١١ی سێپتێمبەر، وەرچەرخانێکی مێژوویی!

کارۆخ خۆشناو
  2023-09-11     226

لە سەرەتای سەدەی 21 و لە بەرەبەیانێکی وەکو ئەمڕۆ، 11-9، ئەمریکا رووبەڕووی گەورەترین و بەنێوبانگترین هێرشی تیرۆریستی بووەوە، لە رێگەی چوار فڕۆکەی سڤیلی نەفەرهەڵگر، چەند پێگەیەکی ستراتیژیی ئەو وڵاتە کرانە ئامانج، لەنێویاندا هەردوو تاوەری بازرگانیی جیهانی لە نیویۆرک و بارەگانی پێنتاگۆن لە واشنتن کە بەهۆیەوە (2977) کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی (25000) کەس بریندار بوون.

 
کاردانەوەی ئەمریکا بۆ ئەم هێرشانە وەرچەرخانێکی مێژوویی دروستکرد، بە جۆرێک مێژووی مرۆڤایەتی پێش و دوای هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەر لە هەموو رووەکانەوە گۆڕانکاریی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لە یەکەم گوتاریدا، جۆرج دەبلیو بووش، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا جیهانی دابەشکرد بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا، بەرەی تیرۆر و بەرەی ئەمریکا. 
 
لە سەرەتای هێرشەکانەوە، ئەمریکا رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدەی تۆمەتبار کرد، دواتر ئەو رێکخراوە بەرپرسیاریەتیی هێرشەکانی لەئەستۆی خۆی گرت.
 
پەرچەکرداری ئەمریکا بریتی بوو لە راگەیاندنی شەڕێکی سەرتاسەری هەمەجۆر (سەربازی، ئابووری، ئایدۆلۆژی....) بەرامبەر بە تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهان، لە دەرئەنجامی ئەو هێرشانەدا ئەمریکا هەردوو رژێمی ئەفغانسان و عێراقی رووخاند و کۆمەڵێک بنکە و پێگەی سەربازیی نوێی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستکرد، لە ئێستادا ئه‌مریكا زیاتر لە (160) هەزار سەربازی لە (150) وڵاتدا بەسەر (865) بنکەدا دابەشکردووە و دژایەتیی تیرۆر دەکەن.
 
ئەم هێرشانە پرسی پاراستنی ئاسایشی کردە پرسێکی لەپێشینە و گرنگیی ئەم پرسەشی خستە پێش پرسەکانی دیکەی وەک ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ، واتە بەهۆی ئەم هێرشانەوە ئازادیی تاکەکان سنووردار کران و لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە مرۆڤەکان خرانە ژێر چاودێرییەوە.
 
شەڕی تیرۆر تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، ئەگەرچی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە لاواز بووە، بەڵام گرووپی تیرۆریستیی دیکە لە فۆڕمی دیکەدا دروست بوون، وەک لە چەند ساڵی رابردوودا داعش سەری هەڵدا و بووە مەترسییەکی راستەقینە لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی، لەو کاتەدا ئەمریکا بۆ لەنێوبردنی ئەم مەترسییە هاوپەیمانییەکی لە (70) وڵات پێکهێنا و بە هاوکاری و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانان، توانرا داعش تێکبشکێندرێت.
 
دوای نزیکەی دوو دەیە لە شەڕی تیرۆر، ئەمریکا ستراتیژیەتێکی نوێی گرتووه‌تەبەر کە بریتییە لە میکانیزمی پشتبەستن بە هاوپەیمانەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکانیان، واتە ئەمریکا چی دیکە بەشدار نابێت لە شەڕە بێکۆتاکان و پێویستە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن، لەم چوارچێوەیەدا ئەمریکا بڕیاریداوە هێزەکانی لە عێراق بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، بە جۆرێک لە سەرەتای پڕۆسەی رزگاریی عێراق 150 هەزار سەربازی ئەمریکی هاتنە عێراق و ئێستا رێژەکە کەمکراوەتەوە بۆ 2500 سەرباز بە ناونیشانی راهێنەر و راوێژکار، هەروەها ئەمریکا بەتەواوەتی لە ئەفغانستان کشاوەتەوە و دەسەڵاتی رادەستی بزووتنەوەی تاڵیبان کرد، ئەو هێزەی کەوا ئەمریکا 20 ساڵ شەڕی لەگەڵ کرد! ئەم هەنگاوەش نیگەرانی و بێ متمانەیی لای هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دروست کرد، بە جۆرێک ئەمریکا ناچار بوو شاندێک بۆ لای هاوپەیمانەکانی بنێرێت و دڵنیاییان پێبدات کە ئەمریکا دەستبەرداریان نابێت.
 
یەکێک لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ستراتیژە نوێیەکەی ئەمریکا بریتییە لە ئاساییکردنەوە پەیوەندیی (عەرەب - ئیسرائیل) و، بەرقەرارکردنی ئاشتی لەژێر چەتری (گرێبەستی سەدە) بە مەبەستی دروستکردنی بەرەیەک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموونی (چین، رووسیا و ئێران) و، دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ئەگەرچی ئەمریکا قوربانیی زۆری داوە لە شەڕی تیرۆردا، بە جۆرێک مەزەندە دەکرێت زیاتر لە حەوت هەزار سەربازی کوژرا بن و نزیکەی حەوت تریلیۆن دۆلاریشی خەرج کردبێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەر بەردەوامن و هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییەکانیش هەر بەردەوامە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×