ئێمە لەناو کۆمەڵگایەکی چەندین ملیۆنیدا ئەژین، کە یاساکانی کۆمەڵگای مۆدێرن بەڕێوەی نابەن، هەر بۆیه کارەساتی گەورە و قەڵەباڵغیی بەردەوامی تێدایه .. لەگەڵ ئەوەی هەموو کوردستانی باشور هێندەی شارۆچکەیەکی چین مرۆڤی تێدا ئەژی، کەچی بە هۆی نەبوونی نەخشە و پلاندانانی مۆدێرنەوە، ئەچیتە هەر فەرمانگە و دامەزراوە و جێگایەک، قەڵەباڵغیی و داد بێداد دێن به گژتا، زۆر جار ئەکەویتە شکەوە لەوەی کورد شەش ملیۆن کەس بن، ئەڵێی تۆ بڵێی بە هەڵە نەیانژماردبێ و ملیۆنەکە ملیار نەبووبێ؟
بێگومان وەک چۆن لەبەرنامە فیکریی و فەلسەفییەکانماندا کاتێک دوو کوردی ئایدیا جیاواز دیالۆگ ئەکەن، هیچیان لێ تێ ناگەیت و هەردووکیان لە یەک کاتدا ئەقیڕێنن و هەوڵی تێکشاندنی یەکتری دەدەن و فێ ئەیانگرێ و کەف دادەچێنن، وەک ئەوەی ملیۆنێک کەس بن، نەک دوو کەس .. بە هەمان شێوە کاتێک پێنج شەش ملیۆن لەو جۆرە کوردە قەڵەباڵغە بە بێ یاسا و نەخشەدانانی مۆدێرن، خۆیان دەکەن بە فەرمانگەیەکدا، ئەبێ چ هەنگامە و قەڵەباڵغییەک بقەومێت؟ یان کاتێک ڕوو دەکەنە شەقڵاوە و سیتەک و گەلی عەلی بەگ و مێرگەپان، ئەبێ چ شەپۆلی کوللە زەردە و هۆلاکۆ و جەنگیزخانێک ڕوو لەو سەیرانگایانە بکەن؟
نەبوونی فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن .. نەبوونی نەخشە و تەکنیکیی مۆدێرن بۆ هەڵمژینی قەڵەباڵغیی .. نەبوونی کەرەستە و ئامێرە مۆدێرنەکان بۆ بە دوداچوونی کێشەکانی هاووڵاتیی و کپکردنەوەی کارەساتەکان لە غیابی هاووڵاتیاندا .. هەموو ئەمانە وایکردووە حوکمەت و ئیدارەی ووڵات لای ئێمە شتێکی تیۆریی بن، تەنها قات و بۆینباخێک بن، هەرچی حوکمەتە کردارییەکەیە، خەڵکەکە خۆیانن.. هەر بۆیە خەڵکەکە لە هەموو جێگایەکن، لە هەموو فەرمانگە و دامەزراوە و کۆمپانیا و سەرقەبران و نەخۆشخانەیەکن، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگای مۆدێرندا، حوکمەت لە هەموو جێگایەکە و کێشە گشتییەکان کپ و چارەسەر ئەکا ..خەڵکەکەیش هەر یەکەیان لەسەر کاری خۆیانن .
بۆ نمونە حوکمەتی کوردی لەو هەزاران هەزار کەسە ناپرسێت کە لە بەیانییەوە هەتا دەوام تەواو ئەبێ لە فەرمانگەی هات وچۆ و باج و خانووبەرەن سەرقاڵی جێبەجێکردنی مامەڵەکانیانن، لێیان ناپرسێت : ( ئەرێ ئێوە چۆن کارەکانتان بە جێهێشتووە و هاتوون بۆ ئەم دەشتایی کەنعانە لە تاسڵوجە و دەشتی هەولێر ؟ چۆن خۆتان دزیوەتەوە لە کار و فەرمانگاکانتان؟ ئەی کارەکانتان کێ ڕایانئەپەڕێنێ؟
نا .. حوکمەت لەو دامەزراوانەدا بیر لەو شتانە ناکاتەوە، ئەو کۆمەڵێک فەردەی بەتاڵی داناوە، ئەبێ هاووڵاتیان بۆی پڕ بکەن لە پارەی باج و سەرانە و سزا و تابلۆیانە وساڵانە و مۆڵەتانە .. ئیتر دەوام و کاری خۆیان جێهێشتووە و خۆیان دزیوەتەوە، ئەوانە لەو حاڵەتەدا شتی لاوەکین، هیچ گرنگ نین و تەنانەت نیشتمانپەروەرییشن چونکە هاتوون پارە بدەن بە سەرانی دەسەڵات.
بۆ نمونە لەم چەند هەفتەیەی ڕابوردوودا، لە فەرمانگاکەم خۆم دزییەوە چونکە تەنها مۆڵەتی نەخۆشی هەیە، چووم بۆ فەرمانگەی هات و چۆ بۆ تازەکردنەوەی ساڵانەی ئوتومبیلەکەم، 366هەزار دیناریان لێ سەندم، ئیتر ئەچوویتە بەر هەر دەرگایەک ئەیووت بێنە.. لە پڕ هاوڕێیەکم بینی کە دادوەرە، بەو هاوینە بە قات و بۆینباخ و مامەڵەیەکەوە ڕایدەکرد، ووتم ئەوە چییە؟ ووتی دووسێ دەعوام هەیە، ناچار خۆم دزیوەتەوە، مۆڵەتی شۆفێرییەکەم بەسەر چووە، ئەبێ خۆم ئامادە بم ..ئەمەی ووت و ڕایکرد بۆ نهۆمی دوو .. هەر لەوێدا مامۆستایەکی هاوڕێم بینی، ئەویش خۆی دزیبۆوە بۆ ئەوەی پارەیەکی زۆری کامێرای تیژڕەویی بدات، کە داشکاندنی بۆ کراوە و سوێند و قورعانی بۆ خواردم کە هەمووی خەتای کوڕەکانێتی هەمبەڵە و پێشبڕکێی پێ ئەکەن.. بەس زۆرم پێ سەیر بوو کاتێ دوو مامۆستای ئاینییم بینی، لە مزگەوت خۆیان دزی بۆوە، بۆ ئەوەی تابلۆی ئۆتومبیلەکانیان تازە بکەنەوە، وا خێرا ئەڕۆیشتن چەمکی کەواکانیان وەک عەباکەی سۆپەرمان بەرز ئەبۆوە، ئێ پێش نیوەڕۆ تەواو نەبن، ئەبێ لانی کەم دوو مزگەوت بە بێ ئیمام نوێژ دابەستن..لە پڕ شاعیرێکم بینی کە هاوڕێی کۆنی کۆلێژم بوو، بە بینینی دڵم کرایەوە، سی چل ساڵ بوو نەمدیبوو، ویستم تۆزێ دەمەتەقێی یادگارێکانی لەگەڵ بکەم، ووتی : کورە یادگاری چی؟ قوڕ بکە بەسەرما، لە دائیرەی کارەبام، خۆم دزیوەتەوە تا مۆڵەتی شۆفێریی تازە بکەمەوە، لە پەلە پەلیدا کارتی نیشتمانیی کوڕەکەم لە جیاتی ئەوەی خۆم هێناوە، ئێستا ئەبێ لە تاسڵوجەوە تێ تەقێنم بۆ کانی با.... لەگەڵ باکەدا تێی تەقاند و لە چاو وون بوو، تێتەقاندنەکانی سپایدەرمانی بیرخستمەوە ..
لە دڵی خۆمدا ووتم تۆ بڵێی هەموو کۆمەڵکوژ نەکرابین و ئەمەی ئەگوزەرێ ڕۆژی قیامەت و حەشر و نەشر نەبێ؟ خانم و پیرخاتوونی وا بە فایلێکەوە ڕایاندەکرد، ئەگەر جاران بووایە نەک هەر ڕاکردنیان بەلاوە عەیب بوو، تەنانەت هەنگاویان بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبووایە، بەکارنەدەهێنا.. نانەوا و ئاسنگەر و بۆیاخچیی و پاسکیلچی و کارمەندی تەندروستی و ئەندازیار و پیاوی زۆر پیری خانەنشین، ڕێک وەک سەردابی پیازەکەی گۆنتەرگراس، تێکڕا خۆیان دزی بۆوە و هاتبوون لەبەردەم پەنجەرە بێ شومارەکانی هات و چۆدا ڕیز بن و پارە بدەن بە سەرۆکەکان..
لێرەدا ئیتر حوکمەت ئەبێتە بازرگانێکی کۆچەریی و میللەتیش ئەبن بە کۆمەڵێک مەڕ و ماڵاتی ئاڵودە، بە بێ یەکتری هەڵناکەن، حوکمەت بچێت بۆ هەر جێیەک، میللەتەکە دوای ئەکەوێت بۆ ئەوەی بیاندۆشێت و خورییەکەیان ببڕێ و گۆشتەکەیان بکات بە تکە و کەباب و ..شاخەکانیان بکات بە دەسکی چەقۆ و ..ڕیخۆڵەکەکانیان بکات بە ژێی گیتار و ڕەبابە و ..پێستەکەیان بکات بە تەپڵ و دەهۆڵ و دەف ..
تەماشا ئەکەیت لەو کۆمەڵگا گاڵتەجاڕانەدا، حوکمەت وەک منداڵێکی چەتوونی لێ دێت و میللەتیش ئەبێ بە دایک و باوکێکی گێل و عاتیفیی و دڵسۆز، بە حەق و ناحەق ئەو دایک و باوکە ئەچەوسێنێتەوە و ئەڕەتێنێت و کێشەیان بۆ دروست ئەکات و باجی قورسیان پێ دەدات و حەیا و شەرەفیان ئەبات، هێشتا خۆی بە مەغدور و زیانلێکەوتوو دەزانێ و ..دایک و باوکەکەی بە خەمسارد و خائین و بێ سوود و تەمبەڵ دادەنێت.
بۆ نمونە لە کۆمەڵگایەکی قەڵەباڵغ و بێ سەر و بەردا، کە بەنزینخانە و عەمباری گەورەی سووتەمەنی لە تەنیشت گەڕەک و پڕۆژەکاندان، عەمباری وا کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینی تێدا عەمبار کراوە، هیچ نەخشه و پلانێک نییە بۆ کونتڕۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوەی گەوره .. لە کاتێکدا لە هەر کۆمەڵگایەکی ئەمڕۆی سەر زەمیندا، ئەگەر ئەو هەموو بەنزینخانە و عەمباره سووتەمەنییە زەبەلاحانە لەناوجەرگەی شار و کۆڵانەکاندا هەبن، پێویستە دەیان هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی ئاگر کوژێنەوە هەبن، چونکە ئەو ئاگرکەوتنەوانە، تەنها هێلیکۆپتەر ئەتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.. بەڵام لای ئێمە شتی وا نییە .. بە پێچەوانەوە فڕۆکەی زۆر گرانبەها، بە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ سەرۆک حیزب و سەرۆکحوکمەتەکانمان دابین کراوە، بۆ ئەوەی گەشت و پیاسه و سەیرانی خێزانیی پێبکەن بە ووڵاتاندا .. وەکو چۆن لە زۆربەی خەستەخانە حوکومییەکاندا، ئەمبوڵانس تایبەتە بە گواستنەوە و هێنان و بردنی بەڕێوبەر و دەستڕۆیشتووانی نەخۆشخانەکان و هیج پەیوەندییەکیان بە گواستنەوە و بەدەنگەوەهاتنی نەخۆشەوە نییە .. ئەمەیش وایکرووە کۆمەڵێک مرۆڤی لەخواترس، ڕۆڵی کرداریی ئەو حوکمەتە نێرگسیە تیۆرییە ببینن و ئەمبوڵانس بە خۆڕایی بۆ گواستنەوەی نەخۆش و مردوو، بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن ..
من لێرەوە بە توندیی دەستی ئەو خێرخوازانە ئەگوشم کە حوکمەتی ڕاستەقینە و کردارین، داوایان لێدەکەم هەموویان پێکەوە یەک دوو هێلیکوپتەری نیو داشت لێرە و لەوێ دابین بکەن بۆ ئاگرکوژاندنەوە گەورەکانی عەمباری سوتەمەنیی و بەنزینخانەکان کە له ژماردن نایەن و ..بەرپرس هەیه شەست حەفتا بەنزینخانە و سەدان و هەزاران تەنکەری سوتەمەنیی هەیه، ئەوەیشی ناوی بێنێ، لە باڕەی ئەخات ..
خێرخوازان، لە خواترسان، لێرەوە دەستی ماندوو نەناسیتان ئەگوشم، شەوێکە و ئەمشەو، وەزعەکە وایلێهاتووە، وەک خێزانێکمان لێهاتووە باوکەکەی خەریکی قوماره و دایکەکەی لە داخاندا خۆی سووتاندووە، ئەبێ مناڵەکان ڕۆڵی دایک و باوک بگێڕن، ئەگینا هەر بە ئاگرکەوتنەوەی شاخ و عەمباری سووتەمەنیی و بەنزینخانە و مەعمەلی قیر و زفتی بەرپرسان، هەموو میللەت ئەبێ خەڵوز.. هەر بۆیە هەمووان قۆڵی مەردیی لێ هەڵمبماڵن، تەیارە ی ئاگرکوژێنەوە و .. دامەزراوەی پۆست و گەیاندن و .. هۆکاری گواستنەوەی گشتی، میترۆ و ئەمبوڵانس و تراموای بۆ میللەتە هەتیوە بێ دایک و باوکەکە دابین بکەن .. دڵ لە دڵ نەدەن، ئێوەن حوکمەتی کرداریی، ئەوەی بە عەرەبی پێی ئەڵێن الحكومة الفعلیە ..بە ئینگڵیزیش practical goverment.