تەنها (چاکسازی ڕاستەقینە) فریادڕەسە!!!

کارۆخ خۆشناو
  2020-11-13     488
٭ چیرۆکی (زەلیل) بوونی شێرێک:

"شێرێک ئەخەنە ناو قەفەسێکەوە، سەرەتا سۆسج و کاڵباسی دەدەنێ، شێرەکە دەڵێت: من ئاسک دەخۆم ئەمە چیە؟
پێی دەڵێن هێندە بە برسێتی دەمێنیتەوە تا ئەوە بخۆی!
شێرەکە چەند ڕۆژێک خۆی دەگرێت، بەڵام دوایی لە تاو برسێتی دەست دەکات بە خواردنی سۆسج و کاڵباسەکە!
دوای چەند ڕۆژێک لە بری ئەوە هەندێک ئێسقان فڕێ دەدەنە بەردەمی!
شێرەکە دەڵێت: من تازە لەگەڵ خواردنی سۆسجەکە ڕاهاتوم ئەمە چیە؟
پێی دەڵێن هێندە بە برسێتی دەمێنیتەوە تا ناچار بی ئەمەش بخۆی!
شێرەکە دوای چەند ڕۆژێک لە تاو برسێتی دەکەوێتە ئێسقان خواردن!
دوای ماوەیەک دێن و لە بری ئێسقان هەندێک یۆنجەی لە بەردەمدا دادەنێن!
شێرەکە دەڵێت: بێ ویژدانینە من ئەو وڵاخەی ئەو یۆنجەیەی دەخوارد، خۆی بەشە ژەمێکم بوو، ئەمە چیە بۆتان هێناوم؟ ئەمەیان هەر ناخۆم!
پێی دەڵێن هێندە برسێتی دەکێشی تا ناچار دەبیت یۆنجەکەش بخۆی!
شێرەکە ماوەیەک خۆی دەگرێت بەڵام دواتر ناچار دەبێت دەکەویتە یۆنجە خواردن!!!
دوای ماوەیەک هەر هیچی پێ نادەن!
شێرەکە هاواری لێ بەرز دەبێتەوە، ئەرێ یۆنجەکەشمان نادەنێ بیخۆین؟
وەڵام دەدەنەوە یۆنجەی بەلاشمان نیە، ئەگەر دەتەوێ (یۆنجە) بخۆی دەبێت وەک گوێ درێژ بزەڕێنی!!!
ئەمە چیرۆکی خۆ زەلیل کردنی نەتەوەیەک و میلەتێک و وڵاتێکە'' 
٭ دکتور علی شریعەتی.

بەسە چیتر گرەو لەسەر بەغدا مەکەن!
بەسە چیتر ڕوو لە بەغدا مەکەن!
بەسە چیتر ئومێد لەسەر بەغدا هەڵمەچنن!
گەر دەتانەوێت میللەت لەمە زیاتر زەلیل نەبێت؟
گەر دەتانەوێت منەتتان بە بەغدا نەبێت؟
گەر دەتانەوێت داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە و پڕۆژەکان بکات؟

ئەوا پێویستە (کورد) خۆی فریادڕەسی خۆی بێت...
ئەمەش تەنها ئەوکاتە دەکرێت، کە دەسەڵاتداران بە ئیڕادەیەکی بەهێز و دەستێکی پۆڵاین (چاکسازی ڕاستەقینە) ئەنجام بدەن و بێ سڵەمینەوە دەستی ئەو کەمینە (گەندەڵ و دز و مشەخۆرەی) ناو هەریەکێک لە (پارتی و یەکیەتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان) ببڕن!!! 

ئەگینا داهاتووی کورد لە داهاتووی شێرەکەی شەریعەتی باشتر نابێت!!!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×