دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، دوای نزیکەی دوو ساڵ لە وەستان، زیاتر وێنەیەکی تر لە ململانێی پارتی و یەکێتی بوو وەک لە چارەسەری قەیرانی سیاسی.
ئەگەر بە وردی بڕوانین، ئەم دانیشتنە دەکرێت وەک وەڵامدانەوەی پارتی لە یەکێتی لێک بدرێتەوە؛ چونکە بیانوی پارتی گوایە یەکێتی خۆی پێشتر هەمان شێوازی بەکارهێنابوە. نموونەی دیار، هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ بوو، کە بە بایکۆتی پارتی و بە پشتیوانی زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق ئەنجام درا. لەو کاتەدا پارتی ڕێکارەکەی ڕەخنە کرد.
لێرەدا پرسیارێکی جەوهەریی دێتە پێشەوە: ئەگەر یەکێتی لە ڕابردوودا بەمافی خۆی زانیبێت بەبێ ڕەزامەندیی پارتی بڕیار بدات، ئایا ئەمڕۆ پارتی کەپێشتر شێوازی یەکێتی بە هەڵەی زانیوە مافی ئەوەی هەیە هەمان شێوازی سیاسی بەکاربهێنێت؟ ئایا ئەوەی یەکێتی پێشتر کردوویەتی، دەتوانێت ببێتە پاساوێک بۆ هەمان کردار لەلایەن پارتییەوە.؟
بەڵام کێشەکە لێرەدایە: ئەوەی یەکێتی کردوویەتی نابێت ببێتە پاساو بۆ هەمان هەڵە لەلایەن پارتییەوە. هەڵە بە هەڵە چارەسەرناکرێت،کێشەی بنەڕەتی ئەوەیە هەردوو حیزب بەپێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە لەگەڵ یاسا دەکەن.
-کێشەی یاسایی؛
نیساب بەتەنها بەس نییە،دانیشتنی ئەمڕۆ ٣ پرسیاری جدیی یاسایی هەڵدەگرێت:
یەکەم: بانگهێشتنامە: لە ٣ی تشرینی دووەمدا بانگهێشتنامەیەک بە ناوی دیوانی پەرلەمان بڵاوکرایەوە، بەڵام سەرۆکی دیوان بەفەرمی ڕایگەیاند پەیوەندی بە ئۆفیسەکەیەوە نییە و تەنها ٤٣ واژۆیان وەرگرتووە. کێ دەسەڵاتی بانگهێشتکردنی هەبووە؟
دووەم: سەرپەرشتیار: محەمەد سوڵەیمان، وەک ئەندامی بەتەمەن بەشداری نەکرد، ئەندامی دووەمیش ئامادە نەبوو و سەرپەرشتیاری کەوتە ئەستۆی سەمیرە حەسەن. ئایا دەقی یاسایی ڕێگە بەم گواستنەوەیە دەدات.؟ ئەمە پێویستی بە وەڵامێکی یاسایی ڕوون هەیە، نەک پاساوی سیاسی.
سێیەم: نیساب : ڕاستە بەپێی ماددەی ٥٠ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ و ماددەی ٥ی ڕێنمایی ناوخۆ، لە پەرلەمانێکی ١٠٠ ئەندامیدا ٥١ ئەندام بۆ یاسایی بوون پێویستە، لە ڕووی ژمارەییەوە نیساب تەواوە.
بەڵام بوونی نیساب بە مانای دروستی هەموو ڕێکارەکان نییە. ئەگەر گومان لەسەر بانگهێشتنامە یان سەرپەرشتیار هەبێت، نابێت بە پاساوی نیساب لە ژێر باری بەرپرسیاریەتی دەربچێت.
-پەرلەمان موڵکی هیچ حیزبێک نییە؛ پەرلەمانتار نوێنەری گەلە، نەک نوێنەری حیزب. سوێندەکەی لەبەردەم گەلدایە، نەک لەبەردەم سەرکردایەتی حیزب.
دوای دوو ساڵ وەستان، خەڵک چاوەڕێی پەرلەمانێکی کارا بوون بۆ یاسادانان و چاودێری حکومەت، نەک بۆ حیسابی حیزبی و لێکترازانی زیاتری ریزەکانی گەل. لەکاتێکدا تا ئێستاش کابینەی دەیەم پێکنەهاتووە.
لە کۆتاییدا، ئەگەر دانیشتنەکە لە چوارچێوەی یاسادا بووبێت، هەموو لایەنەکان دەبێت ڕێزی لێبگرن. بەڵام ئەگەر هەنگاوێکی دژە یاسا تێیدا بووبێت، نابێت بە پاساوی زۆرینە بشاردرێتەوە.
-یاسا بۆ پاراستنی دامەزراوەکانە:
یاسا بۆ پاراستنی دامەزراوەکانە، نەک بەرژەوەندی حیزبەکان. ئەگەر پارتی پاساوی ئەوەی هەبێ کە یەکێتی پێشتر کاری لەم جۆرەی کردووە بە هەڵەی بزانێ، ئەوە پارتی نابێت هەمان هەڵە دووبارە بکاتەوە. کوردستان پێویستی بە دامەزراوەیەکی بەهێزە کە هیچ حیزبێک لە سەرووی یاسا نەبێت.
سەرچاوەکان:
-یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، -ماددەکانی ٤٧، ٤٨، ٥٠ - ڕێنمایی ناوخۆی -پەرلەمان، ماددەی ٥ و ٨
- ڕاپۆرتی ڕووداو لەسەر دانیشتنی ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦