بیرمەندی ناسراو تەلال ئەبو غەزالە وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی گفتوگۆیەک لەگەڵ جیمی کارتەر سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمەریکا باس دەکات، کە لە کاتی ئێوارەخوانێکدا لە پاریس ڕوویداوە.
ئەبو غەزالە دەڵێت، پرسیاری لە کارتەر کردووە: چۆن توانیوتە ئەو بڕیارانە بدەیت کە لەگەڵ ویژدان و مافی مرۆڤ و بەها ئایینییەکانتدا دژایەتی دەکەن، لە کاتێکدا خۆت وەک مرۆڤێکی ئەخلاق بەرز و باوەڕدار ناسراوی؟
بەپێی گێڕانەوەکە، کارتەر بە کراوەییەکی زۆر سەرسووڕهێنەر وەڵامی داوەتەوە:
«ویلایەتە یەکگرتووەکان مرۆڤ نییە، دڵ و هەستیشی نییە. دەوڵەت هاوڕێ و هاوپەیمانی نییە، تەنها بەرژەوەندی هەیە. پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ گەلان وڵاتانی تری دنیادا تەنها بۆ خزمەتی بەرژەوەندی و ئاسایشی گەلی ئەمەریکایە.»
هەروەها بەپێی گێڕانەوەکە، کارتەر دەڵێت: سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، بەستراوە بە پرۆسەی بڕیاردانی دامەزراوەییەکانی ئەمەریکاوە. ئەگەر بڕیارێک لە لایەن هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە پشکنین کرابێت و وەک پێویست بۆ ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی لەسەر مێزەکەی دابنرێت، ئەوا دەبێت مۆر و ئیمزای بکات – تەنانەت ئەگەر دژایەتی ویژدانی کەسی خۆیشی بێت. سەرۆکێک کە واژووی نەکات و ڕەتی بکاتەوە، دەبێت لە ئەرکەکەی وەک سەرۆک کۆمار دەستبەردار بێت.
ئەم گفتوگۆیەی باسکراوە، ڕووناکییەک دەخاتە سەر لۆژیکی سارد و ڕوونی سیاسەتی هێزی دەوڵەت و سنووری ئەخلاقی کەسی لە باڵاترین پۆستی سیاسیدا.
کۆلۆنیالی یانکی (Yankee) بە جلوبەرگی پێشکەوتنخوازەوە
یانکی کەسایەتییەکی مێژوویی نییە، بەڵکوو ئەفسانەیەکی سیاسییە. لە سەرەتاوە ئەم ناوە بەکارهاتووە بۆ ئەوەی فراوانخوازی کۆلۆنیالی وەک پێشکەوتنی ئەخلاقی بشاردرێتەوە. ئەوەی وەک ڕۆحی پێشەنگ بوونی گێڕدراوەتەوە، لە ڕاستیدا داگیرکردنی زەوی، دەرکردن و کوشتنی بێویژدانی و توندوتیژی سیستماتیک بووە.
لە چیرۆکە بینراو و ئەدەبییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، یانکی وەک باوکێکی خێزان، کرێکار و دۆزەرەوە نیشان دراوە. ئەم وێنانە بە لۆژیکی کۆلۆنیالی ڕوون هەڵدەسووڕێنەوە. زەوی وەک چۆڵ و سروشت وەک بێبەکارهێنراو نیشان دراوە، کۆمەڵگە ڕەسەنەکان وەک نەبینراو یان بێپێویست پیشان دراون. نەبوونی دانیشتووانی کۆلۆنیکراو ڕێکەوت نییە، بەڵکوو پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ڕەوایەتدان بە نیشتەجێبوونیانەوە.
ئەوەی بە مانیفێستی قەدەر ( القدر المحتوم _ Manifest Destiny) ناو دەبرێت، تەنها خەونێکی سادەی داهاتوو نەبووە، بەڵکوو ئایدیۆلۆژیا بووە. ئەم ئایدیۆلۆژیایە بۆ لەناوبردن و وێرانکردن و داگیرکردنی خاکی گەلانی ڕەسەن، پێشێلکردنی ڕێککەوتن و پەیماننامەکان، گواستنەوەی زۆرەملێ و کۆمەڵکوژییەکانی وەک سەپاندنی نرخێکی ناچاری پێشکەوتن و باجی حەتمی شارستانیەت ڕەوایەتی پێداوە. یانکی لەم چوارچێوەیەدا وەک ماسک و دەمامکێکی ئەخلاقی کاریکردووە بۆ چەکداربوون، بەڵام بەناوی بەرگرییەوە، بۆ توندوتیژی، بەڵام بە ناوی پێشکەوتنخوازییەوە.
هێز و دەسەڵاتی سەربازی بە تەواوی لەم چیرۆکەدا یەکگرتووبووە، جا چ لە دژی گەلانی ڕەسەن، چ لە دژی مەکسیک، یان دواتر لە شەڕی ناوخۆی ئەمریکا خۆیدا. توندوتیژی وەک ئامرازێکی ڕێکخستن پیشان دراوە، جووڵەی سەربازی و سەرکەوتن و فراوانبوونی، شکۆمەند کردووە، لە کاتێکدا قوربانییەکان لە شوێنی دگیرکردن و وێرانکردندا دەردەکران و لە گێڕانەوەکاندا دوور دەخرانەوە و توندوتیژی کۆلۆنیالیزم جوانکاری و ستایش و ئاسایی دەکرا.
لە چاوگە و ڕوانگەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە ئەم وێنەی خۆناساندن و خۆبەخۆیە دەڕووخێت و هەڵدەوەشێتەوە. لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، زاراوەی «یانکی» بوو بە کۆدێک بۆ دەستێوەردانگەرایی و ئیستغلالکردن و بەکارهێنانی ئابووری و سەرکردایەتی و باڵادەستی کەلتووری.
بەم پێیە یانکیەکان نوێنەرایەتی نەخشێکی بنەڕەتی حوکمڕانی کۆلۆنیالیزم دەکەن. ئەوانەی خۆیان وەک پێشکەوتن پێناسە دەکەن، ئەوی دیکە بە ڕابردوو دادەنێت. ئەم لۆژیکە نەک هەر کاریگەری دەرەکی هەبوو بەڵکو وێنەی هەستی خۆخۆیی و بەخۆبوونی ناوخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تا ئەمڕۆش لە قاڵبداوە.
لەناوبردنی ئەفسانەی یانکی، بە مانای لێکدانەوەی گۆڕینی مێژوو نییە، بەڵکوو مانای دەرکەوتن و دیارکردن و دەربڕینی مێژووە، وەک مێژوویەک کە بەبێ توندوتیژی بیری لێناکرێتەوە و بەبێ سەرکوتکردن و بەبێ شاردنەوەی قوربانییەکان ناگێڕدرێتەوە.
ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت و ڕوودەدات، ئەوباجەیە کە دەوڵەتانی کەنداو بە بەتایبەتی ئەمیری قەتەر تەمیم حەمەد و شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد سەلمان بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ئەمریکای دەدەن بۆ جوانکردنی وێنەی محەمەد جۆلانی سەرۆکی کاتی سوریا و یەک پارچەیی سوریا و حکومەت و حوکمڕانی ناوەندی بەهێز هەروەها بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژئاوای سوریا و بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.


