ئیسلام‌و دەوڵەتە کوردییەکە

شاسوار هەرشەمیی
  2020-08-03     671
هەرچی بێئاگایە لە مێژوی گەلەکەی، هەڵدەستێت و دادەنیشێت، نەبوونی دەوڵەتێک بۆ کوردان، دەخاتە ئەستۆی ئایین، یان ڕوونتر ئیسلام!. تۆ بڵێیت ئەمە وا بێت و من لێی بێ ئاگا بم؟
لە ڕاستیدا، ئایین وەک ئامرازێک، سەرمایەیەکی مادیی و مەعنەوییە و گەلانی وشیار دەتوانن، بە شێوازی جیا جیا سودی لێ ببینن. کورد، زۆر درەنگتر لە گەلانی دی، سەرەتاکانی خەملینی وشیاری نەتەوەیی تێدا وەدیهاتووە. ئەمەش هۆکاری سەرەکی بووە بۆ نەتوانینی پێکهێنانی دەوڵەت و زمانی یەکگرتوو و زۆر شتی دیش.
ئێمە تا ئێستاش جڵەوی کۆمەڵگەکەمان لە دەست سەرۆک خێڵ و عەشیرەت، شێخی نەخوێندەواری میراتگر، دەمڕاست و ڕیش سپی پشتێن پانی بنەماڵەکان دایە و ئەوان زۆرینەی خەڵکیی ئاراستە دەکەن. وشیاری وانیش، لە پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و هیشتنەوەی خەڵک لە دەوری خۆیان تێناپەڕێت. کاتێک باسی دەوڵەتیش دەکەن، لایان وایە کاری دەوڵەت بریتیە لە پاراستنیان لە بەفر و باران، سەرما و گەرما و گیانەوەری دڕندە!
کاتێک کە تورکان هاتنە شوێنی ئێستایان، سەر بە ئایینی شەممایی بوون. کوردانیش، هەزاران ساڵ بوو لە ناوچەی خۆیان دەژیان، سەدان ساڵیش بوو موسوڵمان بوون. تورکەکان سەرەتا چوونە سەر ئایینی باوی عەلی پەرستیی، کە لەناو کوردانی ئەنادۆل باو بوو. دواتر بەشێکیان بوون بە شیعە و دەستەڵاتی ئێرانیان بۆ سەدان ساڵ گرتە دەست (سەفەویی، ئەفشار، قاجار). ئێستاش شەریکی سەرەکی دەستەڵاتی ئێرانن. بەشێکیش لە تورکەکان، سەرەتا بوون بە سوننەی شافیعی. دواتر کە زانیان شافیعی، خەلافەتی تەنیا لە ناو قوڕەیش و بناماڵەی پێغەمبەر بە ڕەوا داناوە، مەزهەبیان بۆ حەنەفی گۆڕی، کە ڕێگا دەدات، هەر موسوڵمانێک ببێتە خەلیفە. بەمجۆرە جڵەوی ئیسلام و خەلافەتیان گرتە دەست و زیرەکانە بەکاریان هێنا و ئیمپراتۆریەتێکی مەزنیان، لەسەر خاکی هەر سێ کیشوەری ئاسیا، ئەوروپا و ئافریکا پێکەوەنا.
بە دڵنیایی، ئەگەر کوردان لە سیستەمی ڕزیوی خێڵەکیانەی سەردەمی دەرەبەگی دەرباز ببوونایە، ئەوا نەک لە ئیسلام، بەڵکو دەیانتوانی لە تەپاڵە و پشقلیش، وەک ئامراز سود وەربگرن و دەوڵەتی پێ دروست بکەن. واتا ئایین، وەک "پشقل"، تەنیا ئامراز و هۆکارە و کێشە سەرەکیەکە نیە، وەک زۆر کەسی نەشارەزا لە مێژوو، لایان وایە، کە ئیسلام هۆکارە بۆ نەبوونی دەوڵەتمان. ئێمە بۆخۆمان هێشتا لەبارمان دا نیە دەوڵەت دروست بکەین، بۆیە ناشتوانین سود لە ئامراز و هۆکارەکانیش وەربگرین.
سەیر بکە: کەمایەتیەکی بەنگالی موسولمان، لە زۆرایەتی بەنگالە هیندۆسەکان جیا بوونەوە و بە پڕۆسەیەکی درێژی نێوان ساڵەکانی (١٩٤٧-١٩٧٢) بوون بە خاوەنی دەوڵەت. هیندیە موسولمانەکانی سند، سواری پشتی ئیسلام بوون و ساڵی ١٩٤٧، پاکستانیان دروست کرد، کە زمانی ڕەسمیان تا ئەمڕۆش، هەر هیندیە و بە پیتی عارەبی ناو (ئۆردوگا، ئۆردو) دەینوسن و ناویان لێناوە (ئۆردو). هەمان شتیش ڕاستە بۆ سێرب زمانە موسولمانەکانی بۆشناقی جاران، کە ئەمڕۆ خاوەنی دەوڵەتی بۆسنیان و زمانیشیان هەر سێربییە.
بۆیە هەڵەیە، کە هۆکاری دەوڵەت نەبوونمان، بخەینە ئەستۆی ئیسلام یان هەر ئاینێکی دی. کاتێک کە ئێمە خۆمان لە بار نەبووین، ئەوانەی دی بە ئایین، یان قەرسەقولیش بێت، دەتوانن فریومان بدەن. هەر بە ختوکەی ئایینییش، دەتوانن بمانکوژن و داگیرمان بکەن. خەتاکە دیسان لە ئایین و قەرسەقول نیە، بەڵکو بودەڵەیی ساختاری کۆمەڵایەتیمانە، کە بۆتە ڕێگر لە گەیشتنمان بە کاروانی گەلانی دی.
باپیرانمان، کاتی خۆی سەرەتایەکی ئایینی باشیان لە ناوچەکە بۆمان پێکهێنابوو، کە ئەگەر ساختاری کۆمەڵایەتی لەبارمان هەبوایە، دەمانتوانی بیکەینە بناغەیەکی خۆ جودا کردنەوە و دەوڵەت دروست کردن. مەبەستم ئەمەیە کە زۆرینەی کوردانی موسوڵمان، لە ناوچەکەی خۆمان، لە نێوان موسوڵمانانی شیعەی عەجەم و فارس و موسوڵمانانی حەنەفیی عارەب و تورک، کراوین بە شافیعیی. دەکرا ئەو جیاوازیەی شافیعیی بوون، کاری لەسەر بکرابایە و ببایەتە بناغەیەکی مادی و مەعنەوی دەوڵەت. ئەلبانەکان سەر بە مەزهەبی بەگتاشی سۆفیگەری بوون و کردیان بە بناغەیەکی خۆ جیا کردنەوە لە دەوروبەریان.
ئێمە درەنگتریش کە مەولانا خالید، مەزهەبی نەقشبەندیی لە کوردستان بڵاو کردەوە، دەمانتوانی سودی گەورەی لێ وەربگرین، بەڵام خۆمان لەبارمان دا نەبوو، بۆیە سولتان عەبدولحەمید، بە قوت کردنەوەی سەدان شێخە نەقشبەندیی و وەقف کردنی زەوی گوندان لەسەریان، چینێک لە شێخی نەخوێندەواری لە کوردستانی عوسمانی، کردە سەردەستە و جێگرەوەی میرنشینە تازە لەناوچووەکان. دواتریش، هەر کوڕە نەخوێندەوارەکانی ئەم قولە شێخانە، کە ببونە مالیک و دەرەبەگی زەوی دار، بوون بە شێخی بە میرات بۆ ماوەی باوکیان و هێشتا تا ئەمڕۆش، مریدانی گەوج زۆرن و دەستیان ماچ دەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×