هەرێمی کوردستان وەک (ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) ئەو بژاردە بەهێزەیە، کەوا ئەمەریکا گرەوی لەسەر کردووە، بۆ ئەوەی ببێتە هەرێمێکی گەشەسەندوو لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەم دیدگایە لە رابردوو و لە ئێستاشدا هەمیشە جهختی لەسەر کراوەتەوە، بۆیە ستراتیژی نوێی (ئیدارەی بایدن) بەرامبەر بە هەرێم بریتییە لە بونیاتنانی هەرێمێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە:
یەکەم: ئەمەریکا لەسەر ئاستی پاراستنی (باڵانسی سیاسی) ناوخۆی عێراق پشت بە هەرێم دەبەستێت بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز لە نێوان هەردوو پێکهاتەی شیعە و سونە، تاکو شیعە نەتوانێت هەموو جومگەکانی دەسەڵات قۆرخ بکات، هاشێوەی قۆرخکاری سونەی پێش رووخانی رژێم.
دووەم: لەسەر ئاستی برەودان بە پرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەرێمی کوردستان ئەو دیفاکتۆ هەمەڕەنگەیە کەوا ئەمەریکا ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و فرەیی و مافی مرۆڤ بۆ هەموو ناوچەکە.
سێیەم: لەسەر ئاستی سەقامگیری ئەمنی و دژایەتیکردنی تیرۆر، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە ئارامەیە، کەوا ئەمەریکا متمانەی پێیەتی و بەتەواوی پشتی پێ دەبەستێت، ئەم متمانەیەش بەهۆی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبونەوەی داعشدا دروست بووە.
چوارەم: لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە دەوڵەمەندەیە لە رووی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی، کەوا دەتوانێت ببێتە زەمینەیەکی گونجاو بۆ کۆمپانیا ئەمهریکی و جیهانییەکان تاکو وەبەرهێنانی تێدا بکەن لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا.
پێنجەم: لە سەر ئاستی پێگەی جیۆپۆڵەتیکیش هەرێمی کوردستان هاوشێوەی (دڵ)ی رۆژهەڵاتی ناوڕاست وایە، بۆیە نەک تەنیا ئەمەریکا، بەڵکو زلهێزەکانی ناوچەکە (تورکیا و ئێران) و زلهێزەکانی جیهانیش (چین و رووسیا) چاویان لەسەریەتی، بۆ ئەوەی بتوانن هاوشێوەی ئەمەریکا شوێن پێی خۆیان لە ناو هەرێمدا بکەنەوە.
لە ئێستادا پێموایە دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەرێمی کوردستان رەخساوە بۆ ئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا، بۆیە سوود وەرگرتن لەم دەرفەتە، بەندە بە ئاستی هۆشیاری و هەماهەنگی لایەنەکانە سیاسییەکان و رێکكەوتن لەسەر ئەجیندایەکی نیشتیمانی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ لە پێناو دروستکردنی هەرێمێکی بەهێز و گەشەسەندوو، نەک تەنیا چاوەڕوانکردن وەک میشێل فووکۆ دەڵێت:
"رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێکە کە خەڵکەکەی (چاوەڕوانی) رۆژگارێکی باشن، نەک (دروستکردنی) رۆژگارێکی باش!"
لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین راستە ستراتیژی ئەمەریکا لەگەڵ بژاردەی بونیاتنانی هەرێمێکی بەهێزە بەڵام ئەم بژاردەیە لەسەر خۆمان وەستاوە، چونکە ئەمەریکا نایەت بۆمان بونیات بنێت، بەڵکو دەبێت (خۆمان بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو) بونیاتی بنێین!