ئاماژەکان چیمان پێ دەڵێن!
کارۆخ خۆشناو
2020-12-06   595
هەمیشە کۆمەڵێک ئاماژە پێش (رووداوە گەورەکان) دەردەکەون، دەکرێت لە رێگهی خوێندنەوەی ئەم ئاماژانە، بگەینە کۆمەڵێک پێشبینی و دهرەنجام، لە پێناو رۆشنبوونی (وێنە گەورەکە)ی ململانێکان لە گۆڕەپانی رووداوەکاندا، لەم چوارچێوەیەدا هەموو ئامادەباشی و ئامادەسازییەکانی ئهمهریكا و ئیسرائیل دوای کوژرانی (موحسینی فەخری زادە) دەکرێت ئاماژەگەلێک بن بۆ لێدانی گورزێکی کەمەرشکێن بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، لە کۆتا رۆژەکانی سەرۆکایەتی (دۆناڵد ترهمپ)، چونکە بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەکانی (ئهمهریكا و ئیسرائیل) ئەگەرێکی بەهێز لەئارادایە کە لە ساڵیادی کوژرانی (قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس)دا لە رێکكەوتی (2021/1/3) ئێران هەوڵ بدات گورزێکی تۆڵەئامێز بوەشێنێت و لە بەرژەوەندییەکانی ئهمهریكا و ئیسرائیل بدات، بە مەبەستی تۆڵەکردنەوەی خوێنی (فەخری زادە و سولەیمانی) هەروەها گێڕانەوەی شکۆی شەقامی شیعە.
لەبەرامبەردا ئهمهریكا و ئیسرائیل دوای کوژرانی (فەخری زادە) ئامادەسازی وەشاندنی (گورزێکی گەورەی سەربازی) دەکەن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئێران دەسپێشخەر بێت و بەرژەوەندییە سەربازی و دیبلۆماسییەکانی ئهمهریكا و ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
ئاماژەگەلێک هەن بۆ ئەم راستییانەی سەرەوە، کە دەکرێت وەک نیشانە بۆ پێشهاتی رووداوێکی گەورە خوێندنەوەیان بۆ بکەین، لەوانە:
1- کەمکردنەوەی نیوەی ژمارەی دیپلۆماتەکانی ئهمهریكا لە عێراق.
2- گۆڕانکارییەکانی ناو وەزارەتی بەرگری ئهمهریكا (پێنتاگۆن).
3- دەرکردنی فەرمانی ئامادەباشی بۆ ناوەندە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی ئهمهریكا و ئیسرائیل.
4- هێنانی فڕۆکەی زەبەلاحی (B-52) بۆ ناوچەی کەنداوی عهرهبی.
5- هێنانی کەشتی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی (Nimitz) بۆ ئاوەکانی کەنداو.
6- کردنەوەی ئاسمانی (وڵاتانی کەنداو) بۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل.
7- بەخێرایی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و قەتەڕ و کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەنانیان بۆ یەکتر.
8- جموجۆڵی شاندە (دیپلۆماسی و سەربازی و هەواڵگرییەکان) لە نێوان (واشنتن و تەلئەبیب و دوبەی و ئەبوزەبی و مەنامە و ئەنقەرە).
ئەم ئاماژانەی سەرەوە دەرخەری ئەم راستییەن کەوا ئەگەری وەشاندنی گورزێکی سەربازی بۆ سەر بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران نزیک بووهتەوە، مەبەستی ترهمپ و ئیسرائیل لەم کارەیاندا بۆ رووخاندنی رژێمی ئێران نییە، بەڵکو بۆ پەکخستنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و هەروەها تەگەرە خستنە پێش بایدنە بۆ نەگەڕانەوەی بۆ رێکكەوتنامەی ئەتۆمی.
٭ کارۆخ خۆشناو
سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی)