ڕێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ نابێت تەنها وەک ڕێککەوتنێکی ئاسایی نێوان دوو هێزی سیاسی بخوێندرێتەوە، ئەو ڕێککەوتنە، لە قوڵایی خۆیدا ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قەیرانی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان و بۆ ئەو تواناسازیە سیاسیەی حیزبیی کوردی هەیەتی کە تەنانەت دەنگی ناڕەزایی و دژەدەسەڵاتیش بگۆڕێت بۆ بەشێک لە هاوکێشەی بەرژەوەندی و مانەوەی خۆی.
شاسوار عەبدولواحید لەو هاوکێشەیەدا وەک سەرکردەیەکی خاوەن دیدگای سیاسی دەرناکەوێت، بەڵکو زیاتر وەک بازرگانێکی سیاسی دەرکەوتووە؛ کە دەنگی ناڕەزایی کۆمەڵگا وەک سەرمایە کۆدەکاتەوە، پاشان لە کاتی گونجاودا لەسەر مێزی دەسەڵات دەیخاتە بازاڕ، کێشەی بنەڕەتیی شاسوار ئەوەیە کە پرۆژەیەکی سیاسیی ڕوون، مۆدێلێک بۆ حوکمڕانی و دیدگایەکی دامەزراوەیی بۆ گۆڕینی سیستەم و دەستەلات پێشکەش نەکردووە؛ ئەو زیاتر لەسەر تووڕەیی خەڵک، دژایەتیی دەسەڵات و زمانی هێرش کار دەکات، نەک لەسەر بەرنامەیەکی قووڵی سیاسی.
نەوەی نوێ لە سەرەتادا دەنگێکی کۆکردەوە کە بە شێوەیەکی گشتی لە دژی دەسەڵات، گەندەڵی، قۆرخکاری، پۆست وپشک و سیستەمی دوو حیزبی بوو، ئەو دەنگانە دەنگیان بە نەوەی نوێ دا نەک بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا ببێتە پشتگیریی ژمارەیی بۆ یەکێتی، بەڵکو بۆ ئەوەی ببێتە فشاری سیاسی و ئەخلاقی لەسەر هەردوو جەمسەری دەسەڵات لە کوردستاندا. بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانە بوو، دەنگی ناڕەزایی بردرایە سەر مێزی یەکیەتی و بافڵ تاڵەبانی، واتە سەر مێزی یەکێک لەو هێزانەی کە خودی ناڕەزایەتیەکە لە دژی مێژووی حوکمڕانیی ئەو دروست ببوو.
لەو ڕوانگەیەوە، شاسوار زیاتر لە فیگورێک دەچێت، بە بەرژەوەندخوازێکی سیاسی کە هەر قۆناغێک وەک فرسەت دەبینێت، نەک وەک پابەندییەکی ئەخلاقی بە دەنگدەر، ئەو دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی دژ بە دەسەڵات کۆکردەوە، بەڵام ئەو دەنگانەی نەکردە بەرنامەیەکی نوێی حوکمڕانی؛ نەیکردە دامەزراوەی چاودێری؛ نەیکردە پرۆژەیەکی فکریی سیاسی، لە کۆتاییدا کردویەتیە ژمارەیەک بۆ دانوستاندن، ئەوە واتای ئەوەیە کە شاسوار لەبری ئەوەی ناڕەزاییی کۆمەڵگا بگۆڕێت بۆ گۆڕانکاریی سیاسی، ناڕەزایییەکەی گۆڕی بۆ سەرمایەی خۆپاراستن و بەرژەوەندیە بازرگانیەکانی خۆی.
کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە نەوەی نوێ لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوت، کێشەکە ئەوەیە کە مانای هێزی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن گۆڕدرا، دەنگێک کە پێویست بوو ببێتە دەنگی چاودێری، لێپرسینەوە و شکاندنی هاوکێشە کۆنەکان، بووە ژمارەیەک لە هاوکێشەی دەسەڵاتدارێتی، ئەوە خیانەتێکی یاسایی نییە، بەڵام خیانەتێکی سیاسی و ئەخلاقییە، بەو مانایەی دەنگدەر بە هیوای ئەوە دەنگی دا کە دەستەڵات بگۆڕدرێت، نەک ئۆپۆزیسیۆن بخرێتە خزمەتی سیستەم و دەستەڵاتەوە.
گومانەکانی پەیوەست بە ژینگەی سیاسیی ئەو ڕێککەوتنەش نابێت بە سادەیی تێپەڕێندرێن، ئەگەر ئەو پرسیارە بە جیدی وەربگیرێت کە ئایا شاسوار، لەژێر فشاری زیندان، دۆسیە و ئەنجامەکانی سیاسیی سزادان و ئازادکردنەوەدا، بەرەو ئەو ڕێککەوتنە پاڵپێوەنراوە یان نا، ئەوا ئەم ڕێککەوتنە لە ڕووی ئەخلاقییەوە زیاتر قورس دەکات، گرنگ تەنها ئەوە نییە کە واژۆکە لە کوێ کرا؛ گرنگ ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسیی واژۆکەر لە چ ژینگەیەکی فشار، ترس، پێویستی و مامەڵەدا فۆڕمی وەرگرتووە، ڕێککەوتنێک کە بە سایەی زیندان و دۆسیە دەخرێتە بازاڕی سیاسەتەوە، ناتوانێت بە ئاسانی خۆی وەکوو ڕێککەوتنێکی ئازادی سیاسی پێناسە بکات.
لە لایەکی ترەوە، زمانی شاسوار لە بەرامبەر ڕەخنەگرانیش خۆی کێشە و قەیرانێکی سیاسیی جیاوازە، کاتێک کەسێک خۆی وەک سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن دەناسێنێت، بەڵام لەبری وەڵامی سیاسی و ڕوونکردنەوەی جەوهەری، پەنا دەباتە بەر زمانێکی بازاڕی، دووقوتبی و تۆمەتبارکەر، ئەو کاتە لە کرداردا هەمان میکانیزمی دەسەڵاتی کۆن دووبارە دەکاتەوە، یان لەگەڵ منیت، یان بێهەڵوێستیت؛ یان هاوپەیمانییەکەم قبوڵ دەکەیت، یان خزمەت بە ئەوی تر دەکەیت، ئەو زمانە هیچ پەیوەندیەکی بە دیموکراسیەتەوە نییە؛ بەڵکوو زمانێکی سەرکوتی فکرییە کە مەنفەزی ڕەخنە دەبەستێت و مەیدانی سیاسی دەکاتە بازنەیەکی داخراوی بێ ئێکسید (خروج).
ئەو جۆرە زمانە زۆر مەترسیدارە، چونکە ئۆپۆزیسیۆن ئەگەر لە ڕووی ڕەفتاری سیاسییەوە شێوازی دەسەڵات دووبارە بکاتەوە، ئیدی جیاوازییەکەی تەنها لۆگۆ و ناوە، ئۆپۆزیسیۆن بەوە ئۆپۆزیسیۆن نابێت کە لە حکومەتدا نییە؛ بەوە ئۆپۆزیسیۆن دەبێت کە توانای پاراستنی مەودای ئەخلاقی، سیاسی و ڕەخنەیی خۆی لە دەسەڵات هەبێت، کاتێک ئەو مەودایە لەگەڵ یەکێتی دەشکێنرێت، نەوەی نوێ لە ناوەڕۆکدا لە ئۆپۆزیسیۆنەوە دەبێتە هێزی هاوسەنگیی حیزبی،
بافڵ تاڵەبانییش لەو هاوکێشەیەدا وەکوو فیگورێکی چاکساز دەرناکەوێت، بەڵکو وەک فیگورێک دەرکەوتووە کە بچووکبوونەوەی یەکێتی بە دەنگی ناڕەزاییی کۆمەڵگا پڕدەکاتەوە، یەکێتی ئەگەر بەڕاستی هێزی چاکسازی بووایە، دەبوو لە ناو خودی خۆی ئەو پۆتێنسیاڵەی پێشان دابایە ، لە پەیوەندیی نێوان خۆی و پارتیدا، لە بەرامبەر دامەزراوەکان، لە دەستێوەردان لە کاروباری کارگێڕی، لە دابەشکاری پۆستەکان، لە پرسی دارایی و شەفافییەت، بەڵام لەبری ئەوە، یەکێتی ئۆپۆزیسیۆنێکی گەورە دەخاتە پاڵ خۆی بۆ ئەوەی لە بەرامبەر پارتی هاوسەنگیی ژمارەیی دروست بکات، ئەوەش بە هیچ پێناسەیەک ناجێتە خانەی چاکسازی و ئالوگۆڕی باڵانسی سیاسیەوە ؛ بەڵکوو ئەوە بەڕێوەبردنی قەیرانی حیزبییە بە دەنگی خەڵکی ناڕازی، لە لایەکی ترەوە، ئەو ڕێککەوتنە بەهێزیی بافڵ تاڵەبانی نیشان نادات؛ زیاتر لاوازیی یەکێتی دەردەخات، یەکێتی کاتێک ناچار دەبێت گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن بهێنێتە پاڵ خۆی بۆ ئەوەی لە بەرامبەر پارتی هاوسەنگی دروست بکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە یەکێتی بە تەنیا ئیتر خاوەنی توانای مێژوویی خۆی نەماوە.
ئەوە هاوپەیمانیی دوو هێزی بەهێز نییە؛ بەڵکو هاوپەیمانیی دوو هێزی لاوازە، لاوازیی یەکێتی لە بەرامبەر پارتی و لاوازیی نەوەی نوێ لە بەرامبەریەکیەتی، لێرەدا ڕووی ڕاستی ڕێککەوتنەکە دەردەکەوێت، یەکێتی پێویستی بە نەوەی نوێ هەبوو بۆ ئەوەی لە بەرامبەر پارتی بە تەنیا دەرنەکەوێت؛ شاسوار پێویستی بە یەکێتی هەبوو بۆ ئەوەی لە پەراوێزی سیاسی و فشاری دۆسیەکانەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی بڕیار، واتە ئەوە هاوپەیمانیی دوو هێزی بەهێز نییە؛ بەڵکو هاوپەیمانیی دووهێزی لاوازە، لاوازیی یەکێتی لە بەرهەمهێنانی ڕەواییی نوێ و لاوازیی نەوەی نوێ لە پاراستنی ناسنامەی ئۆپۆزیسیۆنی خۆی.
قوربانیی سەرەکیی ئەو ڕێککەوتنە نە پارتییە، نە یەکێتی، نە شاسوار. قوربانییەکە ئەو دەنگدەرەیە کە دەنگی بە ناوی گۆڕانکاری، ناڕەزایی و شکاندنی دەسەڵاتی باودا، بەڵام دەنگەکەی لە کۆتاییدا کرا بە دراوێکی سیاسی لە بازاڕی دابەشکردنی هێزدا، ئەوە مەترسیدارترین جۆری کوشتنی ئۆپۆزیسیۆنە، نە بە داخستنی فەرمی، نە بە هەڵوەشاندنەوەی یاسایی، بەڵکو بەخاڵیکردنەوەی مانای سیاسیی خۆی.
بۆیە ڕێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ دەکرێت وەک کۆتاییی فەرمیی نەوەی نوێ نەخوێندرێتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەکرێت وەک کۆتاییی ئەخلاقیی نەوەی نوێ وەک ئۆپۆزیسیۆن بخوێندرێتەوە، ناوەکە دەمێنێت، لۆگۆکە دەمێنێت، نوێنەرەکان دەمێنن؛ بەڵام ئەو رۆڵ و مانایەی کە دەنگدەری ناڕازی لەو ناوەدا دەیبینی، لەو ڕێککەوتنەدا زۆر بە قورسی کەرامەتی بریندار کرا.