زەنگی کاراکردنەوەی پەرلەمان یان دوو ئیدارەیی؟ مێژوو شاھیدە و خوێنی شەھیدان لەبیر مەکەن!

دێرین جەمال
  2026-11-06   

دۆخی سیاسیی ئێستای ھەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی ھەستیاردایە. کاتێک باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکرێت، ویستی ڕاستەقینەی شەقام و کۆمەڵگە ڕوونە، خەڵک بە ھەموو توێژ و لایەنەکانەوە پێیان خۆشە پەرلەمان کارابکرێتەوە و کاروباری وڵات بچێتەوە سەر ڕێچکە و چوارچێوە دەستوورییەکەی، بەڵام مەرجی بنەڕەتیی خەڵک ئەوە بوو کە ئەم کاراکردنەوەیە بە شێوەیەکی دروست، ھاوسەنگ و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی گشتگیر و ڕەچاوکردنی پێگەی ھەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت، نەک بە جۆرێک کە ھاوسەنگییە نیشتمانییەکان بشێوێنێت. کەچی کاتێک پەرلەمانتارێک یان بەشێک لە ھێزەکان بێباکی دەنوێنن بەرامبەر بە دەنگدەرانیان و بێگوێدانە ئاراستە و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی ڕەفتار دەکەن، درزێکی قووڵ لە متمانەی گشتیدا دروست دەکەن. لەم حاڵەتەدا، نوێنەر لەبری ئەوەی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بێت، دەگۆڕێت بۆ کارەکتەرێک کە تەنھا بەرژەوەندییە تەسکەکان دەبژێرێت و ئازارەکان پشتگوێ دەخات.
بۆ تێگەیشتنی قووڵتر لەم واقیعە، دەبێت بزانین کە سەرجەم ئەزموونی حوکمڕانی لە ھەرێم لەسەر بنەمای ھاوسەنگیی دوو حیزبە سەرەکییەکە بنیات نراوە. ھەریەک لەم دوو ھێزە سنوورێکی جوگرافی و پێگە و کاریگەرییەکی بەھێزیان لە گۆڕەپانەکەدا ھەیە، و مێژوو سەلماندوویەتی کە ھیچ لایەکیان ناتوانێت لایەنەکەی تر پەراوێز بخات یان بەبێ ھاوبەشیی ئەوی تر بڕیاری چارەنووسساز بدات. ئەوان لە ڕاستیدا وەک دوو دەستی جەستەیەک وان، ھێزیان لە یەکگرتوویی و ھاوسەنگیدایە و ناتوانن بێ یەکدی ھیچ کارێکی گەورە و ستراتیژی بگەیەننە ئامانج. ھەر ھەوڵێک بۆ فەرامۆشکردنی ئەم ھاوسەنگییە، جگە لە قورسکرنی باری شانی خەڵک، ھیچ ئەنجامێکی تری نابێت.
ئەگەر لایەنەکان بە زوویی نەگەنە سازانێکی ڕاستەقینە، مەترسیی گەڕانەوە بۆ دۆخی ناخۆشی [دوو ئیدارەیی] ڕوومان تێدەکاتەوە، کە دابەشبوونی زۆنەکان و فەرمانگەکان دەکاتە واقیع و گورزێکی کوشندە لە قەوارەی ھەرێم دەدات. لە سایەی ئەم دابەشبوونە نەخوازراوەدا، کەرتی بازرگانی تووشی پەککەوتن دەبێت، فەرمانگە حکومییەکان دەبنە قوربانیی پەرتەوازەیی، و لە ھەمووی پڕئازارتر کەرتی پەروەردەیە کە تێکدەچێت و داھاتووی نەوەکانمان دەکاتە باجدەری ململانێ سیاسییەکان. لە ڕووی کۆمەڵایەتیشییەوە، ئەو پێکەوەژیانەی دەیان ساڵە پارێزراوە دەکەوێتە بەر مەترسیی لێکترازان، و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی ناوچەکەشدا، وێنەی ھەرێم وەک ھەرێمێکی سەقامگیر زیانی گەورەی پێدەگات.
بۆ ڕێگریکردن لەم دەرئەنجامانە، تەنھا ڕێگە گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و پاراستنی ھاوبەشیی ڕاستەقینەی ھەموو لایەنەکان. پێویستە بەرپرسان و سیاسییەکان بە ئاگا بێنەوە و خوێنی گەشی دەیان ساڵەی شەھیدان و قوربانیانی ئەم گەلە بە زایە نەدەن، ئەو خوێنەی بە ئاسانی بەدەست نەھاتووە تاوەکو لەپێناو بڕیاری تاکڕەوانە و کورسیی کاتیدا بخرێتە مەترسییەوە. پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان تەنھا لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە دەنگدەران، پاراستنی ھاوسەنگی و بڕیاری ھاوبەشەوە مسۆگەر دەبێت..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وتەبێژی ئیدارەی بوش بۆ ڤانس: ئەوە خەتای شەڕی ئێران نییە، خەتای ئەوەیە ئێمە کۆتاییمان پێنەهێنا
بنه‌ماڵه‌ی كه‌ریم خان: به‌شداریكردنی محه‌مه‌د فه‌یسه‌ڵ له‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان گوزارشت له‌ رای ئێمه‌ ناكات‌
حەمە سوور دوشیوانی: کاردانەوەی ئەمجارەی یەکێتی زۆر توندو یەکلاکەرەوەو پشتشکێن دەبێت
په‌یامی توندی بافڵ تاڵه‌بانی بۆ پارتی: له‌م ده‌قه‌یه‌وه‌ له‌م حكومه‌ته‌ فاشیله‌ی هه‌رێم ده‌كشێینه‌وه‌
بەدەل بەرواری داوا دەکات مووچەی پەرلەمانتار بکرێت بەکەمتر لە ٢ ملیۆن دینارو خانەنشینیشیان نەهێڵرێت
یەکێتی بڕیاری دا لەحکومەتی هەرێم بکشێتەوە
میدیای نزیک لە یەکێتی هۆشداری لە ئەگەری ڕاگەیاندنی "دوو ئیدارەیی" دەدات لە حاڵەتی پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی و نەوەی نوێ
نیگەرانی لە ئەنقەرە دوای شکستی ترەمپ
داواکاریی کوردانی ڕۆژئاوا: لەبەڕێوەبردنی ناوچەکەوە بۆ داواکردنی خوێندنی کوردی
چۆن زیرەکی دەستکرد کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەبوو؟
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×