دەربارەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم
هۆشیار عەبدوڵا
2019-03-19   1759
یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یەکێکە لەو یاسایانەیە کە رەهەندی نیشتیمانی هەیە، گۆڕان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە دژی ئەوە بوە ئەو یاسایانەی کە رەهەندی نیشتیمانیان هەیە، بەزۆرینەو کەمینە تێپەرێنرێن بەڵکو بەردەوام داکۆکی لەوە کردوە کە بەسازانی نیشتیمانی یەکلابکرینەوە.
لەیەکێک لەئەڵقەکانی بەرنامەی (روبەرو)دا نەوشیروان مستەفا بە وردی باسیی ئەو قەناعەتەی گۆڕان دەکاو ئەصڵەن یەکەم کەس کە گوزارشتی (رەهەندی نیشتیمانی) بۆ کۆمەلێک یاسا بەکار هێناو خستیە ناو دونیای سیاسیی ئێمە، نەوشیروان مستەفا بو وەک خواستێکی باڵاش کە کردیە ئامانج گۆڕان بو، پێش نەوشیروان مستەفاو گۆڕان لەئەدەبیاتی سیاسیی باشوردا ئەو قەناعەتە بەو شیوەیە فۆڕمەلە کراوە نیشتیمانیە هیچ کات نەخراوەتەرو.
حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، لەعێراقدا داوا دەکەن کە بەزۆرینەو کەمینە هیچ شتێک نەسەپێنرێت و بەسازان بێت کەچی هەمان پێوەر بۆ ناوخۆی هەرێم لەبەرچاوناگرن، یەکێتی و پارتی لە خولەکانی رابردودا چەندین یاسای گرنگیان بە زۆرینە تێپەراند لەنمونەی (یاسای ئەنجومەنی ئاسایش).
سەرۆکایەتی هەرێم لەدروستبونیەوە ئیشکال و بۆچونی جیاجیای لەسەرە ؛ لەسەر بون و نەبونی، لەسەر چۆنێتی هەڵبژاردنی، دەسەڵاتەکانی، چاودێری و لێپرسینەوەی.. بۆیە ئێجگار گرنگە بەنەفەسێکی نیشتیمانی نەک حزبی، بەنەفەسی سازان نەک سزا، یەکلابکرێتەوە.
هەر هێزێک یاری سیاسیی و حزبی یا شەخصی و عائیلی پێوە بکا کارێکی دروست ناکا و هێندەی تر دامەزاراوەکان نابوت و بێ ئەرزش دەکا، گۆڕان بۆ هەمواری ئەو یاسایە تێکۆشاوەو ململانێی سیاسیی سەختی کردوەو قوربانی داوەو دەبێت بەردەوامیش بێت.
ئێستا پرسەکە لەسەر شانۆی سیاسی مەگرەحەو لەئارادایە با هەرهێزێک رای جیا یا مەشروعی تایبەتی هەیە بیخاتەڕو، بەڵام راکردن لێی یا بێدەنگبون لەراستیدا کاری حزبی خاوەن روئیاو بریار نیە!
بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بنەمای سازان نەک زۆرینەو کەمینە بۆ ئەو یاسایانەی کە بوعدی نیشتیمانیان هەیە مەسەلەیەکی بنەرەتی جێگیرە، نابێ لێی لابدات تا دەیکاتە قەناعەت لای هەموان.