بۆ کۆچی دوایی کاک قادری حاجی عەلی

شۆڕش حاجی
  2020-11-10   
قادری حاجی عەلی یەکێک بو لەو سەرکردە دەگمەنانەی کورد، کە لەسەردەمی لاوێتی‌یەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی لەگەڵ خۆی‌و بیروباوەڕەکەی‌و هاوڕێکانی‌و خەڵکدا راستگۆ بو.
لەتەمەنی نۆزدە ساڵی‌ بۆ بەرگریکردن لەخاک‌و خەڵکی کوردستان‌و لە پێناوی گەیشتن بەمافە رەواکانی کورد بو بەپێشمەرگە.

لەدوای شکستی شۆڕشی ئەیلول، کە خەڵک‌ نائومێد بو، ئەو بە ورەیەکی بەرزەوەو لەپێناوی کوردایەتیدا شێوازی کاری رێکخراوەیی‌و خەباتی ناوشاریی پڕ لە مەترسی‌ هەڵبژاردو چووە ریزەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە.

لەساڵی ١٩٨٠ لە کاتێکدا حکومەتی عیراق خاوەنی توانایەکی جەنگی‌و هێزێکی سەربازیی یەکجار گەورە بو، ئەو رێگای خەباتی چەکداری گرتەبەر. لە شاخیش نمونەی پێشمەرگەو سەرکردەی ئازاو خاکی‌و خۆڕاگر بو.

لەدوای ئەنفال، کە جارێکی تر نائومێدی باڵی کێشابو بەسەر کوردستاندا، ئەو سەرگەرمی رێکخستنەوەو ئاراستەکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی مەڵبەندەکەی‌و بەشێک لە پارتیزانەکانی سنوری سلێمانی‌و گەرمیان بو.

لە بەهاری ساڵی ١٩٩٠ کاتێک هەلومەرجی راپەڕینە مەزنەکەی خەڵکی کوردستان هاتە ئاراوە، ئەو وەک سەرکردەیەک رۆڵێکی دیاری هەبو لە ئازادکردنی سلێمانی‌و کەرکوک‌و راماڵینی هێزو دامودەزگاکانی رژێمی بەعس لەو دەڤەرە.

لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئایاری ١٩٩٢و دامەزراندنی حوکمی خۆماڵی، ئەو لە ناو حیزبەوە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمنانی کوردو پاراستنی خاک‌و خەڵکی کوردستانی خستە ئەستۆی خۆی. 

لەساڵی ٢٠٠٠ لەو کاتەی لەناو زۆربەی حیزبەکانی کوردستاندا شەڕ لەسەر نزمترین پلەی حیزبیدا دەکرا، ئەو لەترۆپکی پلەی حیزبی‌و رێگای ئاسانی گەیشتن بو بە هەمو ئەو شتانەی مرۆڤ لەژیاندا ئارەزویان دەکا، بەڵام وازی لەو پلەو پۆستە هێنا.

لەساڵی ٢٠٠٩، کە ناڕەزایەتی خەڵک لەدەسەڵاتی کوردی‌ لەهەڵکشاندا بو بەهۆی پێشێلکردنی یاساو تەشەنەسەندنی گەندەڵی‌و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی‌و ئاستی نزمی خزمەتگوزاری، ئەو چونکە پێی وابو گەلەکەمان شایستەی ژیانێکی باشترە بۆیە، لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێکانی بەمەبەستی چاکسازیی‌و گۆڕانکاری ریشەیی لەسیستمی حوکمڕانی بزوتنەوەی گۆڕان‌یان دامەزراند.

لەناو بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک سەربازێکی ون‌و هەڵسوڕاوێکی بەتوانا؛ وەک سەرکردەیەکی چاونەترس‌و بێ ناوونیشان؛ وەک کەسایەتییەکی دیارو خۆشەویست‌و راستگۆ‌ لە هەوڵی سەرخستنی پەیامی گۆڕان‌و بەدیهێنانی ئەو بەڵێنانە بو کە گۆڕان بە خەڵکی کوردستانی دابو. هەرگیز بۆ هیچ کەس‌و بۆ هیچ شتێک تەنازولی لەو شتە نەکرد کە بڕوای پێی بو.

کاک قادری حاجی عەلی یەکێکە لەو کەسایەتی‌و سەرکردە دەگمەنانەی گەلەکەمان کە مەدالیای راستگۆیی لەگەڵ خەڵک‌و خۆی‌و بیروباوەڕەکەی بەدەستهێناو لەو پێگە بڵندو شکۆدارەوە ماڵئاوایی لە گەلەکەی‌و هاوڕێکانی‌و خانەوادەکەی کردو کەلێنێکی گەورەشی لەو کاروانە بەجێهێشت.

شۆڕش حاجی
١٠/١١/٢٠٢٠
زۆرترین بینراو
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: به‌غدا به‌ نیازه‌ بڕیاری ده‌ستگیركردن بۆ 25 كه‌سی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رمایه‌داری هه‌رێم ده‌ربكات
محەمەد حاجی مەحمود: کۆبوونەوە لەژێر زەختی زەیدی و کابرای تلیاکخۆری نوێنەری ترامپ، هیچ گرنگییەکی نییە
ئەمریکا: پشتیوانی لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیری کوردستان دەکەین
پارتی و یه‌كێتی: به‌ هاوبه‌شی به‌رگری له‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین
نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانی كۆده‌بنه‌وه‌
بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان بۆ ئاوێنە: ئەو وێنانەی وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردووەتەوە لەسەر مەرزەکە، هیچ بنەمایەکی نییە
ئه‌مڕۆ یه‌كێتی و نه‌وه‌ی نوێ كۆده‌بنه‌وه‌
راوێژکارێکی موجتەبا خامنەیی هۆشداریی دەداتە بەغدا
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی: به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی بەندەرەکانی عێراق لە میسرەوە گه‌ڕێندرایه‌وه‌ عێراق
سه‌در: باوه‌ڕدان نوێژی هه‌ینی یه‌كگرتو بكه‌ن بۆ له‌ناوچونی گه‌نده‌ڵكاران و قاچاخچییه‌كان له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراقدا
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×