پسپۆڕی : دارایی گشتی
حكومەتی عێراق، سەرپەرشتی واژۆکردنی ٤٨ ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لە نێوان کەرتە گشتی و تایبەتەکانی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد. ئەم هەنگاوە ڕێڕەوێکی نوێ بۆ هاوکاری ئابووری و دارایی نێوان هەردوو وڵات دادەمەزرێنێت.
ڕێککەوتنەکان سێکتەرە گرنگەکانی وەک نەوت، کارەبا، دەرمانیان گرتەوە. لەوانەش هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل، شێڵ، هالیبێرتۆن، و پێپسیکۆ. هەروەها پڕۆژەی گرنگی وەک دانانی بۆری نەوت بۆ بانیاس و ناساندنی خزمەتگوزارییەکانی ستارلینک لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانەوە واژۆ کران.
لە ڕوواڵەتدا، ئەم گرێبەستانە وەک دەروازەیەک بۆ قۆناغێکی نوێ لە گەشەسەندنی بێ وێنە و کرانەوەی ئابووری دەردەکەون، بەڵام لە قووڵاییدا، پرسیارێکی بنەڕەتی و جەوهەری دەورووژێنن کە پەیوەستە بە شەرعیەتی بڕیاردانی ئابووری و بنەماکانی شەفافیەت، و مافی هاوڵاتی لە دیاریکردنی چارەنووسی سامانە نیشتمانییەکانی خۆیدا، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هیچ جۆرە ڕاپرسییەکی گشتی یان پرۆسەیەکی شەفاف بۆ ئاگادارکردنەوە و وەرگرتنی ڕای شەقام لەسەر ئەم هەنگاوانە ئەنجام نەدراوە .
لە ڕوانگەی ئابووریی هاوچەرخەوە، ئابووریناسی ناودار "ئامارتیا سین" ، پێی وایە کە گەشەپێدانی ڕاستەقینە تەنها بەرزبوونەوەی ژمارەکانی بەرهەمهێنان یان هاتنی کۆمپانیا فرەنەتەوەکان نیە، بەڵکو گەشەپێدان بریتییە لە "فراوانکردنی ئازادییەکانی مرۆڤ" و توانای بەشداریکردنی لە بڕیارەکاندا. سین، جەخت دەکاتەوە کە گەشەپێدانی بەردەوام بەبێ شەفافیەت و دادپەروەری ڕێوشوێنی مەحاڵە و نەبوونی ڕاپرسی و شەفافیەت دەبێتە هۆی تەمومژاوی ئایندەی ئابووری .
نوسەری ئابووری، نائۆمی کلاین، لە کتبی "دۆکتریینی شۆک"دا باس لەوە دەکات کە چۆن زۆرجار لە کاتی قەیرانەکان یان گۆڕانکارییە خێراکاندا، ڕێککەوتنی ئابووری گەورە بەسەر گەلاندا دەسەپێنرێت بەبێ ئەوەی کاتی پێویستیان پێبدرێت بۆ مشتومڕی گشتی. وە هۆشداری دەدات کە ئەم جۆرە مۆدێلانە لە کەرتی تایبەتکردن و بەستنەوەی ئابووری بە کۆمپانیا بیانییەکانەوە، ئەگەر لەژێر چاودێری و وشیاری و ڕەزامەندی ڕاستەقینەی کۆمەڵگادا نەبێت، ڕەنگە ببێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی جومگە کاتی و درێژخایەنەکانی وڵات لەلایەن کارتلە نێودەوڵەتییەکانەوە.
ئابووریناسی ناودار "جۆزێف ستیگلیتز" پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە حوکمرانییەکی دیموکراتیانە بەسەر سەرچاوەکاندا پێویستی بەوەیە کە شەفافیەت تەنها دروشمێک یان بەیاننامەیەکی میدیایی نەبێت، بەڵکو میکانیزمێکی کارا بێت کە تێیدا هاوڵاتیان لە ماف و ئەرکەکانی ناو گرێبەستەکان و پشکی ڕاستەقینەی نیشتمان ئاگادار بن. کاتێک گرێبەستەکان بەبێ ڕاپرسی یان بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی کۆمەڵگە واژۆ دەکرێن، لەوانەیە بە هەمان چارەنووسی پیشەسازییە دەرهێنەرە کۆنەکاندا بڕۆن، بەبێ ئەوەی بنەمایەک بۆ پیشەسازییەکی نیشتمانیی فرەڕەهەند دابڕێژن.
پرۆسەی واژۆکردنی گرێبەستی ئابووری و وەبەرهێنانی گەورە لە نێوان دەوڵەتان و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکاندا، لەسەر ئاستی جیهان یەک مۆدێلی جێگیر و هاوشێوەی نییە و بە تەواوی بەستراوەتەوە بە سروشتی سیستەمی سیاسی وئاستی دامەزراوەیی و شەفافیەت و جۆری ئەو سەرچاوەیەی کە گرێبەستی لەسەر دەکرێت، کاتێکیش سەیری ئەزموونی حکومەتە جیاوازەکانی جیهان دەکەین، جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان چەند مۆدێلێکدا دەبینین.
حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتەکانی یەکێتی ئەورووپا مۆدێلێکی زۆر توندیان پەیڕەو کردووە سەبارەت بە سەرچاوە نوێیەکان و کەرەستە خاوە ستراتیژییەکانی وەک سیلیکۆن، لیسیۆم و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، کە لەسەر بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی کاردەکات، بۆ نموونە لە ئەمریکا لیژنەیەکی باڵا بە ناوی ( لیژنەی وەبەرهێنانی بیانیی ) هەیە کە چاودێریی هەموو ئەو گرێبەست و وەبەرهێنانە بیانیانە دەکات کە پێوەندارن بە سەرچاوە دەگمەنەکان و ژێرخانی تەکنەلۆژیاوە، و ئەگەر گرێبەستێک مەترسی لەسەر ئاسایشی ئابووری وڵات دروست بکات، کۆنگرێس ڕاستەوخۆ دێتە سەر هێڵ و هەڵیدەوەشێنێتەوە.
لە بەرامبەردا، حکومەتی بۆلیڤیا کاتێک ویستی گرێبەست لەسەر گەورەترین یەدەگی لیسیۆمی جیهان بکات (کە هاوشێوەی سیلیکۆن کەرەستەیەکی سەرەکییە بۆ پاتری و تەکنەلۆژیای نوێ)، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی توندی هاوڵاتیانی ناوچە ڕەسەنەکان بووەوە چونکە حکومەت بەبێ ئاگاداری و ڕاوێژ لەگەڵ ئەوان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا واژۆ کردبوو، ئەمەش ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی فراوانی لێکەوتەوە و حکومەتی ناچار کرد ستراتیژەکەی بگۆڕێت بەرەو بەشداریکردنی زیاتری ناوخۆیی.
پێچەوانەی ئەم مۆدێلە، لە حکومەتی کازاخستان لە ناوەڕاستی ئاسیا دەبینرێت، کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، غاز، و کانزاکانی وەک ئۆرانیۆم و سیلیکۆن. لەم وڵاتەدا، پرۆسەی واژۆکردنی گرێبەستە گەورەکان لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسی، چینی و ئەمریکییەکاندا بە تەواوی لە پشت دەرگا داخراوەکان و لە چوارچێوەی بازنەیەکی زۆر تەسی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بەڕێوەدەچێت. هاوڵاتیانی کازاخستان و تەکنۆکراتەکانی دەرەوەی بازنەی حکومەت زۆرجار تەنها لە ڕێگەی بەیاننامە فەرمییە کورتەکانەوە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان ئاگادار دەبنەوە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی ڕاستەقینەیان هەبێت لەسەر پشکی کۆمپانیا بیانییەکان و مەرجەکانی باج یان چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتی ئەو سەرچاوانە، ئەمەش وایکردووە ئابووری وڵاتەکە بە بەردەوامی لەژێر لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی چاودێریی شەفافیەتدا بێت.
لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی ئوسترالیا مۆدێلێکی پێشکەوتووی دامەزراوەیی پەیڕەو دەکات کە پێی دەوترێت "سەندنەوەی مۆڵەتی کۆمەڵایەتی بۆ کارکردن". لەم وڵاتەدا، کاتێک کۆمپانیایەکی گەورەی وەبەرهێنان یان تەکنەلۆژیا دەیەوێت گرێبەستێکی ستراتیژی واژۆ بکات، پرۆسەکە تەنها بە واژۆی وەزیرێک کۆتایی نایەت. یاساکانی ئوسترالیا کۆمپانیاکان و حکومەتیش ناچار دەکەن کە پرۆسەیەک لە ڕاوێژی گشتی ئاشکرا ئەنجام بدەن، کە تێیدا ڕەشنووسی پڕۆژەکە و کاریگەرییە ئابووری و ئەمنییەکانی بۆ ماوەی چەند مانگێک دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی و هاوڵاتیان و زانکۆکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەتوانن سەرنج و تێبینی و تەنانەت ناڕەزایەتی فەرمی تۆمار بکەن و حکومەت ناتوانێت گرێبەستی کۆتایی واژۆ بکات ئەگەر وەڵامی شەرعی و یاسایی ئەو تێبینیانە نەداتەوە.
بەم شێوەیە دەرئەکەوێت کە شێوازی کارکردنی حکومەتی عێراق لەم دۆسیەیەدا بە تەواوی لەسەر بنەمای تەوافق و ڕەزامەندی سیاسیی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دەسەڵاتداردا داڕژاوە، نەک لەسەر بنەمای دامەزراوەیی پەرلەمانی یان شەفافییەتی کراوە لەگەڵ شەقامدا. ئەمەش وایکردووە کە بڕیارەکان خێرا بن، بەڵام لە ژێر سێبەری گومان و پرسیاری بەردەوامی ڕای گشتیدا بمێننەوە، بەو پێیەی هاوڵاتیان بە تەواوی لە دەرەوەی هاوکێشەکەن وتەنها لە ڕێگەی بەیاننامە ڕۆژنامەوانییە گشتییەکانەوە ناوی کۆمپانیا جیهانییەکان دەبیستن.