عێراق‌و دۆسیه‌ی نەوت‌و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم

هۆشیار عەبدوڵا
  2020-08-14     787
چی چارەسەرە؟!
(چەند قسەیەکی ڕاشکاو)
دەسەڵاتدارانی هەرێم دەزانن دو دۆسێی هەن کە ئێجگار ئاڵۆسکاون و عێراق ئاسان ناچێتە ژێرباریان بۆیە ئاوا بێمەنتن لە خەڵک و موچە نادەن،دۆسێکان نەوت و موچەی فەرمانبەرانن،عێراق نە دەتوانێ قەرز و ئیلتیزاماتی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێم بکاتە ماڵ لەسەر خۆی کە ملیاران دۆلارە،نە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە تا ئێستا لیستی نیە و نازانێ ژمارەی راستەقینەیان چەندە؟!

‫لەدوا رونکردنەوەی وەزارەتی دارایی عێراقیش ئاماژەی بەوەداوە کە ژمارەیەکی زۆر لەفەرمانبەرانی هەرێم داوا دەکەن موچەکانیان بچێتە سەر بەغداد بەڵام بەحەرفێک باسی ئەوە ناکات کە ئەمە لای ئەوان چارەسەرە یان ئامادەن جێبەجێیبکەن و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازنەوە سەر بەغداد.

بۆ نمونە لە ساڵی ۲٠۱٦ کاتێک بەفەرمیی داوام کرد موچەی فەرمانبەرە ئیتیحادییەکان راستەوخۆ بەغداد دابەشی بکا،بەهۆی ئەوەی هەرێم لەدەرەوەی میلاک خەلكێکی زۆری لەسەر ئەو فەرمانگانە دامەزراندبو عێراق نەچوە ژێر باری و گوتیان میلاکاتتان زۆرە!بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانیش بەگشتیی هەمان حاڵەتە.

خولی رابردو کاتی سەپاندنی پاشەکەوتی موچە لە لایەن کابینەی رابردوو موتاڵەعەیەکم لەناو دانیشتنی پەرلەمان لەسەر کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێشکەشکرد،پەرلەمان لیژنەیەکی بۆ پێکهێنا،لە لیژنەکەدا کاتێک زانیان هەرێم لیستێکی پاکی نیە و سندوقی خانەنشینی نیە و هەموی تێکەڵ و پێکەڵە هەندێک لە ئەندامانی لیژنەکە ئاشکرا گوتیان ئەمە بە عێراق چارەسەر نابێ و لە کاری لیژنەکە کشانەوە ئەمە جگە لەوەی لە هەرێمەوە بە پیلان کاریان بۆ ئەوەکرد ئەو لیژنەیە رابگیرێ چونکە سەروەختی گەرمەی باسیی درۆی ئابوری سەربەخۆ و تاڵانیی نەوتی هەرێم و کەرکوک بوو.

‫چارەسەری ئەم دۆخە سەختەی خەڵکی هەرێم ئەوەیە ئەم حکومەتە بە فشاری خەڵک هەڵبوەشێنرێتەوە جا بە جوڵەی شەقام یان بە مانگرتن و بایکۆتی دەوام،بەرپرسانی هەرێم ئەوە دەزانن کە عێراق ناچیتە ژێر باری گرانی دۆسێی موچە بۆیە دەسەلات لە هەرێم هەست بە فشار و مەترسی جدی نەکات ناچێتە ژێربار،ئەو فشارە راستەقینەیەش لە هەولێری پایتەختەوە دەکرێ نەک لە قەزایەکی دورەدەستیی سەر سنور،بێ جوڵە و فشاری شەقامی هەولێر دەسەڵات باکی بەهیچ جوڵەیەکی تر نیە و بەهەندێکێشیان خۆشحاڵە!

‫قسە کورت و پوخەتەکە ئەوەیە چارەسەری ئەم دۆخە سەختە لە ئێستادا تەنها لەدەستی خەلكی هەرێم بەگشتیی و هەولێر بەتایبەتیی دایە چونکە بەغداد ناچێتە ژێر باری راستکردنەوەی ئەو چەوتی و چەتەییەی بنەماڵەکانی هەرێم کردویانەو دەیکەن و راستکردنەوەیان بەملیاران دۆلار لەسەر عێراق رادەوەستێ (ئەم قسەیەشم لەئەزمونەوە هاتوەو بەرپرسیاریشم لێی و ئایندەی نزیکیش دەریدەخات)تەنانەت عێراق ئەگەر مەبەستیشی بێت بیکات لەئێستادا (کە نایکات) بە هۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانێ.‬

دەردەکە تەمەنی ۳٠ ساڵەو ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بێمنەتن لەخەڵک‌و بەردەوامن لەتاڵانیی‌و گەندەڵیی،دەواکەش ئێستاو سەد ساڵی تریش بەدەستیی خەڵکی هەرێمە کە بەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە نابەرپرسیارو گەندەڵ و بێ باکە بڵێن؛ستۆپ.

جا ئەمە یەکێکە لە تێگەیشتنەکان کە پێی وایە چارەسەری ریشەیی بۆ رزگاربون لە مافیاکانی کوردایەتیی لەدەستیی خەڵکی هەرێمدایە تێگەیشتنی تریش هەیە کە پێی وایە هەمو چارەسەرەکان لەدەستیی بارزانیدایەو بەکۆنگرەیەک دەتوانێ کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارامیی؟!

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە هەرێمدا دەردێکە تەمەنی سی ساڵە،بڵێی لە نیوان زۆرینەی خەڵکی کوردستان‌و گروپێک کەمینەدا کە شەرعیەتیی کوردایەتیان هەیە کۆمەڵگە چەندی تر بناڵێنێ؟!
کۆمەڵگەکان بەگشتیی شایستەی ئەو دەسەڵات و حوکمڕانیەن کە هەیانە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×