کوردستان هەرگیز نابێتە ئەفغانستان!
کارۆخ خۆشناو
2021-08-22   766
کوردستان هەرگیز نابێتە ئەفغانستان لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
1- پرسی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا هەمیشە پرسێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە نەک پرسێکی ئاینی، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەفغانستانە، چونکە پرسی ئەفغانستان هەمیشە ڕەهندێکی ئاینی هەبووە.
2- کلتوری فرە ڕەنگی و پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە لە کوردستان، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەفغانستانە، چونکە تاڵیبان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئەفغانی بە یەک ئایدۆلۆژیا ڕەنگڕێژ بکات.
3- هەرێمی کوردستان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی بە گوێرەی دەستوری عێڕاقی ساڵی (2005) هەرێمێکی یاسایی و دەستوری ڕێزلێگیراو و قبوڵکراوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەفغانستانی تاڵیبانە کە تاکو ئێستا ڕوون نیە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قبوڵ دەکرێت یاخود گۆشەگیر دەکرێت.
4- هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی خوێندراوەیە لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هۆی ئەوەی پێشمەرگە توانیویەتی لە جیاتی جیهانی ئازاد ئەستوڕەی داعش تێک بشکێنێت، ئەمەش بە پێچەوانەی ئەفغانستانی تاڵیبانە کە یارمەتیدەری هێزە ئیسلامیە ڕادیکاڵەکانی وەک قاعیدەیە کە ئەنجامدەری کردەوە تیرۆرستیەکەی یازدەی سێپتەمبەری (2001)ە.
5- زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگای کوردی بە قاعیدە و قیادەوە پرۆ دیموکراسی و پرۆ شارستانیەتی ڕۆژئاواین، بە پێچەوانەی کۆماڵگای ئەفغانی کە پرۆ ڕۆژهەڵاتی ڕادیکاڵ و وڵاتە کلاسیکیەکانن.
6- هەرێمی کوردستان خاوەن خەباتێکی (100) ساڵەی خەباتی ڕزگاری خوازی نەتەوەیی و نیشتیمانین، بە پێچەوانەی ئەفغانستان کە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بووتە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێی هێزە لۆکاڵی و نێودەوڵەتیەکان.
7- هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر لە سەر پرسە لاوەکیەکانیش ڕای جیاوازیان هەبێت، بەڵام لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستن، ئەم ڕاستیەش لە پرسی یفراندۆمدا سەلمێنرا، کاتێک خەڵکی کوردستانی باشور بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بە ڕێژەی (92.7%) دەنگیان بە (بەڵێ)دا بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان، ئەمەش بە پێچەوانەی کۆمەڵگای ئەفغانستانە کە لەسەر پرسە چارەنوسازەکاندا بە شێوەیەکی قوڵ دابەشبوونە بەسەر ڕاست و چەپدا.
8- کۆمەڵگای کوردستان ئەگەر لە ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگە ڕۆژئاوایەکانیشدا نەبێت، بەڵام بەگوێرەی ئامار و داتاکان دەتوانین بڵێین کومەڵگەی کوردستان لە ئاستێکی (مامناوەند) دایە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کەوا کۆمەڵگای ئەفغانستان بە گوێرەی ئامار و داتاکان گیرۆدەی نەخوێندەواری و دواکەوتوویی و هەژاریەکی سەخت بوونەتەوە.
9- هەرکاتێک قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەوێتە بەر مەترسی، ئەوا خەڵکی کوردستان بە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە چوونەتە یەک سەنگەری بەرگریکردن، نمونەش بۆ ئەم ڕاستیە بەرەنگاربوونەوەی هەموو پارتە سیاسیەکانی کوردستانە (نەک تەنها باشور بەڵکو هەموو پارچەکانی کوردستانی گەورە) لە دژی گروپی تیرۆرستی داعش، ئەمەش بە پێچەوانەی کۆمەڵگای ئەفغانستانە کە بە شێوەیەکی قوڵ پەرتەوازە و دابەش بوونە.
10- لە سەر نەخشەی ووزەی جیهاندا هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگ و دەوڵەمەندی هەیە، بە پێچەوانەی ئەفغانستان کە تەنها لەڕووی بەرهەمهێنانی تلیاک و حەشیش و هیڕۆینەوە ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت بەجۆرێک ڕێژەی (70%)ی بەرهەمهێنانی مادە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستی جیهان لە ئەفغانستان بەرهەم دەهێنرێت.
11- پێگە و واقعی جیۆپۆڵەتیکی کوردستان تەواو جیاوازە لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان، بە جۆرێک کوردستان وەک دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە، بۆیە پێموایە بە هیچ جۆرێک ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەستبەرداری نابن، چونکە بۆچوونێکی لۆژیکی هەیە کە دەڵێت:
هەر زلهێزێکی جیهانی بتوانێت هەژموونی خۆی بەسەر کوردستاندا زاڵ بکات، ئەوا بە ئاسانی دەتوانێت هەژموونی خۆێ بەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بکات.
12- هەرێمی کوردستان دوای بڕیاری (688)ی ئەنجومەنی ئاسایش ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، واتە لە پرسی کورد لە پرسێکی لۆکاڵیەوە بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەفغانستان بە یەکێک لەو وڵاتانە لەقەڵەم دەدرێت کەوا (دیموکرات و کۆماریەکان)ی ئەمەریکا بە سەرئێشەی دەزانن و چیتر نایانەوێ بەهۆیەوە شەقامی ئەمەریکی لەدەست بدەن، بەتایبەت کە لە ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنەکانی (مید تێرم بۆ کۆنگرێس) ئەنجام دەدرێت و لە ئێستاشەوە هەردوو حزبی سەرەکی ئەمەریکا لە کێبرکێدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی (2024) بۆیە هەردوو پارتی سەرەکی ئەمەریکا دەیانەوێت کۆتایی بە (شەڕە بێ کۆتاکان) بهێنن و چیتر باج و پارە و گیانی سەربازانی ئەمەریکا بۆ وڵاتێکی دواکەوتووی وەک ئەفغانستان بە فیڕۆ نەدەن.
لە کۆتاییدا وێڕای ئەو هەموو جیاوازیانەی سەرەوە گرنگە ئێمەی کورد ڕووداوەکانی ئەفغانستان نادیدە نەگرین، بەڵکو پێویستە پەند و عیبڕەت لە گۆڕانکاریەکانی ئەفغانستان وەربگرین وەک لە وتاری پێشووماندا بە ووردی ئاماژەمان پێکردووە.
بۆ بینینی ووتاری پێشوو کلیک لێرە بکە:
ئەفغانستان وەك پەند و عیبرەت!