لە نێوان پەیامی درۆن و ئاشتەواییدا..

جوتیار مەلا رەئوف
  2026-08-22     3

هێرشی درۆنی بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی نابێت تەنها وەک ڕووداوێکی ئەمنی بخوێندرێتەوە، لە ناوچەیەکدا کە درۆن و مووشەک بوونەتە زمانێکی تازەی پەیام ناردن، زۆرجار گرنگتر لەوەی (بە چی لێدرا؟) ئەوەیە بپرسین بۆچی ئەو شوێنە لێدرا و پەیامەکە بۆ کێ بوو؟.

ئەگەر هێرشەکە لە بازنەی ململاێی ئێران و ئەمریکادا بخوێنینەوە، ئەوا هەڵبژاردنی نووسینگەی سەرۆکی حکومەت و دامەزراوەیەکی هەستیار لە بواری ئاسایشدا بە ڕێکەوت نایەتە بەرچاو، ئەوە زیاتر لە هێرشێک  کە  بۆ سەر باڵەخانەیەکە، هێرشێکە بۆ سەر ناوەندی بڕیار و دەستەڵاتی سیاسی.

پەیامەکە دەتوانێت ئەوە بێت، کە  هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لە گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچە بە تەواوی دوور بگرێت، نزیکی هەولێر لە واشنتن، بوونی ئەمریکا لە هەرێم، پەیوەندییە ئەمنییەکان و بوونی گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی ڕۆژهەوڵات، هەمووی وای کردووە کوردستان لە چاوی تاران تەنها دراوسێیەکی ئارام نەبێت، بەڵکو شوێنێک بێت کە لە کاتی قەیراندا دەتوانێت بەشێک لە هاوکێشەو فاکتۆری  فشار لەسەر ئێران بێت.

بەڵام لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەست پێ بکەین، هاوبەشیبوونی ئەمریکا  شتێکە، بەشداربوون لە جەنگی دژ بە ئێران شتێکی ترە، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە کە هەرێمی کوردستان  بڕیاری دابێت خاکی کوردستان بکاتە پلاتفۆرمی هێرشی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ ناو ئێران، بە پێچەوانەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە هەوڵی داوە هاوسەنگییەک لەنێوان پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا و پەیوەندیی ناچارکراوی جوگرافی لەگەڵ ئێراندا بپارێزێت.

ئەو هاوسەنگییە لە دەرەوە ڕەنگە وەک دوودڵیەک دیاربێت، بەڵام لە ڕاستیدا لۆژیکی مانەوەی قەوارەیەکی بچووکە لەنێوان هێزە گەورەکاندا، کوردستان ناتوانێت ئەمریکا پشتگوێ بخات؛ چونکە واشنتن هێشتا بۆ ئاسایش، پێشمەرگە، هاوکاریی نێودەوڵەتی و هاوسەنگیی ناوخۆی عێراق گرنگە، بە هەمان شێوە، ناتوانێت ئێران وەک دراوسێیەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکات؛ چونکە تاران توانای مووشەکی و درۆنی، کاریگەریی سیاسی لە بەغدا و پەیوەندی و کاریگەری زۆری  لەسەر هێزە میلیشیانکانی ناو عێراق هەیە.

بۆیە کێشەی سەرەکیی کوردستان ئەوە نییە کە (لەگەڵ ئەمریکا بێت یان لەگەڵ ئێران)، ئەو پرسیارە لە بنەڕەتدا هەڵەیە، پرسیارە دروستەکە ئەوەیە، چۆن کوردستان دەتوانێت لەگەڵ ئەمریکا بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە بەرەی پێشەوەی جەنگ دژ بە ئێران؟

بە بۆچوونی من دواهەمین  هێرشی درۆنیی، بەرپرسیارەتیەکەی هەر لایەن و گروپێک بێت، یەک ئاگادارکردنەوەی سیاسیی زۆر ڕوونی هەیە، کە ئەویش کوردستان بە خێرایی لە( دەرەوەی بازنەی قەیرانی جەنگەوە  دەخاتە ناو بازنەی قەیرانی جەنگ)، کە  ئەوەش بۆهەرێمی  کوردستان زۆر  مەترسیدارە، چونکە کاتێک هەرێم دەبێتە شوێنی ناردنی پەیام لەنێوان تاران و واشنتن، ئەوا بڕیارەکانی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان چیتر تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ناوخۆیی ناخوێندرێنەوە؛ هەر هەنگاوێک دەتوانێت لەلایەن یەکێک لە هێزە گەورەکانەوە بە نیشانەی نزیکبوونەوە لە لایەنی بەرامبەر تەفسیر بکرێت.

ئەوە هەمان شتە کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە (هەڵەی هەژمارکردن) دەناسرێت، زۆرجار جەنگەکان لەوەوە دەست پێ ناکەن کە هەموو لایەنێک جەنگیان دەوێت؛ بەڵکو لەوەوە دەست پێ دەکەن کە هەر لایەنێک  جوڵەی ئەوی تر بە هەڵە دەخوێنێتەوە، لەبەر ئەوە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سیاسەتێکی زۆر ڕوونتر هەیە، خاکی هەرێم نابێت بۆ هێرشی هیچ لایەنێک دژ بە دراوسێکان بەکاربهێنرێت، هەروەها هیچ دراوسێیەکیش نابێت مافی ئەوە بە خۆی بدات کە هەرێم بە ناوچەی نفوز یان مەیدانی هەڕەشەی خۆی بزانێت.

کوردستان لەو قۆناغەدا پێویستی بە دلێری وداستان و جەنگ نییە؛ پێویستی بە دلێری و داستانی  دیپلۆماسی و عەقڵی سارد هەیە، بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان لەوەدایە ئەو هێزی هاوسەنگیە بپارێزێت لە نێوان ئەمریکاو  ئێراندا.

ئەگەر پەیامی هێرشەکە ئەوە بووبێت کە (ئێمە دەتوانین بگەینە هەولێر)، وەڵامی سیاسیی هەرێمی کوردستان نابێت تەنها داواکردنی زیادکردنی چەک و پێداویستیەکانی خۆپارێزی  بێت، بەڵکوو وەڵامی ڕاستەقینە  ئەوەیە کە کوردستان نە بنکەی هێرشە بۆ سەر دراوسێکانی، نە حەوشەی پشتەوەی هەر هێزێکی ناوچەیی؛ بەڵکو قەوارەیەکی سیاسییە کە بەرژەوەندیی خۆی لە ئارامی، هاوسەنگی و دوورمانەوە  لە جەنگی بە وەکالەتدا دەبینێت، چونکە  هەندیک جار لەو ناوچەی ئێمەدا،  مانەوە  خۆی لە خۆیدا  گەورەترین دەسکەوتوو  سەرکەوتنی سیاسییە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
دوای گەمارۆ نوێیەکانی واشنتۆن؛ ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی "وێرانکەر" لە ئەمریکا دەکات
باخچەلی حەوت خاڵ دژی ئیسرائیل پێشنیاز دەکات
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیی عێراق: زیاتر له‌ 16 هه‌زار خانه‌نشین دوای مردنیان موچه‌كانیان رانه‌گیراوه‌
لاهور شێخ جەنگی، لەیادی هێرشکردنە سەر "لالەزار"دا شیعرێک بڵاودەکاتەوە
وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم: ئاماده‌كردنی پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی عێراق كۆتایی هات و بۆ به‌غدا نێردرا
چین له‌ وه‌ڵامی ئه‌مریكادا: سزا و گوشاره‌ ئابورییه‌كان چارەسەری قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكه‌ن
قەرەیلان: بەبێ بەشداریکردنی ئۆجەلان چەکدانان ئەستەمە و یاساکەی تورکیا ناتوانێت کێشەی ١٠٠ ساڵە چارەسەر بکات
تره‌مپ: ئه‌گه‌ر پێویست بوایه‌‌، سه‌د جاری دیكه‌ هێرشم ده‌كرده‌ سه‌ر ئێران
حکومەتی عێراق: ٣٠ی ئەیلول کۆتا وادەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە نەک چەکداماڵینی گروپەکان
فەرهاد ئەتروشی: پێشمەرگە جیاوازە و بنەمایەكی دەستوری هەیە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×