‫رێککەوتنە پەنجا ساڵییەکە هۆکارە

هۆشیار عەبدوڵا
  2020-07-03     483
هەرێم بۆ بەغداد؛ داهاتەکەی رادەست دەکەین نەک نەوتەکە..!
رێککەوتنی پەنجا ساڵەی نێوان بنەماڵەی بارزانیی و بنەماڵەی ئەردۆگان لەسەر نەوتی هەرێم بۆتە رێگری سەرەکی لەرێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا،حکومەتەکەی مەسرور بارزانیی دەیەوێ داهاتی ئەو بڕە نەوتە بداتە بەغدا کە داوای دەکا نەک نەوتەکە،چونکە لە بنەمادا نەوتی هەرێم بەو رێکەوتنە زیاتر لەدەستی تورکیادایە.‬

‫هەندێک کەس و لایەن وشەی چاکسازییان کردۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زمانیان بێ ئەوەی جورئەت بکەن باس لەچاکسازیی مەلەفی نەوت بکەن.‬

‫بەبێ چارەسەری دۆسێی نەوت  و رێککەوتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ بەغدا هەر قسەیەک لە چاکسازی درۆیەکی گەورە و خۆ خەڵەتاندن و خەڵک خەڵەتاندنە.‬
‫ئاشکرا کردنی داهاتی راستەقینەی نەوت،ئاشکرا کردنی ناوەرۆکی رێککەوتنە پەنجا ساڵیەکە بۆ پەرلەمانی کوردستان و رایگشتی شەو و رۆژ و هەفتە و مانگی ناوێ ئیرادە و ئازایەتی پێداگری و دەرچون لە گرێی دوونیەت(خۆ بەکەمزانی)هێزەکانی دەرەوەی پارتی دەوێ کە بەداخەوە نیانە.

نەوتی هەرێم لە چەند ساڵی رابردودا هۆکاری سەرەکی نەهامەتی و برین و نەبون و پاشەکەوتی زۆرەملێی موچە بوە جگە لەوەی نەوت سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵی و هەڵتەکاندنی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی ئەمنی و ئیعلامی گروپ و خێزانە سیاسیەکان بوە لە هەرێمدا دەبێ چارەسەر لە دۆسێی نەوتەوە دەست پێ بکا.

پارتیی لەگەڵ تورکیا بۆ پەنجا ساڵ هەموو نەوتی هەرێمی خستۆتە گێژاوی رێککەوتنێکی نادیارەوە لای خەڵکیش چاکسازی یەکسان کردوە بەوەی کێ خانەنشینی رەتدەکاتەوە و کێ رەتی ناکاتەوە(من دژی هیچ هەنگاوێک نیم بۆ چاکسازی هەر چەند بچوک بێ دەستخۆشی زۆریشم هەیە بۆ ئەوانەی رەتیانکردەوە بەڵام لەبری ئەو بەزمی رەتکردنەوە و رەتنەکردنەوەیە قانونی خانەنشینی عێراقیان جیەجێبکردایە ئێجگار باشتر بوو).

ئەگەر پەرلەمانتارە ئازاکانی کوردستان و ئەو حزبانەی گوایە بۆ چاکسازی لەحکومەتدان بەجدی مەبەستیانە هەنگاوێكی ریشەیی سەرپێ بخەن بۆ گۆرانکاری وچاکسازی با داوای ئاشکراکردنی ناوەرۆکی رێککەوتنە پەنجا ساڵییەکە بکەن لەپارتیی، ئاخر کەی رەوایە نەوتی هەرێم،کە موڵکی ئەم نەوەیەو نەوەکانی ئایندەیە حزب و بنەماڵەیەک ئاوا بیخاتە قومارەوە؟!
سی ساڵە خەڵک تەحەمولی کردوە و چاوەرێی باشترە لەو دەسەڵاتە کوردییە!کەچی لەبری چاکسازی ساڵ دوای ساڵ خراپتر بوە و  دەبێ،هێشتاش پێتان وایە خەڵک پەلەیەتی؟!

سی ساڵە خەڵک چاوەرێی چاکسازییە کەچی ئاگاداری ناوەرۆکی ئەو رێککەوتنە نیە کە نەوتی هەرێمەکەی پێ دیزە بە دەرخۆنە کراوە،دەی ئەگەر راست دەکەن و ئیرادە هەیە بۆ چاکسازی؛ #رێککەوتنە_شومە_پەنجا_ساڵییەکە ئاشکرا بکەن بۆ ئەو پەرلەمانەی کە خۆتان تیایدا(هەرچۆنێک بێ!) زۆرینەن!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×