ساڵانێکی زۆرە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆتە بابەتێکی گەرم و رۆژانەی بازار، مەجلیسە کۆمەڵایەتیەکان، بازاری سۆشیەڵ میدیا و راگەیاندن و … هتد، لێرەدا ئێمە نامانەوێت جارێکی تر باس لە جەوهەری بابەتەکە و بنەمای کێشەکەو رێگا چارەسەرەکان بکەین چونکە پێشتر باس کراون.
ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە کە لەم رۆژانەدا لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان لێدوانێکیان بەناوی ئەندامێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوکردەوە کە بەرێزیان دوعا لەوەزیری دارایی عێراق ( تەیف سامی) ئەکات و ئەڵێت گەردنی ئازاد نەبێت و خوا حەجەکەی لێ قبوڵ نەکات. ئەم قسانەی ئەم بەرێزە دوایی ئەوە دێت کە دیسان حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی کێشەیان بۆ مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
من ئەم پەرلەمانتارە بەرێزە لە نزیکەوە ناناسم ، زۆریش دڵنیا نیم لەوەی وای ووتووە یاخود نا !!
بەڵام ئەوەی گرنگە بیزانین
ئێمە بۆچی کەسانێک هەڵئەبژێرین و ئەیانکەین بەنوێنەری خۆمان لە پەرلەمان؟؟؟
کاری پەرلەمان و پەرلەمانتار چیە؟؟؟
بەکورتی و پوختی پەرلەمان دوو ئەرکی سەرەکی هەیە :
١- دارشتنی یاسا بۆ رێکخستن و بەرێوەبردنی کۆمەڵگا و ژیانی خەڵک .
٢- چاودێری کردنی کارەکانی حکومەت ( دەسەڵاتی جێبەجێ کردن) لە جێ بەجێ کردنی ئەو یاسایانەی بۆی دانراوە. واتا پەرلەمان و پەرلەمانتار ئەگەر لەچوارچێوەی بەدواداچوون و چاودێری کردنی حکومەت ( دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن) بۆیان دەرکەوت کە حکومەت کەمتەرخەمە یان بەپێچەوانەی ویستی یاسادانەر جوڵەی کردووە ئەوا رێکارە یاساییەکانی لەدژ ئەگرنە بەر ، هەر لە ئاراستەکردنی پرسیار داواکردنی روونکردنەوە تاکو پرساندن و لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیر تاکو دەگات بە لێسەندنەوەی متمانە لەکۆی حکومەتەکە.
بەڵام ئەوەی سەیرە لەم بابەتەدا ئەوەیە ئەم پەرلەمانتارە بەرێزە لە جیاتی ئەوەی بەخەڵک بڵێت کە چ رێکارێکی یاسایی گرتۆتەبەر و چارەسەر چیە، بەرۆکی خۆی دادڕیوەو دەستی لە ئاسمانە دوعا لە وەزیری دارایی عێراق ئەکات!!!
خەڵک ئەم بەرێزەو ئەوانی تری نەناردووە بۆ پەرلەمان تاکو دوعایان بۆ بکەن بەڵکو بەو هیوایەن ئەم بەرێزانە گوایە نوخبەن لە قسەزانی، گەورەی عەقڵ و لێزانین ، دیبلۆماسیەت و یاساناسی و سیاسەت کردن تاکو شەر لەسەر مافەکانیان بکەن نەک دوعاکردن و دەست لەئەژنۆ بوون ، چونکە ئەگەر کارەکە دوعا كردن بێت لەوانەیە دوعاى پیرێژنێکی بێ کەس کە مووچەکەی دووسەد هەزارە زۆرتر کاریگەر و گیرا بێت لەم پەرلەمانتارە تێروپڕانە.
بۆیە خەڵک شەری یاسایی و سیاسی و لۆجیکی لە ئێوە دەوێت نەک پارانەوە. بەداخەوە بەوە کۆتایی پێ ئەهێنم ، پیاوێکی تێکۆشەری دنیا دیتەمان هەبوو خەڵکی ناوچەی گەرمیان بوو ، کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە ، رۆحی شاد بێت، ئەگەر کارێکی چەوت و نارێکی ببینیایەو دەسەڵاتیشی نەبوایە چارەسەری بکات ئەیوت ( بەخوا ئیتر بێژین چی).