هەر ئیستا شەڕی خوێناوی لە نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەلگای دوواکەوتوو و زانست و خورافات لە ئەفگانستان ، ژیانی شارۆمەندانی لە تاڵ تاڵتر کردووە . بێ عەدالەتیەکان ، بێ حورمەتیەکان، کوشت و بڕەکان ، ستەم و تیروری بێ سنوور بە زۆری، سەبارەت بە ژنان و منداڵانی ئەفگانستانەوە دەکرێت . کۆمارە سوسیالیستیەکانی ڕووسیا ؟؟ بە شێوەیەکی ناجوامێرانە ئەفگانستانیان داگیر کرد و شەڕی ماڵ بە ماڵ و قورسیان داسەپاند و پاشان خۆیان دەرباز کرد. هەندی هەڵخەڵەتاوی ئەفگانیان هان دا ، تا لە دەروازەکانی شاری کابول بە شادی و چەپڵە لێدان سەرکەوتنی ڕووسەکان و ڕەوتی چوول کردن وجێ هێشتنی ئەفگانستان رێز بگرن . کەرەسە وماشینی جەنگی ڕووسەکان پسکۆ پسکۆ بە دانی هەزاران کوژراو و هەزاران بریندار و دابەزینی سەرسوڕ هێنەری ڕوبل، بەرەو سنوورەکانی رووسیا گەڕایەوە . لەم ماوەدا کە رووسیا ئەفگانستانی داگیر کردبوو ، ئامریکاییەکان و ئینگلیزەکان و وڵاتانی ڕۆژ ئاوا بەگشتی ، بە دزیەوەلەگەڵ دەیان گورووپی توند ئاژۆ، و ڕاستەوخۆ دژی ڕووسیا گوایە حکومەتی سوسیالیستی دامەزراندووە و سوسیالیزمیش لە ئەفگانستان پەرە و گەشەی کردووە ،پەیوەندیان گرت . داگیرکاران هەموو ئەو هێزە پڕژ و بڵاوانە کە باوەڕمەند بە ئاینی ئیسلام بوون ڕێک خست و ئامرازی پێشکەتووی شەڕو پارە و تۆڕی کۆمەڵاتیان لە خزمەت دانان . زلهێزەکان بەرە بەرە هێزیان لە دەریا و ئاسمانەوە لە خاکی ئەفگانستان دابەزاند و دیسانەوە ئەفگانستان ، لە لایەن پاوند ،ئورۆ ودولارەوە داگیر کرا . دەیان وەڕگێر لە خزمەتی پلاتفورمی ئەم هێزە بۆ بێگانەکان هەڵدەسوڕان . شێوە و ڕێبازی شەڕیان بە ئاستێکی سامناک گەیاند ، کە دیاری ئەم داگیرکاریە تەنیا خوێن و قەڵاچوی شارۆمەندی ئەفگانستان بوو . ئیستا ڕەوتی دوواکەوتوو و ئاین و ئاین زاکان و زڵهێزەکان ، بەستێن و بارودۆخیان بۆ " تالیبان " دەستە بەر کردووە تا کۆمەڵگای ئەفگانستان بەرەو سەدەکانی ناوەڕاست بگەڕینیتەوە . بە هەڵویستی دیفاع لە ئاشتی و ڕێبازی " لاری کەرەوە و مەیڕێژە !" هەر خەڵکی ئاسایی دەکوژن . توند ئاژۆکان هێشتا بە تەواوی دەسەڵات و هیژمونی سیاسیان نە ڕفاندووە ، کە یاسا کۆن، داڕزیو و کات بەسەر چووەکانیان زیندوو کردوەتەوە و وەک یاسای پەسەند کراوی کۆمەڵگا ، دایانسەپاندووە . لە حاڵیکدا هەڵبژاردن و دەنگ دانی ئازاد و نهێنی و بێ سانسور لە کۆمەڵگای ئەفگانستان نە کراوە تا شارۆمەندان دەنگی خۆیان ئازادانە ڕاگەیەنن، ئایا شارۆمەندان ئەم یاسا و کولتورەو فورمی بەڕێوە بەری کۆمەڵگایان قەبوڵە یا نا ؟؟ ئیستا ئەفگانستان خەڵتانی تاوان و خوێنە . شەڕەکە هی خەڵکی نیشتەجێ نیە وخەڵکی ئاسایی لە داوی ناکۆکیەکانی وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا کەوتوون کە بۆ دابین کردنی قازانجی خۆیان ، فرۆشتنی کەرەسەی پێشکەتووی شەڕ ، تاڵانی کەرتی کشت کاڵ ، کانزاکان ، بەتایبەت قاچاخی هیروئین ، تریاک و کەرەسە هۆشبەرەکان و بەدەس هێنانی ناوچەی ئیستراتژیک و هەستیار ، شەڕی خۆیان بۆ ئەو وڵاتە گواستوەتەوە . دەس تێ وەردانی فاشیزمی ئیسلامی ئێران ، پاکستان ، تورکیا و عەرەبستانی سەعودی ئەمنیەت و ئاشتی لە ئەفگانستان خستوتە مەترسی جیدیەوە و پەیکەری لاواز و برێنداری ئەفگانستانە هەر خوێنی لێ دەچؤڕێت . شەڕی ئەفگانستان میلیارد میلیارد داهاتی کۆمەڵگای جیهانی وەک کامباینی* کشت و کاڵ هەڵلوشیووە و
ئەگەر ئەو داهات و پارەیە ، لە خزمەت نابودی ستەم و بێ عەدالەتی ، دابین کردنی ئاوی خواردنەوە و نەمانی برسیەتی بە کار هاتبا ، ئیستا خەڵکی ئافریکا، ئاسیا و ئامریکای لاتین دەردی بێ دەرمانیان چارەسەر دەکرا.
هەر ئێستا کچان و ژنان کە نێوەی کۆمەڵگا پێک دێنن بە دەستوری تالیبان لە فێرخوازی ، عیلم ، زانست و پێڤاژەی خوێندن مەحرووم و لە گۆشەی ماڵەکان ، زیندانی کراون . و داسی دیکتاتوری بەسەر سەریانەوە ، ڕم بازی دەکات . تەوهین و بێ حورمەتی تا ئەو ئاستە سامناکە گەیشتوە کە دەنگی کۆمەلگای نێو نەتەوەی دەرهاتوە و گوایە لە ژنان و کچانی ئەفگانستان پشتیوانی دەکەن ..
ئەم کۆپلە شیعرە هی جەناب کاک " فەریدون ئەرشەدی" ە . ڕاسپاردەیەکی سنوور شکێن نوێنەرایەتی دەکا . من ئیجازەم وەر گرتوە و دامناوە.
شەڕ !
شەڕ ، سەر پۆشە سپێیەکەی دایکمی گۆڕی ،
قومرییەکانی* لە ماڵمان تۆراند ،
گۆنای خۆشکەکانمی ڕنی .
شەڕ ، پشتی باوکمی شکاند ،
مێشکی براکانمی ،
بەدەستی یەکتری پژاند !
...................................................................
کامباین : تراکتۆری گەورە ، کە بۆ چاندن ، ڕنین و کوتانی دانەوێلە کەڵکی لێ وەر دەگرن .
- *قومری باڵندەیەکە ، لە بنەماڵەی کۆتر .