لە قوتابخانەوە تا سەرکەوتن لە سەردەمی دیجیتاڵدا

دێرین جەمال
  2026-09-21     26

بیست و پێنجی ئەیلوول تەنھا بەروارێک نییە لە ڕۆژژمێردا، بەڵکو دەستپێکی وەرزی بەخشین و دروستکردنی داھاتووی نەوەیەکی نوێیە. لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکاندا، گەشتێکی نوێ بۆ وشیارکردنەوە و ڕاھێنانی مێشکەکان دەست پێدەکات. پەروەردەکردن تەنھا ناکەوێتە سەر شانی مامۆستا یان قوتابخانە، بەڵکو ئەرکێکی ھاوبەش و ھاوسەنگی نێوان خێزان و قوتابخانە و خودی خوێندکارە، تا پێکەوە بتوانین تۆوی تێگەیشتن و سەرکەوتن لە مێشکی منداڵەکانماندا بچێنین.
لەم ھاوکێشەیەدا، خێزان بنەمای یەکەم و ھێزی سەرەکیی ڕێڕەوەکەیە. ماڵەوە دەبێت بێتە شوێنێک بۆ بەخشینی ئارامی و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو کە تێیدا منداڵ ھەست بە پشتگیری بکات. ئەرکی دایک و باوکان تەنھا کڕینی پێداویستیی خوێندن نییە، بەڵکو گوێگرتنی بەردەوام لە خەم و کێشەکانی منداڵ و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەھێز لەگەڵ مامۆستاکاندا ھەنگاوی یەکەمە بۆ پاراستنی ئاستی خوێندن و دەروونیی منداڵەکە. لەلایەکی ترەوە، مامۆستا تەنھا گوێزەرەوەی وانەکان نییە، بەڵکو ڕێنیشاندەر و خەمخۆرێکە کە بە میھرەبانی و دادپەروەرییەوە مامەڵە لەگەڵ جیاوازیی توانای خوێندکارەکاندا دەکات و پۆل دەکاتە مەیدانێک بۆ گەشەدانی بیرکردنەوەی ئازاد و پرسیارکردن. خوێندکاریش وەک کۆڵەکە و بنەمای سەرەکی، بەرپرسیارێتیی ڕێزگرتن لە یاساکانی قوتابخانە، ھەوڵدان بۆ فێربوون و پاراستنی ژینگەی خوێندنی دەکەوێتە سەر شان.
پەروەردەکردنی تاکێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگە لە نمرەی بەرزەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە چاندنی کۆمەڵێک بەھای ڕەوشتی و مرۆڤایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت. کاتێک منداڵ لە ماڵ و قوتابخانەدا فێری بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی، ڕێزگرتن لە مافی ئەوانی تر، پاراستنی ژینگە و کارکردنی بە کۆمەڵ دەبێت، ڕێک لەوێوە تاکێکی بەسوود بۆ پاشەڕۆژی وڵات دروست دەبێت. فێرکردنی خوێندکار بۆ ئەوەی بپرسێت و شی بکاتەوە نەک تەنھا وانەکان لەبەر بکات، بنەمای دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و بەئاگایە.
لەم سەردەمەدا کە بەشێک لە وانەکان یان گرووپەکانی خوێندن کەوتوونەتە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جیھانی دیجیتاڵی، دوورخستنەوەی تەواوەتیی خوێندکار لە تەکنەلۆجیا ئاسان و دروست نییە. ڕێگەی ڕاست ئەوەیە کە لە بری ڕێگریی کوێرانە، ھۆشیاریی بەکارھێنانیان پێبدرێت. دەکرێت ئامرازی پەیوەندیی تایبەت بە خوێندن لە جیھانی تۆڕە گشتییەکان جیابکرێتەوە و بەکارھێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت لەسەر بنەمای ئامانجدارکردن بێت. ڕوونکردنەوەی زیانەکانی کات بەفیڕۆدان و دانانی سنور بۆ کاتی بەکارھێنانی شاشە لەلایەن خێزانەوە، یارمەتی خوێندکار دەدات تەکنەلۆجیا وەک ئامرازێکی فێربوون بەکاربھێنێت نەک ھۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوە لە ژیانی ڕاستەقینە.
رێکخستنی کات کلیلی سەرەکیی سەرکەوتن و پاراستنی ھاوسەنگیی دەروونییە. کاتێک خوێندکار فێر دەبێت خشتەیەکی ڕێکخراو بۆ خەوتن، خوێندنەوە، یاری و پشوودان دابنێت، ماندووبوونی کەمتری تووش دەبێت. دابەشکردنی ئەرکەکان بەپێی گرنگی، بەکارھێنانی پشووی کورت لە نێوان وانەکاندا بۆ نوێکردنەوەی توانای مێشک، و دوورکەوتنەوە لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە کاتی وانەخوێندندا، یارمەتیدەرێکی گەورەن بۆ ئەوەی خوێندکار بە کەمترین ماندووبوون باشترین ئەنجام بەدەستبھێنێت. پێکەوە کارکردنی خێزان و مامۆستا و خوێندکار، زامنی دروستکردنی ساڵێکی پڕ لە دەستکەوت و پەروەردەیەکی بەھێزە
لە کۆتاییدا، داواکارم لە پەروەردگار ساڵی نوێی خوێندن بکاتە ساڵێکی پڕ لە ئارامی بۆ کوردستانەکەمان، و لە یەزدان داواکارم سەرکەوتن بکاتە نسیبی مامۆستا ماندوونەناسەکان و خوێندکارە ئازیزەکانمان،ان شااللە ساڵێکی پڕ لە بەرەکەت و دەستکەوت دەبێت بۆ ھەموو لایەک..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×