دواین پەیامەکەی ئۆجەلان، کە لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە بڵاوکراوەتەوە، ناتواندرێت تەنها وەک ڕاگەیاندنێکی هەڵوستێکی سیاسیی ئاسایی بخوێندرێتەوە؛ بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ستراتیژییەکانی بزووتنەوەی کوردی و هەروەها ئاڵۆزییە سیاسییەکانی تورکیا و ناوچەکەدا تێبینی بکرێت، ئەو پەیامە لە کاتێکدا دێت کە پەیوەندی نێوان سیاسەتی ئەمنی و پرسی کورد لە تورکیا گەیشتووە بە سنوورەکانی خۆی و هەوڵەکان بۆ چارەسەری، کە نەتواندرا بە ڕێگای توندوتیژی سەربازی و سەرکوتی ئەمنی بە ئامانج بگات.
لە سەرەتای پەیامەکەدا، گوتنی ئەوەی کە سەردەمی نکۆڵیکردن لە ناسنامە و زمانی کورد کۆتایی هاتووە، بەڕاشکاوی ڕەتکردنەوەیەکی ڕوایەتی فەرمیی دەوڵەتە کە دەیان ساڵ بناغەی سیاسەتی فاشیزمی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیا بوو، ئەو گوتەیە تەنها داواکاریی ماف نییە، بەڵکوو بانگەشەیە بۆ دانپێدانان بە واقعێکی کۆمەڵایەتی کە نەک ناتوانرێت بسڕدرێتەوە، بەڵکوو بەهێزتر بووە، لە هەمان کاتدا، گوتنی ئەوەی کە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی بووە لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی گفتوگۆ لە بازنەی (کێشەی ئەمنی) بۆ چوارچێوەی هاوبەشبوونی مێژوویی و هاوڵاتیبوونێک لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا.
گرنگترین خاڵی پەیامەکە، بانگەشەکردنە بۆ گواستنەوەی خەبات لە توندوتیژییەوە بۆ سیاسەتی دیموکراسی، ئەو قسەیە دەتواندرێت وەک دانپێدانانێک بخوێندرێتەوە بەوەی ستراتیژیی چەکداری بە تەنها ناتوانێت چارەسەری سیاسی بهێنێت، هەروەها هەوڵێکە بۆ دەرچوون لە دیسکۆرسی (تیرۆریزم) و گواستنەوەی پرسی کورد بۆ مەیدانی یاسا، سیاسەت و دیموکراسی، ئەوە، ئەگەر بەڕاستی بە کردەوە بگوازرێتەوە، دەتوانێت قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و بزووتنەوەی کورد لە باکوری کوردستان دروست بکات.
ئاماژەی ئۆجەلان بۆ ڕاپۆرتی لیژنەی پەرلەمانی تورکیا و پێویستی گونجاندنی لەگەڵ واقیعی بنەڕەتی کۆمەڵگە، بە مانای ئەوەیە کە چارەسەری یاسایی نابێت تەنها بە دیدگای ئەمنی یان ناسیۆنالیستی دەمارگیر دیاری بکرێت، ئەگەر ئەو قسەیە بە جدی وەربگیرێت، دەتوانێت دەربڕی گۆڕانکارییەکی گرنگ بێت لە ڕوانگەی دەوڵەت بۆ فرەڕەنگی و پلورالیزمی ناوخۆیی.
لە بواری جیۆپۆلەتیکی ناوچەییدا، گوتنی ئەوەی کە دیموکراسیی خۆجێیی لە سوریا بریتی نییە لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەوڵێکە بۆ ئارامکردنەوەی نیگەرانییە ئەمنی وسیاسیەکانی تورکیا، لە هەمان کاتدا، ئەوە نیشان دەدات کە مۆدێلی خۆبەڕێوەبردن و دیموکراسیی ناوخۆیی دەتوانێت وەک چوارچێوەیەکی جێگرەوە بۆ جیاکردنەوەی جیۆگرافی و دابەشبوون بخوێندرێتەوە.
لە پشت ئەو پەیامەدا، پەیامێک بە چەند ئاراستەیەکی جیاواز دەبینرێت، بۆ دەوڵەتی تورکیا، بانگەشەیە بۆ چارەسەری سیاسی و دانپێدانان بە واقعێکی نوێ؛ بۆ بزووتنەوەی کوردی لە باکوری کوردستان، ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ وڵاتانی زلهێزو ناوچەکە کە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە ستراتیژیی سیاسی و یەکگرتوو هەیە، نیشاندانی ئەوەیە کە چارەسەری سیاسی دەتوانێت باشترین ڕێگا بێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی گرژی ناوچەیی.
هەروەها بانگەشەی یەکێتیەکی دیموکراسی لەنێوان کورددا، ئەگەر بەڕاستی بە کردەوە بگوازرێتەوە، دەتوانێت پێگەی سیاسیی کوردان لە ناوچەکە بەهێز بکات و لە شوێنی پارچەپارچەبوون، ڕۆڵێکی کارا لە سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی بگێڕێت، هەروەکوو ئەوەی کە لە هەڵویستی یەکگرتووی خەڵکی کوردستان لە جەند هەفتەی ڕابردوو بینیمان.
بە گشتی، ئەو پەیامە دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ نوێکردنەوەی چاوارچێوەی پرسی کورد لە تورکیا بخوێندرێتەوە، گواستنەوە لە شەڕی چەکداریەوە بۆ سیاسەت، لە نکۆڵی ناسنامەوە بۆ دانپێدانان و لە کێشەی و چارەسەری ئەمنییەوە بۆ چارەسەری سیاسی و دیالۆگ، بەڵام سەرکەوتنی ئەو ئاراستەیە بەستراوە بە ئامادەیی سیاسی لە ناوخۆی تورکیا، یەکگرتوویی ناوخۆی کورد و بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە کە هێشتا پڕ لە گۆڕان و پێسهاتەی نوێییە.