سیاسەتی‌ بەرپرسانی هەرێم سەری عادل عەبدولمەهدی‌و فوئاد حوسێن دەخوا!

هۆشیار عەبدوڵا
  2019-07-02     1201
(حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕگەیەکی تری یاسای موازەنەی ساڵی ۲٠۱۹ ، کە تایبەتە بەلیستی موچەخۆرانی هەرێم، پێشێل و پشتگوێ دەخات).

ماددەی یانزە، برگەی شەش لە یاسای موازەنەی ئەم ساڵی حکومەتی فیدراڵی عیراق ، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کردوە کە تا پێش کۆتایی هاتنی حوزەیرانی ۲٠۱۹لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کوردستان بە هەمو وردەکاریەکانیەوە بنیرێت بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی عیراق.

بە گوێرەی زانیاریەکانی ئێمە حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا جیا لەوەی ئەو برگەیەی جێبەجێنەکردوە تەنانەت هیچ گفتوگۆیەکی (جدی) یشی لەسەر یەکلاکردنەوەی کێشەی لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ نەکردوە .

کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم کە کابینەیەکی شکستخواردوە و تا ئێستاش تەمەنی باقیە، تاوانی گەورەی دژی موچەی فەرمانبەران ئەنجامداوە بەتایبەتی لەمەسەلەی سەپاندنی سیستمی زۆرەملێی پاشەکەوتی موچە .

دەبوو بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ کێشەی نەبونی لیستێکی رێک و پێکی موچەی فەرمانبەران بکەن بە تایبەت کە ماوەیەک بەشێک لە بەرپرسەکانی ئەم حکومەتەی هەرێم مێشکی کۆمەڵگەی کوردستانیان برد بەوەی گوایە سەرقاڵی سیستمی بایۆمەترین و چەندین ملێۆن دۆلاریشیان تێدا بە هەدەردا کەچی لە ئەنجامدا لەبری پاککردنەوەی لیستی فەرمانبەران و لابردنی دوبارە و بندیوار و ناوی دوبارە ژمارەی موچە خۆرانیان لە هەرێم زیادکرد و گەیاندیانە سەروی ملێۆنێک.

ئەگەر گریمان نەوتی هەرێم و کێشەکانی فرۆشتنی نەوت بە شیوەی سەربەخۆ نەبۆتە هۆکاری برینی موچە و هەمو تاوانەکە لە ئوستۆی عیراقە ، دەبو هەرێم لە یەکلاکردنەوەی لیستێکی دانپیانراوی موچەی فەرمانبەران جدی بوایە، چونکە یەکێکە لە سەرچاوەی کێشەکان و جیا لەوەی ئەمسالیش بە گوێرەی خشتەی ج کە هی هێزی کارە توانیومانە موچەی فەرمانبەران جێگیر بکەین ، خۆ ئەگەر ژمارەی فەرمانبەران لەو خشتەیەدا بە وردی جیگیر بکرێت ئەوا لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێم و فەرمانبەرەکانیشیەتی بەڵام حەتمەن دژی ئەوانەیە کە سودمەندن لەگەندەڵیەکانی ناو لسیتی موچە .

لە راستیدا رونە کە ئەم حکومەتە بۆیە ئەو لیستی موچەیە یەکلایی ناکاتەوە تا درێژە بدات بە گەندەڵیەکانی ناوی دوبارە و بندیوار و باکێکیشی بەوە نیە موجازەفە بە موچەی تێکرای فەرمانبەرە راستەقینەکانیەوە بکا وەک ئەوەی لە ساڵانی رابردودا کردی و خەڵکی باجەکەی دا !

هەڵبەتە بەندە پێشتر بە نامەی فەرمیی وەزارەتی دارایی عێراقمان لەو برگەیە ئاگادار کردبۆوە بەڵام لەوە ناچێت هیچ لایەک بایەخی ئەوە بزانن کە بونی لیستێکی رێک و پێکی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چەند کاری ئێمە لە لیژنەی دارایی بۆ جێگرکردنی مافەکانی فەرمانبەران ئاسان دەکات و نەبونیشی چەند مەوقفمان ئیحراج دەکا ؟!

بەرپرسانی هەرێم لە رۆژانی رابردودا دەستیانکردۆتە بە یاریەی هەمو ساڵێک دەیکەن ، لە سەرەتای ساڵەوە پێشوازیان لە یاسای موازەنە کرد و پێیان باش بو ، دوایی هەر خۆیان پێشێلیانکرد ، ئێستا کە ساڵ نیو بوە دەستیانداوتە لیدوانی لاستیکی لە جۆری ئەوەی (گوایە هەمو کێشەکان چارە دەکەن) ، یاخود ( لە ڕوی مەبدەئیەوە کێشەیان نیە لەوەی دوسەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوتەکە بنێرن ) بەڵام کەس نازانێ بۆ ناینێرن، ئامانجیان لەو یاریە کوشتنی کاتە بەڵکو بەهامان سیاسەتی وەعددان بە پابەندبون و پاشان پاشگەزبونەوە بەغداد رازی بکەن، بەدیدی من ئەو سیاسەتە ئیدی نەک سەرناگرێ بەڵکو دور نیە سەری عادل عەبدولمەهدی وفوئاد حوسێنیش نەخوا!

دەبو بەرپرسانی هەرێم لە ئێستادا ، ئەو بایەخ و شەرەی لەسەر پۆستەکانی بەغداد، لەسەر وەزیر و سەفیر و مودیرعام دەیکەن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغداد بیانکردایە بە شیوەیەکی ریشەیی ، چونکە بونی کەسایەتیەکی وەک عادل عەبدولمەهدی چانسە بۆ چارەسەری زۆر کێشەی قوڵ ، لەبری کەرکوک ، لەبری چارەسەری نەوت و گاز و یاساکەی ، لەبری چۆنێتی گەراندنەوەی هاوسەنگی نیشتیمانی بۆ هەرێم لە داودەزگای دەوڵەتی عێراقدا بەرپرسە (هەرە) گەورەکانی کورد لە عیڕاق و لە هەولێر عەبدولەمهدیان بەوە بەگیر هێناوە چەند سەفیرێک و وەکیل وەزیرێک و سەفیرێکیان لەسەر بنەمای وەلائی شەخصی و حزبی بۆ بخاتە قائیمەکانیەوە و لە پەرلەمانیش شەر دەکەن بۆ تێپەراندنیان!

چەند مانگێکی تر یاسایی نوێی موازەنەی ۲٠۲٠ دێتە پەرلەمان ، بێگومان بە چەندین لوغم و چاڵی قوڵەوە کە تێپەراندنیان ئاسان نابێت ، ئەوکاتەی ئەوە رویدا بیری خۆشم و ئێوەش و ئەوانەشی دێنمەوە کە لەبری ئەوەی بە ریشەیی چارە بدۆزنەوە بۆ گرفتەکانی (خاک و بودجە و پشکی هەرێم )،سەرقاڵی شەڕی پۆست بون شەری بچوکترین پۆست لەو بەغدایەی پار بە حساب تا ئەم کاتانە تەڵاقیان دابو !

بە هەمو قەناعەتەوە پێم وابو دوای ریفراندۆم ئیدی پۆستیان لە بەغداد لا گرنگ نابێ بایی ئەوەندە هەم شەرم دەیانگرێ هەم دەرس کە شەری یەکلاکردنەوەی کێشە مێژوییەکانی خەڵکی کوردستان بە دیدگایەکی نوێوە بکەن نەک تەنها چاویان لەسەر پۆستەکان بێت ،کەچی بە پێچەوانەوە ئەوەی ئێستا لایان گرنگە تەنها پۆستە،ئەوەی لەوەش زۆر سەیرترە ئەوەیە هێشتا لە هەرێم لە موزایەدەکانیان بەردەوامن!

ئەو شەری پۆستە لەسەر حسابی کێشەبونیادیەکانی هەرێم،سەرکەوتن نیە وەک هەندێ کەس و حزب لە بەغداد خۆیانی پێوە با دەدەن، بەڵکو درێژە دانە بەو سیاسەتەی کە لە سەرەتای روخانی بەعسەوە تا ئێستا هەرێمی لاواز کردوە.

بەهێز و خۆسەپێن لە ناوەوە ، دەستپانکەرەوە و لاواز و لەسەر چۆک بۆ پۆست لە دەرەوە ، ئەوە حاڵ و تێگەیشتنی پاڵەوان و بەناو سەرۆکەکانی کوردە لە ئێستای عێرقدا!

هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی لیژنەی دارایی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×