چەندساڵێکە ، بەندە سەرشێواو ی ئەم ھەلومەرجە ی ھەرێمم ، دڵگوشراو ی ئەم حوکمڕانییەم ، کە کورد لە ئەم بەشە بەرتەسکەی باشوور ی کوردستاندا دەیکات . بەڕاستی وەک مەتەڵێکی لێھاتووە ! ئاخر نەتەوەیەک ھەر ھیچنەبێ لە باشووردا ، پتر لە سەدەیەکە خوێنی لەبەر دەچۆڕێ ، فرمێسک دەڕێژێ ، خاک و چیا و دۆڵی بەسووتماک دەکرێ ، ئافرەتانی شەنگاڵی بە کەنیزەک دەکرێن . بە دەیانھەزار گەنج ی فەیلیمان دەکرێنە کەرەستە ی تاقیکردنەوە ی گازە خنکێنەرەکان ی بەعس ، ھەشتھەزار نێرینە ی بارزانیمان دەکرێن بە ژێر لم ی سوتێنەر ی بیابانەکانەوە ، سەدانھەزار ژن و پیاو و منداڵمان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان ی عەرعەر و نوگرەت سەلماندا ، دووای گوللەبارانکردن ، بە شۆفڵ لمەبانکران . لە ئەمنە سوورەکە ی سلێمانیدا ، کە بۆ خۆی کوشتارگەیەکبوو بۆ کورد و ئەشکەنجەگەیەک بوو ، ھەر لەوێدا دەستدرێژی دەکرایە سەر شەرەف ی دایکان و خوشکان ی ئێمە ، ئەوەی ئەو سات ی گرتنە ی ئەمنە سوورەکەی بیر بێ و کابینە گەورەکەی بینیبێ ، کە پڕبوو لە جل ی ژێرەوە ی ئافرەتانە ی خوێناوی ، کە دیارە پاشماوە ی چ دڕندەییەک ی داگیرکەران بووە ، وەک دەوترێ: (کەسێ کەسە ، ئەلفێکی بەسە) ئیدی درێژدادڕیی پێناوێ ، کەچی کاتێک کە ھەلێک ی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ھەڵکەوت ، کە دەبوو بەدەست و بە دان بیگرین و پرس ی نەتەوەکەمانی پێ بگەێنینە ئاکام ، سەرزلان ی کوردە بۆرە ، ھەمان دەستوور ی ھەلە مێژووییە لە دەستچووەکان ی دیرۆکمان ، کەوتنەوە سەر ھەمان فاکوفیک ی پەرتبوون و بابردەڵەیی و گوێلەمشتی ی داگیرکەران ی دەرودراوسێ ، وەک ئەوەی مێژوومان ھیچ ئەزموون ی ڕیس ی کورد بەخوریکردنەوەیەکی لەلایەنیانەوە تێدا نەبووبێ !...
ئێستا دەکرێ بپرسین ، ئەرێ ئەو دەیان و سەدانھەزار شەھیدەمان لە پێناوی چیدا دا ؟ ئەرێ بە ڕاست ئەو ھەزاران گوند و شارۆچکانەمان بۆ چی کاولکران ؟ ئەرێ لە پێناوی چیدا پتر لە یەکسەدە ، چەند نەوەیەک لە دایکان و خوشکانمان فرمێسک ی چاوانیان وشکنەکردەوە؟ ئەرێ بە ڕاست ئەو ھەموو خوێن و فرمێسکە بۆ ئەوەبوو ، کە شێرپەنجە ی ئەم جۆرە حیزبایەتییە نامۆیە لە جەستە ی نیشتمان و نەتەوەمان بدات ؟! ، یاخود بۆ ئەوەبوو ، کە ئازادی و بەختیاری و ڕزگاری بۆ نیشتمان و نەتەوەمان بەدەستبھێنین ؟!.
زۆرجار ئەندێشە بەرەو ھێندێک وێناکردنم دەبات ، کە ڕێک لە فلیمێک ی مەرگەساتئاسا دەچێت ، تێیدا شەھیدان ی دوور و نزیک ، بە سەرکردە و بە پێشمەرگان و بە خەڵکە گشتییەکە ی ئەنفال و کیمیاباران و فەیلییەکان و بەرزانییەکان و ئێزدییەکان و ...تاد ، م دێنێتەوە یاد ، کە ھەموو کۆمەڵکۆمەڵ دێنە پێشچاوم و سیمای یەکبەیەکیان تووڕەیی و ناڕەزایی و ڕقیان لێدەخوێنرێتەوە ، ھەر کۆمەڵەو ھاوار و بانگێکیان لێھەڵداوە ، کە ڕۆژە حەشرێک دێنێتە پێشچاو . من ناخودا ، خۆم و ئەم شەپۆل ی ئەندێشەیە لە بیردەکەم و وەک کەتوار و ڕاستی دیمەنەکان دەبینم . پیاوێک ی بەرگسپی ، پێش ئاپۆڕە ی خەڵکەکە کەوتووە ، دەڵێن ئەوە (شێخ عەبدولسەلام ی بارزانی) یە ، کە لە مووسڵ لەسێدارە دراوە . ئەو ئاپۆڕەیە ھەر ھەموویان پەتی سێدارە ی خۆێناوییان لە ملدایە و بە دەنگێکی بەرز ، نەفرەت بۆ کەسانێک دەنێرن، بەڵام تێناگەم ، کە کێیان مەبەستە . بەدووایاندا کۆمەڵێکی پتر لە ٢٠٠٠٠ لاو دەرکەوتن ، ئەوانە ئەو لاوە فەیلییانە بوون ، کە سەددام کردنییە کەرەستەی تاقیکردنەوەی گازە کوژندەکانی . پاش کەمێک ئاپۆڕەیەکی تر دەردەکەون ، ھەمان دەستوور ، لەچاوانیانەوە ئاگری ڕق دەباری ، لەپێشیانەوە (عومەر ی خاوەر) بەخۆی و کۆرپە تاقانەکەیەوە ڕێیدەکرد. ئەمانە ھەموو ئەوانە بوون، کە بە گاز ی خەردەل و سیانید ، لە ھەڵەبجە و ناوچەکانی تردا ، خنکێنران . دووابەدووای ئەوان ئاپۆڕەیەک ی تر دەرکەوت ، کە وەک دەوترا ، پتر لە ١٨٢٠٠٠ھەزار ژن و پیاو و منداڵ ، بە پیر و لاوەوە ، ئەمانە ھەموو ئەنفالکراوانی دەست ی ڕژێم ی پێشوو ی ئێراق بوون . ئەو خەڵکە بە جۆرێک تووڕە و ڕقئەستوور بوون ، کە وێناکردنیان کار ی کردە نەبێ . پاش کەمێک ئاپۆڕەیەک ی دی ھاتن ، زۆربەیان ئافرەتبوون ، ئەوانە ئەو ژن و کچە پاکیزانە ی ئێزدیخان بوون ، کە دڕندەکان ی داعش ، دووای دەستدرێژی ، گەشمردەیان کردبوون . ھەموو ئەو ئاپۆڕانە ، لە گۆڕەپانێک ی مەحشەرئاسادا یەکانگیر بوون ، بە یەکدەنگ بانگ و ھاواری نەفرەتیان دەگەیشتە کەشکەشانی فەلەک ، چەند ڕستەیەکیان وەک دروشم ی ناڕەزایی بە یەکدەنگ دەوتەوە . کە بە وردی گوێمڕادێرا ، سەرنجمدا ھەر ھەموو ئەو سەدای تووک و نەفرەتەیان دژ بە ئەوانەیە ، کە ڕەنج و خوێن و فرمێسک ی ئەوان و سەرجەم نەتەوەکەیان لەپێناو ی ڕاوە دۆلار و دزی و فزی و گزیدا ، بەھەدەر دا . بە ناوی حیزبحیزبێنەوە ، نەتەوەکەیان پەرت و کۆڵەوار کرد و ئامادە نەبوون ھێز ی پێشمەرگە یەکبخەن و واز لە چەپوگوپ و نیشتمانفرۆشی بەناوی وەبەرھێنانەوە بھێنن .
چەند ڕیشسپییەک ی سپیپۆش ، بەرەو لای من ھاتن ، وەک ئەوەی بیانەوێ پەیامێک بگەێنن ، کە نزیکبوونەوە ، بە یەکدەنگ وتیان : ئەرێ پێمان ناڵێی ئەو بەرپرسانە بەتەمان چەند بژین ، وا لە پێناو ی ڕاوە دۆلار ی دزی و گوێلەمشتی ی داگیرکەراندا ، ڕەنج و خوێن و فرمێسک ی نەتەوەیەک بە بادەدەن و ڕیسوایی مێژوو بۆ خۆیان و نەوەکانیان مسۆگەردەکەن؟!
لە ناکاو بەھۆشھاتمەوە و لە ئەو ئەندێشەیە دابڕام ، بەڵام پرس ی جیھان ی گیان و جەستە دایگرتم و لە خۆمم پرسی : ئەگەر ڕادەست ی جیھان ی ڕەوان(ڕووح) ببین ، ئەوا بێ ھیچ گومانێک ڕەوان ی ھەموو ئەو شەھیدانەمان ، نەفرەت لە بەفیڕۆدەران ی ڕەنج و خوێن و فرمێسک ی نەتەوەکەیان دەکەن .