لەڕۆژی (خۆشەویستی)دا!
کارۆخ خۆشناو
2021-02-15   526
لە رۆژی (خۆشەویستی)دا جوانترین و باشترین گوڵ کە پێویستە لە بەرۆکی (خاک و نیشتمان و نەتەوە) بدرێت بریتییە لە نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ) کە لە ژێر سایەیدا هەموو دانیشتووانی کوردستان هەست بە دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی بکەن لە دابەشکردنی ئەرک و مافدا، هەروەها هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای (پاداشت و سزا) بەسەر هەموو هاونیشتمانیان بەبێ جیاوازی رەنگ و رەگەز و نەتەوە و حزب و ئاین و مەزهەب... هتد.
روون و ئاشکرایە کە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان لە ژێر هەڕەشەیەکی جدی و گەلەکۆمەیەکی ترسناکدایە، لەلایەن کۆمەڵێک هێزی عێراقی و هەندێک وڵاتی ئیقلیمی، بۆیە پێموایە لەم قۆناغەدا بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە هەموو هەنگاوێک گرنگتر بریتییە لە تەواوکردنی پرۆژەی نووسینەوەی دەستووری هەرێم، چونکە:
1- دەستووری هەرێم وەک چەترێک دەبێتە فریادڕەس بۆ چارەسەرکردنی کێشەی (پەتای پەرتەوازەیی) لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.
2- ئێستا لە هەمووکات زیاتر هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسی سڕینەوە و لەبەباربردنی قەوارەکەیدایە، بۆیه هەبوونی (دەستوور) هاوشێوەی پەرژینێکی قایم دەبێت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و لەم رێگایەشەوە کورد دەتوانێت سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و رووبەڕووی مەترسییەکان بێتەوە.
ئێمە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین ناچێتە عەقڵەوە هەموو پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکان، سەرۆکایەتیەکان (هەرێم، پەرلەمان، حکومەت) بە هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانیان، پەیڕەوی ناوخۆ و دەستووریان هەبێت! بەڵام هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی (فیدڕاڵی و یاسایی) دەستووری نەبێت! بۆیە پێموایە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان ناکۆکییەکان تێپەڕێنن، چونکە چیتر هەرێمی کوردستان بەرگەی (بێ دەستووری) ناگرێت، لەم پێناوەشدا گرنگە داڕێژەرانی بڕیاری هەرێم لەبەر خاتری شکۆی کوردستان و داهاتووی نەوەکان، هەڵوەستەیەک بکەن و چیتر کات نەکوژن، بەڵکو لە جیاتی دەستەوەستان، پەلە بکەن و بڕیارێکی چارەنووسساز دەربکەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دەستوور، تاکو رووی گەشی هەرێمی کوردستان لە ئاستی (ناوخۆ و ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان) بدرەوشێتەوە، بەم کارەش مێژوویەکی پڕشنگدار بۆخۆیان تۆمار دەکەن.
ئاماژەکان پێمان دەڵێن کەوا مەترسییەکی جدی لەسەر قەوارەی یاسایی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم مەترسییە بەرپرسیاریەتیەکی راستەقینە دەخاتە ئەستۆی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، بە شێوەیەک ئەگەر رەحم بە خۆشیان ناکەن، تکایە رەحم بە نەوەکانی داهاتوو بکەن، ئەگەر لەم قۆناغەدا پڕۆژەی دەستوور تەواو نەکەن، ئەوا مێژوو رەحم بە هیچ لایەنێک ناکات! چونکە (دەستوور) هاوشێوەی (پەرژینێکی قایم) وایە بۆ هەموو دەسەڵاتەکانی دنیا، بۆ نموونە وڵاتێکی وەک ئەمهریکا ئەگەر دەستووری نەبووایە ئەوا نەدەگەیشتە سەردەمی ئەمڕۆ، هەر وەک بینیمان لە مانگی رابردووشدا هەر دەستوور بووە فریادڕەس بۆ ئەمهریکا، ئەگەر رێگری دەستور نەبوایە، ئەوا لایەنگرە توندڕەوەکانی (تڕەمپ) کۆنگریسی ئەمهریکایان تەفر و تونا دەکرد.
بۆیە پێموایە لەم قۆناغەدا نوسینەوە و تەواوکردنی پڕۆژەی دەستوری هەرێم لە هەموو کارەکانی تر لە پێشتر و گرنگترە، چونکە دەستور دایکی یاساکان و بڕبڕەی پشتی دام و دەزگاکان و گرنگترین گرێبەستی کۆمەڵاتی نێوان هاونیشتیمانیانە، تەنها دەستور دەتوانێت بە یەکسانی رەنگ رێژی یاسا و رێساکان بکات لە پێناو دابەشکردنی (ئەرک و ماف) بە سەر هاووڵاتیاندا.
لە کۆتاییدا گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە مەترسی نەبوونی (دەستوور) تێبگەن، چونکە ئەگەر دەستوورێکی هاوچەرخ نەنووسنەوە ئەوا هەرێمی کوردستان نەک تەنها ناتوانێت سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت، بەڵکو دەکەوێتە بەردەم هەڕەشەی دابەشبوون و هەڵوەشانەوە، ئەوکاتە خەون و ئومێدی نەک تەنها باشووری کوردستان بەڵکو هەر سێ پارچەکەی تری کوردستانیش لە بار دەچن!