لە جیهانی ئەمڕۆدا، سنوورەکانی نێوان "واقیع" و "وێنەکان" بە جۆرێک کاڵ بوونەتەوە کە چیتر ئازاری مرۆڤ تەنها ئەزموونێکی ڕاستەقینەی قوربانییەکە نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ ماددەیەکی خاو بۆ پیشەسازیی "سەرنج" و ڕاکێشانی بینەر. جەنگەکان، جینۆسایدەکان، برسێتی و کۆچی زۆرەملێ، کوشتن و برسیکردنی هەزاران منداڵی بێتاوان چیتر تەنها لەو جوگرافیایانەدا قەتیس نامێنن کە تێیدا ڕوودەدەن، بەڵکو لە ڕێگەی شاشە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەگەنە هەموو گۆشەیەکی جیهان. بەڵام ئەم دەرکەوتنە فراوانانە، لەبری ئەوەی هۆشیاری و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات، زۆرجار ئازارەکە دەگۆڕێت بۆ "نمایش"ێکی کاتی کە بەخێرایی بەکاردەهێنرێت و تێدەپەڕێنرێت.
بیونگ چول هان، بیرمەندی هاوچەرخ، ئەم دۆخە دەبەستێتەوە بە زۆریی دەرکەوتنی دیمەنەکانی ئازار و توندوتیژی لەبەرچاوی خەڵکی. بە بڕوای ئەو، کاتێک ڕووداوەکان کە پێویستی بە سەرنجێکی چڕ و داچڵەکینی خەڵکی هەیە زیاد لە پێویست دەخرێنە ڕوو، دەبنە هۆی دابڕانی تەواوەتیی هەستکردن بە خوودی ڕووداوەکە. واتە ئەو کارەساتانەی کە بە وێنە، ڤیدیۆی کورت و ناونیشانی دراماتیکی دەخرێنە بەرچاوی خەڵکی، لەژێر چەتری "ڕواڵەتسازی"دا دەگۆڕێن بۆ کەرەستەیەکی سەیرکردن؛ واتە دەبنە کاڵایەک بۆ ڕاکێشانی بینەر و پارەپەیاکردن. بەنموونە کاتێک گیانلەدەستدانی منداڵێکی بۆردومانکراو لە باوەشی دایک و باوکیدا -کە ڕووداوێکە دەبێت بۆ هەمیشە هەژانێکی دەروونی لای مرۆڤ دروست بکات- لەگەڵ مۆسیقایەکی خەمناک و کاریگەردا تێکەڵ دەکرێت و دەگۆڕێت بۆ زنجیرە "پۆست"ێک، ئێمە لێرەدا لەگەڵ کردەی "بەکاڵاکردن"ی ئەو ڕووداو و ئازارەدا ڕووبەڕوو دەبینەوە.
بڵاوکردنەوەی زیاد لە سنووری ئەم جۆرە پۆستانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، زۆرجار جێگەی دەربڕینی هەڵوێستی ڕاستەقینە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دەگرێتەوە. ئەم دۆخە جۆرە هاوسۆزییەکی ڕووکەشیانە دروست دەکات کە تەنها بۆ ئارامکردنەوەی ویژدانی بینەرە، نەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕەگوڕیشەوە. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش، ئەمە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پشتیوانیی ڕاستەقینە و ئەو خەباتە ڕێکخراوەییانەی کە جاران هەبوون، چونکە مرۆڤەکان وا هەست دەکەن بە "لایک"ێک یان "شێر"کردنی وێنەیەکی خەمناک، ئەرکی خۆیانیان جێبەجێ کردووە و دەچنە سەر پۆستی داهاتوو.
بەکورتی، ئەم پڕۆسەیە بەجۆرێک دەبێتە هۆی "ئاساییبوونەوەی ڕووداوە نائاسایی و ترسناکەکان". ئازارە جیهانییەکان دەبینرێن، بەڵام لە هەمان کاتدا مانا قووڵەکەیان لەدەست دەدەن. مرۆڤەکان بەخێرایی ئەم دیمەنانە بەکاردەهێنن، لەبیریان دەکەن و لە جێگەیاندا بەدوای "نمایش"ێکی نوێتر و دراماتیکیتردا دەگەڕێن. بەم شێوەیە، ئازاری مرۆڤەکان دەبێتە سووتەمەنی بۆ بەردەوامیی چەرخی ئالگۆریتمی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، زۆرینەی کاتیش بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ژیانی قوربانییەکاندا دروست بکات.