ژینگەی خاوێن وپاک، تەندروستی هەر مرۆڤێک گارانتی دەکات. پاراستنی ژینگە ئەرکی ویجدانی هەموومانە . ژینگەی وڵاتی کوردستان و بەتایبەت هەوا ، ئاو و ڕووبارەکان لە لایەن داگیر کارانەوە ژەهراوی و بەئاستی سامناک گەیشتوە.
ا - ڕؤژئاوای کوردستان
شوینیزمی ملهوڕ و دیکتاتور درەختە زەیتونەکانی ڕۆژئاوایان لە ڕیشە دەر هێناوە .
دووحکومەتی دیکتاتوری بەعسی سوریا وئیسلامی تورکیالە خاپور و کامباخ کردنی ژینگەی ڕۆژئاوا ،یەک لە یەک خراپتر کارەساتیان خولقاندووە. ئەگەر سوریا بەڕەواڵەت نرخێکی کز و لاوازی بۆ ڕۆژئاوا دانابێت، بەخاتری جاڕە گەنمەکان ، بەرهەمی داری زەیتون ،نەوتی خاو و دانەوێلەی بەرفراوانی رۆژئاوایە. کەسفرەی سوریای پڕ کردووە و ڕازاندوەتەوە . هیمەتی بەرز و کەرامەتی بە نرخی شارۆمەندان و خەباتی مەدەنی شارۆمەندانی رزگاریخوازی ڕۆژئاوا و دامەزراندنی سیستمی" کانتونەکان" جێگای ئومێد و ڕەزامەندی کۆمەڵگای مودێڕن و پێشکەوتووە . دووئەرتەشی ئیسلامی و بەعسی بەهەزاران کیلو تەقەمەنی و کەرەسەی ژەهراوی جگە لە تۆڕی شۆڤاری بۆ کۆیلەکردنی دووبارەی شارۆمەندانی ڕۆژئاوا بە کاردێنن و ژینگەیان داغان کردووە. دەیان هەزاردرەختی زیتونی ڕۆژئاواین لە ریشە دەرهێناوە کە زەرەری قورسی بە باخداران و جووتیاران گەیاندووە . تاکتیکی دوژمن کامباخ کردنی ژینگە بوە و ئامانجیان پێکاوە . لە ڕیشە دەرهێنانی درەختە زیتونەکان ، جگە لە خەسارەتی قورسی ئابوری ، ئیکۆسیستم و ژینگەی باڵندەکان ، خشۆکەکان ، گیانلەبەران و مرۆڤیان تێک داوە . لە دەورانی حکومەتی سوپڕ فاشیستی بەعسدا ڕۆژئاوا لە بواری کۆمەڵایەتی ، سیاسی و ئابوری گەشەی پێ نەدرابوو. ژێر بینای کۆمەڵگا لە ئاستی شار نشینی دوواکەوتوانە پلان داڕێژراو بوو. بەم شێوەیە "پی هاش " * ئاوەکان گۆڕاوە وڕاستەوخۆی زەرەری لە ئیکۆلۆژی و ئیکۆسیستم داوە . سەدان پایگای ئەرتەش دامەزراوە کە هەمووهێزی عەسکەری بەرخورن و لە سەر سفرەی ڕەنجی شارۆمەندانی رۆژئاوا مەسرەف دەکەن و کارتێکەریان لە سەر رۆژئاوا نیگەتیڤ و سامناکە .
٢- باشوری کوردستان :
ئایا یاسا لە باشور سەروەرە و پارلەمان کارا و فەعالە ؟
یەک نەگرتن بە هەر نرخێک دەسکەوتی مێژوویی حیزبەکانی باشوری کوردستانە. کە شانازی پێوە دەکەن و لە خۆشیدا خەریکن شاگەشکە دەبن. قازانجی بنەماڵە و خێڵ و نادڵسۆزی بە نیسبەت سەروەت و سامانی دانیشتوانیەوە بە چڵە پۆپە گەیشتوە. گەنجەکان کە سەرمایەی هەر نەتەوەیەکن سەری خۆیان بەرەو ئوروپا هەڵگرتوە کە ئەگەر لە دەریای ناوەڕاست نەخنکین ، لە پشت دیواری سیمی دڕکاوی وڵاتانی ئیتحادیەی ئورۆپا برسی و بێ پەنا ساڵان و مانگان بێ ئاکام چاوەڕوانن. حیزبەکان تەحلیل و لێکدانەوەی زانستیان سەبارەت بە ژینگە لە ئاستی بەرز وزانستیدا نیە و نە بووە. من ڕێزی تایبەتم بۆ بیر جیاوازان و باوەڕمەندانی ئاین و ئاین زاکان هەیە . تاڕادەیەکی بەرچاو ڕێبەرانی ئاینی باشوور کە ئیستا بۆ جەماوەر قسە دەکەن ، لە باتی ئەوەی سەبارەت بە ژینگەی وێران و داغان ، هەژاری خەڵك ، نادڵسۆی حیزبەکان و تاڵانی سەروەت و سامانی شارۆمەندان باشور، قسە و ئاموژگاری کەن ، هەر لە دەورانی زۆر کۆن و میژوویی عەرەبستان قسە دەکەن . لە واقیعدا سەبارەت بە ژینگەی باشور هێج چەشنە زانیاریان نیە کە ڕوو بە بیسەران بیڵێن . و هاو کات لە وتارەکانیاندا ئیجگار زۆر سوکایەتی بە کەرامەتی ژنان و کچان دەکەن . لە پاڵ ئەم تاقمە مامۆستایانە ، مامۆستای دڵسۆز و خۆشەویست و ڕیز لێگیراویش وجودیان هەیە ،کە تاقمێکی بەرچاو وزۆرن و باسەکانیان گرانبەها ، نیشتمانی و دڵسۆزانە و شیاوی ڕیز و قەدەردانین. حیزبەکان لە پێناو قازانج و مانەوەی دەسەڵاتی داهۆڵ ئاسا و کارتونی خۆیان دەرگای پارلەمانیان داخستوە و لە باتی پەسەند کردنی یاسای زانستی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ شارۆمەندان ، لە داوی شوینیزمی دەماگرژی عەرەب و فارس کەوتوون . سەفەرە بێ ئاکامیان بۆ بەغدا و تاران هەر کۆتایی نایەت . ئەدەبیاتی حیزبیان لە وشەکانی زەعیفە، ڕێکەوتنی عەشایەری ، موختار، خێڵ، دیوەخان و پیاو ماقوڵان( ئەگەر هەر پیاوان ماقووڵ بن، سیستماتیک و راستەوخۆ یانی ژنان ناماقووڵن ) لێواو لێوە . تەنانەت لە بۆنە ڕەسمی و فەرمیەکانی حکومەتی و دیدارە نێو نەتەویەکانیان بەتەنیا حازر دەبن و نرخێک بۆ حوزووری هاوسەرەکانیان نابێنرێت . حیزبە ئیسلامی و غەیرە ئیسلامیەکان پلاتفورم و بەرنامەیەکی زانستی و عیلمیان لە کونگەری حیزبەکاندا بۆ چارەسەری و گرفتی ژینگەی باشور پەسەند نە کردووە .ئەگەریش بە ئیما و ئیشارە شتیکیان گوتبێت ، تراویلکە وسەراب و هەر قسەی وشک و خاڵیە . ئەگەر چی مرۆڤی زۆر دڵسۆز و هیمەت بەرز و تێگەیشتوو سەبارەت بە ژینگەی باشور خەباتیان کردووە و ژمارەیان کەم نین و لەو ڕێگایەدا ماندوو و هێلاک بوون و کارەکانیان جێگای سپاس و قەدەردانیە و لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار وتاجی سەربەرزیان لە سەر ناوە . بەڵام لە لایەن دەسەڵاتەوە یارمەتی دڵگیر نادرێن . یەک نەگرتنی حیزبەکان شارەمەندانی زۆر ناهومێد کردووە و هێشتا دیاردەی مووچە و مەعاشی شارۆمەندان گارانتی نەکراوە. ڕاستەوخۆ ژینگە، باڵندەکان ، گیانلەبەران ، خشۆکەکان و ڕوەکەکان ، ڕووبارەکان و جاڕە گۆڵەکان و کانیاوەکان لە مەترسی سامناک کەوتون. ئیستاش کەسانی هەژار و تینەگەیشتوو بە دزیەوە ڕاوی بێ ئوسول دەکەن . تەنیا کولتوری جێگای ڕێز و ئاوارتە لە باشوردا ، داب و نەریتی ڕێزلێگیراوی شارۆمەندان ودانیشتوانی دەڤەری " بارزانە" کە بەدوور لە حیزبایەتی و دەسەڵات ، و لە کۆنی کۆنەوە بەشێوەی مرۆڤدۆستانە ژینگە یان پاراستوە . تەنانەت ماریش پارێزراوە . لە دەورانی شەڕی سەدام و خومینی زۆربەی گیانلەبەرانی ناوچەکانی هەورامان ، مەریوان ،پاوە، سەردەشت و بانە بەرەو باشور خۆیان دەرباز کرد . بەڵام نەپارێزران و پلینکەکانی هەورامان کە بۆ ڕزگاری لە گوللە تۆپ بەرەو باشور کۆچیان کردبوو زۆربەیان کوژران و ژینگە خەسارەتی قورسی بەرکەوت . سەبارەت بە نەوتی خاو، ڕووبارەکان ، کانیاوەکان ، دارستانەکان و گۆمەکان پلاتفورمێکی زانستیانە پەسەند نە کراوە و ئەگەریش لە سەر کاغەز نوسرابن ، هەر خاک و خۆل دەخۆن . نەوتی خاو بەلێشاو لە چاڵە کان دەر دەهێنرین و تورکیا بەزۆری و ئێران تاڕادەیەک کەمتر تاڵانی دەکەن . پێویستە وزەی با و ئاو بە زووترین کات جێنشێن کرێن . دارستانەکانی باشور لە لایەن ئێران و تورکیاوە ئاگری تێ بەردەدەن و زەرەری ئیکۆسیستمی ئەم زیانە سەر لە ئاسمان دەکوتێ . بۆ پاراستنی ژینگەی باشور یەک حکومەتی ئیقلیمی پێویسیە ، هەر ئیستا لانی کەم سێ چوار حکومەت لە ئەقلێمێکی فرە چکۆلە دروست کراوە. لە پلاتفورمەکانیان بە شێوەی زانستی و جیددی ژینگە پارێزی باس نەکراوەو ئەگەرێس باسێک کراوە هەر تراویلکەیە و وەک نوسراوە لەسەر کاغەز ماوەتەوە .
٣- باکووری کوردستان:
حکومەتی توتالیتر جگە لە وێران کردنی ژینگە ، جل و بەرگ، کولتور، مۆسیقا و زمانی کوردی قەدەغە کردووە .ماسمێدیای حکومەتی کەمالیستە ئیسلامیەکان شێوەی ئاپارتایدی هەیە و ، هەڵاواردن ،ئینکاری نەتەوەی کورد ، تەبلیغی ئیسلامی سیاسی ، سوکاتەتی بە گفتوگۆ و دانوسان، بێ حورمەتی بە بیر و هزری مودێڕن و میلیتاریزم بانگەواز و تەبلیغ دەکات .
شەڕی درێژ خایەن و داپڵۆسێنەرانەی شوینیزمی دمارگرژی تورک بەیارمەتی ناتۆ دژی ئازادیخوازانی کورد و بەتایبەت - پی ، کا، کا – باکووریان لە ڕەوتی ئاسایی گەشەی ئابوری ، سیاسی و کۆمەڵایەتی مەحرووم کردوە . لە کردەوەدا حکومەتی تورکیاباکووری کردوەتە شەڕگەی شووینیزمی مەزنخوازی تورک و، دژی خەباتی عەدالەتخوازانە وئاشتیخوازانەی گەلی کوردە . حکومەتی فاشیستی تورک هەر جموجوڵ و تێکۆشانێکی ژینگە پارێزی لە باکوور بە لایەنگری و پشتیوانی لە پی کا کا تەرجومە دەکاتەوە . ناهێڵی ژینگە پارێزی وەک کولتور بە تەواوی جێ بکەوێت . لە هەر تەپۆڵەکە و کێو و جادەیەک مەقەڕ و پایگای تورکی لێ داچەقیوە و جگە لە زەرەر بۆ خەڵکی ئاشتی خوازی کورد هێچ قازانجێکی تری نیە . هەموو ڕووبارەکانی باکوری کوردستان کە میلیون میلیون ساڵە لە گەڵ بارودۆخ و هەڵومەرجی سروشت ، ئێکۆلۆژی و سایکۆلۆژی دانیشتوان گونجاوو سازگارە ، بەندئاویان لەسەر دروست کردووە و ژینگەیان تێک داوە . ئاسەواری دێرۆکی ، دێرێنی شارستانی و مێژوویی کورد لەم ناوچانە بە ئەنقەست تێک ڕوووخێندراون و یا لە ژیر ئاوی بەندئاوەکان نقوم کراون. تەنیا تۆڕی شۆڤاری و جاسوسی لە باکووری کوردستان گەشەی ئیجگار زۆری کردووە . ئەگێنا ئیستاش کۆچی زۆرەملی و گواستنەوەی مالباتە کوردەکان لە پلاتفورمی کەمالیستەکان نرخی بەرزە .
٤- ڕۆژهەڵاتی کوردستان:
بەمەبەستی سەرکوتی خەباتی مەدەنی و دیموکراتیک ، سەدان داڵان و تونیلیان لە بن کێوەکانی کوردستان هەڵکەندووە .
ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کولونی ، داگیر کراوە و بەدەیان هەزار پاسدار لە ناوەندە عەسکەری و مۆڵگە کانی کۆماری ئیسلامی نیشتەجی بوون. لە سەر سفرەی جەماوەر بەرخورن و جگە لە سەرکوت و پەرەپێدانی دیاردە غەیرە زانستیەکان و دانانی ئیمام زادە، زالو ئاسا دەژین . گەورەترین تۆڕی جاسوسی کۆماری سێدارە لە کوردستانە .حکومەتی ئێران بە هەڵکەندنی سەدان تونیلی قووڵ لە بن کێوەکان ، و دەر دانی خاک و کەرەسەی ژیر زەوی بەخاتری هەبوونی کانزا ، ئاسنەوالە ، قوڕقوشم ، زێڕ و زێو ،مس، جیوە وتیکڵاوی مادەژەهراویەکان هەڕەشەی جیددی لە ژینگەی کوردستان دەکات . لە سەر هەرڕووبار کە سەروەت و سامانی شارۆمەندی کوردە بەندئاو دروست کراوە کە ئاوەکەی بۆ دوورتر لە کوردستان دەگوازنەوە و کارەبەکەی بەوڵاتانی هاوپەیمان دەفرۆشرێ و یا بەخۆڕایی پێشکەشیان دەکرێت . گۆمی زرێوار بە هۆێ ئاوەڕۆی شار و گواستنەوەی زبڵ و کەرەسەی ژهراوی و هێنانی ڕووبارێکی دوورتر بۆ نێو گۆمەکە ،ئیکۆسیستم و ژینگەی زرێواریان بە ئاستی کارەسات و کامباخ بوون گەیاندووە . ئەگەر شارۆمەندان بە فریای ڕزگاری گۆمی زرێبار نەکەون ، چارەنووسی وەک گۆمی ورمێ تراژیدی دەبێت . حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆمەڵگا دوورن و لە پلاتفورم و بەرنامەی حیزبیان ژینگە پارێزی وەک دیاردەیەکی مودێڕن و جیددی چاو لێ نەکراوە . قازانجی تاکەکەسی و بنەماڵەیی و بەرژوەندی بەرتەسکی حیزبی دەرەتانی لە ماسمێدیای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەستوە کە بیری بنەڕەتی و چارەساز لە ژێنگە بکەنەوە . هەر ساڵە بەدەیان هەزار کیلو مێتری جوار گۆشە لە دارستانەکان و پووشە جاڕەکان و مێرگەکان لە لایەن سپاوە دەسوینتیندرێن . گەشەی دەوامدار لە ئاسۆی بەرتەسکی مێشک بەردینی ڕێبەرانی کۆماری سیدارە گاڵتەیە . لە حەقیقەتدا سەبارەت بە ئیکۆسیستم و ژینگە پارێزی زانیاریان زۆر لە ئاستێکی نزمدایە. بەهمیەتی ژینگە پارێزانی بانە، مەریوان ،کرماشان ، سنە و پاوە و ... چالاکی مرۆڤدۆستانە و دیاردەی ژینگە پارێزی نرخی گرانبەهای هەیە و لەو بوارەدا زۆر سەر کەوتوون . کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان ، چاندنی دەنکی دار بەڕوو و دار مازو و یارمەتی کۆڵبەران لە کاتی سەهۆڵبەندانی ڕێگاکان نمونەگەلێکن لە فریاڕەسی ژینگەپارێزانی ئەو دەڤەرانە. داڕمان و داتەپینی زەوی لە ناوچەکانی تری ئێران ، شارۆمەندان ناچار بە کۆچ دەکات . شەپۆلی کۆج بەرەو کوردستان ،هاتوە و ڕێژە ی دیموگرافی و نەفوسی نادڵخواز زیاد بووە و فشارێکی زۆر بۆ ئابوری کوردستان دەخولقێنێت .
تەرجومەی وشە ئینگلیزیەکان :
Demography , Ecosystem , Ecology , ph
١- دیموگرافی : ژماردن و ئاماری نفوسی مرۆڤ ، ئامار نیگاری
٢- ئیکۆسیستم : بەشێک لە کۆمەلگا و ژینگە کە لە سروشتدا دیاردەیەکی هەڵسوڕاویان پیک هێناوە.
٣- ئیکۆلۆژی: زانستی شێوە ژیانی گیانلەبەران و پەیوەندیان لەگەڵ سروشت .
٤- پێ هاش : لە زانستی کیمیا پێوەریکە لە نێوان سفر و چواردە . پیتی پی لە وشەی دەسەڵاتی ئینگلیزی ( پاوڕ ) و پیتی هاش لە هیدرۆژنەوە هاتوە . ئەگەر پی هاش لە حەوت کەمتر بێت نیشانەی ئاستی ترشی ئاوە . بەرانبەر حەوت بێت یانی ئاو نوتڕاڵە وەک ئاوی خالیس. ئەگەر زۆر تر لە حەوت بێت نیشانە ئاستی قەلیایی ئاوە . کۆتایی