لافاوەکەی چەمچەماڵ: کاتێک گەندەڵی شارێک دەخنکێنێت

ئامانج ئیسماعیل
  2025-12-14   

لە ساتەوەختێکدا کە ئاو شەقام و کۆڵانەکانی چەمچەناڵی داپۆشی و مەترسیی خستە سەر ژیانی هاوڵاتیان، دەسەڵاتداران وەک پیشەی هەمیشەیان خەریکی دۆزینەوەی پاساون بۆ شکستەکانیان. ڕوانین و ناونانی ئەوەی لە چەمچەناڵ ڕوویدا بە "ڕووداوی سروشتی"، گەورەترین چەواشەکارییە بۆ شاردنەوەی ڕووی ڕاستەقینەی بەرپرسان و حکومڕانانی ناوچەکە لە ئاوێنەی بەرپرسیارێتیدا. ڕاشکاوانە قسە بکەین: ئەمە لافاو نییە، بەڵکو تاوانە؛ تاوانی کوشتنی شارێک بەهۆی بێپلانی و گەندەڵییەوە.

باران ڕەحمەتی خوایە، بەڵام کاتێک دەگاتە سەر زەوی و ڕێڕەوە سروشتییەکانی خۆی بە گیراوی دەبینێت، دەگۆڕێت بۆ توڕەیی و غەزەب. ئەوەی لە چەمچەناڵ بینرا، دەرەنجامی حەتمیی ئەو عەقڵییەتە ئیدارییەیە کە ساڵانێکە کوردستان بەڕێوە دەبات. وەک چۆن پسپۆڕێکی پلانسازی ئاماژەی پێ داوە، دەستدرێژیکردنە سەر سروشت باجەکەی قورسە؛ کاتێک ئێوە دۆڵ و شیو و ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو دەکەنە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی بەبێ لێکۆڵینەوەی زانستیی ورد و دیدگا بۆ داهاتوو، سروشت هیچ بژاردەیەکی نامێنێت جگە لەوەی بە زەبری هێز ڕێگای خۆی بکاتەوە.

لەکاتێکدا ئێوە خەریکی دابەشکردنی زەوی بوون لەسەر ڕێڕەوی ئاوەکان بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆتان و شوێنکەوتەکانتان، جیهان خەریکی داهێنان بوو بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ ئەم دیاردە سروشتییەکانەدا. دوو لە نموونەی پرۆژەی سادەی ئەو وڵاتانە بە نموونە چین و مالیزیا؛ چین چەمکی "شاری ئیسفەنجی" پەیڕەو دەکات، شەقام و باخچەکانیان وا دیزاین دەکەن کە وەک ئیسفەنج ئاو هەڵبمژێت و دواتر بەکاری بهێننەوە، نەک ئاوەکە ببێتە مۆتەکە بۆ خەڵک. یان مالیزیا کە بەم دووایانە تونێلی (SMART)ی دروست کردووە، تونێلێک لە کاتی ئاساییدا ئۆتۆمبێلی پێدا دەڕوات و لە کاتی بارانی بەهێزدا دەبێتە گەورەترین ڕێڕەوی ئاو. ئەی لای خۆمان چی دەکەن؟ لە لایەک بە تێکدانی گرد و شاخ و لاپاڵەکان و لە لایەکیش بە کۆنکریتی ناشرین خەریکن شارەکان ئەخنکێنن کە ئیتر نە بەرگەی گەرمای هاوین بگرن و نە لێزمەبارانی زستان.

ئەم کارەساتە پەردەی لەسەر ڕاستییەکی تاڵتر هەڵدایەوە، ئەویش ئەوەیە کە گەندەڵی لەم هەرێمەدا تەنها لە گرێبەستە نەوتییەکان و تەلارە بەرزەکاندا نییە، بەڵکو وەک شێرپەنجە شۆڕبووەتەوە بۆ بن عەرزیش. سیستەمی ڕێگەوبان و ئاوەڕۆ و ژێرخانی شارەکان پڕن لە گەندەڵی؛ لە خراپیی کەرەستەکانەوە بگرە تا دەگاتە دیزاینی هەڵە و دزینی بودجە. ئەوەی ڕوویدا سەلماندی کە گەندەڵی تێکەڵ بە هەموو کایەیەک بووە و تەنانەت بۆرییەکانی ژێر زەویشی گرتووەتەوە، لەبەرئەوە زەوییەکە توانای قوتدانی ڕۆژێک بارانی نییە.

بۆیە تکایە ئەگەر توانای ئەوەتان نییە ڕێکوپێک و دڵسۆزانە خزمەتی سروشت و ژینگەی شار و شارۆچکەکان بکەن، دەست هەڵبگرن و تێکی مەدەن! هیچ نەبێ دەستکاریی شاخ و دۆڵ و جوگرافیا مەکەن. ئەوەی ئێوە دەیکەن ئاوەدانکردنەوە نییە، بەڵکو دروستکردنی "مەیدانی مەرگ"ـە بۆ هاوڵاتیان و نەوەکانی داهاتوویش. لافاوەکەی چەمچەناڵ زەنگێکی مەترسیدارە؛ یان دەبێت بە ئاگا بێنەوە و دەست لە گەندەڵی و وێرانکردنی سروشت هەڵگرن، یان دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بن کە ڕۆژێک هەموو کوردستان لەنێو قوڕاوی گەندەڵییەکانتاندا ون ببێت.

زۆرترین بینراو
توركیا كوژرانی سه‌ربازێكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ موهیمن ئه‌مریكاو ئێران رێكده‌خه‌ن، ئه‌ی بێزه‌حمه‌ت بۆ خۆتان رێكناكه‌ون
سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە "نادەستووریبوون"ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی ‏‏2003ـی پەرلەمانی كوردستان
حكومه‌تی عێراق: له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا نرخی 100 دۆلار له‌ بازاڕی ره‌شدا بۆ 155 هه‌زار دینار داده‌به‌زێنین
نه‌تانیاهو: له‌ماوه‌ی دو ساڵی داهاتودا رژێمی ئێران ده‌ڕوخێنین
رێكخراوی یه‌كڕیزیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات
شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر سعودیە؛ ٤ بریندار لە ڕیاز و زیان بەر دامەزراوەیەکی ئارامکۆ کەوت
دڵشاد شه‌هاب: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات له‌ كاتی جه‌نگدا خه‌ریكی نمایشی سه‌ربازی بون
لە ناو زیندانەوە بۆ ڕیزبەندی پێنج گەورەترین نووسەری مێژووی تورکیا؛ تیراژی کتێبەکانی دەمیرتاش یەک ملیۆنی تێپەڕاند
دادگای تاران جارێكی دیكه‌ سزای له‌سێداره‌دانی بۆ وریشه‌ مورادی ده‌ركرد
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×