پێشەکی
زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەمان و لە سەرانسەری جیهان ڕووبەڕووی ئەو تەحەددایانە دەبنەوە کە هەڕەشە لە مانەوەیان دەکەن، لە پێش هەموویانەوە گەندەڵی و میلیشیاکان. ئەم دوو دیاردەیە نوێنەرایەتی مەترسیدارترین هۆکارەکان دەکەن کە دامەزراوەکانی دەوڵەت تێکدەدەن و ڕێگریان لێدەکەن لە ئەنجامدانی ئەرکە سەرەتاییەکانیان بەرامبەر بە هاوڵاتیان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە "دەوڵەتی شکستخواردوو" بناسرێن.
ژمارەیەکی زۆر لە توێژینەوەکان وڵاتانی وەک سۆماڵ، لوبنان، عێراق، سوریا، لیبیا، یەمەن، سودان و... هتد، وەک دەوڵەتی شکستخواردوو یان هەڕەشەی شکستخواردوو پۆلێن کردووە. ئەمەش بۆ بێتوانایی ئەوان لە دابینکردنی ئاسایش و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و سەروەری یاسا، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت یان کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی گەندەڵی و میلیشیاکانەوە.
یەکەم: تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتێکی شکستخواردوو
حاڵەتە شکستخواردووەکان بە چەند تایبەتمەندییەک دەناسرێنەوە کە دیارترینیان بریتین لە:
لەدەستدانی کۆنترۆڵی تەواوەتی حکومەتی ناوەندی بەسەر خاکەکەیدا.
بێتوانایی دەوڵەت لە پاراستنی سنوورەکانی لە هەڕەشەی دەرەکی یان دەستدرێژی نایاسایی.
نەبوونی شەرعیەت و لاوازی دامەزراوەی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن.
گەندەڵی بەربڵاو لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا. دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان بە درێژایی هێڵە ئایینی، تائیفی، یان نەتەوەییەکان، هەڕەشە لە یەکێتی نەتەوەیی دەکەن.
کۆچی ناوخۆیی و دەرەکی بەهۆی نائارامی، نائەمنی، هەژاری، بێکاری، یان ململانێی چەکداری.
دابەزینی ئازادییە سیاسییەکان، نەمانی متمانە بە دامودەزگاکانی دەوڵەت و هەژموونی حزب و میلیشیا سیاسییەکان بەسەر بڕیاردانی دادگا وسیاسیدا.
پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ و لاوازی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان و بڵاوبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان.
ئەم تایبەتمەندیانە وایکردووە هەندێک وڵاتی عەرەبی و ئەفریقا ببنە نمونەیەکی زیندوو بۆ دەوڵەتێکی شکستخواردوو، کە گروپە چەکدارەکان یان بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان کۆنترۆڵی سامانی وڵاتەکەیان دەکەن، بە پشتگوێخستنی سەروەری یاسا.
دووەم: میلیشیا و گەندەڵی وەک مەترسیدارترین تەحەددا
1. میلیشیاکان
میلیشیا بریتییە لە گرووپێکی چەکداری ناڕێک و پێک کە لە تاکەکانی سەر بە حیزب، گرووپ، مەزهەب، یان نەتەوەیەک پێکهاتووە، کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکان کار دەکەن. زۆرجار میلیشیاکان لە ململانێی سیاسیدا یان بۆ خزمەتی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان بەکاردەهێنرێن و هەڕەشە لە سەروەری دەوڵەت دەکەن و سەروەری یاسا لاواز دەکەن.
2. گەندەڵی
گەندەڵی بریتییە لە خراپ بەکارهێنانی پۆست یان دەسەڵات بۆ بەدواداچوونی بەرژەوەندی کەسی یان حزبی لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی. بەپێی پێناسەی فەرمانگەی پۆلیسی تاوانی فیدراڵی ئەڵمانیا، گەندەڵی بریتییە لە "خراپ بەکارهێنانی پۆستی گشتی لە کایەی ئابووری یان سیاسیدا بۆ قازانجی تایبەت، چ بۆ تاکێک، یان گروپێک، یان کۆمپانیایەک، کە زیانی ڕاستەوخۆ یان پێشبینیکراو بۆ کۆمەڵگا دەگەیەنێت".
گەندەڵی بریتییە لە بەرتیلدان، لایەنگری، گەندەڵکردنی سامانی گشتی و دەستکاریکردنی یاساکان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە تەسکەکان. کاتێک گەندەڵی لەگەڵ بوونی میلیشیا چەکدارەکاندا دەگونجێت، دەوڵەت دەبێتە "کلێپتۆکراسی"، متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی لاواز دەکات و دەرفەتەکانی چاکسازی لەناو دەبات.
سێیەم: دەرئەنجامە کارەساتەکانی گەندەڵی و میلیشیاکان
لاوازبوونی سەروەری یاسا و سەرهەڵدانی هێزی هاوتەریب کە کێبڕکێ لەگەڵ دەوڵەت دەکەن.
گەورەکردنی قەیرانە ئابوورییەکان بەهۆی تاڵانکردنی سامانی گشتی و لەدەستدانی وەبەرهێنانەکان.
دابەزینی متمانەی گشتی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، و زیادبوونی هەستی بێزاری و بێهیوایی.
کۆچی ڕۆشنبیران و ئەکادیمیستەکان و گەنجان بەهۆی بێکاری و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری.
سەرهەڵدانی ململانێ ناوخۆییە بەردەوامەکان کە ڕێگرن لە گەشەپێدان و هەڕەشە لە یەکڕیزی وڵات دەکەن.
چاکسازی:
نەهێشتنی گەندەڵی و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ هەر پرۆسەیەکی چاکسازی سیاسی یان ئابووری. ئەو وڵاتانەی کە بەدەست ئەم دوو نەخۆشییەوە دەمێننەوە، توانای چاکبوونەوەیان نییە و بە بارمتە دەمێننەوە لەبەردەم قەیرانە دووبارەبووەکاندا. سەقامگیری و بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن تەنیا لە ڕێگەی:
بەهێزکردنی سەربەخۆیی دادوەری،
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە میکانیزمی یاسایی توند،
سنووردارکردنی بەکارهێنانی چەک بۆ دەوڵەت،
دامەزراندنی بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری و سەروەری یاسا.
ته نیا به م شێوه یه ده وڵه ت ده توانێت قه یرانه کانی تێپه ڕێنێت و ئاینده یه کی پارێزراو بۆ هاووڵاتیانی بنیات بنێت.