نەخشەی دۆنالد ترامپ؛ لەڕۆژئاڤاوە بۆ غەززەو جۆلان

هەڤاڵ رەئوف یەحیا
  2026-01-25     5501

نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ غەززە وەک پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ئەمریکی، بەرزاییەکانی جۆلان وەک ناوچەیەکی ئابووریی بێچەک، ڕۆژئاڤا لە دەرەوەی بازنەی ئەولەویەتەکان

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە نەخشەی کاریگەرییەکانی ناوچەکەدا بوو. لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ستراتیژی خۆی بە شێوەیەکی توندی پراگماتیک داڕشتەوە. سیاسەتی ئەمریکا چیتر پشت بە تێوەگلان و دەستێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆ یان هاوپەیمانی درێژخایەن و سەقامگیر نابەستێت، بەڵکوو گۆڕاوە بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان لە دوورەوە، دووبارە پێگەی ستراتیژی و گۆڕینی ناوچە ناکۆکیەکان بۆ پڕۆژەی ئابووری و سیاسی کە دەکرێت کۆنتڕۆڵ و وەبەرهێنان بکرێن.

لە ناوەڕۆکی ئەم گۆڕانکارییەدا، کەرتی غەززە وەک پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ئەمەریکی دەردەکەوێت،  کە ئامانجی گۆڕینیەتی بۆ شارێکی کەناریی گەشتیاری، ئابووری ، بازرگانی ئازاد و هەلی کار، لە هەمانکاتدا بەرزاییەکانی جۆلانی سوری وەک ناوچەیەکی ئابووری بێچەک کە ئاسایش و گەشەپێدان ئامانجی بەرەوپێشچوونیەتی. لەکاتێکدا کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاڤا) ، کە بەخوێن پارەی هاوپەیمانی نێودەولەتی دژی داعشی دا، لەبەرامبەر بەڵێنی نەنووسراوی پاراستن و پشتیوانی سیاسی، پەراوێز دەخرێن بۆ تێکەڵبوونی زۆرەملێ لەگەڵ دەوڵەتی نوێی سوریا.

ئەم ستراتیجیە نوێیەی دۆنالد ترامپ تەنها گۆڕانکاریی سیاسی نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی ماگا (جارێکی تر ئەمریکا مەزن بکەرەوە) نیشان دەدات، کە تێیدا بەرژەوەندییە ناوچەییەکان بە پشتبەستن بە سوودە ئابووری و ئەمنییەکانی ڕاستەوخۆ هەڵدەسەنگێندرێن، ، نەک لەسەر بنەمای پابەندبوونە ئەخلاقییەکان یان مێژووییەکان. ئەمەی خوارەوە شیکارییەکی وردی ئەم دروشمەیە کە لە سەردەمی (ڕۆناڵد ڕیگان) داو لە ساڵی ١٩٨٠ وە بەکار دەھێنرێت، کە بەپێی ئەو لۆژیکە (MAGA)، تیشک دەخاتە سەرچۆنیەتی داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

غەززە: لە وێرانکارییەوە بۆ شاری ترامپ

دوای جەنگێکی وێرانکەر کە وێرانکارییەکی بەرفراوان بەدوای خۆیدا هێنا، غەززە بووبە ناوەندی سەرەکی بۆ دیدگای نوێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ دا، ئیدارەی ترەمپ پلانێکی تۆکمەی ئاوەدانکردنەوەی ڕاگەیاند کە تێچووی زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلاری تێدەچێت و بە چوار قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، لە باشووری کەرتی غەززەوە، لە ڕەفەح و خان ​​یونس دەست پێدەکات و بەرەو باکوور درێژ دەبێتەوە. ئەم پلانە تەنها دووبارە بنیاتنانی خانوو و ژێرخانە سەرەکییەکان نییە، بەڵکوو ئامانجی گۆڕینی غەززەیە بۆ شارێکی کەناریی مۆدێرن کە بریتییە لە بنیاتنانی ١٨٠ باڵەخانەی بەرز، سەنتەری داتا بۆ هاوینەهەواری گەشتیاری، پڕۆژەی ژێرخانی پێشکەوتوو وەکو کارگەی پاککردنەوەی ئاوو ئاوەڕۆ و تۆڕەکانی وزەی نوێبووەوە و ڕیگاوبانی ئەلیکترۆنی و هتد.

بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکان، ئەم وەبەرهێنانانە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی کەرتی غەزە ساڵانە بۆ 10 ملیار دۆلار تا ساڵی 2035 و تێکڕای داهاتی خێزانی بۆ زیاتر لە 13 هەزار دۆلار لە ساڵێکدا بەرزدەکاتەوە.

 پڕۆژەکە لە لایەن ئەنجومەنی ئاشتیەوە بەڕێوەدەبرێت کە بە شێوەیەکی شەخسی ترامپ خۆی سەرۆکایەتی دەکات، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی و لیژنەیەکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە وەک حکوومەتێکی بەڕێکەری تەکنۆکرات دادەمەزرێ. پشتیوانەکانی پلانەکە پێیان وایە ئەمە دیپلۆماسییەکی ئابووری ڕاستەقینەیە کە ئارامی و سەقامگیری لە ڕێگەی گەشەپێدانەوە دەستەبەر دەکات، لە کاتێکدا ڕەخنەگران هۆشداری دەدەن کە ئەمە ئەجندایەکی ئیمپریالیستییە کە بەرژەوەندییە دەرەکییەکان بەسەر پێداویستییە ناوخۆییەکاندا زاڵ دەکات و دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی گرژی سیاسی ئەگەر ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەی فەلەستینی و ئیسرائیلی نەیەتەکایەوە.

 ئەم پرۆژەیە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریی ئەمریکییە بەرەو بەڕێوەبردنی دوای جەنگ، کە غەززە لە ڕەهەندە مرۆیی و ئەمنییەکانیدا کورت نەکراوەتەوە بەڵکو وەک دەرفەتێکی ئابووری گەورە دەخرێتەڕوو لەهەمانکاتدا بۆ گەرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل  و ڕۆڵی ئەمریکا وەک سپۆنسەرێکی سەرەکی سیستەمی دەسەڵات و یاس نەزمی (نظم) نوێی ناوچەیی بەهێزتر دەکات.

 

بەرزاییەکانی جۆلان: لە بەرەی سەربازییەوە بۆ ناوچەی وەبەرهێنانی هاوبەش

هاوکات لەگەڵ غەززە، بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا وەک توخمێکی دیکە لە ڕێبازە نوێیەکەی ئەمریکادا دەرکەوت. دوای ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دا، ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشنیازی دامەزراندنی ناوچەیەکی ئابووری هاوبەشی بێچەک لە سنووری سوریا - ئیسرائیلی  کرد، کە لە باشووری دیمەشقەوە تا بەرزاییەکانی جۆلان درێژدەبێتەوە و پڕۆژەکانی وزەی نوێبوونەوە، کشتوکاڵ، و گەشتیاری لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە بوونی هێزی ئێرانی یان توندڕەو لەنزیک سنوری ئیسرائیل.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا،  لە پایتەختەکانی  فەڕەنسا و عەمان چەند خولێکی دانوستان ئەنجامدرا، کە بووە هۆی پێکهێنانی شانەیەکی هەماهەنگی ناوچەیی بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکە، کە لە میدیاکاندا بە "ناوچەی ئابووری تایبەت" ناسراوە. ئیسرائیل هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئەم پێشنیازەوە ئاسایشێکی ڕاستەقینەیی نوێ بۆ خۆی بەدەست بێنێت، لە نێویاندا فراوانکردنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەی پارێزراودا جێگیر بکات، کە لە ساڵی ١٩٧٤ەوە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بووە. ئەم پڕۆژەیە وەک چارەسەرێک پێشکەش دەکرێت، کە ئاسایش و گەشەپێدان تێکەڵ دەکات و لەلۆژیکی یاسا نێودەوڵەتییە تەقلیدییەکان و لە بەرژەوەندی هاوکێشەیەکی ئارامی و سەقامگیری بۆ خۆشگوزەرانی دەگوازرێتەوە. بەڵام نیگەرانی دەوروژێنێت چونکە ئیسرائیل سوودی لە بۆشایی ئەمنی و سەربازی سوریا بۆ داگیرکردن و بەهێزکردنی پێگەی خۆی قوازتۆتەوە.

ئەم ڕوانگەیە ئەوە نیشان دەدات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پشتگیری بڕیارە سەربازییەکانەوە گۆڕاوە بۆ وەبەرهێنان لە ناوچە سنوورییەکان وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵی ناوچەیی.

 

جێگیرکردنەوەی ئەمریکا و دابەشکردنی ڕۆڵە ناوچەییەکان بە پراگماتیزمێکی توند

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کورد لە سوریا بەردی بناغەی شەڕی داعشیان پێکهێنابوو، وە بووبوونە توخمێکی کارا لە هاوکێشەیەکی ئەمنیی ناوچەیی کە سنوورە جوگرافییەکانی تێپەڕاندبوو. بەڵام گۆڕانکارییە خێراکانی سیاسەتی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم قۆناغە بەرەو کۆتایی دەچێت و واشنتۆن ئێستا پێشەنگییەکانی خۆی دووبارە دیاری دەکاتەوە دوور لە هاوپەیمانیی مەیدانی درێژخایەن، بە تایبەتی لەو گۆڕەپانانەی کە چیتر لە ژمارە ستراتیژییەکانیدا پلەی یەکەم داگیرناکەن.

ئەم گۆڕانکارییە لە گۆڕانکاری بەرفراوانتر لە ستراتیژی ئەمریکادا جیا ناکرێتەوە.  ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چیتر وەک گۆڕەپانێک بۆ کاری یەکلاکەرەوە سەیری سوریا و عێراق ناکات، بەڵکو وەک گۆڕەپانی کۆنتڕۆڵی کاتی تەماشای دەکات، لەکاتێکدا کە غەززە و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئاسایشی ئیسرائیل بوونەتە خەمی سەرەکی ئەو. واشنتۆن بە مانای وازهێنانی تەواوەتی ناکشێتەوە، بەڵکو بەشداری ڕاستەوخۆی خۆی کەمدەکاتەوە و زیاتر پشت بە گۆڕینی شوێن و فشار لە پشتەوە و ڕادەستکردنی بە ئەکتەرە ناوچەییەکان دەبەستێت.

لەو چوارچێوەیەدا کۆبوونەوەی پاریس لە ٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٦ دا لە نێوان سوریا و ئیسرائیل، بە سەرپەرشتی ئەمریکا، خاڵی وەرچەرخانی بەخۆیەوە بینی. میکانیزمێک بۆ هەماهەنگی ئەمنی و سیاسی و ئابووری نێوان هەردوولا ڕاگەیەندرا، لەژێر چاودێری واشنتۆن. ئەمەش بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی گۆڕانی ئەمریکا بوو لە ستراتیژی بەڕێوەبردنی ململانێکانی سوریا بۆ یەکخستنەوەی دیمەشق بە ڕێکخستنە نوێیەکانی ناوچەگەرییەوە. یەکێک لە نرخەکانی ئەم گۆڕانکارییە کەمکردنەوەی پشتگیری ئەمریکا بوو بۆ هێزە کوردییەکان و پاڵنانیان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی لە دیمەشق.

بۆ تورکیا ئەم گۆڕانکارییە جێگەی سەرسوڕمان نەبوو. بەڵکو بەشێکی گرنگ بوو لەم هاوکێشەیە. ئەنقەرە بوونی ئەمریکای وەک بەربەستێک لە بەردەم فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە باکوری سوریا دەبینی. لەگەڵ کەمبوونەوەی سەربازی ئەمەریکی لە ڕۆژئاڤا، تورکیا بەدەرفەتی زانی بۆ درێژکردنەوەی ئاستی سەربازی و سیاسی خۆی و سەپاندنی واقیعێکی نوێ لەسەر زەوی لەسەر حیسابی کورد، بە کەڵک وەرگرتن لە "تێوەگلانی پێشوەختە" و بەرگی ڕێککەوتنە ناوچەییەکان.

لە لایەکی دیکەوە وڵاتە عەرەبییەکان، کەمبوونەوەی ڕۆڵی ئەمریکایان بە نیگەرانییەکی وریایانە بینی، لە ترسی بۆشایی ئەمنی کە ڕێکخراوە توندڕەوەکان دووبارە دروست بکاتەوە یان دروستکردنی ئاژاوە (Creative Chaos) بۆ تێکدانی سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  بە مەبەستی دووبارە داڕشتنەوەی لە ڕووی سیاسی و جوگرافیاوە بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا. بەڵام ئەم نیگەرانییە عەرەبییە بە دەگمەن بارودۆخ و تایبەتمەندی ناوچە کوردستانییەکانانی لەبەرچاو گرتووە، کە لە پێشەنگی شەڕی دژی داعش بوون و باجێکی قورسی مرۆیی و سیاسیان دا بۆ پاراستنی ئاسایشێک کە تەنها ناوخۆیی نەبوو، بەڵکوو نێودەوڵەتی بوو.

ئێرانیش لای خۆیەوە بە پراگماتیزمی سارد مامەڵەی لەگەڵ دووبارە شوێنگرتنەوەو پێگەی ئەمریکا کردووە. ئەو تێدەگات کە واشنتۆن بە تەواوی ناچێتە دەرەوە و گۆڕەپانەکە چۆڵ ناکات، لە هەمان کاتدا ترسی لە کشانەوەیەکی ئاژاوەگێڕانە هەیە کە دەکرێت داعش بە شێوەی جۆراوجۆری جیاواز دووبارە چالاک و زیندوو بکاتەوە و مەترسی لەسەر هاوسەنگی هێز لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی دروست بکات، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەسەڵاتی ئێستای سوریا نوێنەرایەتی ئایدیا و ئایدۆلۆژیای ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات،  لە چاوی زۆر کەسدا، داعش بە بەرگییەکی دیکەوە، لە ڕووی پێکهاتە ئایدیۆلۆژییەکەی و ئامرازەکانی سەرکوتکردنەوە، تەنانەت ئەگەر ڕیتۆریک (الخطابة) و ڕواڵەتەکەی جیاواز بێت. لەم ڕوانگەیەوە، بوونی سنوورداری ئەمریکی کەمتر مەترسیدارە لە غیابی کۆنترۆڵنەکراو، بە مەرجێک بەدیلەکەی ئێستا بێتوانا بێت لە بەرهەمهێنانی سەقامگیری ڕاستەقینە لەناوچەکەدا.

لەناو ئەم حیساباتە ناکۆکانەدا، کورد لاوازترین ئەڵقە بوو. شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب وەک شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەستیپێکردەوە و لە ماوەیەکی کورتدا هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵی ناوچە ستراتیژییەکانی وەک ڕەقە و دێرەزۆر و بەشێکی زۆری حەسەکەیان لەدەستدا. هەروەها ڕێڕەوی سیاسی و ئەمنی نوێ، لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، سەریهەڵدا، کە پرسی کۆتاییهێنان بە ئیدارەی خۆسەر و تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا بەئاشکرا خستە ڕوو.

ئەمڕۆ پڕۆژەی سیاسی لە ڕۆژاڤا لە گۆڕەپانێکدا وەستاوە. یان دەبێت یەکگرتنی سنووردار قبوڵ بکات کە هەندێک مافی کولتووری لەناو دەوڵەتی ناوەندیدا مسۆگەر بکات، یان ڕووبەڕووی مەترسیی وەدەرنانی تەواو و لەدەستدانی توانای خۆی بۆ مامەڵەکردنی سەربەخۆ دەبێتەوە. لە هەردوو حاڵەتدا، قۆناغی کورد لەئێستادا وەک هاوپەیمانی ستراتیژی کۆتایی هاتووە، تا جارێکی تر وەک کارتێکی کارایی لە یاری گەلانی گەورەتر لە خۆیان پۆلێن دەکرێنەوە.

لە کۆتاییدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ نوێنەرایەتی مۆدێلێکی دیپلۆماسی ئابووری ئەمریکا دەکات، کە غەززە و بەرزاییەکانی جۆلان وەک نموونەی ڕێککەوتن و مامەڵەکردن پێش دەکەون،  لە کاتێکدا ڕۆژئاڤا شایەتحاڵی کۆتاییهاتنی قۆناغی هاوپەیمانییە نایەکسانەکانە. ئەم ڕوانگەیە دەکرێت سەقامگیریی و ئارامییەکی کاتی بهێنێتە ئاراوە، بەڵام پرسیار لەسەر دادپەروەری و بەردەوامی درێژخایەن دروست دەکات.

 

ڕۆژئاڤا: زەرەرمەندی گەورە لەنێوان گۆڕانکاریەکاندا

بە پێچەوانەی غەززە و بەرزاییەکانی جۆلان، ڕۆژئاڤا ڕووبەڕووی دابەزینێکی بەرچاوی پێگەی ناوچەیی خۆی دەبێتەوە. هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە بڕبڕەی پشتی ستراتیژی ئەمەریکای لەدژی داعش پێکهێنا و قوربانییەکی یەکجار زۆریدا، لە ساڵی ٢٠٢٥ /  ٢٠٢٦ دا ئیدارەی ترەمپ کشانەوەی هێزەکانی قۆناغ بە قۆناغی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند، لەگەڵ بانگەوازی یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە لە دامەزراوە نوێیەکانی دەوڵەتی سوریا بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەلشەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی).

شایانی باسە. لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا، دۆنالد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕوونی ڕایگەیاند کە ئەمریکا نابێت گیانی سەربازەکانی بخاتە مەترسییەوە بۆ شەڕێک کە لە نێوان تورکیا و کوردەکانە. ئەو وتی:

 

"من نابمە هۆی ئەوەی سەربازەکانمان لەو شەڕەدا بکوژرێن".

ئەم قسەیە تەنها هەڵوێستێکی ڕاگەیاندراو نەبوو، بەڵکو بوو بە بنەمای سیاسەتێک کە هەنگاو بەهەنگاو و پاشان بە شێوەیەکی خێرا، هێزە ئەمریکییەکان لە باکووری سوریا کشانەوە، ئەمەش بووە هۆی پێشڕەویی هێزە تورکییەکان و میلیشیا هاوپەیمانەکانیان و دابەزینی هەژموونی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی فورات.

سیاسەتی کشانەوەی ترەمپ ئەوەی نیشاندا کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هاوپەیمانەکان دەتوانن بە خێرایی بگۆڕدرێن بۆ کارتێکی کاتی. لەم یارییەدا، کوردەکان بوونە گەورەترین قوربانی.

ئەم گۆڕانکارییە ئاماژەیە بۆ کۆتایی هاتنی خەونی کورد بۆ سەربەخۆیی یان بۆ فیدرالی یان ئۆتۆنۆمی لەئێستادا، بەو پێیەی کورد بووەتە ئامرازێکی کاتی لە یارییەکی گەورەتردا و لەبەردەم موزایەدەی ناوچەییدا لاوازە.

 

پەڕاوێز:

سیاسەتی کشانەوەی ترەمپ و ئەنجامە تراژیدییەکانی لە سوریا (٢٠١٨–٢٠٢٦)

سەرەتای سیاسەتەکە (ساڵانی سەرۆکایتی یەکەمی ترەمپ)

٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨: ترەمپ  ڕێگەی  بە ئەرتەشی تورکیا و هێزە هاوپەیمانەکانی تورکیایدا بۆ هێرش و کۆنترۆڵکردنی عەفرین. ئەمە بوو بە یەکەم هەنگاوی گەورەی کشانەوە لە ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای فورات.

٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: بڕیاری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە باکووری سوریا ڕاگەیەنرا، کە ڕێگەی بۆ ئەرتەشی تورکی کردەوە هێرش بکاتە سەر گری سپی تا سەرێکانیێ. شەڕێکی قورس ڕوویدا و هەزاران کەس ئاوارە بوون و کوشتارێکی زۆری لێکەوتەوە.

١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩: لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ترەمپ بە ڕوونی وتی:

"ویلایەتە یەکگرتووەکان نابێت گیانی سەربازەکانی بخاتە مەترسییەوە بۆ شەڕێک کە لە نێوان تورکیا و کوردەکانە و سنووری ئێمە نییە.

گەڕانەوەی ترەمپ و گۆڕانکارییە گەورەکان لە ٢٠٢٥–٢٠٢٦

پاش گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ٢٠٢٥ داو ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و حکوومەتی نوێ بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع (جۆلانی) و دەستەی ڕزگارکردنی شام (HTS). هەمان لۆژیکی ٢٠١٩ بە شێوەیەکی خێراتر و گەورەتر جێبەجێ کرا:

لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ئەمەریکا زوربەی بنکە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی فورات کەمکردەوە. بەتایبەتی لە شوێنە هەستیارەکان وەک کۆبانی، کەمپی هۆل، تەبقە (بەنداو و فڕۆکەخانەی سەربازی)، ڕەقە، دێرەزوور، بەنداوی تشرین و لەزۆرێک لە بیرە نەوتەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کشانەوە.

لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، هێزە ئەمریکییەکان لە سێ بنکەی سەرەکی کۆبوونەوە: نزیک حەسەکە، شەدادی و ڕمیلان. هەندێک ڕاپۆرت باس لە مەترسی کشانەوەی تەواو دەکەن.

ئەم کشانەوەیە بۆشاییەکی گەورەی ئاسایشی دروست کرد، کە حکوومەتی نوێی سوریا (بە پشتگیری تورکیا و میلیشیاکان  و هەندێک عەشیرەتی عەرەبی) بە خێرایی پێشڕەوییان بۆ ناوچەکانی هەسەدە کرد: کۆنترۆڵکردنی تەبقە، ڕەقە، دێرەزوور، و زۆرینەی ڕۆژهەڵاتی فورات و پێشڕەویی بەرەو ناوچە کوردییەکان و کەمکردنەوەی هەژموونی هەسەدە و گواستنەوەی هەزاران دیلی داعش بۆ عیراق لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیان و هەوڵی داخستنی فایلەکانیان بۆ خۆئامادەکردن و کشانەوەی تەواو لە ناوچەکە .

ئەنجامە تراژیدییەکانی بڕیارەکانی ترامپ:

١- هەزاران کەس کوژران (چەکداری هەسەد، سڤیل، منداڵ، ژن، پیر)

٢- وێرانبوونی  شار و گوندەکان، سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون بە تایبەتی لە کۆبانی و دەوروبەری

٣- پێشێلکارییە مرۆییەکان، هێرش بۆ سەر شەرەف، ئەشکەنجە، کوشتنی دیلەکان، پێشێلکارییەکان ڕاپۆرت کراون.

٤- کەمپی هۆل و زیندانییەکان کەمتر پارێزراون، هەڵهاتنی چەکدارانی داعش.

٥- نیگەرانی توندی عیراق، ئێران و وڵاتانی ناوچەکە لە بڵاوبوونەوەو مەترسی سەرهەڵدانی داعش و توندڕەوەکان لە ناوچەکە. ئەمەریکا بەم سیاسەتەی، ڕێگەی بە تورکیا و حکوومەتی نوێی سوریادا هەژموونی سەربازییان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەهێز بکەن.

ئەمە درێژەی هەمان لۆژیکی ٢٠١٩یە، بەڵام لە ٢٠٢٦دا بەهۆی گۆڕانکارییە گەورەکانی سوریا (ڕووخانی ئەسەد و هاتنەسەرکاری HTS)، ئەنجامەکەی زۆر تراژیدییتر، خێراتر و فراوانتر بوو. زۆرێک ئەمە وەک شکستی سیاسەتی ترەمپ لە پاراستنی هاوپەیمانە کوردەکان دەبینن، لە کاتێکدا حکوومەتی نوێی دەمشق و تورکیا سوودمەندی سەرەکی بوون.

سەرچاوە:

Gaza as a major U.S. reconstruction project - New Gaza with skyscrapers, Board of Peace, etc.

01- White House: Statement on President Trump's Comprehensive Plan to End the Gaza Conflict (January 16, 2026) – Outlines the 20-point roadmap, reconstruction, and the National Committee/Board for Gaza governance.

https://www.whitehouse.gov/briefings-statements/2026/01/statement-on-president-trumps-comprehensive-plan-to-end-the-gaza-conflict 

02- BBC: US unveils plans for development of 'New Gaza' with skyscrapers – Covers rebuilding from scratch into a modern coastal city.

https://www.bbc.com/news/articles/cy7mmpljze7o 

03- Al Jazeera: 'Imperial' agenda: What's Trump's Gaza development plan, unveiled in Davos? (January 23, 2026) –   Discusses coastal tourism, skyscrapers, free trade, jobs; criticisms of external agenda and lack of Palestinian consultation.

https://www.aljazeera.com/news/2026/1/23/imperial-agenda-whats-trumps-gaza-development-plan-unveiled-in-davos 

04- CNN: 180 skyscrapers for Gaza: Trump's son-in-law Kushner unveils 'masterplan' (January 22, 2026) – Details on Jared Kushner presenting renderings, Board of Peace chaired by Trump.

https://www.cnn.com/2026/01/22/middleeast/kushner-trump-postwar-plan-gaza-board-peace-davos-intl-latam 

05- PBS News: Trump unveils his vision to rebuild Gaza into a seaside metropolis – Covers Board of Peace oversight, ceasefire to reconstruction phases starting in Rafah/Khan Younis.

https://www.pbs.org/newshour/show/trump-unveils-his-vision-to-rebuild-gaza-into-a-seaside-metropolis 

06- The Washington Post: Trump's “master plan” for Gaza contrasts with reality on the ground (January 22, 2026) – Four-phase rebuilding, starting south.

https://www.washingtonpost.com/world/2026/01/22/trump-kushner-gaza-plan 

07- Golan as economic/demilitarized zone - joint economic area, security pact - Axios: U.S. proposed demilitarized economic zone on Israel-Syria border (January 6, 2026) – U.S. proposal for joint economic zone as part of security pact.

https://www.axios.com/2026/01/06/isreal-syria-security-pact-negotiations 

08- Reuters: Israel, Syria to set up communication mechanism after US-mediated talks (January 6, 2026) – Paris talks under U.S. mediation; coordination on security, intelligence, economic issues.

https://www.reuters.com/world/middle-east/israel-syria-set-up-communication-mechanism-after-us-mediated-talks-2026-01-06 

09- U.S. State Department: Joint Statement on the Trilateral Meeting (U.S., Israel, Syria) – Paris, January 6, 2026 – Official readout emphasizing Trump's leadership, Syrian sovereignty, Israeli security, and prosperity.

 https://www.state.gov/releases/office-of-the-spokesperson/2026/01/joint-statement-on-the-trilateral-meeting-between-the-governments-of-the-united-states-of-america-the-state-of-israel-and-the-syrian-arab-republic 

10- The Washington Institute: Prospects for Syria-Israel Relations (January 5, 2026) –Discusses potential demilitarized zone in south Syria.

https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/prospects-syria-israel-relations 

11- FDD: Israel-Syria Negotiations Show Promise (January 7, 2026) –Demilitarized zone + economic stimulation.

https://www.fdd.org/analysis/2026/01/07/israel-syria-negotiations-show-promise-but-significant-obstacles-remain 

12- Kurdistan24 / i24NEWS: Israel, Syria Move Toward U.S.-Brokered Security Deal–recent, referencing possible 25-year Golan lease.

https://www.kurdistan24.net/en/story/889716/israel-syria-move-toward-us-brokered-security-deal-diplomatic-ties

12- Rojava / Kurds losing U.S. priority (integration into new Syrian state under Ahmed al-Sharaa, withdrawal/rollback) -

BBC: Rapid rollback of Kurdish-led forces reshapes Sharaa's Syria (recent, January 2026) –Advances in unifying Syria, reclaiming areas from SDF.

https://www.bbc.com/news/articles/c9311l0d40qo 

13- Reuters: Syria government, Kurdish forces agree sweeping integration (January 18, 2026) – Integration deal, blow to Kurdish autonomy; seizure of oil regions/dams.

https://www.reuters.com/world/europe/syrian-forces-advance-deeper-into-usbacked-kurdishcontrolled-northeast-2026-01-18 

14- Al Jazeera: Syria fighting updates – Government, SDF agree to four-day ceasefire (January 20, 2026)

https://www.aljazeera.com/news/liveblog/2026/1/

زۆرترین بینراو
دوای گەمارۆ نوێیەکانی واشنتۆن؛ ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "وێرانکەر" لە ئەمریکا دەکات
باخچەلی حەوت خاڵ دژی ئیسرائیل پێشنیاز دەکات
وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم: ئاماده‌كردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق كۆتایی هات و بۆ به‌غدا نێردرا
لاهور شێخ جەنگی، لەیادی هێرشکردنە سەر "لالەزار"دا شیعرێک بڵاودەکاتەوە
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق: زیاتر له‌ 16 هه‌زار خانه‌نشین دوای مردنیان موچه‌كانیان رانه‌گیراوه‌
چین له‌ وه‌ڵامی ئه‌مریكادا: سزا و گوشاره‌ ئابورییه‌كان چارەسەری قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكه‌ن
قەرەیلان: بەبێ بەشداریکردنی ئۆجەلان چەکدانان ئەستەمە و یاساکەی تورکیا ناتوانێت کێشەی ١٠٠ ساڵە چارەسەر بکات
تره‌مپ: ئه‌گه‌ر پێویست بوایه‌‌، سه‌د جاری دیكه‌ هێرشم ده‌كرده‌ سه‌ر ئێران
حکومەتی عێراق: ٣٠ی ئەیلول کۆتا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە نەک چەکداماڵینی گروپەکان
فەرهاد ئەتروشی: پێشمەرگە جیاوازە و بنەمایەكی دەستوری هەیە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×