شەڕی نادیار دژی جیاوازەکان 

فەریق مەحمود کاکەبرا
  2026-07-31     49

لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، یەکێک لە بەڵا لەناوبەرەکان ئەوەیە کە مرۆڤی جیاواز زۆرجار بە ئاسانی قبوڵ ناکرێت. کەسێک کە لە هزروبیریدا، کار، خوێندن، هونەر، زانست یان بەرهەمهێناندا هەنگاوێکی نوێ و سەرکەوتوو و جیاواز دەنێت، لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوەی شانازی هەمووان، دەبێتە ئامانجی هێرش و گومان، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەی کوێرانە و هەوڵی لێدان و کەمکردنەوەی کەسایەتی.

ئەمە یەکێک لە نیشانەکانی ئەو کۆمەڵگایانەی کە هێشتا لەگەڵ بیرۆکەی جیاوازی و سەرکەوتنی تاکدا پەنجەی نەرم نەکردووەو ڕانەهاتووە.

 ئەو کاتانەی کەسێک سنووری توانا باوەکان تێدەپەڕێنێت، هەندێک کەس لەجیاتی ئەوەی بپرسن: «چی فێربین لێی؟»، دەپرسن: «چۆن بیخەینە خوار؟»

لە ڕاستیدا، حەسادەت زۆرجار لە نەزانین و ناتەوانایی مرۆڤەوە پەیدا دەبێت، کە دەبێتە ڕێگر لە  داننان بە بەهای کەسانی تردا. کەسی حەسود سەیری سەرکەوتنی کەسی تر ناکات وەک بەڵگەی سروشتی لە بوونی توانای مرۆڤدا، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک لەسەر خۆی دەیبینێت. بۆیە لەبری ئەوەی خەریکی دروستکردنی خۆی بێت، هەوڵ دەدات وێنەی ئەوی تر تێکبدات.

لەوێدا ئەخلاق زۆرجار دەکرێتە ئامرازێکی شەڕەنگێزیی. هەندێک کەس کە ناتوانن بەرهەم و توانای کەسێک ڕەت بکەنەوەو ببنە ڕێگر لە بەرەوپێشچوونیدا، پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی تۆمەت و قسەی ناڕاست. چونکە لای ئەوانە ئاسانترە کە کەسێک کەم ‌نرخ بکرێت، وەك لەوەی دان بەوەدا بنێیت کە لە خۆی باشتر بووە لە بوارێکدا، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە هیچ کەسێک بێ کێشەو دەرد نییە لەم ڕۆژگارەدا، ئەوەی شتێکی هەیە لەبەرانبەردا شتانێکی تری نییە.

بەڵام ئەوەی زۆر مەترسیدارە، تەنیا حەسادەتی تاک نییە؛ بەڵکو ئەو کولتوورەیە کە حەسادەتی تیا قبوڵ دەکرێت و بگرە هەندێك جار هانیش دەدرێت. کاتێک کۆمەڵگەیەک لەبری ئەوەی دەست لەسەر شانی مرۆڤی بەرهەمهێنەر دابنێت و شانازی پێوە بکات، هەوڵی کەمکردنەوەو سوکایەتی پێکردنی دەدەن، بێ ئەوەی بزانن بەوە زیان لە کۆمەڵگاو بەرەو پێشچوونی گشتی دەدەن، جگە لەوەی ئەو کەسانەی بەم نەخۆشییەوە دەناڵێنن خۆیان لە داهێنان و گەشەکردن بێ‌بەش دەکەن، بەوەی خۆیان بە مالایەعنییەوە سەرقاڵ و سەغڵەت دەکەن.

نەتەوەکان بەو کەسانە پێش دەکەون کە جیاوازن، نەک بەو کەسانەی کە هەمووان دەخوازن یەکسان و بێ‌جیاوازی بن و بگرە هەمیشە لە خۆیان کەمتر بن. دەبێت ئەوانە بزانن کە جیاوازی هەڕەشە نییە؛ بەڵکو جیاوازی سەرچاوەی گەشەپێدان و کێبڕكێی ئیجابی بەرەو پێشچوونە.

پێویستە بزانین کە شکاندنی مرۆڤی سەرکەوتوو، نیشانەی بەهێزیی نییە؛ زۆرجار نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ تواناو گەشەو لێهاتوویی کەسانی تردا بژی و پێی قەبوڵ ناکرێ، لە کاتێکدا بەهەوڵ و شەونخوونی و مافی خۆیان پێی گەیشتوون. کەسی بەهێز ئەوە نییە کە ڕووناکیی ئەوانی تر بکوژێنێتەوە؛ کەسی بەهێز ئەوەیە کە بتوانێت لەگەڵ ڕووناکیی ئەوانی تردا ببێتە ڕووناکییەکی ترو گەشاوە بێت.

کۆمەڵگەیەک کەسانی هەڵکەوتووانی خۆی بشکێنێت، لە ڕاستیدا خۆی دەشکێنێت. چونکە دوژمنی پێشکەوتن هەمیشە ئەو کەسە نییە کە ئاواتەخوازی نەبوونی توانای داهێنانە؛ بەڵکو تەنانەت زۆرجار ترسە لە  بینینی تواناکان.

لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت؛ ڕێزگرتن لە تواناو جیاوازییەکان، تەنیا پێداویستییەکی ئاکاریی نییە؛ بەڵکو پێویستییەکی ژیانی کۆمەڵگەیە لە پێناوی بەدیهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنیدا. چونکە هیچ گەشەیەک لە هیچ شوێنێکدا ڕوونادات کە مرۆڤی بیرکەرەوە و داهێنەر بکەوێتە بەر هێرشی حەسادەت و ئاکام خامۆش بکرێت، کە هەندێكجار ڕەنگە تاوانی هەر ئەوە بێت سەر بە گروپ و حیزبێکی دیاری کراو نییە، ئەوا ئەو کەسانەی بەم کارە قێزەونە هەڵدەستن پێ بزانن یان نا،  دادەنرێن بە یەکەم دوژمنی نەتەوەو میللەتەکەی خۆیان.

فریدریك نیتشە لەسەر ئەم جۆرە لە کینەی مرۆڤ دەنووسێت:

«ئەوەی ناتوانێت بگات بە بەرزیی کەسێک، زۆرجار هەوڵ دەدات ئەو بەرزییە نەوی بکات»

هەروەها بیرتراند رەسڵ دەڵێت:

«ئیرەیی یەکێکە لە هۆکارە گەورەکانی نەخۆشی مرۆڤ، چونکە مرۆڤ لەبری ئەوەی چێژ لە ژیان و تواناکانی خۆی وەربگرێت، سەرقاڵی بەراوردکردنی خۆیەتی بەوانی تر و خەمبار دەبێت بە پێشکەوتنیان.»

ئارسەر شۆپنهاوەریش زیرەکی مرۆڤ دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خۆی بە خۆی بەراورد بکات، نەك بە کەسانی تر چونکە ئا لەوێوە دڕكی ئیرەیی چەکەرە دەکات».

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×