دوو مەقام لە مێگەلەکەوە    

نەوزاد بەندی
  2026-08-25     71

  ‌                                   ( 1 )       

                          ــ کۆیلەیی و سەرشۆڕیتان باش ـــ

بیریارێکی وەک سەید قوتب دەیان ساڵ پێش ئێستا لەوە ئاگاداری کردووینەتەوە کە باج و سەرانەی ژێرچەپۆکیی، زۆر قورسە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، بەڵام باج ی سەربەرزیی یەک جارە، یان لوتی زاڵمەکان ئەشکێنیت و مافەکانت وەرئەگریتەوە، یان لوتت ئەشکێنن و شەهید ئەبیت وەک عەولە سیس و مامەڕیشە و عومەر موختار و گوڵسورخیی و سمکوی شکاک ..

بەڵام وا دیارە میللەتی ئێمە باج ی یەکەمیانی هەڵبژاردووە، واتا باج ی سەرشۆڕیی .. ئەوەتا مافیاکان و گوندەکانی دەسەڵات ڕۆژ بە ڕۆژ مافی ئەو میللەتە زیاتر زەوت ئەکەن .. زیاتر سندمی پێ و کەلەپچەی دەست و تەوقی گەردنیان توند ئەکەنەوە .. ملیان زیاتر پێکەچ ئەکەن و سەریان زیاتر پێ شۆڕ ئەکەن..

ئەوەتا دوای زیاد بوونی دە ئەوەندە و زیاتری نرخی کارەبا، بە دوو مانگ جارێک موچە دابەش ئەکەن، ئەگەر پارەی کارەبایش نەدەیت، کارەباکەت ئەبڕن..ئێستایش خەریکی گەڵاڵە کردنی بڕیارێکن کە کاتێ دوای دوو مانگ موچەیەکت وەرگرت، نەتوانیت هەموو موچەکەت لە ئەی تی ئێمەکانەوە ڕابکێشیت و تەنها نیوەی موچەکەت هی خۆتە، بۆ ئەوەی نیوەکەی تری لە بانکەکانیاندا بمێنێتەوە و ..کار و پڕۆژە و پاوانخوازییەکانی خۆیانی پێ جێبەجێ بکەن.. ئەمە لە کاتێکدایە فەرمانبەری سەرشۆڕی ملکەچ بە پەنجا شەست ڕۆژ جارێک، موچەیەک وەردەگرێت کە نیوەی قەرزە و نیوەکەی تری هەرچۆنێ بێ بە نانەسکیی ئەیگەیەنێتە پانزەی مانگ، ئیتر چۆن نیوەی موچەکەی ڕاکێشێ و نیوەکەی تری لێگەڕێ بۆ دز و مافیاکانی دەسەڵات ؟؟

ئێ ئەوە باجە قورسەکەی سەرشۆڕیی و کۆیلایەتییە کە میللەت هەڵیبژاردووە و ..ڕۆژ بە ڕۆژ قورستری ئەکەن، دەسەڵاتە مافیاکە ڕۆژ بە ڕۆژ سەرانەی زیاتری لێتان ئەوێت، دەستیان خۆش بێت و ئێوەیش پیرۆزتان بێ باری قورسی تازە، کەر لەژێر باردا نەتۆپێ، عومری زایعە..

دەسەڵاتی پارەخۆر و ناڕەوا، بەوەیشەوە ناوەستێ، ئەڵێت سفرەکانی سەر پارە لادەبەم بۆ ئەوەی پارەی ماڵەکان پەلکێشی بانکەکانمان بکەین، هەبوونی سەد هەزار دۆلار لە هەر ماڵیکدا یان هەبوونی بیست ملیۆن دیناری عێراقیی، بە دزی و گەندەڵیی دادەنرێت و دەستی بەسەردا ئەگیرێت!!

دەسەڵاتی کوردییش دەمی بۆ ئەو بڕیارە نایابانە ئاو دەکات و ..لە پەستا دەستخۆشیی و پشتگیریی خۆی بۆ دووپات و سێپات ئەکاتەوە..

تەماشای ئەو بێ ویژدانییە بکەن، گەلی برادەرینە..

دەسەڵات و چواردەورەکەی لە وەزیر و گزیر و پەرلەمانتار و مناڵ و تواڵ و حیمایه و کچە مۆدێل و سەگ و تانجییەکانیان، یاری بە لەگزس و جی کڵاس و ڤێلا و ملیارەها دۆلاری ئەو نیشتمانە دەکەن و .. ڕێپێدراو و پارێزراون، کەچی فۆکەسەکەیان خستۆتە سەر میللەتەکە و ئەیانەوێ ماڵەکان بپشکنن، نەک بۆ ووتار و بەیاننامەی قەدەغە، بەڵکو بۆ بڕینی ماڵەکان و خستنیان بۆ  سەر ساجی عەلی..

تۆ تەماشای ئەو ناکەس بەچەییە بکەن هاوڕێیان، کوڕی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی عێراقیی بۆ نمونە، تابلۆی ئوتومبیلێک لە ووڵاتی ئوردون بە نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار ئەکڕێت لە مەزادێکی ئاشکرادا، کەچی ئەو دەسەڵاتە بێ مۆڕاڵە ئەیەوێ بە ماڵەکاندا بگەڕێت، بۆ ئەوەی فەرمانبەرێکی کەم مەسرەف یان بازرگانێکی سەرکەوتوو کە پارە و سامانێکی کۆکردۆتەوە، لێی بدزێت .. ئەمە ئیدارەی دەوڵەتە یان بڕینی شانەی هەنگ؟ 

کاکە من پارە و داهاتەکەم خەرج ناکەم و کۆی ئەکەمەوە، موچەی خۆمە، داهاتی دوکان و بازرگانیی خۆمە، خەرجی ناکەم .. بە ئێوە چی ؟ خەرجی ناکەم و کۆی ئەکەمەوە و لە ماڵەوە کۆنکەن و ڕەسم ڕەسمێنەی پێ ئەکەم، به ئێوه چی ؟ .. بۆ نمونە هیوایەتم کۆکردنەوەی پارەیە، بە ئێوە چی؟ هیوایەتە و لە کەسم نەدزیوه وەک ئێوەی دزی ملیارەها دۆلار و هەزارەها کیلۆ ئاڵتونی ئەو خەڵکە .. موچەی خۆمە و خەرجی ناکەم و کۆی ئەکەمەوە..

ئاخر عەبدوڵای مەلا نوری ناحەقی نەبوو، ئەیووت لەماڵەوە دوو سێ پارچە چەکم هەیە، هەر کەسێ بێت پێوەری زیرەکم بۆ ببەستێ و کارەبا و ئاوم ببڕێت، ناهێڵم ..تەقەی لێ دەکەم، مافی خۆمە داکۆکی لە ماڵەکەی خۆم بکەم.

جا کاکە عەبدوڵا، میللەتە سەرشۆڕەکە تەنانەت نەیوێرا لایک و دەستخۆشییەک لەو پێشنیارەت بکات، ئەوەتا ئەمڕۆ هەموو پێوەری ئاو و کارەبای گران و هەموو شتێکیان بۆ بەسترا و ئەوەی پارەی نەدا، لێیان بڕی..

ئێستایش ماوەیەکی تر، پاپاکانی سیاسەتی سەدەکانی ناوەڕاست ڕاست دەبنەوە و دێن ماڵ بە ماڵ ئەگەڕێن بزانن چەندت لە  داهاتەکەت پاشەکەوت کردووە، بۆ ئەوەی لێت بدزن .. ئەگەر موچە خۆریشیت، دوای دوو مانگ کە  موچەیەکیان بۆ فڕێدایت وەک چۆن ئێسقانێک بۆ سەگ فڕێ دەدرێت، بۆت نییە هەموو ئێسقانەکە ڕاکێشیت، ئەبێ تەنها نیوەی ئێسقانەکە ژەهری مار بکەیت ..

بێدەنگیت؟ بەردەوامیت لە باج و سەرانەی سەرشۆڕیی ؟ بێدەنگبە و بەردەوامبە ..ئافەرین..

زۆرباشە ، دوای ئەوە باج و سەرانەی تریش بەڕێوەیە کە وات لێ دەکەن لەو شەوە پەشیمان بیتەوە کە باوکت لە سجلی ژیاندا قەیدی کردیت.

کۆیلەیی و سەرشۆڕیتان باش ..

 

                   ( 2)

                ــ ئێوە خاسی ئەکەن یان خەراو ؟ ــ

ئەرێ جەماعەتێک بە ناو ئۆپۆزیسیۆن و داکۆکیکار لە مافی هاووڵاتیانی هەرێم لە بەغدا و هەرێم پەیدا بوون، لە گووتار و ڕووکەشدا، هەوڵ و کار و ووتەی جوان و پڕ سۆز و خرۆش دەدەن بە گوێی میللەت و ڕاگەیاندنەکاندا، هیوا و ئاوات و خەونی شاعیریی لە ناخی میللەتدا ئەچێنن، ئەمانە تا ئێرە جێگای دەستخۆشین و یەک دنیا زانیاری دزینی نیشتمان و دەسخستنە بینە قاقای میللەت ئاشکرا دەکەن و یەک دنیا دەستخۆشیی لەلایەن خەڵکەکە و دوو دنیا جنێو و جڕت و نەفرەتیش لەلایەن مامان و دایەنەکانی دەسەڵات لە خۆیان کۆ دەکەنەوە .

بەڵام بە دیوە کرداریی و واقیعییەکەدا، ئەم پاڵەوانە قسە زانە بەجەرگ و ئازا و قسەکەر و ڕەخنەگرانە، بەردەوام قوڕ دەکەن بەسەر میللەتەکەدا، چونکە بە بێ ئەوەی هیچ دەسەڵاتێکیان هەبێ و بە بێ ئەوەی هیچ کەسێ پشقل بە کڵاویان بپێوێت، دەسەڵاتە نەرجسییە لە خۆڕازییە بۆ بیانووگەڕەکەی کوردیی ئەوروژێنن، ئەویش بە وان ناوێرێ و بۆ میللەت شێرە، شەلم کوێرم بەردەبێتە گیانی میللەتە ملکەچە نەزانە داماوە بێغیرەتە خەسیوەکە و ..ڕیسواتری دەکات .

بۆ نمونە کاتێک موچەی مانگانە دەدرا و هیچ کێشەیەک نەبوو، جەماعەتی سەرگردەکە دروشمی بڕینەوەی موچە بۆ کابانی ماڵیان وروژاند، ئەم دروشمە، بیانوی بڕین و پاشەکەوتکردنی موچەی پیاوانی ماڵی دا بە دەسەڵاتە نەرجسییەکە، بەو جۆرە ئەو سزا به کۆمەڵە لەو ساوە هەتا ئەمڕۆیش بەردەوامە و موچەی کابانی ماڵیش ، سفر یەک به دەستەوە.

پێش چەند هەفتەیەک کۆمەڵێک قسەکەری تووڕەی ڕەوتێک لە بەغدا، باسی ئەوەیان ئەکرد کە حوکمەتی ناوەندیان لە گرانیی نرخی سووتەمەنییەکان له هەرێم ئاگادار کردۆتەوە، وا لیژنە پێک دێنن و .. نرخی بەنزین و نەوت و غاز وەکو بەغدا لێ دەکەن ..

ئەم قسەیە، دەسەڵاتدارانی هەرێمیان تووڕە کرد، سەرەتا بەنزینیان لە هەرێمدا نەهێڵا ..دوای ئەوە خراپترین جۆری بەنزینیان به دوو ئەوەندەی پێش قسەکەرەکان، خستە بازاڕەوە .. ئیتر بەنزین بوو بە کێشەیەکی گەورە و ..سەرەی بەنزین و ڕاوەستانی فیول پەمپ و شکانی پستۆن و جۆرەها کێشەی تر هاتە ئاراوە و یەخەی هاووڵاتیانی گرت .

لێرەدا بە ئاشکرا و بێ چەند و چوون، بە عەلی حەمەساڵح و دکتۆر غالب و ئەحمەدی حاجی ڕەشید و هاوئاوازەکانیان ئەڵێم :

ئایا ئێوە لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمدا شەریکن و ئەو کەیسانە ئەوروژێنن بۆ ئەوەی بیانوو بدەنە دەسەڵاتداران، تاکو گرانیی و قات و قڕیی زیاتر بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمدا بسەپێنێ؟ 

ئەگەر شەریک بن، خوا لێتان قبوڵ ناکات و ..ڕیسواتان ئەکات، چونکە میللەت نوزەی تیا نەماوە و ناتوانێ هیچتان لێ بکات.

یان ئایا ئێوە کاڵفامن و .. کێشەی تایبەتیی و کەسیتان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمدا هەیە و بۆ تێرکردنی غروری خۆتان، فیلەکانی دەسەڵات ئەجوڵێنن و دەفع ئەکەن بۆ ئەوەی زیاتر میللەت بشێلن ؟

ئایا ئێوە خەڵکێکی هەلپەرست و خۆپەرستن و .. لە پێناوی ناوبانگی خۆتان و ..دەستخستنی لایک و سەبسکرایبی پەیجەکانتان و .. زامنکردنی دەنگدەرەکانتان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەم یارییە ئەکەن و سەری میللەت ئەکەن بەو هەموو کێشە و گرانیی و قات و قڕییەدا ؟

هەر کامێکیان بێ،پێتان دەڵێم ئێوە بوونەتە بەڵای سەر بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و .. بێدەنگبوونتان  زۆر باشترە لەو قسە و هەوڵە دۆنکیشۆتیانەتان .. هیچ دەسەڵاتێکی کرداریتان نییە، ئیشتان تەنها وروژاندنی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بۆ ئەوەی زیاتر بەربێتە گیان و ماڵ و سامان و ژیانی ئەو میللەتە سەرشۆڕە ملکەچە مردووە.

عەلی کوڕی ئەبو تاڵب، ئەڵێ : ڕەحمەت لەو کەسەی کە تواناکانی خۆی ئەزانێت و لە سنوری خۆی دەرناچێت.

ئێوە بێ توانا و بودەڵە و دەست سپین و .. لەسەر زەوی هیچ شتێکتان پێ ناکرێت، هەر بۆیە تکاتان لێ دەکەم، وەک پەلەمانتارانی تر بێدەنگ موچە چەورەکانتان وەربگرن و دەست لە یەخەی ئەو خەڵکە بکەنەوە .. 

شێرە کارتۆنییەکان، وەزعەکە خاس مەکەن با خەراوتر نەوێ ..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×