پیاو بۆچی ڕاست نەڵێ؟

نەوزاد بەندی
  2026-06-28     404

وەڵاهی بمکوژە و گوێم لە ووشەی پیتزا نەبێ، هەرچی پیتزا و فینگەر و ماکدۆناڵد و ستاربۆکس و کنتاکی  دنیایه بە قوربانی یەک پاروو ناوساجیی و ناوەشکێنە بن.. لەو ئاسمانەوە هەڵمدەره خوارەوە و پێم مەڵێ های،  هەرچی های و هاو و وای و هەلاوی دنیا هەیە ئەکەم بە قوربانی ( مانوو نەبی) یەکی ئەو شارەزوورەی لای خۆمان .. هەرچی ئاوی جام و دەبە و فلتەری ئەو جیهانە سەر لێشێواوە هەیە، ئەیکەم بە خزمەتکاری قومێ ئاوی مەرکانەیەک کە لە ژێر سێبەری دارتوویەک یان شۆڕەبییەکدا لەسەر سێپایەک هەڵتروشکاوە .. بمکوژە و پێم مەڵێ دێلیڤەری .. هەڵمواسە و پێم مەڵێ لە تیکتۆک و ماسنجەر و وەتس ئەپ و ڤایبەرەوە پەیوەندی بکە ..هەرچی ئایفۆن و تۆڕی کۆمەڵایەتیی و ئیمەیڵ و نوکە و جوکە هەیە بە قوربانی هۆرەیەک بن کە لەم شاخەوە بۆ ئەو شاخ یەکترمان پێ بانگ ئەکرد.. هەرچی دێلیڤەرییە بە خزمەتکاریی ئەو چارۆکە و تێشووە بن کە سەلکێ پیاز و سەلکێ تەماتە و نۆردووە نانێکی تیا بوو..ڕووی بابی ئەوە ڕەش بێ فاست سود و چێشتخانە و نانەواخانە و دەرمانخانەی بیست و چوار سەعاتیی هێنایە ئەم ووڵاتەوە .. ئاخر بیست و چوار سەعات چێشت و نان و دەرمانم بۆچیە؟ مانگای مالوانم یان ئاشە مەکینە؟ .. هەرچی دەرمانخانەیە بە قوربانی ئەو بتڵە عەرەقی نەعنا و  شوشە دەرمانی سوور و ئیسپرتۆیە بن کە لە هەموو ماڵێکا هەبوون و  ئیشی پەنجا پزیشکیی هەناویی و شکاویی و جەڕاحی بۆ ئەکردین..

نەفرەت لەوەی سەتەلایت و هەزاران کەناڵیی بەردوامی بۆ دامەزراندین، کە پیاو نازانێ سەیری چی بکا و گوێ لە کێ بگرێ و لە چی وورد بێتەوە.. هەموویان بە قوربانی ئەو تاکە کەناڵەی جاران بن، کە سەعات شەشی ئێوارە بە سڵاوی کۆماری و قورئان و ئەفلام کارتۆن دەستی پێ دەکرد و .. تۆزێ  بەرنامەی تورکمانیی و تۆزێ بەرنامەی کوردی و تۆزێ بەرنامەی و فیلمی شەوی پەخش ئەکرد، سەعات یانزەی شەو کۆتایی بەرنامەکان و خوا حافیزیی و سڵاوی کۆماریی بوو، ئیتر خەڵکەکە هەمووی لێی ئەخەوتن..نەفرەت لە هەزار جۆر ئوتومبیل و مواسەفات و کامێرای پێش و پاش و هەستیاریی ئەملا و لا وڕادار و ئۆتۆپارک و تەحدید سورعە و هایبرید و کارەبایی کە زەوی و ئاسمانییان تەنیوە و دەست بۆ لوتت ببەیت، سێ چوارێکی ئەمەریکیی و یابانیی و چینیی و ئەڵمانیی دێن بە دەستتەوە، هەموویان بە قوربانی ئەو عەرەبانە دوو ئەسپییە بن، کە لەگەڵ ئەوەی ئەیانگەیاندیتە جێ دنیایەک جوانیی و خەون و شیعریان تێدا دروست ئەکردیت..دوای ئەوە بە قوربانی ئەو ئامانە میرییانە بن، کە هەموومانی کۆ ئەکردەوە و بە بێ زحمەت، ئەیانگەیاندینە شوێنکار و بازاڕەکان.. هەرچی یاری ئەلیکترۆنیی و پۆپچی و پلەیستەیشن و ئێکس بۆکس هەیه، بەقوربانی فڕیوە و هەڵماتێن و ڕەسم ڕەسمێن و دەست بە دیوار و کۆلارە و مار و پەیژەکەی جاران بن .. هەرچی گڵۆپی لید و سورەیا و چلچرای کۆنترۆڵ هەیە، بە خزمەتکاری ئەو گڵۆپە زەردە سەد واتییانە بن، کە لەبەردەرگای هەموو ماڵێک دانەیەک هەبوو، شەوان دادەگیرسان و بەردەرگایان بۆ دەکردیت بە ڕۆژی نیوەڕۆ .. بمکوژە و ناوی نێت فلێکس و ئۆئۆتی و تیڤی بۆکس و سینەمای ئۆنلاینم لەلا مەبە، هەموویان بە قوربانی سینەمای ڕەشید و سیروان و دڵشاد بن، کە بە سەد فلس ئەیانبریده ناو جیهانی هونەر و عەشق و شەڕ و ئاشتیەوە.. هەرچی کۆکا کۆلا و تایگەر و کۆڵد کۆفی و لە شوشەکراوەکانی تر هەیە، لە دەوری شەربەتەکەی مام زۆراب گەڕێن، کە لەگەڵ قومی یەکەمدا  هەموو گیانت ئەبوو بە ڕەزی ترێ ..

میزاجم تێک مەدە، باسی شاورمە و فەلافل و هەمبەرگرم بۆ مەکە، هەموویان ئەکەم بە نۆکەری ئەو قاورمە فرۆشەی لەبەردەم مەکتەب، دوای دەرسی پێنجەم،  چاوەڕێی دەکردین، لەتێ نانی سارد، سەرە کەوچکێ قاورمەی نۆکی پێدا دەهێنا و  چەند چڵە کەوەرێکی جنراوی پێدا دەکرد، تامێکی وەک تامی خواردنەکانی بەهەشتی هەبوو  ..هەرچی نەستەلە و سنیکەرز و پۆپ کێک و جەلیی هەیە، قوربانی حەلاوە تەیب و پەشمەک و شروب و عەمبەروەرێتێک بن، کە خۆمان دروستمان ئەکردن ..هەرچی ساردەمەنیی و دۆندرمەی تورک و فارس و عەجەم هەیە لە دەوری چلورە وئاسکیمۆی ئەرخەوان  گەڕێن، کە  تەنها بۆن و تامەکەیان هەموو ساردەمەنییەکانی جیهان ئەژیان..

کۆشک و ڤێلا و شوقەی ئاسمان و لامینات و دەرگای قاسە و دەلاقەی دەبڵ جام و گەراجی دفن و ئەسترۆپۆڵ و کارەبای تیشکی خۆر و ئەسانسۆر و بالکۆن و ڤی یوی تەواوی شار و سپلیتی ناوەندیی، بە قوربانی ئەو دوو هۆدە و هەیوانە بن، کە ئەیانڕوانی بەسەر حەوشەیەکی ناوەڕاستدا و سنەوبەرێک و مێو و هەنجێرێک وەک سێ پاسەوانی هەتاو و تۆز و خۆڵ ، پارێزگارییان لێ دەرکردن و دایکم ئێواران ئاوڕشێنێکی دەکردن و کومبارێکی دادەخست، تەرمۆزەی ئاو و سفرە و سەماوەر و کەرەستەکانی نانی ئێوارە و شەو چەرەی لەسەر ڕیز دەکردن.. هەرچی بۆیلەر و گیزەر و ئارامکۆ و ساونایه، قوربانی ئەو تونی حەمامە بن کە بە چۆڕێک نەوت یان دوو کۆتەرە دار، حەمامەکەیان بۆ گەرم ئەکردین و بە خۆڕایی دە دوانزە کەس خۆیان لێ دەشوشت .. هەرچی جلی مارکەی پۆڵۆ و لاکۆست و ئەدیداس و نایک هەیە ببن بە قوربانی ئەو تاک شەڕواڵەی کە بۆیان دەدورین، هەم لەناو ئاودا ئەبوو بە چووپی هەوا و هەم کە خۆمان حەوا ئەدا  حوکمی  پەڕەشوتێکی هەبوو،  نە بن ڕانمان بە گەرما سوور ئەبۆوە و ئەسووتایەوە و.. نە عەیب نەبێ کە دادەنیشتین پشت و فەقەرات و گێڕ و مەکینەمان دەردەکەوتن و فیتەیان ئەهات ..

هەرچی زیکە و گمە و فڕەی بەفرگر و ساردکەرەوە و فێنککەرەوە و سپلیت و پانکە و پاڵێوەری هەوا و ساحیبە و فلتەری ئاوە، ئەیانکەم بە قوربانی خانووەکانی جاران کە دەنگی هیچ ئامێرێکی تیا نەبوو، بێجگە لە جریوەی چۆلەکە و گمەی کۆتر و زیکەی زیکزیکە و قوقەی کەڵەشێر و گارەی مریشک و چرپەی یار و شڵپەی ماچ.

هەرچی نەخۆشخانەی مناڵبوون و پسپۆڕی مناڵبون و کۆرپەی بلوریی جیهان هەیە، ئەیانکەم به قوربانی باجی خانمی مامان، مامانی هەموو ژنانی گەڕەک بوو بە بێ ئەوەی مناڵێک قاچی دەرهاتبێ، ئۆتیزم بێ، داون، یان ئێسکە نەرمە و ملسوڕاو و تالاسیمیا و نەخۆشی شەکرە بێ ..

هەرچی پێڵاوی بۆگاتی و ڕایکەر و کامێڵ و زیگنا هەیە، لە دەوری ئەو پاتە لاستیکە بگەڕێن کە هەمووان بە بێ جیاوازیی لە پێمان دەکرد، هەم غەواسەی ناو ئاو  و هەم مڵەی ناو قوڕ و هەم شێری ناو بێشە و حوشتری سەحرا بوو،  هەم سەلمێنەری یەکسانیی کۆمەڵایەتیی هەموو مناڵانی گەڕەک بوو.

هەرچی گەشتی تورکیا و ئێران و مالیزیا و یۆنانە، قوربانی کارێزی وەستا شەریف و داربەڕووەکان و سەرچنار بن، کە لە کەشێکی ئارام و هێمندا، لەناو شنەی شەماڵ و خشەی گەڵا و قوڵپەی ئاودا، جوانترین ساتەکانی حەوانەوەی دەروون و جەستەیان بە خۆڕایی پێشکەش ئەکردین، بە بێ ئۆفەر و ڤیزە و چێک پۆینت و فڕۆکە و شەونخونی نیوە شەو و خەرجکردنی سەفتە دۆلار کە تایبەتە بە دەولەمەند و سیاسەتمەداران بەڵام  لە داربەڕووەکان و کارێزی وەستا شەریف و سەرچناردا،  هاتن بۆ هەمووان بوو.

هەرچی مۆڵ و سۆپەر مارکێت و مینی مارکێتە بە قوربانی دوکانەکەی غەنی و نەوبەهار بن، کە هەموو کاڵایەکی ڕۆژانەیان بە بێ ڕیکلام و فێڵ و هەڵخەڵەتاندن لەلا دەست دەکەوت ..

هەرچی پەرلەمان و حوکمەت و پەرلەمانتار و وتەبێژی حیزب و ئەندامی سەرکردایەتیی و کادیر و چەکدارە بە قوربانی مفەوەزێکی ئەمنی عەرەب یان جاشێکی کوردی جاران بن، هیچ نەبێ بینینی ئەو مفەوەزە عەرەبە یان ئەو جاشە کوردە هەستی تۆڵەکردنەوە و ڕقی پیرۆزی لا دروست ئەکردیت، هستی ئەوەی کە خەبات بکەیت و شۆڕش بگێڕیت و ئەو داگیرکەر و خۆفرۆشانە لەناو ببەیت و حوکمەتی کوردیی نیشتمانیی سەربەخۆ پێک بێنیت .. بەڵام ئێستا فەرموو ئەوە حوکمەتی کوردی و هەزار و یەک جۆر وەزیر و پەرلەمانتار و خزم و خوێش و یار و یاوەرەکانیان، هەموویان کوردن و ملیاردێرن و VIP ین، هەموو کوردستانیان هەڕاج و تاپۆ کردووە لەسەر خۆیان و یەک دینار له بانکی حوکمەتی کوردیدا نییە.. هیچ ئۆمێدێکیشت نییە، چونکە لە کورد نزیکتر کێیە  حوکمت بکا؟ ئەی خۆت هەڵتنەبژاردوون لە هەڵبژاردنی سەرتاسەری ووڵاتدا؟ ئەی ئیتر بە تەمای چیت ؟ ئەرێ خەڵکینە لە کورد کوردتر هەیە پەنای بۆ ببەین و دەنگی پێ بدەین ؟ لە کورد  کوردتر لە کوێ دەست ئەکەوێ بچین بۆ لای و مشورێکمان بخوا؟ لە کورد، کوردتر هەر کوردە، به دەسەڵات ۆ موعارەزە و چەپ و ڕاست و ئوسوڵیی و لیبڕاڵییەوە تاقیمان کردنەوە هەموویان  یەک بابەتن بە یەک ڕیتم ڕیکلام بۆ برنجی مەحمود و یەکەکانی داونتاون و قەیوان دەکەن ..

 .. بەو جۆرە هەزار خۆزگەمان بە جاران کە خەونمان بەوەوە ئەبینی ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەمنە سوورەکە بڕوخێنین و زیندانەکانی بەعس بشکێنین و .. بیرە نەوتەکانی کوردستان لە چنگاڵی بەعس دەربێنین .. هەزار خۆزگەمان بە جاران کە خەونمان بەوەوە ئەبینی ڕۆژێ لە ڕۆژان شەڕواڵ لە پێیەک ئەبێتە وەزیر و .. جامانە لەسەرێک ئەبێتە سەرۆک وەزیران .. سروودێکی کوردی ئەبێتە سروودی نیشتمانیی ..

ئەی ئێستا ئیتر کە تەڕ و وشک، دەسەڵاتی کورد بردی و خواردی و دۆڕاندی و دیزەبەدەرخۆنەی کرد، فەرموو ئیتر دڵ بە چی خۆش بکەین  ؟ له کورد، کوردتر لە کوێ بێنین؟ لە مامۆستا مامۆستاتر لە کوێ بێنین مناڵەکانمانی تەسلیم بکەین پەروەردەیان بکات؟ لە پێشمەرگە، پێشمەرگە تر لە کوێ بێنین و سەر و ماڵمانی بە ئەمانە ت لەلا دابنێین ؟ ئاخر لە ئاڵای کوردستان، ئاڵای کوردستانتر هەیە لە ژێر سێبەر و سایەیدا، کوردستانی پاوانکراو و دابەشکراو  و هەڵلوشراومان بۆ ڕزگار بکاتەوە؟ پێم بڵێ ئەمنێ جاشێ لە کوێ بێنین، هیچ نەبێ هیوای تەفروتوناکردنی بەعس و داگیرکەرانمان بۆ بگەڕێنێتەوە ؟ بێگانەیەکی داگیرکەری غەیرە کورد لە کوێ بێنین، هیچ نەبێ داخ و پەژارەی دڵمان بە تفێک  دەربکەین، کە بیکەینە سەر و فەساڵی، لە چوارچێوەی وێنەیەکدا کە بە زۆرە ملێ لە هەموو ماڵێک هەڵواسرابوو ؟

ئیلاهی،  ئەوەتا  بۆ 35 ساڵە خۆمان حوکمی خۆمان ئەکەین و .. وار و وێخی  کوردستانمان لە گرێژەنە دەرکرد، ڕوو بکەینە کوێ، ئیلاهی ؟ لەوە باشتر چییە بۆمان بکەی کە 35 ساڵە خۆمان حوکمی خۆمان ئەکەین، کەچی ئەوەتا لە بنبەستێکداین هەزار ڕەحمەتمان بۆ بندەستێکەی داگیرکەرانە کە هەر هیچ نەبێ هەستی شۆڕش و بەرگری و بەگژاچوونەوەمان بۆ ئەگەڕێنێتەوە، ئیلاهی ؟!

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەبدوڵا گول، چۆنیەتی دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) دەگێڕێتەوە
دادگای فیدراڵی داوایەکی عەلی حەمەساڵح بۆ ڕاگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران ڕەتدەکاتەوە
بەریتانیا بە توندی وەڵامی نەتانیاهۆ دەداتەوە کە پێی وتبوون "کۆماری ئیسلامی بەریتانیا"
سه‌عد مه‌عن: بڕیاری كۆنترۆڵكردنی چه‌ك ئه‌و گروپانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانن‌
لێدوانی نه‌وت و كانزاكانی سلێمانی له‌باره‌ی دابه‌شكردنی به‌نزینی 750 دیناری
ئیلهام ئەحمەد: گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و پرسی کورد بابەتی سەرەکییە
په‌رله‌مانتارێك: به‌نزینی 750 دیناری 86%ی بۆ زۆنی هه‌ولێر و ته‌نیا 14%ی بۆ زۆنی سلێمانییه‌
واڵ ستریت جۆرناڵ: تره‌مپ بۆ خۆشی وتویه‌تی، گه‌روی هورمز وه‌ك به‌شێك له‌ خاكی ئه‌مریكا راده‌گه‌یه‌نم
لە ئێران (ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان) دامەزرا
ئێران و عومان لەسەر نەخشەی هاتوچۆی کەشتییەکان گەیشتنە ڕێککەوتن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×