مافی ئینسانیی و مافی حەیوانیی

نەوزاد بەندی
  2026-08-15     58

ئەنتۆنی ڕابینز لە کتێبی ( Unlimited power)   واتە هێزە بێ سنوورەکەدا ئەڵێت : ( لە ژیاندا شتێک نییە بە ناوی ڕاوەستان و جێگیر بوون )

 واتا هەموو دیاردە و چالاکییە تاک و کۆمەڵەکان، لە  ئاستێکدا ناوەستن، یان بەرەو باشتر ئەڕۆن یان بەرەو خراپتر ئەڕۆن .. تەندروستیت ئەگەر گرنگیی پێ نەدەیت، بەرەو نەمان و نەخۆشیی ئەتبات، بەڵام ئەگەر گرنگی بە وەرزش و جۆری خواردنەکانت بدەیت، تەندروستیت باشتر ئەبێ.. هەروەها باری ئابوری و ڕۆشنبیریی و هەموو دیاردە و تێرمەکانی تر، لە ئاستێکدا ڕاناوەستن، یان پێشدەکەون یان دوا دەکەون، بێگومان ئەوەیش پابەندە بە مرۆڤەکانەوە، ئەگەر هەوڵ نەدەن، ئەوا لە هەموو بوارەکاندا بەرەو نوشوستی و پوکانەوە ئەڕۆن، هەر بۆیە خوا داوا لە مرۆڤ ئەکات هەوڵ بدات، پێی ئەڵێ مرۆڤ تەنها هەوڵدانی لەسەرە  ( و ان لیس علی الانسان الا ما سعی )

لەو بارەیەوە ئەگەر تەماشایەکی مافەکانی مرۆڤی کورد بکەین، بۆمان دەردەکەوێت، تاکی کورد هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی وەک مرۆڤ، بە تایبەت لەم 35 ساڵەی دواییدا، به تەواوەتیی پشتی لێ هەڵکردووە و وازی لە داواکردن و هەوڵدان بۆ مافەکانی مرۆڤ هێناوە.. کاتێ وەک مرۆڤێک، داهاتەکەی بەشی گەشت و گوزار ناکات، لە بەرامبەردا بەرپرسان و مناڵ و تواڵەکانیان لە گەشت و گەڕانی بەردەوامدان بە ئەوروپا و ئەمەریکادا، کەچی ئەو کوردە لەو مافەی خۆی بێدەنگە و ناپرسێت بۆچی من مافی گەشتم لێ یاساغ کراوە و ئەوانی تر هەموو مافێکی گەشت و گوزاریان هەیە ؟

مافی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، کاتێک تۆ نەخۆش ئەکەویت، هیچ بیمە و چارەسەرێکی گشتی و پارەیەکی دانراوت نییە و ئەبێ کەل وپەل و خانووەکەت بفرۆشیت بۆ ئەوەی تەندروستی پێ بکڕیتەوە، نایەیتە دەنگ و داوای مافی چارەسەرکردن ناکەیت، لە کاتێکدا بەرپرسەکانت و خانەوادەکانیان، لە ئەوروپا و ئەمەریکا چارەسەری خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان ئەکەن، تۆیش بێدەنگیت، ئیتر چۆن بیمەی تەندروستیت بۆ دابین دەکات؟.. تۆ بەوە ڕازیت و بێدەنگیت و بە بێ دەنگیی ئازار ئەچێژیت و ئەمریت.

کاتێ تۆ مافی خوێندن و خوێندنی باڵات لێ زەوت ئەکرێ، ئەو مافه تایبەت ئەکرێ بە لایەنگرانی حیزب، وەک وەرەقەیەک بە کاردێت بۆ پاشگەزبوونەوەت له بێ لایەنیی و بیرو باوەڕی خۆت، ئەگینا بۆت نییە ببیتە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا .. کەچی تۆ بێدەنگیت و .. لە دبلۆم و بەکالۆریسدا پەنچەر ئەبیت ..مافی خوێندنی باڵات لێ زەوت ئەکەن، کەچی تۆ وورتەت لێوە نایەت و  ناڕەزاییەک دەرنابڕیت ..مافی نیشتەجێوون و شوقەیەک یان خانوویەک لەو نیشتمانەدا ژێرپێ دەخرێت کە نیشتمانی خۆتە و خوێن و عەرەقت بۆ ڕشتووە، چۆن ڕازی ئەبیت بەرپرس و کوڕەکانیان ببنە خاوەنی هەزاران دۆنم زەوی و تاوەر و ڤێلا و مۆڵ و بازاڕ  و جۆرەها کۆشک و پڕۆژە، کەچی تۆ بستێ زەویت پێ ڕەوا نەبینراوە و بێ دەنگیشیت؟ ..چۆن لەو مافەت بێدەنگبویت؟ چۆن لە پاوانخوازیی و هەڕاجکردن و تاپۆکردنی خاک و ئاوی نیشتمان بێدەنگ بوویت لەلایەن چەند کەسێکەوە کە هیچیان وەک تۆ برای لە ڕێی کوردا شەهید نەبووە ..هیچیان وەک تۆ مام و خاڵەکانی لە ئەمنە سوورەکە و هەیئەی کەرکوک لە ژێر ئەشکەنجە و ئوتو کردن و نینۆک دەرهێناندا گیانیان لە دەست نەداوە.. هیچیان وەک تۆ لە پێناوی کوردا ئاوارە و دوور خراوە و باوک کوژراو نەبوون..ئەی بۆچی ناپرسن و ڕێپێوان ناکەن و دنیا ناسوتێنن کە ئەوان ئاوا شاهانە ئەژین و تۆیش گەدا و هەناسە ساردیت؟

کە لەسەر پارە و پولی خۆیان، شەڕی براکوژییان دامەزراند، چۆن دەستت نەکرد بە چاویاندا؟ چۆن توانیت چەکیان بۆ لەشان بکەیت چۆن نەتپرسی ئەی کوا کوڕەکانی خۆتان بۆی بەشداری ئەم شەڕە و هیچ شەڕێک ناکەن؟ چۆن ئەهێڵیت ئەو زوڵمە گەورانەت بەسەردا تێپەڕێ و بێدەنگ بیت؟ .. چۆن هێشتت لە وڵاتێکی پڕ لە نەوت و گازی سروشتی و داهاتی بازرگانی و نیشتمانییدا، بێ کار و سەرلێشێواوت بکەن و تەنانەت ڕازیش نەبن وەک خۆبەخش لە فەرمانگا و دامەزراوەکانیاندا به خۆڕایی کار بکەیت؟ چۆن بێ دەنگ بوویت و ڕازی بوویت و دنیات نەسوتاند، کاتێ مناڵ و تواڵی بەرپرسەکان کۆنکەن بە ملیۆنەها دۆلار بکەن و .. بتڵێ واینی فەڕەنسی بە سێ چوار هەزار دۆلار بخۆنەوە و ..لامبەرگینی و ڕۆسڕایس لێ بخوڕن و ..کچی لەشفرۆشیان بە دێلیڤەری لە شام و شیرازەوە بۆ بێت ؟؟..ملیۆنەها دۆلار بدەنە سەعات و جل و بەرگ و عەتر، کەچی تۆ هەزار دیناری تەبع لە گیرفانتا نەبێ، چۆن وا لەو مافه مرۆڤایەتییەی خۆت کە کارکردنە، بێدەنگ بوویت و شۆڕشت هەڵنەگیرساند ؟ چۆن بە هاوار و ڕێپێوان خەوت لە چاوی ئەوانەی وار و وێخی نیشتمانیان خوارد، نەزڕاند ؟

چۆن له ڕووت هات دەست لە دایک و باوکت پان بکەیتەوە و.. غیرەتت نەدایه بەر خۆت بەو دەستانەت یەخەی دەسەڵاتداران بگریت و داوای مافی کارکردنی لێ بکەیت دوای ئەوەی شانزە ساڵی تەمەنی خۆت لە خوێندن بۆ خزمەتی نیشتمان، فەوتاند ؟ بۆچی دیسان ئەو مافەیان پێشێل کردیت  و بێدەنگ بوویت؟

دەیان مافی تری مرۆییت، کە زەوت کراوە و لێت یاساغ کراوە و .. تۆیش بێدەنگ و کپ و مات، نەتتوانیوە تەنانەت بە خەویش بیریان لێ بکەیتەوە .. ئیدی بە تەمای چیت؟ زاڵمەکان بەزەییان پێتا بێتەوە؟ خوا فریشتەکانت بۆ بنێرێ مافەکانت وەربگرنەوە؟ چاوەڕێی چیت؟

بێگومان ئەم دۆخە بە پێی یاساکەی ئەنتۆنی ڕابینز، لە ئاستێکدا بە جێگیریی نامێنێتەوە .. لە لایەک زوڵم و چاوچنۆکیی دەسەڵاتداران پەرەدەسێنێ و  پەلاماری زیاتری تۆی بێ دەنگ و ڕازی و ملکەچ دەدەن .. لە لایەکی ترەوە، ئەو نەهامەتیی و هەژاریی و چاڵەی تۆی تێدایت، لەو ئاستەدا ناوەستێت و ..قورستر و قوڵتر ئەبێت و زیاتر بە ناخی زەویدا ئەچیت.. چونکە لەو ژیانەدا هیچ شتێک و هیچ دیاردەیەک لە ئاستێکدا نامێنێتەوە..

ئیتر بەو جۆره، دوای ئەوەی ئەژدیهاکانی دەسەڵات مافە مرۆییەکانیان لێ زەوت کردیت، ئینجا بیر لە زەوتکردنی مافە حەیوانییەکانت ئەکەنەوە، ئەو مافانەی کە مریشک و مەڕ و بزن و مانگاکان هەیانە وەکو بڕینی موچە و بڕینی ئاو و بڕینی کارەبا ..بڕینی ئازادی و پیسکردنی هەوای هەڵمژینت بە دوکەڵی کارگەکانیان ..بڕینی بەنزین و نەوت و غاز و هۆکارەکانی نان ئامادەکردن و خەوتن و حەوانەوەت ..دانانی سەرانەی ڕۆیشتن و خێرایی .. شکاندنی عەرەبانەکانی کرێکاری ڕۆژانەتان..حیساب کردنی دەنگە دەنگ و ژاوەژاوەتان بە وەڕەی سەگ و گوێنەگرتن لە نوزە نوز و کڕوزانەوە و گریانتان ..دواجار گرتن و کوشتن و فەوتاندنتان لەسەر بچوکترین  جوڵە و قسه و باری سەرنجتان ..

بەو جۆرە ئەو گۆڕانکارییانە بەردەوام دەبن چونکە ژیان بەردەوامە و لە هیج ئاستێکدا ڕاناوەستێت .. هەتا ڕەزامەندیی و بێ دەنگیی و ملکچەیی میللەتان بەردەوام بێت، زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران زیاتر و قورستر ئەبن..هەر بۆیە هەموو نادادییەکان له مێژووی مرۆڤایەتیدا بە شۆڕشێک چارەسەرکراون .. شۆڕش بریتییە لە وازهێنان له بێدەنگیی و .. وازهێنان لە ڕازیبوون بە زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارە زاڵمەکان..

لە دوای ئەوەی هێواش هێواش  مافە حەیوانییەکانیشتان  لێ دەسەننەوە، ئیتر بە کۆمەڵ ئەمرن ..ئەگەر خۆیشتان بە موسوڵمان دادەنێن، پێغەمبەرەکەتان ئەڵێت : ( مرۆڤی سەرشۆڕ و کۆیلە لە ئێمە نییە ) واتا بەهەشتەکەیشتان فت، باژۆن بۆ دۆزەخ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
عەبدوڵا گول، چۆنیەتی دامەزراندنی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) دەگێڕێتەوە
سه‌عد مه‌عن: بڕیاری كۆنترۆڵكردنی چه‌ك ئه‌و گروپانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانن‌
دادگای فیدراڵی داوایەکی عەلی حەمەساڵح بۆ ڕاگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران ڕەتدەکاتەوە
بەریتانیا بە توندی وەڵامی نەتانیاهۆ دەداتەوە کە پێی وتبوون "کۆماری ئیسلامی بەریتانیا"
لێدوانی نه‌وت و كانزاكانی سلێمانی له‌باره‌ی دابه‌شكردنی به‌نزینی 750 دیناری
ئیلهام ئەحمەد: گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە و پرسی کورد بابەتی سەرەکییە
په‌رله‌مانتارێك: به‌نزینی 750 دیناری 86%ی بۆ زۆنی هه‌ولێر و ته‌نیا 14%ی بۆ زۆنی سلێمانییه‌
لە ئێران (ڕاوێژکاریی شۆڕشی ژنان) دامەزرا
واڵ ستریت جۆرناڵ: تره‌مپ بۆ خۆشی وتویه‌تی، گه‌روی هورمز وه‌ك به‌شێك له‌ خاكی ئه‌مریكا راده‌گه‌یه‌نم
د. رێبوار کەرێم بۆ ئاوێنە: تاوەکو ئێستا نازانین ئەم هەفتە مووچە دێن یان نا، وەزیری دارایی پارە کۆدەکاتەوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×