نەبەز ئەحمەد
دەست بەئارەزوتەوە بگرە
پەنابەری کوردی گرفتاری کێشەی فالوسیە، کارکردی فالوسی لاکانی جەوهەری سیستمی دەرونی پێک دێنێت. ئەم مرۆڤە بۆ چارەکردنی ئەم گرێیە سەرگەردانی ڕام کردنی ئایدیای ئارەزوی پەتیە واتا ئارەزوی ئارەزو، بۆ ئەوەی ئەم ئارەزوەش هەبێت و لەهەمانکاتدا ڕەهەندە ئایدیالەکانی خۆی لەدەست نەدات ئەوا پەنابەری کوردی خەیاڵی ئارەزویەکی پەرش و بڵاو بەشەکی ناکات، بەڵکو سەرگەردانی گشتە ئارەزویەکە کە پێکهاتەیەکی پاکێجیانەی هەیە و تەواوی وردە ئارەزوەکانی لەنێوخۆیدا هەڵگرتوە و لەگەڵ بەدەست هێنانیشیدا چێژی تەواو دەبەخشێت و چێژ دەتوانێت بگات بەدوا سنورەکانی خۆی. ئەم پاکێجە لە سیستمی دەرونی پەنابەری کوردی (یان ئەم مرۆڤەی کە دەیەوێت ببێت بە پەنابەر) ئۆبێکتەکەی بریتیە لە گەیشتن و ژیانکردن لە وڵاتانی خۆرئاوا.
یەکێک لە سمپتۆمەکانی گرفتی کارکردی فاڵوس لای پەنابەرانی کوردی ( هەڵبەت ئەم گرفتە لای تەواوی پەنابەرانی خۆرهەڵات و دونیای ئیسلامی وەک یەک بونی هەیە) بریتیە لە دەرکەوتنی نیگەرانی و نائومێدیەکی یەگجار سەخت دوای گەیشتنیان بە خۆرئاوا، ئەم سمپتۆمە لەڕێگای ڕەتکردنەوە و بەساختەیی نیشاندانی ئۆبێکتی ئارەزوەکەی گوزارشت لەخۆی دەکات. پەنابەران لەگەڵ گەیشتنیان بە خۆرئاوا، وتەی سێنتڕاڵی خۆیان (statment) بەیان دەکەن کە بریتیە لە “ ئەمە ئەم دونیایە نیە کە ئارەزومان دەکرد”. لێرە بەدواوە ژیانی پەنابەر بریتی دەبێت لە چێژ بینین لە نائومێدی ئارەزوەکەی و هەستکردن بە گوناهی بێ کۆتای هەڵەکەی و ژیانکردن لەسەر ئەم شکست و هەڵەیە، ( هەڵبەتە لەڕوی بابەتیەوە ژیانی خۆرئاوا بە زیادەوە ڕەنگدانەوەی پاکێجەکەیە کە پەنابەران فۆڕمەڵەیان کردبو پێش گەیشتنیان، بۆنمونە لەماوەیەکی کەم تەواوی ئارەزوە مادی و مەعنەوەیەکان بەدەست دێنن، وەک سامان و پێگەیەکی بەرزتری کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگاکانی خۆیان بەڵام چیتر ناتوانن چێژ لەمەدا بدۆزنەوە) ئەم ژیانە پڕ لە نائومێدی و قەڵەقیە دەبێتە فۆڕمی ڕەسەنی ژیانکردن کە بۆ خودی پەنابەر خۆشی نامۆ دەنوێنێت چۆن لەدۆخێکی هێندە نائارام دەتوانێت ئەم پارادۆکسیکاڵە درێژە پێبدات، بەڵام زۆر ناخایەنێت کە ئەم پارادۆکسیکاڵیەتە ئەم قەڵەقی و نائومێدیە دەبێتە خودی ژیانکردنی و وزەی سەرەکی خۆی لەمەوە وەردەگرێت، بۆیە دەست بەرداربون لێی و گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی ئەستەمە و لەئەگەری ئەنجامدانیشی هەمان پڕۆسە دوبارە دەبێتەوە و ئۆبێکتی ئارەزو لەم دۆخە کە وڵاتەکەیەتی غیانەتی لێدەکات و چیتر دۆخی پێچەوانەی پەنابەری نیە و نە سەرچاوەی ئارامی و تێربونیشە، لێرەدایە کە دەتوانین تێبینی گیرۆدەبونی پەنابەر بە کێشەی فالوسیەوە بکەین. ئەم دۆخە دەرونیە ئەوە ڕون دەکاتەوە کە پەنابەر لە ناشوێن و غیابی شوێن ناژێت بەڵکو لە غیابی ئارەزو دەژێت. سیستمی دەرونی مرۆڤی کوردی وەک بەشێک لەدونیای خۆرهەڵات دەرونێکی پێش قۆناغی شارستانیەتە بە مانا فرۆیدیەکە، بەوەی ئەم مرۆڤە تا ئیستاش سەر بە قۆناغی بەر لەباوک کوشتنە و باوک وەک نوێنەری دەسەڵات و یاسا، پیادەی ڕەهای دەسەڵاتی خۆی دەکات ( کە لە کۆمەڵگای ئێمە ئەخلاقیاتی ئاینی ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت) و هیچ پەشیمانی و نائارامیەک لەئارادانیە و دەرون وەک پێکهاتەیەکی مرۆیمان لە خەوێکی قوڵدایە. بە پەنابەر بون لەڕێگای دروست بونی کێشەی کارکردی فالوسی لاکانی (نەوەک باوک کوشتنی فرۆیدی) دەرون بەئاگادێنێت و مرۆڤ پێ دەنێتە نێو شارستانیەت، لەڕێگای ئارەزوکردنی ئارەزو دەرون دەست دەکات بە هێرش و پەلامارە دڕندەکانی و پەنابەر لەم دۆخە نائاسایی و هەژێنەرەدا بەر ڕوە هەرە ڕەقو سەختەکانی شارستانیەت دەکەوێت، بەڵام پەنابەر لەم گۆڕانکاریە لەدۆخی ئاژەڵی خۆی ڕزگاری نابێت بەوەی کە لە غەریزەی ئاژەڵی بگوازێتەوە بۆ یاساو رێساکانی ئەقڵ، بەڵکو بەهۆی باڵادەستی سیستمی بەرخۆری کەپیتالیزم، غەریزە ئاژەڵیەکانی کۆکردنەوە و بەرخۆری باڵادەستی خۆیان دەسەپێنن و لەشوێنی بەرهەم هێنانی ئەقڵ وەک دەزگایەکی سودمەند لەم دۆخە دەرونیە بۆ گەڕان و پشکنینی دۆخی ئینسانی خۆی، کەچی غەریزە ئاژەڵیەکان لەفۆڕمێکی نوێترو کاریگەرتردا کۆنتڕۆلی تەواوی سیستمی دەرونی و هۆشی ئەم مرۆڤە دەکەن، واتا لەڕێگای ڕامکردنی ئارەزوی پەتی، پەنابەر دەیەوێت وەڵامی کێشەی فاڵوس بداتەوە، ئەم ئارەزوەش بریتیە لە کۆکردنەوەی هەرچی زیاتری سامانە ( هەڵبەتە ئەم کۆکردنەوەی سامانە لەلایەن پانابەر شێوەی سەرەتای primitive ئاژەڵی هەیە، واتا تەنها کۆکردنەوە لەپێناو کۆکردنەوە، نەوەک شێوە ڤیبەریەکە کە ئامانج لێی وەبەرهێنانە). لەدەرەنجامی ئەم کارلێکە دەرونیەدا کە پەنابەر شکست دێنێت لە گواستنەوە لە قۆناغی هەژمونی تەواوی غەریزە دەرونیەکان بۆ سیستمی ئەقڵی، ئەوا بەرهەمەکەی مرۆڤێکی ترساو و دۆخێکی ئاژەڵیە کە تەنها بە غەریزە سەرەتاییەکانی دەژیت و نائارامیەکی ئەبەدی ڕاوی دەنێت و ژیانیشی بریتیە لە کۆکردنەوەی ئاژەڵیانەی هەرچی زیاتری سامانە و دورکەوتنەوەیەکی ئەبەدیش لە ئەقڵ.
کەلتور دەرگای نیە.
دەرگا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە خەیاڵدانی پەنابەری کوردی لەوڵاتانی خۆرئاوادا، پەنابەر ئەو بونەوەرەیە کە لە خەیاڵدانی خۆیەوە لەدایک دەبێت، هەرگیز بە واقیعی ئامادە رەزامەند نابێت، جیهانی پەنابەری کوردی لەجیهانی هیچ کەسێک ناچێت، چونکێ بەرهەمی خەیاڵو ئارەزوەکانیەتی، باوەڕیشی بەمە هەیە کە ئەم جیهانە دەتوانرێت کەشفبکرێت لە ڕێگای دۆزینەوەی دەرگاکانی. لای ئەم هەموو بەشێکی ئەم جیهانە دەرگای هەیە کە دەتوانرێت لەڕێگایەوە کەشف بکرێت و دزە بکرێتە نێوی، وەک چۆن سنوری واقعی وڵاتان دەرگای نهێنی و تایبەتیان هەیە کە دەتوانرێت لەڕێگای قاچاخەوە دزەبکرێتە نێوی، هەروەها سیستەم و دەمودەزگای دەوڵەتەکانیش دەرگای خۆیان هەیە بۆ چونە نێویان لەڕێگای دروست کردنی ناسنامە و کەیسی خەیاڵی و بازاڕەکانیش لەڕێگای دەرگای ڕەش، بەهەمان شێوە لای پەنابەر ڕۆحی کۆمەڵگاکانیش کە کەلتورە دەتوانرێت لەڕێگای دەرگای تایبەتی خۆیەوە دزەبکرێتە نێوی، بۆیە پەنابەر سڵ لەهیچ دەرگایەک ناکاتەوە لە تەواوی دەرگا خەیاڵی و واقیعیەکان دەدات بۆ دۆزینەوە و ژیانکردن لەنێو ئەم جیهانەی کە تەنها لەنێو سەری خۆیدا بونی هەیە.
کەلتور یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکیەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆی کە پەنابەری کوردی شکستی هێناوە لەدۆزینەوەی دەرگاکانی و تا ساتی ئێستاش وێڵ و سەرگەردانە بەدوای سەرەداوی دەروازەکانی، دوای زیاتر لەنیو سەدەش (بۆ پەنابەری کوردی و خۆرهەڵاتی) جگە لە شکست و نائومێدی هیچ ئاسۆیەکی دۆزینەوەی دەرگاکەی دیار نیە. ئامێزان بون یان ئەوەی پێی دەڵێن کرانەوەی کۆمەڵایەتی بەڕوی پەنابەر و بێگانەکانی دەرەوەی کۆمەڵگا (integration) تا ئیستا تەنانەت لەڕوی تیۆریەوەش ئەگەری بونی پشتڕاست نەکراوەتەوە. کۆمەڵگا خۆرئاواییەکان لەڕوی تیۆریەوە وا پێناسە کراون کە بەها لیبڕاڵەکانی ئەم کۆمەڵگایانە ڕێگا خۆشکەرن بۆ دروست کردنی دەرگای بێشومار، بەڵام لەڕوی واقعیەوە پەنابەر ئەوەی بۆ دەرکەوتوە کە هەر دەرگایەک روکەشێکی ساختەیە بۆ داپۆشینی ڕوی نائومێدی کۆنکرێتیانەی کەلتور. گرفتی خۆرئاوا لەمەدایە کە وێناو پێناسەی ئامێزان بون و کرانەوە، یان وێنا لەسەر ئەم مرۆڤەی کە دەبێ بە بەشێک لە کۆمەڵگاکانیان، وێنایەکە سنورەکانی جیهانبینی و خەیاڵی ئەم کۆمەڵگایەی تێنەپەڕاندوە، واتا تەنها لەسەر خۆی دەدوێت نەوەک دەرگاکانی. گرفتی پەنابەریش لەمەدایە کە وێنایەکی تەواو ئایدیالی هەیە لەسەر کۆمەڵگا پەسەندکراوەکەی نێو سەری خۆی و لەگەڵ واقیعیش یەک ناگرێتەوە و هەرگیزیش ناتوانێت دەسبەرداری ئەم وێنایە ببێت
ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە بەپەنابەر بون دۆخێکی رۆحی و دەرونیە پێش ئەوەی دۆخێکی فیزیکی و جوگرافی بێت، پەنابەر بون یەکەم جار ئایدیایەکە ئینجا دۆخێکی مرۆیی، مرۆڤێک کە بەهۆی بارودۆخێکی سیاسی و شروشتی ناچاری شوێن گۆرکێ دەبێ هەرگیز ناچێتە ژێر پێناسەی پەنابەری، مرۆڤی پەنابەر ئارەزومەندانە و هۆشیارانە یەکەم هەنگاوی بریتیە لە نامۆبونی لە کۆمەڵگاکەی، ئەمە ڕێگا دەکاتەوە لەسەر توانای خەیاڵی ئەم مرۆڤە بۆ کێشانی کۆمەڵگایەکی ئایدیالی لەنێو سەری خۆیدا، هەر ئەمەش ئازایەتی ئەوەی پێ دەدات کە کۆچ بکات، بەڵام لەبەرامبەردا تا هەتایە توانای ئامێزان بون و بون بە بەشێک لە هەر کۆمەڵگایەک لەدەست دەدات و بەتەنها لەسەر خەیاڵەکانی خۆی دەژێت. بەڵام دەربارەی کەلتور نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە کەلتور سەرەڕای ئەوەی فۆرمێکی لینج و نەرمی هەیە بەڵام ڕۆحی لە بەرد و کۆنکرێتە، کەلتور توانای توڕدان و نامۆکردنی هەیە بەڵام توانای ئامێزان بون قبولکردنی جیاوازی نیە، سیستمی کارکردی یەکگرتو و یەکپارچەیە کە توانای خۆی لەسەر دژایەتی زیادە و جیاوازیەکان بونیات دەنێت، بۆیە هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی جیاوازی لەنێو کەلتور ئەگەرێکی لاوازەو چارەنوسی فەوتانە، لەباشترین حالەتیشدا هێشتنەوەی جیاوازیە چکۆلانەکانە وەک هۆکاری مانایی بۆ بونی یەکپارچەیی کەلتور. لێرەوە بەسەر ئەو ڕاستیەدا دەکەوین کە هیچ کەلتورێکی لیبڕال لە کۆمەڵگای مرۆی بونی نیە، چونکێ کەلتور بەسروشتی تایبەتی خۆی دژە لیبڕال و دژە ڕێژەییە، ئەمەندەش بۆ قبولکردنی ئەم فاکتە بەسە کە کەلتور لەهەناوی خۆیدا ئاین و سیاسەت بەرهەم دێنێت وەک دوو ڕادیکاڵترین دەزگای مرۆیی کە دژه جیاوازی و دژه ڕێژەین. لەنێو ئەم ئالۆزیە رۆحی و هزریەدا پەنابەری کوردی لە شوینی دەست بەرداربون و گەڕان لە هەوڵە نائومێدەکانی بۆ دۆزینەوەی دەرگای کەلتور و سود وەرگرتن لە پێگەی ئینسانی خۆی کە بۆ جارێک توانیویەتی خۆی لەژێر زەبری کەلتورێک دەربازبکات و پێگەیەکی ئینسانی بۆخۆی دروست بکات کە بەهاکانی لە ویست و ئارەزوەکانی خۆی بەرهەم بهێنێت ( کە جۆرێکە لە سوپەرمانی نیتچەیی) کەچی بەردەوام دەبێت لە گەشتێکی بێ مانای بەفیڕۆ دەری توانای بەشەری خۆی، کە بریتیە لە بەچۆکداکەوتنێکی ئەبەدی لەبەردەم هەردوو کەلتورەکە، ئەمەی کە جێی هێشتوە لەگەڵ ئەمەی کە پەنای بۆ بردوە، لەیەکیان داوای لێ لێبوردن دەکات، لەمەی تریان پەسەند کردن. ئەم مرۆڤە کە ڕۆژێک ئازایەتی یاخی بونی هەبو، بە تەنها بە خەیاڵەکانی خۆی دەژیا کەچی ئێستا لەبەردەم ڕۆحی بەبەرد بوی کەلتورەکان فیخانیەتی و داوای کردنەوەی دەرگاکانیان لێ دەکات بۆ ئاسودەیەکی کۆیلایەتی، بەڵام نایەوێت دان بەمە دابنێت کەلتورەکان دەرگای چونە ژورەوەیان نیە، یەکجار هاتیتە دەرەوە ئەوا بۆ ئەبەد پەناهەندەیت.
ئازادی کۆچ ناکات
مرۆڤی پەنابەر مرۆڤێکە لەدەرەوەی کۆمەڵگا وەستاوە، ئازادیش وەک کردەیەک تەنها لەنێو کۆمەڵگا بونی دەبێت، مرۆڤ کاتێک نامۆ دەبێت چیتر بەهای ئازادی بۆ گرنگ نیە، یان ناتوانێت لەگرنگی بەهاکەی بگات. پەنابەر دەتوانێت لەدەرەوەی کۆمەڵگاکان ببێت بەو سوپەرمانە نیچەییەی کە داهێنەری چاکە و خراپەی خۆی بێت، بەڵام لەم دۆخەدا چەمکی ئازادی سنورە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە زەمەن و کاتی ئێستادا تێدەپەڕێنێت. ئازادی کردەیە ئەم کردەیەش تەنها لەلایەن مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت چونکێ تەنها مرۆڤ ویست و ئارەزوی هەیە ئەمەش پەیوەندی بە زەمەنەوە هەیە کە لای مرۆڤ زەمەنی ئێستا تێدەپەڕێنێت و دەتوانێت خەیاڵی داهاتو بکات. بون لەنێو کۆمەڵگا گرەنتی تەواوی ئەم زەروریەتانەیە کە ئازادی لەنێویاندا فۆڕمی خۆی وەردەگرێت، مرۆڤ تەنها لەنێو کۆمەڵگادا دەتوانێت کردەیەک بنوێنێت کە کاریگەری لەسەر داهاتو دابنێت یان جوڵە بخاتە ئێستا. هیگڵ بەر لە تەواوی بیرمەندانی مۆدێرنی خۆرئاوا ئەوەی چەسپاند کە مرۆڤ ناتوانێت ناسنامەی هەبێت بەبێ بونی باگراوندی کۆمەڵایەتی و کەلتوری، مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و بونی بەوەی کە کێیە بەندە بە بونی ئەوانی ترەوە، تاکە ڕێگاش بۆ بینینی خۆی بینینە لە چاوی ئەوانیتر. هیگڵ لەم ڕونگەیەوە چەمکی مرۆڤ بەرهەم دەهێنێت بەوەی مرۆڤ لەسەر یەک بنەمای سروشتی وەستاوە ئەویش دان پیانانە لەلایەن ئەوانیترەوە، دان نانە بە پێگەکەی بە بونەکەی بۆ ئەوەی جگە لە بونی فیزیکی بونی هۆشی و هۆشیار بەخۆی بەرهەم بهێنێت. بەڵام لەمانە گرنگتر کە هیگڵ لە بەشی دیالەکتیکی سەردار و کۆیلە لە کتێبی فێنۆمێنۆلۆجیای رۆح گرنگی پێ دەدات چەمکی (Sittlichkeit) ژیانی مۆڕالیە، بۆ هیگل دان پیانان لە لایەن ئەوانیترەوە بە تەنها بریتی نیە لە قبول کردنی سەربەخۆی ئەویتر بەڵکو گرنگتر لەمە بریتیە لە بەژداری کردن لەژیانی ئەخلاقی کۆمەڵگا. پەنابەر لەم نێوکۆیەدا بونەوەرێکە سەر بەهیچ یەکێک لە کۆمەڵگاکان نیە، بەژداری ئەم لەهەرکامیان بەژداریەکی تەکنیکیە و ئۆرگانی نیە، وەک پێشتر باسمان کرد سنورەکانی گەڕانەوە و بەرەوپێش چون بۆ نێو ژیانی کەلتوری بەتەواوی بەڕویدا داخراون، بەم جۆرە پەنابەر بێبەش دەبێت لەبەژداری ژیانی کۆمەڵایەتی و کەلتوری. بە نمایش کردنی بەژداریەکی پاسیڤانە لەدەرەوە وەک ئەوەی پەنابەران لە وڵاتانی خۆرئاوا داوای ئازادیە سیاسی و مەدەنیەکان دەکەن بۆ کۆمەڵگاکانیان تەنها ناڵەو گریانی نائومێدیانە لەدەست چارەنوسی نائومێدی ئەبەدیان، پەنابەر ناتوانێت بەژداری ڕاستەقینەی ژیانی کۆمەڵایەتی پێشوتری بکات چونکێ کەلتور دەرگای بەڕودا داخستوە، هەروەها لەمەش ئاگادارە ئەگەر دانپیانانێکی ڤێرچوەڵیش هەبێت ئەوا هەر لە دونیای ئۆنلایندا دەمێنێتەوە و ناگوێزرێتەوە بۆ دونیای ڕیاڵێتی، چونکێ ئەگەر شتێکی ئاواش هەبێت ئەوا دانپیانانی کۆمەڵگای یەکەم ناسنامەیەکی پێدەبەخشێت کە هیج سودیکی نیە بۆ کۆمەڵگای دوەم و پێچەوانەکەشی هەروا ڕاستە. بەم جۆرە ئازادی ناتوانێت لەگەڵ پەنابەر کۆچ بکات، ئازادی بەپێچەوانەی ئەم ڕایەیی کە پێی وایە کۆچەریە بەڵام لە ڕاستیدا ناکۆچەری و وەستاوە، ئازادی ناتوانرێت لە ناسنامە، لە پێگە، لە بەژداری جیابکرێتەوە، پەنابەریش بەسروشتی خۆی بریتیە لە ڕاکردن لەمانە، بە شێوەیەکی تر پەنابەر فۆڕمێکی شاعیرانەی هەیە نەوەک واقعیانە، ئازادیش تەنها لە واقع فۆڕمی ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت.