانی و ئەخلاقی هەیە و یەکەمیان پێشێلی ئەم ڕەوایەتیانە دەکات، (سەرەڕای ئەم فاکتەی کە بزوتنەوە ڕاستڕەوە فێندەمێنتالەکانی ئیسرایلی هەرگیز بانگەوازی جێنۆسایدی گەڵی عەرەب و موسولمانانیان نەکردوە و دەستوری دەوڵەت لە ئیسرائیل مافی تەواوی کەمە نەتەواەکانی پاراستوە و ئەم بزوتنەوانە هێزی سیاسیی یاساین و پابەندن بەدەستور، بەڵام حەماس بە ئاشکرا داوای سڕینەوەی جولەکە دەکات لەسەر ڕوی زەوی و بەکرداریش هەنگاوی بۆ دەنێت). خوێنکارانی زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکی لە یەکەم ڕۆژی رودانی هێرشەکەی حەماس تەنانەت کەس نەیدەزانی ژمارەی قوربانیان چەندە لەبەیانامەیەکدا سەرکۆنەی ئیسرائیلیان کرد و لەنێو گۆڕەپانی کەمپی زانکۆ بانگەوازی جێنۆسایدی گەلی جولەکەیان کرد،  ( سەیری لینکی هەواڵەکە بکە https://www.forbes.com/sites/michaeltnietzel/2023/10/11/harvard-faces-backlash-over-statements-about-hamas-attack-on-israel/?sh=2d66ba423af7 ) خوێنکارانی زانکۆی ڤێرچێنیا کوشتنی هاوڵاتیانی سڤیلی ئیسرائلی بە هەنگاوێکی ئازایانە دایە ئەژمار بۆ سەربەخۆی فەڵەستین، خوێنکارانی کامبریج و ئۆسکفۆردی بەریتانی داوای ئینتیفازە intifada و ڕاپەرینیان کرد لەدژی ئیسڕائیل،  ( سەیری لینکی هەواڵەکە بکە https://www.independent.co.uk/news/uk/oxford-middle-east-palestinian-university-and-college-union-congress-b2434448.html)  بەشی هەرە زۆری زانکۆ و کۆلێجەکانی تر کەمپەینیان ڕاگەیاند بۆ بایکۆتی کاڵا و دروست کردنی فشار لەسەر حوکومەت بۆ وەستاندنی فرۆشتنی چەک و هاوکاری بە ئیسرایل، من وەک خۆشم کە خوێنکارێکی زانکۆی ستراسکلایدم لە بەریتانیا لەنزیکەوە شاهێدحالی ئەم دۆخەم، هاوسۆزی بۆ حەماس لەئاستێکدایە کە بەیەک بەیانامەش سەرکۆنەی دڕندایەتی حەماس نەکراوە لەم زانکۆیە، لەبەرامبەردا چەندان گردبونەوە و پاڵپشتی بۆ بەرگری لەغەزە ئەنجامدراوە و تەنانەت گڕوپی هاوڕەگەزخوازان و ترانسەکان سەرسەختانەتر بەرگری لەحەماس دەکەن.

من مەبەستم نیە باسی پڕۆفێسۆرو مامۆستایانی زانکۆ و دەستەی بەڕێوەبەران و سەرۆکی زانکۆکان بکەم، هەڵبەتە ڕۆڵی ئەمانە زۆر زیاتر ڕادیکاڵتر بو، بۆ ئەمە بەتەنیا بەسە سەیری گوێ گرتنی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکی بکەین لەبەرواری 05/11/2023  لە دانیشتنی تایبەت بۆ سەرۆکی سێ گەورە زانکۆی ئەم وڵاتە دەربارەی لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمی و بەرەنگارنەبونەوەی بانگەوازی توندوتیژی و ئەنتی سێمێتیزم لەنێو کەمپی زانکۆکانیان ، کە دواجار بەهۆی هەڵوێستە توندڕەوەکانیان بەدەست لەکارکێشانەوەی دوانیان کۆتای هات. فەرید زەکەریا نوسەرو ڕۆژنامەوانی ئەمەریکی لە بەرنامەکەی خۆی لە CNN دوای ئەم خۆپشاندانانە وتی چیتر کەس باوەڕی بەم زانکۆ نوخبەییانە نەماوە کە ئامانجە ئەکادیمیەکانیان بەتەواوی فەرامۆش کردوە بونەتە ستەیجی نمایشی سۆسیۆئیکۆنۆمی نوخبەیەکی دیاریکراو، زەکەریا ئەمەشی بیر زانکۆکان هێنایەوە کە زانکۆ شوێنێک نیە بۆ ئەخلاقیاتی نوخبەیی بەڵکو شوینێکە دەبێ وابکات هیچ فکرەو ئەخلاقیاتێک هەست بەسەلامەتی نەکەن ( سەیری لینکی ڤیدۆکە بکە https://edition.cnn.com/videos/us/2023/12/10/fareeds-take-us-universities-education-gps-vpx.cnn) . هەڵبەتە من لەم وتارە سەرنجم لەسەر شەقامی خۆرئاوایش نیە کە ڕێژەی هاوسۆزی بۆ حەماس بەتەواوی زۆر زیاتر بو لە بەشی زۆری وڵاتانی ئیسلامی، تێگەیشتن لە کاردانەوەی ئەم دوو گڕوپە پەیوەندی بەکۆمەڵێک فاکتەری ئاشکراوە هەیە، وەک ڕونە خەڵکی ئاسایی و یان ئەوەی پێی دەڵێن ڕای شەقام هەمیشە لەژێر هەژمونی ماس میدیا و بە تایبەتی تر لە ئێستاش لەژێر هەژمونی سۆشیال میدیا دایە و کاردانەوەکە هەمیشە سۆزاویە. دەربارەی نوخبەی ئەکادیمیش ئەم نوخبەیە کرێدیتی خۆیان تەنیا لە ئۆپۆزسیۆن بون بەرامبەر بە گوتاری دەسەڵاتدا دەبیننەوە، ئەم وەهمە هێندە کشاوە لای ئەکادێمێستەکان کە تەواو بەسەر دیوەکەی خۆیدا وەرگەڕاوە و بۆتە دیوێکی تری گوتاری دەسەڵات بە ئاوازێکی تر، هەڵبەت من لەمە زیاتر لەسەر ئەم لایەنانە قسە ناکەم، ئامانجی من خوێنکارانی زانکۆیە کە جگە لە شوینگە زانستیەکەیان کە زانکۆیە کە بەمەش هانگاوێک لە شەقام دورن، لەهەمانکاتیشا پێگە کۆمەڵایەتیەکەشیان کە وەک بکەرێکی نوێی کۆمەڵایەتی پێگەکەی لەسەر مەوداگرتن لە باوەڕی زۆرینە (زیاتر باوەڕی عەوام یان هەرشتێک لەمان بچێت) دادەڕێژێت و سەرگەردانی خۆجیاکردنەوەیە بۆ دروست کردنی شوناسنامەی تایبەتی خۆی. ئەم کاراکتەرە کۆمەڵایەتیە لەکۆمەڵگای خۆرئاوا ئاسان ناکەوێتە ژێر گوتاری زۆرینە و هەمیشەش ڕێبەرایەتی شۆڕش و گۆڕانکاریەکانیان کردوە، پێویستیش بەمە ناکات ئاماژە بەناوی شۆڕش و یاخی بونەکانیش بدەین، هەروەها ئاسانیش ناکەوێتە ژێر گوتاری ئەکادیما و هەمیشە گومانی لێدەکات و بەهۆی پەیوەندی هایرارکیەوە ئەکادیما هەمیشە وەک ڕوکارێکی دەسەڵات دەمێنێتەوە لای خوێنکار. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش لە دۆخێکی وەک ئێستادا خوێنکاران زۆر زیاتر لە باوانیان و لە سەرۆکی فاکلتیەکانیان و تەنانەت لە ڕای گشتی و شەقامیش کۆنزێرڤاتیڤتر و هاوشوناستر لەگەڵ ڕای گشتی و گوتاری ئایدۆلۆژی دەردەکەون!! ئەمە لە کوێوە هات؟

بەشی زۆری وەڵامەکان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت کاریگەری بزوتنەوە چەپەکان یان چەپی ڕادیکاڵ بەهۆکاری سەرەکی جوڵانی تەوای ڕای گشتی دەزانن لە وڵاتانی خۆرئاوا دەربارەی کێشەی فەڵەستین، بەڵام ئەمە ئەگەر لانی کەم فاکتێک بێت کە کەمێک حەقیقەتێکی مێژوی هەبێت بەتایبەت کاریگەری لەسەر ڕێژەیەکی دیاریکراوی شەقامی خۆرئاوای بەتایبەت چینی کرێکار کە لەژێر کاریگەری چەپەکاندان، بەڵام لە کەیسی خوێنکارانی زانکۆکان بەتایبەت زانکۆ گەورە و خاوەن پێگە باڵاکان ئەم تێڕوانینیە زۆر کورتبین و واقع نەبینە، چونکی ئەمە ڕونە کە بەشی هەرە زۆرینەی خوێنکارانی ئەم زانکۆیانە بەتایبەت ئەگەر ئۆکسبریج Oxbridge و هارڤارد لەبەرچاوبگرین هیچان لە باگراوندی چینی کرێکار و چەپەوە نەهاتون، مرۆڤێکی ئاسایش کە هەرگیز نەچۆتە زانکۆ ئەوە دەزانێت ئەم زانکۆیانە شوێنی مناڵە دەوڵەمەندەکانن ، بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان زۆرینەی خوێنکارانی ئەم زانکۆیانە خەلکانێکن کە لەبنەماڵەی دەوڵەمەندو لانی کەم لە چینی نێوەڕاستی سەروە هاتون واتە بەرزتریش لە چینی نێوەڕاست، ئەم زانکۆیانە لەنێو تەواوی هاوڵاتیان بە زانکۆی مناڵە دەوڵەمەندەکان ناسراون، ڕاپۆرتێکی گاردیانی بەریتانی ئاماژە بەوە دەکات لە ٪80 خوێنکارانی زانکۆی ئۆکسبریج لە خێزانی سوپەر دەوڵەمەندەوە هاتون، ( سەیری هەواڵەکە بکە لەم لینکە https://www.theguardian.com/education/2017/oct/19/oxbridge-becoming-less-diverse-as-richest-gain-80-of-offers ) بەهۆی ئەم باڵادەستیەی بنەماڵە ساماندارەکان، ڕێکخرا و بزوتنەوە چەپەکان کەمترین کاریگەری و ئامادەیان هەیە لەنێو ئەم زانکۆیانە بەبەراورد بە هێزە لیبڕالەکان. بۆیە هیج لۆجیکێکی ئەقلانی ناتوانێت دەرەنجامێکی مانادار بەرهەم بهێنێت کە کۆمەڵێک خوێنکاری زانکۆ لەخێزانە هەرە ساماندارەکانی خۆرئاوا لەماوەیەکی هێندە کەم بەبێ بەرکەوتن و هەبونی هیچ پەیوەندیەکی مێژوی لەگەڵ بزوتنەوە چەپەکان و کەمترین ڕادەی وشیاری بە هزری سۆسیالیزم ئاوا خێرا بیگوازنەوە بۆ هزری چەپ بەبێ کەمترین رەخنەش لە هزی کەپیتالیزم!! بۆیە ئەم گواستنەوەیە هەرگیز گواستنەوەیەکی ئەقڵانی و هۆشیاری نیە، ئەم گریمانەیەش گریمانەیەکی ورد نیە و پڕ کێشەیە.

ڕایەکیتر گریمانەی ئەوە دەکات کە لەگەڵ فراوان بون و بەرزبونەوەی ڕێژەی خوێنکارانی وڵاتانی ئیسلامی لەم زانکۆیانە، چ ئەوانەی وەک پەنابەر دەژین و چ ئەوانەی بۆ خوێندن هاتون هۆکارێکی سەرەکیە لە پشتی ڕێکخستن و ڕاکێشانی سۆزی خوێنکاران بۆ بزتنەوەی حەماس و کێشەی فەڵەستین. ئەم بۆچونەش بەهەمان بۆچونی پێشوتر پڕ کێشەیە، چونکێ ڕێژەی خوێنکارانی موسڵمان و ئیسلامی فێندەمێنتال لە ڕێژەی چەپەکانیش کەمترە و کاریگەریشیان یەکجار کەمتریشە، باگراوندی بێگانەیی بونیشیان زیاتر خزمەت بەم بێ کاریگەربونەیان دەکات، ئاماری زانکۆی هارڤارد ئاماژە بەمە دەکات کە ڕێژەی خوێنکارانی ئیسلام لە زانکۆکە ٪2.5 ( کەمتر لە سێ پۆینت) (سەیری لینکی هەواڵەکە بکە  https://www.washingtonpost.com/news/acts-of-faith/wp/2015/09/09/there-are-more-atheists-and-agnostics-entering-harvard-than-protestants-and-catholics/)

لە زانکۆیەکی خاوەن پێگەی بەزری وەک yale تەنیا 200 خوێنکاری موسلیم هەیە لەنێو نزیکەی پانزە هەزار خوێنکار، لە ئۆکسبریج ڕێژەکە زۆر کەمترە کە تەنیا ٪0.5 (سەیری لینکی هەواڵەکە بکە https://www.tes.com/magazine/archive/muslim-students-shouldnt-feel-oxbridge-isnt-them#:~:text=Muslims%20make%20up%207%20per,at%20the%20University%20of%20Oxford%3F )

ئەم ئامارانە فاکتێکی سەرەکی پشت ڕاست دەکەنەوە کە کشانی ئاستەکە بەم خێراییە و بەم ڕێژە بەرزە نیە کە کاریگەریەکی وا بەهێز لەسەر ڕای گشتی نێو کامپەکانی زانکۆ دابنێت، لەسەروی ئەمەشەوە لەنێو خودی خوێنکارانی موسلیم بەشێکی کەمیان هاوسۆزی ئیسلامی فێندەمێنتاڵن و بەشی زۆرینەی یان دونیابینیەکی کراوەتری هەیە و ئاین بەشێکی گرنگی دونیابینیە سیاسیەکەی پێک ناهێنێت، یان ئەوەتە بەشێکە لە دونیابینی فەرمی دەوڵەت، خوێنکارانی سعودی باشترین نمونەن کە دونیابینیان بۆ کێشەی فەڵەستین بەشێکە لەدونیابینی دەوڵەت و هیچ هاوسۆزیەکی ئەوتۆیان بۆ حەماس نیە و ڕێژەیەکی بەرفراوانی خوێنکارانی ئیسلامیش پێک دێنن لەوڵاتانی خۆرئاوا. لەڕوی ڕێکخستن و کاری ڕێکخراوەییش ڕۆڵی ئیسلامیەکان لەنێو زانکۆکانی خۆرئاوا لە دوو ستراتیژیەت کۆبۆتەوە، یەکەمیان بریتیە لە خۆپاراستن و دروستکردنی بەربەستێک بۆ بەرگری کردن لە هەمو جۆرە ڕەخنەیەکی کەلتوری و زانستی لەڕێگای سود وەرگرتنی تەواو لە یاساو ڕێساکانی وڵاتانی لیبڕاڵی خۆرئاوای تایبەت بە پاراستنی هەمەچەشنی و فرە ڕەنگی کەلتور و بیروڕای جیاواز، واتا تەواوی تواناکانیان لەسەر بەرگری کردنە لەبەرامبەر ڕەخنەی زانستی و کەلتوری خۆرئاوای لەڕێگای سود وەرگرتن لە لۆجیکی ئەقلانی خۆرئاوای، بەم شێوەیە کەوتونەتە نێو دۆخێکی زۆر کۆمێدی بەجۆرێک زۆر جار دەبن بە هاوپەیمانی دوژمنە ئەبەدیەکانیان وەک هاوڕەگەزخواز و ترانسەکان ، بەکورتیەکەی ڕۆلەکەیان بریتیە لە پاسەوانی قەڵا کۆنەکە نەوەک هێرشبەرو فەتحکەر. دوهەم ستراتیژ بریتیە لە نوێنەرایەتی کردنی حوکومەتەکان بۆ چاودێریکردن و کۆنتڕۆلکردنی ئەم خوێنکارانەی لە وڵاتە ئیسلامیەکان هاتون، بۆ دورخستنەوەیان لە هەر ئەگەرێکی تێکەڵ بون بە کۆمەڵگەی خۆرئاوای و هەر جۆرە کارێکی سیاسی. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەم فاکتانەی سەرەوە لەدۆخێکی ئاوادا بەهیج جۆرێک ئەقلانی نیە باوەڕ بەمە بێنین ئەم کەمینە کەم هەژمون و لاوازە لە ڕوی مەعریفە و توانای ڕێکخراوەی و لەگەڵ تەواوی ئەم بەربەستانەی باسمان کرد بتوانێت ئاوا بەم خێرای و بەرفراوانیە کاریگەریەکی هێندە چڕ لەسەر پر چالاکیترین و هۆشیاریترین زانکۆکانی خۆرئاوا دابنێت.  

هەڵبەتە دەتوانین چەندەها بۆچونی تر ئاماژە پێ بدەین کە کەم و زۆر ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکاری تر دەکەن پاڵپشتیە داراییەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بۆ ئەم زانکۆیانەو دروستکردنی گڕوپی پڕۆکسی کە بەناڕاستەوخۆ نوینەرایەتی بەرژەوەندیەکانی ئەم وڵاتانە دەکەن، یان کۆمەڵێک بۆچونی تری ڕۆمانتیکی کە باس لە هەژانی ویژدانی دەکەن بەهۆی قوربانیە مرۆییەکانی خەلکی فەڵەستین، بەڵام دواجار ئەم بۆچونانەش بەهەمان ئەوانەی پێشوتر باسمان کردن هیچ بنەمایەکی واقعی و دروستیان نیە و سەر بەدونیابینی پڵانگێرین (conspiracy theory). هەروەها بۆچونێکی تر هەیە بەلەبەرچاوگرتنی باگراوندی مێژوی دژە جولەکەیی لە خۆرئاوا پێی وایە کە کاریگەری مێنتاڵیەتی ئەنتی سمێتیزم تا ئێستاش کاریگەریەکی زۆری هەیە لەسەر تەواوی بزوتنەوە دژە ئیسرائیلیەکان و ئەم هاوسۆزیەی خوێنکارانی زانکۆش لەژێر کاریگەری ئەم هەژمونەدایە، بەڵام ئەم بۆچونەش لەبەردەم ئەم فاکتە واقعیە خۆی ناگرێت کە ئەنتی سمیتیزم لەبنەڕەتدا دژی دەوڵەتی جولەکە نەبوە، بە پێچەوانەوە دەوڵەت بەچارەسەر زانراوە وەک تاکتیک وەک خۆیان دەڵێن بۆ دەرباز بون لە هەژمونیان لە خۆرئاوا، هەربۆیەشە دژایەتی ئیسرائیل هەرگیز نەگەیشتۆتە ئەم ڕادەیەیی کە پاڵپشتیەکەی جەماوەری گەورەی هەبێت، نابێت ئەمە لەبیر بکەین ڕەوەندی جولەکەی لە خۆرئاوا هاوڵاتی ئەم وڵاتانەن نەوەک ئیسرائیلی و ژمارەیەکی زۆریش دەوڵەتی ئیسرائیل ڕەت دەکەنەوە، بۆیە ئەنتی سمێتیزم دژە جولەکەیە بەڵام دژە ئیسرائیل نیە، دەوڵەت ڕوکارە مادیەکەی ئەخلاقیاتی جولەکە نیە وەک ئەنتی سمێتیزم بە هۆکاری تەواوی گرفتە گەردونیەکانی دادەنێت، ئەمەش ڕونە کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەتەنیا نوێنەرایەتی جولەکەکان ناکات و دەوڵەتێکی سێکۆلارە و نەتەوە و ئاینی تریش بەژدارن، بەکورتیەکەی ئەنتی سێمێتێزم بناخەیەکی قولتری دەرونی و فکری هەیە، کە سنورە بەرتەسکەکانی ئیسرائیل تێ دەپەڕێنێت و هەرگیز لەوێدا گیرناخوات، ئەم تێڕوانینە ڕقاویە کە لەکۆمەڵێک حوکمی پێشداوەری و ئەفسانەو تێڕوانینی پلانگێری پێکدێت، پێی وایە زهنیەتی جولەکەی وەک خاوەن دەسەڵاتێکی نهێنی نائاسایی هەژمون گەرا بەرپرسە لە تەواوی چارەنوسی مرۆڤایەتی و ئافاتەکانی، تەنانەت خودی ئیسڕائیلیش قوربانی ئەم پلانگێڕیەیە، بۆیە ئەنتی سێمێتێزم خۆی بە ئیسڕائیل و گرفتەکانی نابەستێتەوە و باوەڕیشی وانیە لەڕێگای دژایەتی ئەم دەوڵەتە بتوانێت زیان بە هەژمون و باڵادەستی جولەک بگەێنێت.      

بەڵام ئەگەر وردتر سەیری کاردانەوەی ئەم مناڵە دەوڵەمەندانە بکەین کە لەباشترین و گرانبەهاترین زانکۆکانی دونیای خۆرئاوا دەخوێنن و ستایلی ژیانیان بەجۆرێکە کە بە هیچ شتێک بەژیانی مرۆڤی ئاسایی نەبەستراوەتەوە و نیوەی رۆژەکانی هەفتە سەرقاڵی ئاهەنگێڕان و کەیف و سەفان، بەڵام لەپڕێکدا دەبن بە بەرگریکارێکی سەرسەختی بزوتنەوەیەکی توندڕەوی فێندەمێنتالی ئیسلامی وەک حەماس بەبێ پەردەپۆشی و بەئاشکرا بەرگری لێ دەکەن، ئەوا تەنیا دەتوانین لەڕونگەیەکی تەواو سایکۆلۆژیانەوە لەم ڕەفتارە بکۆڵینەوە چونکێ کاردانەوەکە سەر بە هەرێمی لۆجیکی ئەقلانیەوە نیە. هەڵبەتە زۆر پێویستیش ناکات جارێکی تر فۆکەس بخەینە سەر ئەم خاڵەی کە بۆچی من هەڵوێستی ئەم خوینکارانە شۆڕشگێڕانەو یاخی بوانە نابینم وەک بەشیک لە تواناو وزەی خوێنکاران کە هەمیشە پێشەنگی یاخیبون بونە، پێم وایە بەشی ئەوەنە ڕونم کردۆتەوە کە چۆن ئەم زانکۆیانە بونەتە شوێنگەی نوغبەیەکی دەوڵەمەند کە پێگە ئابوریەکەیان زانکۆ وەک هەنگاوێک بۆ پالفتەکردنی جیاکاریە کۆمەڵایەتیەکە دەبینێت و زانکۆ نە لەبەر پێگە زانستیەکەی بەڵکو لەبەر پێگە سۆسیۆئیکۆنۆمیەکەی، بەڵام بەم مانایە نا کە زانکۆ شەڕعیەت بەم پێگەیە بدات بەڵکو فۆرمە کۆمەڵایەتیەکە لەوێدا پەخشدەکرێتەوەو بەدوای دانپیانان دەگەڕێت لەڕیگای نمایشی پێگەکەی. بەم شێوەیە ئەم پەیوەندیە دیالێکتیکیەی لەنێوان خوێنکار و زانکۆدا هەیە بەتەواوی لەنێو چوە و دواجاریش یاخی بون و زانستیش هیج پەیوەندیەکیان بەیەکەوە نەماوە، بۆیە تەوای رەفتار و کردەوەی ئەم نوغبە سوپەڕ دەوڵەمەندە لەم زانکۆیانە ڕەنگدانەوەی پێگە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکەیانە، کاتێ ئەمە دەڵێم جارێکیکە جەخت لەسەر ئەمە دەکەمەوە کە مەبەستمە ئەوە ڕونبکەمەوە کە زانکۆ هیچ دەورێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی نیە لای ئەمان کە بە ڕوانگەیەکی مارکسیانە باوەڕمان وابێت ئەم چینە دەوڵەمەندە بیەوێت هەژمونی خۆی لەسەر کۆمەڵگا دابنێت، بەڵکو مەبەستمە بڵێم زانکۆ هیچ نیە جگە لە یانەیەکی گردبونەوەی کۆمەڵایەتی کە مناڵە دەوڵەمەند ئیگۆی کۆمەڵایەتی خۆی تیا گەشەپێدەدات بۆ بەرهەم هێنانی ناسنامەیەکی دەرونی نەوەک سیاسی و ئابوری، جارێکی کە پێویست ناکات ئەمە بیری کەس بهێنینەوە کە مناڵی خێزانێکی سوپەردەوڵەمەند پێویستی بە بڕوانامە نیە بۆ دەست خستنی کار، زانستیش بەتەنیا لە زانکۆ پەخش ناکرێت، یانی هەر مرۆڤێک بە کەمێک هۆشیاری سادەوە سەیری دۆخی ئەم مناڵە دەوڵەمەندانە بکات کە لە زانکۆن یەکەم شت کە بە هۆشیدا بێت ئەوەیە ئەمانە بۆ کاتی خۆیان لێرە بە فیڕۆ دەدەن لەکاتێکا هیچ پێویستیان بە زانکۆ نیە!! بۆیە ئەبێ بەتەواوی دەسبەرداری هەر هۆیەکی ئەقڵانی ببین لەپشتی هەر ڕەفتارێکی ئەم خوێنکارانە، لەنێویشیاندا پاڵپشتیان بۆ حەماس.

بەشێوەیەکی گشتی بزوتنەوەی حەماس لە زیهنیەتی بەشی زۆری خەڵکی خۆرئاوا پێکهاتەیەکی سەیروسەمەرەی هەیە کە ناوازەیە، حەماس ناسنامەیەکی دوو ڕوی هەیە کە لەیەک کاتدا قوربانی و دەستدرێژیکاریشە، ئەم دوالیزم و دوو فۆڕمیە بەپێچەوانەی لۆجیکی ئەقلی هیچ خاسیەتێکی نێگەتیڤی دروست نەکردوە، بەڵکو یەکتری تەواو دەکەن و هەریەکەیان نوقوسانی ئەویتر دەشارێتەوە لای زیهنیەتی خۆرئاوای، ئەمە چۆن ڕوو دەدات لەسەر ڕوبەری دەرونی، ئەوا پێویستی بە کەمێک ڕونکردنەوەی زیاترە.

 مێنتاڵیەتی خۆرئاوای بەهۆی ئەم چەپاندنە بەهێزەی  جەبرەکانی شارستانیەت کەمترین دەرفەتی هەیە بۆ ئاوەڵاکردن و ئازادکردنی غەریزە شەرەنگێز و تاریکەکان، هەڵبەتە فرۆید ئەمەشی فێرکردوین کە مرۆڤێکی ئاوا ناچاڕە کەناڵی تر بکاتەوە و بەدیلی تر دابهێنێت بۆ تەعبیرکردن لەم ڕەمەکە سروشتی و شەڕەنگێزانە و هەر بەم جۆرەش شارستانیەت بونیاتی خۆی دادەنێت، بۆنمونە هاوسەنگی دەرونی لە ڕێگای خۆهاوشوناسکردن لەساتی سەیرکردنی نمایشی توندوتیژی و چێژ بینین لەم دیمەنانە، بۆ ئەمەش دەتوانین نمونەی زۆر بهێنینەوە هەر لە پاڵەوانبازی گڵادیەیتەرەکانەوە تاوەکو ئەکشنی هۆڵیۆدی و یاریە جەنگیە ئەلکتڕۆنیەکان کە گەشەکردنێکی سەرسوڕهێنەریان بەخۆوە بینیوە، ئەمانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە چۆن لەڕێگای خۆ هاوشوناسکردن لەگەڵ کاراکتەرە پاڵەوان ئاسا و  توندوتیژەکان ئەم مرۆڤە قەرەبوی ئەم چێژە لەدەست چوە دەکاتەوە کە شارستانیەت چەپاندویەتی. بەڵام خۆهاوشوناسکردن دیوێکی تریشی هەیە کە وەک میکانزمێکی بەرگری دەرونی بەکار دەهێنرێت، ئەویش خۆ هاوشوناسکردنە لەگەڵ دەستدرێژیکار یان پاڵەوان بۆ خۆپاراستن لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی پەلاماردان لەلایەن پاڵەوان یان دەستدرێژیکارەکە، بەکورتی لە ترس و تۆقینی کەسی توندوتیژ کەسی قوربانی خۆی هاوشوناس دەکات و دەبێ بەهاوسۆزی ئەو!!. لە مێکانزمەکانی بەرگری فرۆیدی بەمە دەڵێن Introjection یان identification ئەم مێکانزمە لەلایەن  Sandor Ferenczi گەشەی پێدرا دواتر  Anna Freud بەتەواوی دیڕشتەوە و پێناسەی کرد. یەکێک لە دەرهاویشتە و دۆخی دەرونی کە کەسەکە یان گڕوپەکە ئەزمونی دەکەن لە دۆخی خۆ هاوشوناسکردن وەک میکانزمێکی بەرگری بریتیە لە Stockholm Syndrome ( کۆ دەردەئاماژەی ستۆکهۆڵمی) بەکوردی ئەگەر بە نەخۆشی ستۆکهۆڵمی ناوی بەرین زۆر لە ماناکەی دورناکەوینەوە، Nils Bejerot دەروناس و تاواناسی سوێدی تێرمەکەی گەشەپێداوە لەدوای ڕوداوی بارمتەگرتنەکەی ستۆکهۆڵم. ئەم گرفتە دەرونیە بریتیە لە خۆ هاوشوناسکردن و هاوسۆزی بونی قوربانیانی بارودۆخێکی توندوتیژی لەگەڵ دەستدرێژیکارو تاوانبارەکە، ناوەکە لە ڕوداوێکی بە بارمتەگرتنەوە هاتوە لە ستۆکهۆڵم لەساڵی 1973، هەڵبەتە چیرۆکەکە زۆر بەربڵاوە پێوسیت ناکات وردەکاریەکەی باس بکەین، بەکورتی بریتیە لەوەی کە تاوانبارێک هەڵدەکوتێتە سەر بانکێک و چوار کارمەند بە بارمتە دەگرێت، دواتر کارمەندەکان بون بەهاوسۆزی و هاوخەمی پەلاماردەرەکە و تەنانەت دوای ڕوداوەکە ئامادە نەبون هاوکاری پۆلیس بکەن و شاهێدی لەدژی کەسەکە بدەن سەرەڕای ئەوەی مەترسیدارترین توندوتیژیان لەدژ بەکارهێنرابو.

دەروناسان دۆخی ستۆکهۆڵمی بەیەکێک لە میکانزمە دەرونیەکانی مانەوە و گەشەکردنی مرۆڤ دادەنێن کاتێک ڕوبەڕوی شۆکێکی لەناکاو دەبێتەوە کە هەڕەشەی جدی لەسەر مانەوەی دروست دەکات، هەڵبەتە شۆکە دەرونیەکە دەکرێت لەدەرەنجامی ئەزمونکردنی دۆخێکی مەترسیداری فیزیکی بێت، بەڵام شۆکی دەرونی دەشکرێت کاردانەوەش بێت بەرامبەر بەڕوداوێک کە کەسەکە خۆی هیچ دەورێکی فیزیکی تیادانیەو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیانی تایبەتی ئەمیشەوە نیە، بۆ نمونە دەکرێت ئاماژە بە دۆخی کۆمەڵگای بەریتانی بدەین دوای مردنی دایانا، ئەم شۆک و کاردانەوە تۆقێنەرەی خەلکی بەریتانیا نیشانیاندا دوای مردنی شازادە دایانا لەساڵی 1997 بۆ خودی بنەماڵەی شاهانەش چاوەڕوان نەکراو نائاسایی بو، تەنانەت ژمارەیەکی کەمی دەرونشیکارانیش توانیان لێی بگەن لەم کاتدا. هەڵبەتە هەڕەشەی شۆکی دەرونی بەقەد هەڕەشی فیزیکی مەترسی دادەنێت لەسەر مانەوە و ژیانی مرۆڤ، هەر لادانێک بەقەد بەرکەوتنێکی فیزیکی مەترسیدارە، بۆیە لەم دۆخە کاتیک سیستمی دەرونی توانای هاوسەنگی خۆی لەدەست دەدات ئا لەم کاتەدا لۆجیکی ئەقلی بەلاوە دەنرێت و سیستمی نائاگای یان ئەوەی پێی دەڵێن نەست لەڕێگای میکانزمی بەرگری دەرونی پەنا بۆ بەردەسترین و نزیکترین وزەی دەرونی دەبات بۆ گەڕاندنەوەی ئەم هاوسەنگیە و دورکەوتنەوە لە پشێوی و نیگەرانی. هەڵبەتە ئەم کاردانەوە دەرونیە وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێی کرد میکانزمێکی بەرگری درونیە سیستمی دەرونی تاک یان گڕوپ بۆ خۆپاراستن لەهەڕەشەکەر بەکاری دەهێنێت، هەرچەندە هەڕەشەکە جدیش بێتو ئەگەری لەنێوچونی سەبچێکتەکە گەرەنتیش بێت بەڵام سیستمی دەرونی ڕەتی ئەمە دەکاتەوە و بۆ هاوسەنگی دەرون میکانزمی بەرگری دەخاتە گەڕ ( هەڵبەتە میکانزمەکانی بەرگری دەرونی هەرگیز بۆ چارەسەری هیچ دۆخێکی ئەقلانی و واقعی کارناکەن بەڵکو تەنها بۆ پەردەپۆشی و بەدەست هێنانی هاوسەنگی دەرونی دەکەونە کار) بۆنمونە دان پیانانی ڕەزامەندانە و خۆ تاوانبارکردن لە سیستمی ستالینی نمونەیەکی ئاشکرای ئەم دۆخەیە، قوربانیانی پرۆسەی پاکتاوکردنی نەیارە سیاسیەکانی ستالین لە ژێر حوکمی ئەم دڕندەیە ئامادە بون بە ڕەزامەندی خۆیان لە پێناو ستالین دان بە تاوانیک بنێن کە هەرگیز نەیانکردوە و گڵەیش نەکەن لەسەر ئەمەو سزاکەشی کە مردن بو پەسەندی بکەن، بەتایبەت لە زنجیرە دادگایکردنەکانی مۆسکۆ لەساڵی 1930، کە دانپیانانی ساختە و پەسەندکردنی سزای گولەبارانکردن لەپێناو ستالین بەو پەڕی خزمەت دادەنرا لەپێناو حزب و دەوڵەت. هەڵبەتە یەکێک لە نیشانەکانی نەخۆشی ستۆکهۆڵمی ئەوەیە کە ئەم ئالۆزیە دەرونیە لەدەرەنجامی بارودۆخێک دێتە ئاراوە کە کە قوربانی دەگاتە ئەم باوەڕەی کە هەڕەشەکار توانای لەنێوبردنی ئەمی هەیە لەڕێگای توندوتیژیەوە، لەهەمان کاتیشا قوربانی لەڕوی سۆزەوە بە ناڕاستەوخۆیی نائاگاییانە پەیوەندی لەگەڵ تاوانبار بەستوە، بەم جۆرە ئەم کارلێکە دەرونیە جۆرە هەستێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت بەوەی قوربانی دەگاتە ئەم باوەڕەی کە لەگەڵ تاوانبار هاوسۆز و خاوەن یەک ئامانج و بەهان، تەنانەت قوربانی دەگاتە ئەم باوەڕەی کە تاوانبار قوربانیە!!، بەم جۆرە خۆ هاوشوناسکردن لەگەڵی دەبێتە تاکە دەڕچەی وەڵامدانەوەی سیستمی دەرونی و وەڵامدانەوەی ئەو دۆخە مەترسیدارەی ئەم تێی کەوتوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم شیکاریە دەرونیەی سەرەوە ئێستا دەتوانین دوو گریمانە بکەین، یەکەمیان ئەوەیە کە یەکێک لە هۆکارەکانی پشتی هاوسۆزی خوێنکارانی زانکۆ بۆ حەماس سەرچاوەکەی لەم ئالۆزیە ستۆکهۆڵمیە دایە، بەوەی ئەم نوغبە سوپەر دەوڵەمەندە لەژێر کاریگەری بەرەنجامی دوو وزەی دەرونی ئەم هەڵوێستەی نواندوە، لەلایەک ئەم گروهە دەوڵەمەنە کە بەهۆی خاوەنداریەتی سامانێکی زۆر خاوەن توانایەکی گەورەن و هیچ ڕێگریەک نیە لە بەدیهێنانی ئاواتەکانیان تەنها بەکارهێنانی توندوتیژی ڕوت نەبێت کە بێبەشن لێی. بەسەیرکردنێکی خێرا بە ستایلی ژیانی ئەم خوێنکارانە ئەوە ئاسان تێبینی دەکرێت کە خولیایەکی یەگجار گەورەیان هەیە بۆ توندوتیژی، هەر لە بەکارهێنانی ئۆتۆمۆمبێلی سپۆرتی و ئالودەبون بە خێرای لێخورینی نائاسای و حەزیان بۆ یاری بۆکسێن و ڕواکردنی ئاژەڵان بۆ خۆشی و بەکارهێنان و خاوەنداریەتی جۆرەها چەکی ئۆتۆماتیک بەتایبەت لە ئەمەریکا، هەروەها بەکارهێنانی جۆرەها دەرمانی هاوشێوەی کۆکاینو جۆرەکانی تر. بۆیە مایەیی سەرسامی نیە ئەگەر ئەم تێنوێتیە بۆ توندوتیژی نائاگایانە سەرسام بێت و بکەوێتە ژێر کاریگەری وێنەی هێزێکی توندوتیژی وەک حەماس، بۆیە ئەم چینە دەوڵەمەندە هاوسۆزیەکی نەستی دروست کردوە لەگەڵ حەماس و چێژ لە ستایلی دڕندەیەتی وەرگیراوە کە توندوتیژی ڕوت بەکاردێنێت و ئەمان ناتوانن بەکاری بێنن لەکاتێکیشا ئارەزوی دەکەن. لەلاکەی تریشەوە شۆکێکی مەترسیدار کەوتۆتەوە دوای پەلاماردانەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر کە حەماس دڕندانە خەلکی سڤیلی کردە ئامانج و تەواوی دونیایی شۆک کرد لە شێوە سوپڕایزەکەی و دەرکەوتنیان وەک تارمایی لە هەمو شوێنێک و شۆک کرنی باشترین سیستمی بەرگری ئاسایشی جیهان، ئەمە نائاگاییانە ترسێکی قوڵی دروست کردوە بەوەی چیتر هیچ سیستمێکی بەرگری جێگای متمانە نیە (کەدواجار ئەم ترسە لە سیستمی بەرگری فیزیکی نائاگاییانە وەردەگەڕێت بۆسەر سیستمی بەرگری دەرونی)، هەڵبەتە ئەم کارلێکە بەتەواوی لەسەر ڕوبەری نائاگای ڕودەدات. ئەم دوو هەستە وەک باسمان کرد ترس و هاوسۆزی دوو پێکهاتە سەرەکیەکی نەخۆشی ستۆکهۆڵمین و بەم جۆرە خوینکاران لەڕیگای خۆهاوشوناسکردن لەگەڵ پەلاماردەر دەیەوێت لە دوو مەترسی جدی ڕزگاری بێت، یەکەمیان شاردنەوەی ئارەزوی خۆی بۆ توندوتیژی لەڕێگای بەرگریکردن و هاوسۆزیکردن لەگەڵ بەکارهێنەری توندوتیژی بەوەی قوربانیەو مافی خۆیەتی ئەمە بکات بەمەش ئارەزوی خۆی بەدیدێنێت بەبێ ئەوەی خۆی کارەکە ئەنجام بدات، لەلایەکیترەوە نەست خۆی رزگاردەکات لەم ترسوتۆقینە کە بەهۆی هەڕەشەی پەلاماردەر دروست بوە و سیستمی بەرگری دەرونی کەوتۆتە گومان کە ئەم شۆکە دەتوانێت ئەمیش ببڕێت و ئەگەری پەلاماردان و زیان گەیاندن لەلایەن هێزێکی ئاوا ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام هەروەک باسمانکرد لەسەر روکاری ئیگۆ بەشە ئەقلانیەکەی سیستمی دەرون ئەم کارلێکە بەزمانی تر دەردەکەوێت کە لە روکار هیج پەیوەندیەکی بەم کارکردەی دەرونیەوە نیە، نائاگایی قوربانی ئەم ڕاستیە دەچەپێنێت و هەرگیز وردی ناکاتەوە، بەڵام لەسەر ئاستی ئیگۆ و سوپەر ئیگۆ، واتە لەئاستی واقعی ڕۆژانە و فاکتی ئەقلانی قوربانی بەدوای بڕوبیانوی ئەقڵانی و ئەخلاقیدا دەگەڕێت بۆ شەرعیەتدان بە هەڵوێست و ڕەفتارەکەی، هەڵبەتە ئەگەر کەمێک ورد سەیری بکەین دەتوانین لە بانگەشەو ڕەفتارەکانی خوێنکاران ئاسان ئەم بڕوبیانوانە بدۆزینەوە کە دژیەکی زەقیان تیادایە، بۆنمونە ئەم خوینکارە دەوڵەمەنانە لەماوەی شەوڕۆژێک لە ڕاسترەوترین باوەڕی سیاسی بون بە چەپی ڕادیکاڵ، لە بێباکترین بونیادەم کە تەواوی کاتەکانیان لە مەستی و ڕابواردن سەرف دەکەن بون بە ئەکتیفترین چاڵاکوان و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ، ئەم گڕوهە کە هەرگیز هاوڕێیەکیان نەبوە لەچینی کرێکار (هەر وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕەشی سوناک کە ئەمیش بەرهەمی ئەم زانکۆیانەیە بە شانازیەوە وتی کە هەرگیز لەچینی کرێکار رەفیقی نەبوە) ڕۆژێک نەخۆیان و نە باوانیان بۆ بژێوی ژیان کاریان نەکردوە، هەرگیز بەخەیاڵیان دانەهاتوە کە ئەم جیاوازیە بریتیە لەخودی ناعەدالەتی، بەڵام لەدۆخی حەماس باس لە عەدالەتێکی جیهانی و ئینسانی دەکەن، هەر ئەم دژیەکی و هێپۆکراتیەیان دەیان گەێنێتە دەرەنجامێک باسی عەدالەتی ئینتەرناشناڵ بکەن بەبێ ئەوەی بچوکترین گومان لە شەڕعیەتی سامانی خۆیان بکەن، بەبێ ئەوەی درک بەم ڕاستیە بکەن کە خوێنکارێکی نێوەنجیش دەیزانێت کە مرۆڤێک دەوڵەمەن نابێت ئەگەر یەکێکیتر نەچەوسێنرێتەوە!!، بۆیە زریکەو هاواری مرۆڤێکی ئاوا کاتێ دەقیژێنێت گوایە لەم جیهانە خوێنی فەڵەستینیەکان کەمتر بەهای هەیە بە بەروارد بە ئیسرائیلیەکان، هیچ پابەندێکی نیە بە لۆجیکی ئەقلی و بەهای ڕەخنەیی ئەقلانیانە بەڵکو تەنها بڕوبیانوە بۆ هاوسەنگ کردنی ئەم ئاڵۆزیە دەرونیەی کە لەسەرەوە باسمان کرد.

گریمانەی دوەم ئەوەیە کە بەهۆی ئەوەی حەماس ئامادەیەکی مادی و ڕاستەقینەی نیە لەدونیای ئەم گروهە دەوڵەمەندە بۆیە بارودۆخی ستۆکهۆڵمی مەرج نیە بەهەمان ڕەچەتەی کلاسیکی دوبارە ببێتەوە، لەم دۆخە دەکرێت گۆڕانکاری لە فۆڕماتی دۆخەکە ڕویدابێ. وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بەهۆی ئەوەی حەماس جگە لەفۆڕمە دڕندەیەکەی فۆڕمێکی قوربانیشی هەیە، دەکرێت بەشێکی گەورەی هاوسۆزیەکە لەژێر ئەم وێنە ساختە بشاردرێتەوە، ئەمەش کارئاسانیەکی گەورەی دەکات بۆ شاردنەوەی ترسە ڕاستەقینەکە لەم هێزەو و ڕتوشکردنی ترسەکەو شاردنەوەی لەژێر پەردەی هەستی قوربانی، بۆنمونە ئەگەر سەیری کاردانەوەی شەقام بکەین دەبینین تەنانەت لەساتی پەلاماردان و کردەوە قێزەونەکانیان و لەساتی کوشتنی مناڵیش حەماس ڕوبەڕوی ڕەخنەی جدی و ئەخلاقی نەبوەوە، کە ئەمە لەمێژوی خۆرئاوا بەتایبەت باڵادەستی ئەخلاقیاتی political correction وێنەی نەبوە. ئەم وێنەیە هاوکاریەکی گەورە دەکات بەمەی لە سنورە تاریکەکانی نائاگایش گومان لەسەر گۆڕاوی ئەم هەستە دروست نەبێت کە لە ڕاستیدا ترسە خۆی لە بەرگی خۆشەویستی و هاوسۆزی شاردۆتەوە. لەم فۆڕماتە گۆڕاوەی ستۆکهۆڵمی بەهۆی ئامادەی پێشوەختەی فۆڕمی قوربانی حەماس، نائاگای گڕوپەکە کەلێرەدا خوینکارانن پێویستی زۆر بە گۆڕانکاریکردن نیە، بۆیە ڕاستەوخۆ مێکانزمی بەرگری reaction formation بەکار دێنێت کە ئەم مێکانزمە ئەرکی سەرەکی بریتیە لە هێشتنەوەی هەستە ڕاستەقینەکە لە نائاگای و نیشاندانی پۆلی پێچەوانەی هەستەکە لەسەر ڕوبەری ئاگای، ئەمەش بۆ ئەوەی سیستمی دەرونی کەسەکە لەشۆک بون بپارێزێت. وەک لەسەرەوە باسمان کرد ڕوداوەکە زۆر دور لە سنوری جوگرافی خوێنکارەکان ڕویداوە بەڵام ترس و تۆقینێکی نهێنی دروستکردوە لەسەر سیستمی دەرونی ئەوان، چونکێ دواجار ئیسرائیل جگە لە لایەنە سیاسی و فکریەکەی بەڵام لەڕوی مێنتالیەتی دەستەجەمعی بەشێکە لە جیهانی خۆرئاوا، مەترسی بۆسەر ئەم سیستەمە بەدڵنیای نائاگایانە کاریگەری لەسەر مێنتاڵیەتی گشتی دەبێت. لە ڕوداوەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر کە حەماس شکۆی تواناو هێزی یەکێک لەباشترین سیستەمەکانی بەرگری خۆرئاوای تێک دەشکێنێت، سیستمی دەرونی وەک ئەرکی تەکنیکی خۆی لەکاردانەوەی ئەمەدا توشی شێتگیری و تۆقین دەبێت، چونکێ تاکە بەربەست کە پارێزگاری لە شکۆی خود دەکات درزی تێ دەکەوێت، بەڵام هەرزو نائاگایی میکانیزمی بەرگری دەخاتە گەڕو ناهێلێت ئەمانە بگەن بە سەرزەمینی ئاگای، بەگوێرەی میکانزمی reaction formation بۆ دوربون لە تێکشکانی تەواوەتی ئەم مێکانزمە پەنا دەباتە بەر دروستکردنی هەست و ڕەفتاری پۆلی پیچەوانەی هەستە ئەسڵیەکە کە لەم دۆخەی خوێنکاران بریتی بون لە شێتگیری و تۆقین، لەشوێنی ئەمان هاوسۆزی و خۆشەویستی لەسەر ڕوبەری ئاگایی نشان دەدات، هەر ئەمەشە کە لەواقعدا بینیمان لەدوای ڕوداوەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر کاتێک حەماس پەلاماری خەلکی سڤیلی دا، بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان مناڵێک و سەربازێک کوشتاری کرد، توندوتیژیەکە لەئاستێکا بو کە بەگوێرەی ئەخلاقیاتی لیبڕالی و  political correctionچاوەڕوان دەکرا هیچ کەس بوێری ئەوە نەکات خۆی لەسەرکۆنەکردنی ئەم تاوانە بدزێتەوە، بەڵام وەک بینیمان خوێنکارانی زانکۆ بەتایبەت زانکۆ نوغبەییەکان پێشەنگی ئەم سەرکێشیە بون، نەوەک بێدەنگ نەبون بەڵکو بە ئاشکرا هاوسۆزیان بۆ حەماس نیشاندا و پاڵپشتیان کرد.

لەدەرەنجامدا ئەمەی کە زۆر گرنگە و لەم دۆخە مایەیی سەرنجە ئەوەیە کە بەشی هەرەزۆری کاردانەوە جەماوەری و نوغبەییەکان لە قەیرانە سیاسیەکاندا ئەستەمە بەتەنها بە شیکاری سیاسی و کەلتوری شیبکرێنەوە و دەرەنجامێکی ماناداریان لێ بەرهەمبهێنرێت. ڕەفتار و هەڵوێستەکان لە ڕوکاردا وا دەردەکەون وەک ئەوەی کە بناخەیەکی مێژوی و واقعیان هەیە، شیکاری سیاسیش لەڕێگای بەکارهێنانی تیۆرەی  rational choiceهەوڵی بەرهەم هێنانی مانا دەدات کە لۆجیکیانە بتوانرێت بەرخوردی لەگەڵابکرت، بەڵام تەواوی بارودۆخەکان و ڕوداوەکان ناتوانرێت لەژێر تیۆرەیەکی گشتگەرا شی بکرێتەوە بۆیە لێرەدا گرنگی دەرونشیکاری بەتایبەتی و دەروناسی بەگشتی دەردەکەوێت. لە کەیسی ڕەفتاری خوینکارانی زانکۆ خاوەن پێگەکانی خۆرئاوا و پاڵپشتیان بۆ حەماس وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێکردوە سەرسوڕمانێکی جدی دروست کرد لەنێو نوغبەی ڕۆشنبیر و سیاسی و ڕەخنەگرە کەلتوریەکان، بەڵام تا ئەوکاتەی کە هەڕەشەیەکی سیاسی جدیان نەبو بۆ سەر ناوەندی بڕیار بۆیە لێکۆڵینەوەکان بەوە کۆتاییان پێ هێنا کە ئەم کاردانەوەیە بەشێک بوە لە ژێر هەژمونی شەقام ڕویداوە و دواجاریش کۆی گشتی لەژێر کاریگەری بزوتنەوە چەپەکان و دژە جولەکەکان پەرەی سەندوە، وەک ڕونیشمان کردەوە کۆی گشتی ئەم وەڵامانە زۆر سادەو هەڵخەلەتێنەرانە بون. بەبێ شیکردنەوەی پاڵنەرە نەستیەکان و مانا ڕەمزیەکان و فاکتەرە سۆزاویەکان و مێکانیکەکانی بەرگری دەرونی ئەستەم بو بتوانین ئەم چینە ئەستورەی سەر ڕوکاری ئەم ڕەفتار و هەڵوێستە هەڵبدەینەوە و دواجار تێگەیشتنێکی مانادار بەرهەم بهێنین.      

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×