لە دوای پەخشکردنی بەشی شەشەمی بەرنامەی پەنجەمۆری تەلەفزیۆنی رووداو لە مانگی ڕابردوودا لەگەل ژنە تێکۆشەرو پێشمەرگەی پێشووی کۆمەڵە مەلەکە مستەفا سوڵتانی قسەوباسێکی تری لێکەوتەوە. لە وەلامی پرسیارێکدا لە مەڕ باسکردنی شەڕی ناوخۆی دیموکرات و کۆمەڵە، مەلەکە ئاماژە بەوە دەکات، لەیەکێ لە شەڕەکاندا پێشمەرگەی دیموکرات کاری خراپیان لەگەل کچە پێشمەرگەی کۆمەڵە کە بە برینداری کەوتۆتە ژێر دەستیان کردووە.
ئەم باسە هەواڵێکی نوێ نییە و یەکەم جاریش نییە گفتۆگۆی لەسەر بکرێت لەگەل ئەوەشدا هەستی کەسانێکی زۆری جووڵاند. ئەو قسەوباسانەی دوای ئەو هەشت ووشەیەی کە مەلەکە بەکاری هێنا "...کچی برینداری پێشمەرگەی کۆمەڵە کاری خراپیان لەگەل کردن..." وایکرد من ئەمە بنووسم. چۆن و بۆ چی سەرنج خرایە سەر پشتگیری یان پەلاماردانی مەلەکە تا ئەو رادەیەی کە حیزبی دیموکرات ڕوونکردنەوەی فەرمی دەرکرد و قسەکانی بە تۆمەت لە قەلەم دان. ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو لەو باسانەدا نەبوونی چیرۆک و ڕەنگی کچەکان بوو، لەم بابەتە هەستیارەدا چاەوڕوانی ئەوە دەکرا کە ژنانی تێکۆشەر و پێشمەرگەی ئەوساو ئێستای ناو دیموکرات و کۆمەڵە و لایەنەکانی تر قسەیان هەبێت. بزووتنەوەی (MeToo) سەبارەت بە هەراساندنی سێکسی لەبەرامبەر ژنان و کچانی پیشە جیاوازەکاندا کە لە پاییزی ٢٠١٧ لە ئەمەریکا تەقییەوە و زۆرێ لە ووڵاتانی تری گرتەوە رێک لە ئەنجامی بێدەنگی شکاندنی ژنان و کچان خۆیان بوون. مەبەست لێردا ئەوەیە دەکرا ئەم باسە ببێتە بزواندنی بابەتێکی تابو کە هەلاواردنی جنسی و ئازاردانی سێکسییە.
بۆ من گرنگە ئەم باسە وەکو ژنێکی بێلایەن لە پارتە کوردیەکان کە لە هەمانکاتدا هەلوێستم هەیە لە بەرامبەر ناڕەوایی دژ بە ژن و فەرهەنگی نامووس پەرستی بە دوو خاڵەوە گرێبدەم. یەکەم لە فەرهەنگی باوک-پیاوسالاریدا لە ناو جەرگەی شۆڕشیشدا، ئەوەی ژن بە لەشی خۆی ئەزموونی دەکات بە دەگمەن پیاوێک دەیکات. دووهەم زاڵبوونی فەرهەنگی بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو کارانەی مرۆڤ شەرمەزارە لە ئاستیان بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە لەشی ژن و سێکسوالیتیەوە هەیە. ئەم دوو خاڵە تێکهەڵکێشی یەکن و رەگوڕێشەی شۆڕبۆتەوە ناو بڕبڕەی پشت، لە خۆیەوە گۆڕانکاریان بەسەردا نایەت بەبێ هوشیاری، تێگەیشتن و بەهەند وەرگرتنی له هەرکات و دەقێکدا.
مەلەکە لەچاوپێکەوتنەکەی پەنجەمۆردا هەڵوێستی ڕوونە. ئەگەر توانای گوێگرتنمان هەبێت و وێنە گەورەکە ببینین، ئەو بەرگری لە هیچ لایەنێک ناکات کاتێک باس لە شەڕەکان دەکات و دەڵێ هەڵەیان کرد بەرامبەر خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان. لە شەڕەکانی ناوخۆی ئەو دوو حیزبەدا ناوی٢١ گیانبەختکردووی ژنانی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە دۆکۆمێنتێکدا تۆمار کراوە. ئەوەی تا ئێستا دیارە بە نووسین یان بە گێڕانەوەی شایەد حاڵی ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکان بوونە، بەشێ لەم گیانبەختکردووانە تاوانی توندوتیژی سێکسی و سوکایەتیان پێکراوە.
هەموو دەزانین لە شەڕدا تاوان دەکرێت، سنوورەکان دەبەزێنڕین بەڵام هێرش بۆ سەر لەشی مێینە مەودایەکی تری هەیە ئەویش بە کارهێنانیەتی وەکو چەک بۆ شکاندنی ورە و سەلماندی بێشەرەفی پیاوەکانی بەرامبەر. ئەو تاوانانەی بەرامبەر لەشی مێینە دەکرێت تێگەیشتنیکی قووڵی پێویستە نەک وەکو کارێکی یەکبارە چاولێبکرێ یان کەم بکرێتەوە. مێژوو ئەوە دەسەلمێنێ بەکارهێنی لەشی مێینە وەکو چەکێکی کاریگەر کە لە پێکدادانە چەکداریەکاندا ڕوودەدات و کێشەیەکی جیهانییە جا لە شەڕی ناوخۆ، هەرێمی یان دەوڵەتی بێت. بۆیە لە ئەمڕۆدا وەکو تاوانی شەڕ مامەڵەی لەگەل دەکرێ و یاسای تایبەتی بۆ دانراوە و سزای توندی لەسەرە. لە شەڕ و ناکۆکیەکاندا لەشی ژن داگیردەکرێت، کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت، بە کاردەهێنرێت، سوکایەتی پێدەکرێت. گەر پێمان وابێت کورد تاقە میللەتە لە سەر ڕووی زەوی ئەو کارانە ناکات ئەوە خۆڵ دەکەینە چاوی خۆمان. کاتێ پیاوانێک تاوان بەرامبەر لەشی ژنێکی بریندار یان کوژراو دەکەن نمانیشی ئەو باوەڕە دەکەن کە ژن شایانی کاری لەوجۆریە، تەنها کوشتنی بەس نییە.
لێرەدا لە شوێنی خۆیەتی ئاماژە بە شۆڕشی ژینا بکرێ. ئایا پارتە کوردیەکان بە ئەندامەکانیانەوە کە بە جۆرێ خاوەندارێتی یان پشتگیری لەو شۆڕشە دەکەن بەڕاستی بڕوایان بە دروشمی ژن ژیان ئازادی هەیە؟ دروشمێکە وێنەیەکی تر لەبوون و پێگەی ژن نەخش دەکاتەوە کە دوورە لە سنووری حیزبایەتییەوە ئەگەر نا وەکو دەڵێن فەرموو "ئەوە عەرز و ئەوە گەز". لە دیدی مندا بڕوا بوون بە ژن، ژیان، ئازادی، کار و ئەرکی هەموو لایەنەکان قورسترو زیاتر دەکات، وەکو ئەرکێکی ئەخلاقیی، مێژوویی دەبوو هەر لایەنێکی سیاسی بەردەم ماڵەکەی خۆی بماڵێ، کاری خۆی لەگەل مێژوودا یەکلا بکاتەوە تا ببنە جێگەی بڕوای خەڵک و نەوەی نوێ بیانبەخشێ. چوون پێموایە پرسی گۆڕینی زیهنی تاک و خێزان کۆمەڵگا لە بەرامبەر تاوانەکانی دژ بە لەشی مێینە بەوە دەست پێ دەکات کە هەڵەکان ببینین، بوێرین لە شەرم و شەرمەزای بدوێن و ناویان بەرین. تا دەگەینە ئەو رۆژەی کە ژن تێیدا وەکو لەش، مولک، یان شەرەفی پیاوو بنەماڵە چاو لێناکرێت بەڵکو مرۆڤێکی بیرکەرەوەی ئازادە.
با بوێرین چیرۆکی ژیانی کچە بریندارو کوژراو و سوکایەتی پێکراوەکان بنووسینەوە. ئەو کچانە کێ بوون بەرلەوەی ببنە پێشمەرگە، خەونەکانیان چی بوو، چۆن بریندار بوون، چۆن کوژران، لە کوێ نێژران. با چیرۆکی ئەو ژنە نەناسراوانەی شوێنەکانی تری کوردستان کە لە ناو خودی بزووتنەوەکانی خۆیاندا تووشی سوکایەتی بوونەوە بنووسینەوە. با گوێ لە چیرۆکی ئەو ژنە شۆڕشگێڕانە بگرین لە ناو دەسەڵاتی پیاوەکاندا هەروەکو ئەوەی بە ناو ئاسندا مەلە بکەن و بەرگەیان گرت. ئەگەر نا کەی مێژوو بنووسینەوە؟. با لە خۆمان بپرسین بۆ ئەو تاوانانەی بە لەشی ژن لە کاتی شەڕ و لە ئاشتیدا کراوە و دەکرێت وەکوو خۆی تۆمار ناکرێت. مەلەکە بوێری نواند کە ئاماژەی پێ کرد لە ناو قسەکانیدا. خۆ دەیتوانی بەسەر ئەو هەشت ووشەیەدا باز بدات و سەریەشەش بۆ خۆی دروست نەکات، بەڵام کردی. با مەلەکەکانی تریش قسەی خۆیان بکەن، با ژن خۆی بنووسێتەوە. ئەگینا چل سالی تریش شەرمەزاری یەخەمان بەرنادات و ئەوانەی ئەمڕۆ لە ژیاندان و شایەدی تاوانەکان بوونە سبەی ئەو شانسەیان لە دەست دەردەچێت.