بەرێكخەری گشتی گۆڕان بڵێن نەوشیروان مستەفا ئەناسێ؟

مەریوان عەلی
  2020-11-23     901
ئێمە ئەوە دەزانین كە بوونی هێز و ئەحزابی جیاواز و دەنگی جیاواز لە ڕەهەندە ساسیەكەدا بریتیە لە بوونی فەزایەك بۆ پێكەوە هەڵكردن، كە ئەمە هەر خۆی یەكەمین پێشمەرجی دیموكراسیە.
بەڵام كە دەڵێین هێز بەمانا راستەقینەكەی هێز، بریتیە لە بوونی توانا و قودرەتێكی سەربەخۆ، كە هەرخۆی لە دەرەوەی كاریگەریە دەرەكیەكان خاوەن ئیرادە و بریار و دنیابینی خۆیەتی، هێزێكە سەرچاوە و ماتەوزەكەی خۆكردی و ناوەكیە، شتێكی فابریكەكراو نیە، شتێكە لە ناوەوە ئەبزوێت و توانا و قودرەتی خۆی لە خۆیدا ئەنالایس ئەكات.
بە هەموو پێوەرەكان سەردەمی نەوشیروان مستەفا سەردەمی خودی خۆتبە بوو، سەردەمی بێمەنەتی بوو لە دەسەڵات و توندوتیژی و وشككردنی سەرچاوەدارایەكان، جەوهەری نەوشیروان مستەفا و سەردەمەكەی بریتی بوو لە سەرلەنوێ مانا بەخشین بە سیاسەت و ململانێ و بچوككردنەوەی رۆڵی فیرعەونەكانی نێو حزبەكان بوو.
هێزی راستەقینە قەبارەكەی هەرچەند بێت گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە تۆ خودی خۆت بیت.
بیناكردنی ئۆپوزیسیون لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە هەر هۆكارێكی لەپشتەوەبوو بێت، كاردانەوەی هەر جۆرە هەڵوێست و دۆخێك بووبێت، ئەو راستیە لێڵ ناكات كە نەوشیروان مستەفا دەستی بە رابردووی خۆیەوە گرتبوو و هەرگیز لەو خەتە لای نەداوە كە مرۆڤ دەبێت پابەندی ئیرادە و هێزە تایبەتیەكانی خۆی بێت، گرنگی نەوشیروان مستەفا تەنها لە بیركردنەوە ستراتیژی و دوورمەودا راستەكانیدا نەبوو (هەڵبەت ئەمە كایەكی زۆر گرنگە) بەڵكو ئەو دەیویست ئەو پەیامە بگەیەنێت كە مرۆڤە ئازادەكان، خاوەن ئیرادە سەربەخۆكان ئەوانەن كە دەستبەرداری مافەكانیان نابن، لە بازنە گەورەكەدا سیاسەتكردن بریتیە لە شەركردن لەسەر ماف، لە كوێكدا قودرەتی شەركردنت وەستا ئیدی سیاسەت ئەمرێت، لە شوێنی ئەوە شتێكی دی لە دایك دەبێت كە بەرژەوەندیە.
ناسینی مەرحەبا ئاسای نەوشیروان ئەوە لە نەجابەتی ئەو پیاوەدا شتێكی سەرنجراكێش و مانادار و جوانە، لەراستیداحەقی ئەوەی هەیە دراسەی لەسەربكرێت، بەڵام بۆ ناسینی نەوشیروان مستەفا ئەوە گرنگ نیە چەند قاوەت لەگەڵیدا نۆشكردووە، تەنانەت كورەكانی كاك نەوشیروانیش باوكی خۆیان وەك كوتلەیەك لە ئیرادە و سەرسەختی و هێزێكی ناوەكی نەناسیوە.
ئەوەی ئێستا ئەژنۆی گۆڕانی شكاندووە فەوتانی ئیرادە و هێزە ناوەكیەكەیەتی، كە برێك لە بەرپرسیارێتیەكەی بۆ رێكخەری گشتی ئێستا دەگەرێتەوە، ئەو بوەتە دوو هۆكار بۆ ئەم شكستە، یەكەم توانای خودناوەكی خۆی نیە، ئەو بریتی نیە لە خۆی، شتێكە لە دەرەوەی خۆی، توانی تەعبیر و بیركردنەوە و ئەنەلایس و دنیابینی نیە، توانای بریاری گەورە و فۆرمەلەكردنی هێزی نیە، كە ئەمەی نەبوو ناتوانێت نمایشی ئەو هێزەبكات كە دەستەمۆ ناكرێت، ناتوانێت بیرمان بۆ ئەوە بەرێت ئەو رێبەرێكە بوەتە رێكخەری هەموو ئەو ئیرادە و توانا و قوردەتە زاتیانە كەلە خۆیدا بریتیە لەهەوێنی گۆڕان، ئەم هەوێنی شتێكی ترە، شتێك لە كلاسیكی حزبایەتی و فەرهەنگی یەكێتیەوە بۆی ماوەتەوە، بچوككردنەوەی رۆڵی خۆی بۆ بوقعەی بچوك بچوكی پەرتەوازەئاسا، كە هەریەك ئیرادەی ئەوی دی ئەشكێنێ، بەنەتیجە هەموویان بە ئیرادەیەكی شكاوەوە لە گەمەكە دێنەدەرێ.
نەوشیروان هەوێنی ئیرادە و بەیەكەوە بەستنەوەی ئیرادە پەرتەوازەكان بوو، فاكتەری گونجاندنی نەوەی نوێ و نەوەی هەشتاكان بوو، ئەو بیرۆكەی ئەوەی هەبوو بەرەیەك لە ناڕازیەكان دروستبكات كە هێڵی فكریان تەنا بریتی بێت لە داپەروەری و گەراندنەوەی شكۆ بۆ ئینسانی كوردی و وەستاندنی ئەو قەپە گەورەیەی فیرعەونەكان كەلە كۆمەڵگای كوردی دەگرن، بە جۆرێك ئێستا و ئایندەیشیان وێرانكردووە، لای نەوشیروان هێز نە بەكورسی ئەپێورێت نە بە پۆست و نە بە پارە، هەموو ئەو توخمانە لای ئەو زۆر ئاسان دەستدەكەوتن، ئەو بۆ ئەوەی بتوانێت بریتی بێت لە كتلەیەك لە ئیرادە و هەڵگری بەیداخی ناڕەزایەتی و چۆكنەدان و ملكەچ نەكردن و بێدەنگ نەكردن، قودرەتی خوڵقاندنی هێزی هەبوو لای بێهێزەكان، توانای قسەی بەخشی بە هەموو ئەوانەی لە قوڵایی بێدەنگیدا خەریك بوو دەخنكان، ئەو شتێك بوو هیچی لەم رێكخەرەی ئێستا نە دەچوو، چونكە ئەو رێكخەری ناڕەزایەتی و ئیرادەبوو، ئەم تێكدەری ئیرادە و هێز و فراوانكردنی سنورەكانی بێدەنگیە.
بەم بەرێزە بڵێن ئۆباڵی شكستی گۆڕان لە ملی بەرێزتانە، ئەنەلایسی ئەمەیش هەر ئەوە نیە بڵێن گۆڕان شكستی خواد بەڵكو:
-سەردەمەكە بوو بە سەردەمی پاڵەوانە بوكەڵە درۆزنەكان.
-سیاسەت بوو بە بزنس و بزنسمانەكانیش دەبێت ببنە كارەكتەری سەردەمە درۆزنەكە.
-سەردەمەكە بوو بە سەردەمی نائومێدی و هەڵهاتن.
-سەردەمەكە بوو بە تێكشكانی ئیرادە و توانای بەڕەنگاری.
-سەردەمەكە بوو بە سەردەمی باڵادەستی رەهای پارتی و یەكێتی.
-سەردەمەكە بوو بە سەردەمی بێمەنەتی دەسەڵات لە خۆپیشاندان و هاتوهاوار.
-ئەمە سەردەمی حزبی موزەیەف و شاگردەكانیانە.
-ئەمە رۆژگاری كەوتنی دەنگی دلێری هاوڵاتیان و بەتاڵكردنەوەی سحری خۆپیشاندانەكانە.
-بەكورتی سەردەمی خۆبەدەستەوەدانە.
بەو بەرێزە بڵێن توانای خوڵقاندنی رووداوەكانی نیە، توانای پێنانە نێو سەردەمێكی نوێی نیە، هیچ لە موفاجەئەی سیاسی و بریاری سیاسی نازانێت. بڵێن بچۆ كلتوری بەڕەنگاری دژ بە ستەم و ناعەدالەتی و ڕەتكردنەوە واقعی سەپاو لە دیدی نەوشیروان مستەفاوە بخوێنێتەوە، بڵێن بەرێز نەوشیروان مستەفا ئەناسی؟ 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×